تەندروستی

ئەم خواردنانە بەرپرسن لە هەوکردنی جومگەکان

Mic
2024-07-27

چەندین جۆری جیاواز لە هەوکردنی جومگەکان هەیە کە ژمارەیەکی زۆر بەدەستیەوە دەناڵێنن و چەندین چارەسەری جیاواز بەکاردەهێنن، لەکاتێکدا هەندێک لە خواردنەکان هەوکردنی جومگەکان کەمدەکەنەوە و هەندێکی دیکەیان لەکاتی هەوکردنی جومگەکاندا نابێت بخورێن چونکە زیاتری دەکەن بەپێی ماڵپەڕی”doctor.ndtv”.
ئەم خواردنانە بەرپرسن لە هەوکردنی جومگەکان:
-شەکر
ئەو کەسانەی هەوکردنی جومگەکانیان هەیە باشترە لەو خواردن و خواردنەوانە دووربکەونەوە کە شیرینن، چونکە هەوکردنی جومگەکان زیاتر دەکەن.
-خواردنە سوێرەکان
زیادەڕەویکردن لە بەکارهێنانی خوێدا مەترسی توشبوون بە هەوکردنی جومگەکان زیاددەکات وەک هەوکردنی جومگەی ڕۆماتیزم، هەروەها دەبێتە هۆی بەرزبوونەوەی پەستانی خوێن، کە مەترسی توشبوون بە نەخۆشییەکانی دڵ، خوێنبەر و جەڵتەی مێشک زیاددەکات.
-گۆشتە ئامادەکراوەکان یان گۆشتی سوور
کاریگەرییەکی زۆریان لەسەر هەوکردنی جومگەکان هەیە و هۆکارن بۆ زیادبوونی هەوکردنەکانی جەستە بەتایبەتی هەوکردنی جومگەکان.
-باینجان
سۆلانین ماددەیەکە لە کۆمەڵێک لە سەوزەواتەکاندا هەیە وەک باینجان، توێژینەوەکان سەلماندویانە باینجان هۆکارە بۆ هەوکردنی جومگەکان، چونکە ماددەی سۆلانینی تێدایە لەگەڵ فلۆرای ڕیخۆڵە کارلێک دەکەن و دەبنە هۆی هەوکردنەکان بەشێوەیەکی ناڕاستەوخۆ.
-کاربۆهیدراتە سادەکان
ئەو خواردنانەی دەوڵەمەندن بە کاربۆهیدراتە سادەکان وەک نان، برنج و مەعکەرۆنی سپی ڕیشاڵ و کانزایان کەمترە بەراورد بەوانەی لە دانەوێڵە تەواوەکان دروستدەکرێن، زیادەڕەویکردن تێیاندا دەبنە هۆی هەوکردنی جومگەکان و مەترسی قەڵەوبوونیش زیاددەکەن.

More News

Most Popular

هەواڵ

"حزبی دیموکرات دەڵێت "ئاسایش بێهزاد خوسرەوی رادەستی ئیتڵاعات کردۆتەوە

Mic
2024-09-07

حزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران دەڵێت" ئاسایشی سلێمانی بێهزاد خوسرەوی ئەندامی ئەو حزبەیان دەستگیرکردوە و رادەستی ئیڵاعاتی ئێرانیان کردۆتەوە، بەڵام ئاسایش دەڵێت لەسەر داوای خۆی گەڕێندراوەتەوە.

دەنگۆی رادەستکردنەوەی ئەندامێکی حزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران، کە پارتێکی ئۆپۆزسیۆن، کاردانەوەی لێکەوتۆتەوە، ئاسایشی سلێمانی رۆژی هەینی رایگەیاند کە "بێهزاد خوسرەوی ماوەی مۆڵەتی مانەوەی لە هەرێم تەواو بووە بۆیە لەسەر داوای خۆی گەڕندراوەتەوە بۆ رۆژهەڵاتی کوردستان."

بەڵام ئەمڕۆ شەممە، حزبی دیموکراتی ئێران ئەو لێدوانە ڕەتدەکاتەوە و دەڵیت" بێهزاد خوسرەوی لەلایەن ئاسایشیەوە دەستگیرکراوە و رادەستی ئیتڵاعاتی سنە کراوەتەوە.

ڕۆژی 6-9-2024، ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو بڵاوی کردەوە، هەفتەی ڕابردوو چالاکوانێکی خەڵکی سەقز بەناوی بێهزاد خوسرەوی تەمەن 35 ساڵ کە خاوەن پێداویستیی تایبەت بووە و ئەندامی حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران بووە، هاوکات ئەندامی فەرمی کۆمیسیاری باڵای پەنابەرانی نەتەوەیەکگرتووەکان بووە، دوای دەستگیرکردن و ئەشکەنجەدانی لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی سلێمانی ڕادەستی ئێران کراوەتەوە.

ناوەندی تەشکیلاتی حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران ڕایگەیاندووە، لە ماوەی دوو هەفتەی ڕابردوودا بەهزاد خوسرەوی لە شاری سلێمانی دووجار لەلایەن ئاسایشەوە بانگ کراوە و جاری دووەم و دوای چەند ڕۆژێک لە بەندکردن و ڕاگرتن، ڕادەستی ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری سنە کراوەتەوە.

حیزبی دیموکرات وەڵامی ئاسایشی سلێمانی داوەتەوە و ئاماژەی بەوە کردووە، کە بەهزاد خوسرەوی ماوەی زیاتر لە 10 ساڵە لەگەڵ دایک و خوشکی لە هەرێمی کوردستان لە شاری سلێمانی دەژین و بەپێ هەموو بەڵگە بەردەستەکان، لە نیشینگەی شاری سلێمانی مۆڵەتی مانەوە و نیشتەجێبوونیان وەرگرتووە، مانەوەیان لەو شارە یاسایی و بەپێی ڕێوشوێنەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان بووە.

ماوەی حەوت ساڵ بەهزاد و بنەماڵەکەی ئەندامی حیزبی دیموکرات بوون، لە هەموو ئەو ماوەیەشدا لە چوارچێوەی یاسا و ڕێوشوێنەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە سلێمانی ژیاون،  هیچ لادان و سەرپێچییەک لە ناوبراو ڕووی نەداوە کە لە دادگایەکدا لەسەری سەلمێندراوبێت، تەنانەت وەک پەناخوازی سیاسی لە کۆمیساریای بەرزی پەنابەران، نوێنەرایەتیی UN لە هەرێمی کوردستان ناوی تۆمار کردوە. 

حیزبی دیموکرات ڕادەستکردنی بەهزاد خوسرەوی بە کۆماری ئیسلامیی ئێران سەرکۆنە دەکات و دەڵێت، دەبوایە دۆسیەی گرتنی بەپێی یاسا لە دەزگای دادی هەرێمی کوردستاندا بڕیاری لەسەر درابا، نەک ناوبراو کە ئەندامی حیزبێکی سیاسیی دژبەری ئێران و پەناخوازی سیاسی نیشتەجێی هەرێمی کوردستانە، لەلایەن دەزگای ئاسایشی سلێمانییەوە ڕادەست بکرێتەوە.