تەندروستی

خۆراکی پڕ پرۆتین لەوانەیە زیان بە تەندروستی بگەیەنێت

Mic
2024-07-29

باو و ئاساییە کە ڕێجیمەکانی پرۆتینی زۆر پەیڕەو بکرێت کە بە "رێجیمەکەی پالیۆلیتیک"  ناسراوە و ئەم ڕێجیمانە بریتین لە خواردنی میوە و سەوزە و گۆشتی بێ چەوری و ماسی و هێلکە و گوێز و تۆو. سەرەڕای کاریگەرییان لە ڕێکخستنی کێش و کۆنترۆڵکردنی نەخۆشی شەکرە، بەڵام ئەم خۆراکانە بێ مەترسی نین.

زیادبوونی پرۆتین دەبێتە هۆی زیادبوونی بەرچاو لە بەرهەمهێنانی ئامۆنیۆم، ئەمەش سترێسی زیادە لەسەر جگەر دەبێتە هۆی تێکچوونی دەمارەکان و لە حاڵەتە توندەکاندا ڕەنگە ببێتە هۆی کۆما.

زانایانی زانکۆی سویسری جنێڤ بۆ لێکۆڵینەوە لە کاریگەری ئەم خۆراکە مشکیان بەکارهێناوە و ئەنجامی توێژینەوەکەش کە لە گۆڤاری کیمیای بایۆلۆجی بڵاوکراوەتەوە، ئاماژە بە پێویستی وریایی دەکات لەکاتی پەیڕەوکردنی ئەو خۆراکانەدا.

دابەزاندنی کێش بۆ کۆنترۆڵکردنی نەخۆشی شەکرە
نەخۆشی شەکرەی جۆری دووەم نەخۆشییەکی میتابۆلیکییە کە بەردەوام لە زیادبووندایە. بەهۆی شێوازی ژیانی دانیشتن و هۆکارەکانی تری پەیوەست بە خۆراکەوە، پەنکریاسی تێکچوو کێشەی هەیە بۆ ڕێکخستنی ئاستی شەکری خوێن، چارەسەرەکانی ئێستا یارمەتی کۆنترۆڵکردنی پێشکەوتنی نەخۆشییەکە دەدەن، بەڵام چارەسەری نەخۆشی شەکرە ناکەن. زۆرجار دابەزاندنی کێش بەشێکی سەرەکییە لە چارەسەرکردندا.

پیێر میچلەر، مامۆستا لە بەشی فیزیۆلۆژی و میتابۆلیزمی خانەکان لە فاکەڵتی پزیشکی لە زانکۆی جنێڤ کە سەرپەرشتی ئەم توێژینەوەیەی کردووە، ڕوونیدەکاتەوە، “رێجیمەکانی دەوڵەمەند بە پرۆتینی ئاژەڵ و ڕووەکی، کە بە ڕێجیمەکانی سەردەمی بەردین ناسراون، دەتوانرێت ڕابهێنرێت بۆ… سەقامگیرکردنی نەخۆشی شەکرەی جۆری دووەم و ڕێکخستنی کێش”.

ئەم ڕێجیمە لە سەردەمی پێش کشتوکاڵدا لە ڕێجیمەکانی گۆشتەوە ئیلهام وەرگیراوە، بەڵام کاریگەری لەسەر جەستە چییە؟ ئایا تەندروستە؟ ئەمەیە کە توێژەران هەوڵیان دا بیدۆزنەوە.

ئامۆنیۆم بەرهەمێکی سروشتی تێکچوونی پڕۆتینە، و لە جگەردا بەهۆی ئەنزیمێکەوە کە پێی دەوترێت گلوتامات دیهایدرۆجیناز لەناو دەچێت، لە ئەگەری زیادبوونی باری پڕۆتین. ئەنزیمەکەی گلوتامات دیهایدرۆجیناز بەرکەوتەی فشار دەبێت. بۆ لێکۆڵینەوە لە کاریگەری خۆراکی پڕ پرۆتین، تیمی پیێر میشلەر خۆراکیان بە مشکی تەندروست و مشک دا کە ئەنزیمی گلوتامات دیهایدرۆجینازیان لە جگەردا نەبوو. ئەو خۆراکانەی کە ئاستی پرۆتینیان تێدایە کە ڕێجیمەکەی سەردەمی بەردن.

زانایان ئاماژەیان بەوە کردووە، لە مشکی تەندروستدا، هەرچەندە بەرهەمهێنانی ئەمۆنیۆم بەهۆی زیادەڕۆیی لە پرۆتین زیادیکردووە، بەڵام جگەر توانیویەتی ئەم زیادە بەڕێوەببات بەهۆی کارکردنی ئەنزیمی گلوتامات دیهایدرۆجینازەوە، کە ژەهراویبوونی ئەمۆنیۆم لادەبات پێش ئەوەی زیانی پێبگەیەنێت.

کارۆلینا لوچکۆڤسکا، خوێندکاری پێشووی دکتۆرا لە بەشی فیزیۆلۆژی خانە و میتابۆلیزم لە فاکەڵتی پزیشکی زانکۆی جنێڤ و سرکە ڕوونی دەکاتەوە: "لە مشکانەی کە گلوتامات دیهایدرۆجینازیان نییە، جگەر ناتوانێت ڕزگاری بێت لە ئەمۆنیۆمی ژەهراوی زیادە کە لە پرۆتینەکانەوە وەرگیراوە". توێژەرێک لەسەر توێژینەوەکە "پێویست ناکات چەند هەفتەیەک یان چەند مانگێک چاوەڕێ بکرێت."

More News

Most Popular

بنکۆڵکاری

پارەی سندوقی ژینگەی هەرێمی کوردستان بۆ کوێ دەڕوات؟

Mic
2025-05-12

رێبین فەتاح - ئەم بەدواداچوونە بەسەرپەرشتی تۆڕی نیریج بۆ رۆژنامەگەریی بنکۆڵکاری بەرهەمهاتووە

لەسەر ڕێگەیەکی خۆڵی پڕ لە کەند و کۆسپ لە سەرووی ناحیەی دێگەڵەوە بەرەو گوندەکانی ڕۆژئاوای کۆیە (٧٠کم رۆژهەڵاتی هەولێر) رۆژانە سەدان ئۆتۆمبێڵی بارهەڵگر تێدەپەڕن بۆ گواستنەوەی ئەو نەوتەی کە لە کێڵگەی نەوتی تەقتەق رۆژهەڵاتی هەرێمی کوردستان بەرهەمدەهێنرێت.

بەدرێژایی هەردوو دیوی رێگاکە تاك و تەرا درەخت لە حەوشەی ماڵەکاندا دەبینرێت، دانیشتوانی ناوچەکە بەدەست هەوری دوکەڵی کێڵگە نەوتییەکانەوە دەناڵێنن کە بەهۆیانەوە هەوا و خاك و تەنانەت ئاویش پیس بووە.

ئەو ناوچەیە سنووری کێڵگەی نەوتی تەقتەقە، کە بەوە ناسراوە بووە بە یەکەمین پڕۆژەی وەبەرهێنان و گرێبەست حکومەتی هەرێم لەساڵی ٢٠٠٢دا لەگەڵ کۆمپانیایەکی بیانیدا ئیمزای کردووە و ئێستا خزمەتگوزارییەکانی پەیوەست بە ژێرخانی کەمە و هیچ پڕۆژەیەکی سەوزکردن و چاندنی درەختی نییە کێشەی پیسبوونی ژینگە چارەسەر بکات.

لەو ساڵانەی ڕابردوودا، چەندین جار جووتیارانی دەڤەرەکە، بەهۆی پیسکردنی ژینگە و دەستبەسەرداگرتنی زەوییە کشتوکاڵییەکانیان لەلایەن کۆمپانیای نەوتەکەوە، گردبوونەوە و خۆپیشاندانیان ساز کردووە. ئەوان دەڵێن، بەهۆکاری هەڵکەندنی بیرەکانی نەوتەوە لەلایەك سەرچاوەکانی ئاو وەك کانی و کارێزەکان لە ناوچەکەیاندا وشك بوون، لەلایەکی دیکە بەهۆی بەکارهێنانی بڕێکی زۆری ماددەی کیمیایی و خوێی نائەندامی لە پڕۆسەی هەڵکەندنی بیرەکانی نەوتدا، سەرچاوەکانی ئاو سوێر بوون.

شوکرولڵا حەمەدئەمین باخەوانێکی دەڤەرەکەیە. باس لەوە دەکات کە “لە ژێر کارتێکەری پڕۆسەکانی نەوتیدا، هەم زیانی زۆر بە سەرچاوەکانی ئاو گەیشتووە، هەم پانتاییەکی گەورەی زەوی تووشی ڕووتانەوە بووە و بەگشتیش ئاووهەوای دەڤەرەکە پیس بووە، لە کۆتاییدا وا دەردەکەوێت بەرهەمە کشتوکاڵییەکان لە کورتییان داوە”.

وشکبوونی سەرچاوەکانی ئاو لە گوندەکانی سنووری کێڵگەی تەقتەق، نەبوونی هیچ پڕۆژەیەکی تەنانەت ئاوی خواردنەوە لەلایەن حکومەتەوە، دانیشتووانی چەندین گوندی ناچارکردووە، دەست بە هەڵکەندنی بیری ئاو بکەن، ئەوان بەدیاریکراوی پشت بە بیری پایڵ دەبەستن، کە بە بیری سوری ناودەبردرێت و بە بڕیاری حکومەت هەڵکەندنی قەدەغەکراوە.

ڕێباز ئەنوەر شارەزای جیۆلۆجی، هۆکاری قەدەغەکردنی هەڵکەندنی بیری سوری، رووندەکاتەوە و پێیوایە “ئاوی ئەم جۆرە بیرە بۆ خواردنەوە شیاو نییە، چونکە ناگاتە ئاوی ژێرزەوی و بەڵکو ئەو ئاوە دەهێنێت کە لە چینی ڕووی زەوییەوە نزیکە و ئەگەری پیسبوونی زۆرە، هەروەها هەڵکەندنی بیرەکە زیان بە پێکهاتەی جیۆلۆجی خاك دەگەیەنێت”.

ڕوونیشیدەکاتەوە کە “پشت بەستنی دانیشتووانی ناوچەکانی نەوتی بە بیری پایڵ مەترسی زۆری هەیە، چونکە پڕۆژەکانی نەوتی بە چەندین شێواز پاشماوەی نەوتی و پاشەڕۆی دیکە فڕێدەدەن و ئەوەش بە ئاسانی سەرچاوەکانی ئاو پیس دەکات و کە دەبێتە هۆی ئەوەی سەرچاوەکانی ئاو بە ئاسانی پیس بن و خەڵکەکە ڕوبەڕووی مەترسی جددی تەندروستی بکاتەوە”.

هەردوو گرفتی وشکبوونی سەرچاوەکانی ئاو و بەکارهێنانی ئاوی بیرە قەدەغەکراوەکان بە دیارترین دەرهاوێشتەکانی پڕۆسەکانی نەوتی دادەندرێن، لەناو چەندین کارتێکەری دیکەی نەرێنی ژینگەیی لە ناوچەکانی نەوتی هەرێمی کوردستاندا.

Picture2
سندووقی ژینگە
حکومەتی هەرێمی کوردستان یەکەمین گرێبەستی نەوت لە ١٧ی تەمووزی ٢٠٠٢ لەگەڵ کۆمپانیای گێنێل ئینێرجی بۆ پەرەپێدانی کێڵگەی نەوتی تەقتەق ئیمزا کرد.

لە ٢٠٠٦ و ساڵانی دواتردا بەتایبەت لەدوای دەرچوونی یاسای وەزارەتی سامانە سروشتییەکان ژمارە ٢١ی ساڵی ٢٠٠٧ و یاسای نەوت و گازی کوردستان ژمارە ٢٢ی ساڵی ٢٠٠٧، حکومەتی هەرێم زیاتر لە پەنجا گرێبەستی (هاوبەش لە بەرهەمهێنان) لەگەڵ کۆمپانیا جیهانییەکاندا ئیمزا کران.

لە ناوەڕۆکی گرێبەستەکانی نەوتی حکومەتی هەرێمی کوردستان بەگشتی و بە تایبەتی لە ماددەی (٢٣)دا کە بۆ (سندووقی ژینگە) تەرخانکراوە، بەمەبەستی پاڵپشتی ژینگە کۆمپانیاکان پابەند کراون بە پێدانی بڕە پارەیەکی ساڵانە.

ناوەڕۆکی ماددەکە، لە زۆرینەی گرێبەستەکاندا وەك خۆی دووبارە کراوەتەوە، کە کۆمپانیاکان پابەند دەکات بەوەی بڕی (١٥٠ هەزار دۆلاری ئەمریکی) بۆ هەر ساڵێکی گرێبەست، لە ڕێککەوتی یەکەم بەرهەمهێنان لەناوچەی گرێبەست (ماوەی دۆزینەوە) و بڕی (٣٠٠ هەزار دۆلاری ئەمریکی) بۆ هەر ساڵێکی گرێبەست، لەماوەی پەرەپێدان بخەنە سندووقی ژینگەوە.

لەناویاندا دەقی ماددەکە لە گرێبەستی عەین سفنی بەنموونە دەهێنیەوە کە لە ئەیلوولی ٢٠٠٧ لە نێوان حکومەتی هەرێم و هەریەك لە کۆمپانیاکانی هەنت ئۆیڵ و ئیمپولس ئینێرجی ئیمزا کراوە، بەم شێوەیە هاتووە:
Picture3Picture33Picture4

گرێبەستەکانی لانیکەم (٤٢) کێڵگەی نەوتی هەرێمی کوردستان کە لەم بەدواداچوونەدا پشتیان پێ بەستراوە، کۆمپانیاکان پابەند دەکەن بە پێدانی بڕە پارەیەکی ساڵانە بۆ پاڵپشتی ژینگە.

هەمان ماددە، لە بەسەر کۆمەڵێك گرێبەستی دیکەدا دەسەپێنرێت، لەوانە :گرێبەستەکانی کێڵگەی نەوتی تاوکێ کە لە ساڵی ٢٠٠٨ لەگەڵ دی ئێن ئۆ ئیمزاکراوە، هەروەها کێڵگەی میران کە لە ٢٠٠٧ ئیمزاکرا و کێڵگەی ئاکرێ-بجیل و کێڵگەی سەرسەنگ کە لە ٢٠٠٧ لەگەڵ ئێچ کەی ئێن ئیمزاکراوە و پاشان کێڵگەی ئەترووش کە لەگەڵ جەنەڕاڵ ئێکسپلۆرەیشن ئیمزا کرا.

بەڵام سەرەڕای هەبوونی مەرجەکانی ژینگەپارێزی لە گرێبەستەکانی نەوتدا، بەڵام دووکەڵی کێڵگەکانی نەوتی، فڕێدانی پاشماوەکانی نەوتی بەشێوەی ناستاندارد و ڕووتاندنەوەی ڕووپۆشی زەوی و نەبوونی سەوزایی لە ناوچەکانی نەوتی بەتایبەت، نیشاندەری بەرجەستەنەکردنەوەی ناوەڕۆکی یاسا و گرێبەستەکانی نەوتن لە هەرێمی کوردستاندا.

لە هەندێک گرێبەستی دیکەدا تێبینی دەکرێت ، بڕە پارەکە بۆ (١٠٠) هەزار دۆلاری ساڵانە لەماوەی دۆزینەوە و بڕی (٢٠٠) هەزار دۆلاری ساڵانە، لەماوەی پەرەپێدان، کەمکراوەتەوە، وەك لە گرێبەستی کێڵگەی نەوتی شێخان کە لە ساڵی ٢٠٠٧ لەگەڵ کۆمپانیای (گەڵف کیستۆن پێترۆلیەم) و هاوبەشەکانیدا ئیمزا کرا؛ هەروەها لە گرێبەستی کێڵگەی (سەنگاو) کە لەگەڵ کۆمپانیای (ستێرلینگ ئینێرجی)دا لە ٢٠٠٧ ئیمزاکراوە.

هەروەها لە گرێبەستەکانی هەردوو کێڵگەی (ڕوڤیا و سەرتا،) کە یەکەمجار لە ٢٢ی کانوونی یەکەمی ٢٠٠٦، لە نێوان حکومەتی هەرێم و (reliance exploration) و (production dmcc) ئیمزا کران، بڕە پارەکە کەم کراوەتەوە، بۆ ساڵانە (٧٥) هەزار دۆلار ساڵانە لەماوەی یەکەم دۆزینەوە و بڕی (١٥٠) هەزار دۆلاری ساڵانە لەماوەی پەرەپێداندا.

چەند گرێبەستێکی دیکەیش، لەناویاندا گرێبەستی هەردوو کێڵگەکانی (مەلائۆمەر و شۆڕش)، کە لە ٢٠٠٧ەوە لەگەڵ ئۆ ئێم ڤی ئیمزا کران، کۆمپانیاکە بە هەمان بڕە پارەی ساڵانە پابەند دەکەن؛ (٧٥) هەزار دۆلاری ساڵانە بۆ ماوەی دۆزینەوە و (١٥٠) هەزار دۆلاری ساڵانە بۆ ماوەی پەرەپێدان.

لە گرێبەستی کێڵگەی بنەباوی کە لە ٢٠٠٧دا لە نێوان حکومەتی هەرێم و هەریەك لەکۆمپانیای (ئەی تی پێترۆلیۆم و هەولێرئینێرجی) ئیمزا کرا و گرێبەستی کێڵگەی نەوتی (شاکەل) کە یەکەمجار لە ٢٥ی شوباتی ٢٠٠٧ لە نێوان حکومەتی هەرێم و کۆمپانیاکانی (پێت ئۆیل و تریلاکس) ئیمزا کرا، پارەی پاڵپشتی ژینگە بە (٥٠) هەزار دۆلاری ساڵانە لەماوەی دۆزینەوە و (٧٥) هەزار دۆلاری ساڵانە بۆ قۆناغی پەرەپێدان دیاریکراوە، بەڵام لە هەمواری گرێبەستەکە لەساڵی ٢٠٠٨دا، بڕەکە بۆ (١٥٠) هەزار دۆلاری ساڵانە لەماوەی دۆزینەوە و (٣٠٠) هەزار دۆلاری ساڵانە لەماوەی پەرەپێدان زیادکراوە.

سەرەڕای هەموو ئەوانە، دۆخی ژینگەیی لە سنوری هەر کێڵگەیەکی نەوتی لە هەرێمی کوردستاندا نیگەرانکەرە و لەگەڵ ستانداردی نوێی جیهانیدا ناگونجێت و لەو ناوچانەدا پڕۆژەی کاریگەر نەبینراوە بۆ پاڵپشتیکردنی ژینگە.
لە چەند ساڵی رابردوودا لە سنووری کێڵگەی نەوتی پیرمام و بنەباوی بەدووری ٣٥کم لە ناوەندی هەولێر، چەند جارێک دانیشتووانی گوندەکان خۆپیشاندان و گردبوونەوەی ناڕەزایەتییان بەرانبەر بە شێوە کاری کۆمپانیاکانی نەوت ساز کرد، بەڵام وەک موحسین کانەبی یەکێک لە جووتیارانی دەڤەرەکە گوتی، هیچ ئەنجامێکی نەبووە.

هەورەها دەڵێت “نەک ئەوەی لەلایەن کۆمپانیاکانەوە هیچ پڕۆژەیەکی ژینگەیی نەبووە، بەڵکو چەندین ڕەز و باخ بەهۆی پڕۆژەی نەوتەوە ڕووبەڕووی زیان بوونەتەوە، کەمبوونەوەی بەروبوومی کشتوکاڵی یەکێک لە زیانە راستەوخۆکانە”.
Picture5
پارەی پاڵپشتی ژینگەیی بۆ کوێ دەڕوات؟
بەهەمان شێوەی گوندەکانی سنووری کێڵگەی نەوتی تەقتەق، دانیشتووانی گوندەکانی سنووری کێڵگەکانی نەوتی پیرمام، بۆ کشتوکاڵ و بۆ مەبەستی خواردنەوە، پشت بە ئاوی بیری پایڵ دەبەستن، هەرچەندە شیاو نییە و زیانی تەندروستی هەیە، ئەوان ئێستا ئومێدەوارن لەگەڵ تەواوبوونی بەنداوی گۆمەسپان کە لەو ساڵانەدا دەست بەجێبەجێکردنی کراوە، بتوانرێ کێشەی کەمبوونەوەی ئاو لە سنوورەکەیاندا چارەسەر بێت.

دروستکردنی بەنداو چارەسەرێکە بۆ کێشەی کەمئاوی و پیسبوونی ژینگە. کەس چاوەڕێی ئەوە ناکات ئەو کۆمپانیایە کە لەو کێڵگەیەدا کاردەکات، پڕۆژەیەك جێبەجێ بکات ژینگەی ناوچەکە لە تێکچوون ڕزگار بکات و ژیان بۆ زەوییە زیانلێکەوتووەکان بگەڕێنێتەوە. ئەمەش لێرەدا پرسیارێکی ئاشکرا دەوروژێنێت “ئەو پارەیە بۆ کوێ دەڕوات کە بۆ ژینگە تەرخانکراوە؟”

لە پێداچوونەوەی گرێبەستی کێڵگەی نەوتی تەقتەق لە ساڵی ٢٠٠٨دا، لەکاتێکدا بوو کە کێڵگەکە لە قۆناغی پەرەپێدان بوو، کۆمپانیاکە ڕاستەوخۆ بە پێدانی (٣٠٠) هەزار دۆلاری ساڵانە پابەندکراوە. بەو شێوەیە، لە بەدواداچوونی گرێبەستەکاندا دەردەکەوێت، بڕی گشتی پارەکە لە ساڵانی دواتردا، بەگشتی بۆ (١٥٠) هەزار دۆلاری ساڵانە لەماوەی دۆزینەوە و (٣٠٠) هەزار دۆلاری ساڵانە لەماوەی پەرەپێدان دیاریکراوە.

بە بوونی زیاتر لە 40 کێڵگەی وەبەرهێنراو و بە گریمانەی کەمترین بڕی کۆکراوە لە هەر کۆمپانیایەك (150 هەزار دۆلار)، ئەو کۆمپانیایانە کە لە کەرتی نەوتی هەرێمدا کاردەکەن، دەبوو لە ساڵی 2006ەوە ساڵانە بۆ “پاڵپشتی ژینگە” زیاتر لە شەش ملیۆن دۆلار بە حکومەتی هەرێمی کوردستان بدەن، بەڵام لە راستیدا هیچ پڕۆژەیەکی کاریگەر نەکراوە بۆ پاڵپشتی ڕاستەوخۆی ژینگە یان پاڵپشتیکردنی ژێرخان و خزمەتگوزارییەکان لەو ناوچانەدا.
Picture6
تێکچوونی بارودۆخی ژینگەیی و تەندروستی
زۆر لە چاودێران و شارەزایانی بواری ژینگە لەوانەی کە پەیوەندیمان پێوەکردن پێیانوایە گەشەی چالاکییەکان لە پیشەسازی نەوت و گازی کوردستاندا، بارودۆخی ژینگەیی و تەندروستی هەرێمی کوردستان بەرەو خراپتر چووە و هۆکاری پیسبوونی ژینگە بۆ چالاکییەکانی نەوتی بەگشتی دەگێڕنەوە. چ لە قۆناغی بەرهەمهێنان یان لە قۆناغی پاڵاوتن و پڕۆسە پەیوەندیدارەکانی دیکە لە پیشەسازی نەوت و گازدا.

هەموو بەیانییەك بە درێژایی ساڵی 2024 و مانگەکانی یەکەمی ساڵی 2025، پاککەرەوەی ماڵی کارمەندی خانەنشین (ح. س) لە یەکێك لە ناوچە دیار و پێشکەوتووەکانی هەولێردا حەوشەی ماڵەکە پاك دەکاتەوە کە چینێکی تەنکی دووکەڵی دامەزراوە نەوتییەکانە.
ئەو لەکاتێکدا کە بەدەست خەریکی پاککردنەوەی ئەو مێزە گەورەیە بوو کە لەناو باخچەکەیاندا دانرا بوو، پاشان کفنی دەکاتەوە بۆ ئەوەی گەردیلە ڕەش و خۆڵەمێشییەکان دەربکەون. سەری بەرز دەکاتەوە بۆ ئاسمان، دەڵێت “هەوا پیس بووە، هەمووان لە هەولێر ئەوە دەزانن، دۆخەکە ناوبەناو باشتر دەبێت، پاشان دیسان خراپتر دەبێتەوە، هیچ ڕووەکێکی چڕ لە دەوروبەری هەولێر و ناوچە پیشەسازییەکان نییە بۆ ئەوەی ڕێگری لە گەیشتنی ئەو ژەهرە بە ئێمە بکات”.

لەو ساڵانەدا، زۆرترین پەنجە بۆ پیسبوونی هەوای هەولێر ڕادەکێشرێت، ئاسمانی شارەکە بەردەوام بە چینێکی بۆر و خۆڵەمێشی داپۆشراوە و وا دەردەکەوێت بارودۆخەکە لە گەڕەکەکانی سەنتەر و ڕۆژئاوای شارەکە زەقترە.

بەرپرسان و چاڵاکان و پسپۆڕان هۆکارەکەی دەگەڕێننەوە بۆ هەبوونی پاڵاوگە نایاساییەکانی نەوت و چەند کێڵگە و پڕۆژەی نەوتی لە ڕۆژئاوای شارەکەدا، لەناویاندا کێڵگەی نەوتی خورمەلە و هەولێر.

ئەو بارودۆخە هاوکاتە لەگەڵ کەمی ڕێژەی سەوزایی لە شارەکاندا، هەرچەند بەرپرسانی دەستەی پاراستن و چاککردنی ژینگە و لایەنە پەیوەندارەکان لە حکومەتی هەرێم، بانگەشەی ئەوە دەکەن کە ڕێژەی سەوزایی لە شارێکی وەک هەولێردا بە ١٩.٥٪ گەیشتووە، لەکاتێکدا ڕێژەی ستانداردی سەوزایی بۆ شارەکان ١٥٪یە.

بەڵام ڕێکخراوە چاودێرەکان ئەو ڕێژەیەی سەوزایی بە دروست نازانن، چونکە لەو ڕێژەیەدا ڕووبەری داپۆشراو بە گوڵ و چیمەن ڕەچاوکراوە، لەکاتێکدا لە پرسی گۆڕانی کەشوهەوادا تەنیا ڕووبەری داپۆشراو بە درەختی سێبەردار ڕەچاو دەکرێت، لەو ڕووەیشەوە بەپێی داتاکانی ڕێکخراوی هەسار کە لە بواری ژینگە و سەوزایی کار دەکات، ڕووبەری سەوزایی هەولێر بەگوێرەی درەختی سێبەردار تەنیا ڕێژەی ٢.٠٧٪ دەبێت.

بارودۆخە ژینگەییەکە کارتێکەری جددی لەسەر دۆخی تەندروستی هاووڵاتییان هەیە. لەبارێکدا ساڵانە ڕێژەی تووشبوون بە شێرپەنجە لە هەرێمی کوردستاندا هەڵدەکشێت. هەرچەند بەرپرسانی وەزارەتی تەندروستی پێداگیری لەسەر ئەوە دەکەن، کە ڕێژەی تووشبوون بە شێرپەنجە لە هەرێمی کوردستاندا لەخوار ستانداردی جیهانییە.

د. خالس قادر پزیشکی پسپۆڕ ڕوونی دەکاتەوە، بەپێی ستانداردە جیهانییەکە بۆ هەر ١٠٠ هەزار کەس، ١٩٠ تووشبووی شێرپەنجە هەیە، لە هەرێمی کوردستاندا لەناو هەر ١٠٠ هەزار کەس ١٥١ تووشبووی شێرپەنجە تۆمارکراوە.

ئاماژەشی دا بەوەی کە “گرفتەکە لەوەیە ئێستا ڕێژەی تووشبوون بە شێرپەنجە لە هەرێمی کوردستان زۆر بەخێرایی هەڵدەکشێت”. نموونەش بۆ ئەمە دەهێنێتەوە و کەە بەپێی ئامارەکانی ساڵی ٢٠١٦ و ٢٠١٧ ڕێژەی تووشبووانی شێرپەنجە لە هەرێمی کوردستان بۆ هەر ١٠٠ هەزار کەس کەمتر بووە.
Picture7
پارەی بێسەر و شوێن!!
دەستەی پاراستن و چاککردنی ژینگەی هەرێمی کوردستان، دامەزراوەیەکی حکومییە و پاڵپشت بە یاسای ژمارەی ٨ی ساڵی ٢٠٠٨ دامەزراوە؛ ئەرکەکەی ڕەزامەندیدانە لەسەر پڕۆژەکان لە هەر بوارێکدا بن، هەروەها چاودێریکردنی پابەندێتی کۆمپانیا و پڕۆژەکان بە مەرجەکانی ژینگەپارێزی و هەڵسەنگاندنی کاریگەرییەکانی ژینگەیی لە پڕۆژە جیاجیاکاندا و بەو شێوەیەش دەسەڵاتی ڕەتکردنەوەی مۆڵەتی پڕۆژە و دواتریش سزادانی هەر پڕۆژەیەکی هەیە بەهۆی پابەندنەبوون بە ڕێوشوێنەکانی ژینگەپارێزییەوە.

ڕەزاق خەیلانی کە ساڵانێك بەڕێوەبەری ڕاگەیاندن و گوتەبێژی دەستەی پاراستن و چاککردنی ژینگە بوو سەرەتای ساڵی 2025 خانەنشین کرا، لە کۆمێنتێکیدا دەربارەی پارەی تەرخانکراو بۆ پاڵپشتی ژینگە، دەڵێت “دەزانین پارەی پاڵپشتی ژینگە لە کۆمپانیاکانی نەوت وەرگیراوە،” بەڵام “هیچ زانیارییەکمان لەسەر پارەکە و چۆنیەتی بەکارهێنانی نییە”.

هەروەها روونیکردەوە کە دەستەی پاراستن و چاککردنی ژینگەی هەرێمی کوردستان، “بەدواداچوونی لەسەر ئەو پارەیە کردووە، کە بەناوی پاڵپشتی ژینگەوە لە کۆمپانیاکانی نەوت وەردەگیرێت،، “وەڵامەکە ئەوە بوو، پارەکە خراوەتە سەر هەژمارێکی تایبەتی بانکییەوە “بەڵام ئێمە وەك دەستەی ژینگە نازانین چۆن خەرجکراوە و تەنیا یەک سەنت لەو پارەیەشمان بەدەست نەگەیشتووە”.

دەستەی پاراستن و چاککردنی ژینگە خۆی، سندووقی ژینگەی هەیە و داهاتەکەی لە تەرخانکراوی دارایی حکومەت، کۆمەک و بەخشینەکان، کرێ و ڕسومات و ئەو سزا و پێبژاردنە داراییانە پێکدێت، کە بەسەر کۆمپانیا و پڕۆژە سەرپێچیکارەکانی ژینگەدا دەسەپێندرێت، ئەوەش جگە لە سندووقی ژینگە کە لە پڕۆسەکانی نەوتی و بەگوێرەی یاسا و گرێبەستەکانی نەوت دامەزراوە.

بەڵام خەیلانی دەڵێ “حکومەت هیچ تەرخانکراوێکی دارایی نەخستووەتە ناو سندووقی ژینگەوە، بەڵکو داهاتەکە لە بەکرێدان و ڕسوومات و پێبژاردنە داراییەکانی کۆمپانیا سەرپێچیکارەکانی یاسای ژینگەوە بەدەست دێت”.

ئاشکراشیکرد کە “دەستەکە نەک هەر پارەی پاڵپشتی ژینگەی لە کۆمپانیاکانی نەوتەوە بەدەست نەگەیشتووە، بەڵکو دەسەڵاتی بەسەر بەکارهێنان و خەرجکردنی ئەو پارەیەشدا ناشکێت، کە لە سندووقی ژینگەی سەربە دەستەی ژینگە خۆیەتی”. لەهەمانکاتدا هیچ زانیارییەکیشی دەربارەی خەرجکردنی پارەکە نییە لەلایەن حکومەتەوە”.

هەروەها بڕە پارەکەی سندووقی ژینگەی بە “زیاتر لە یەك ملیار دینار خەملاند”. دووپاتیشیکردەوە کە تا ئێستا دەستەی ژینگە “یەك دیناریشی لێ رانەکیشاوە چونکە دەسەڵاتی بەکارهێنان و خەرجکردنی پارەکەی نییە”.

بەو پێیەش بێت دەستەی ژینگە زانیاری نییە کە ئایا داهاتی سندووقەکە لەلایەن حکوومەتەوە خەرجکراوە یان نا، چونکە لە کاتی دامەزراندنی دەستەکەوە لە ساڵی ٢٠٠٨، خۆیان نەیانتوانیوە هیچ پارەیەک لەو هەژمارە بانکییەوە ڕابکێشن.

باس لەوەش دەکات کە ” لە دەسەڵاتی خەرجکردنی پارەکەدا گرفتێکی یاسایی هەیە، پەیوەستە بە یاسای دەستەی ژینگەوە، لە ساڵی ٢٠١٥دا پڕۆژەی هەموارکردنەوەی یاساکەمان گەڵاڵە کرد، بەڵام بەهۆی ڕێگری لە سەرۆکی ئەوکاتی پەرلەمانەوە، پەرلەمان پەکخرا و پڕۆژەکە وەک خۆی مایەوە”.

ئەو یاسایەی خەیلانی ئاماژەی بۆ دەکات، یاسای پاراستن و چاککردنی ژینگەیە، کە لە ساڵی ٢٠٠٨ەوە دەرکراوە و هێشتا دوای تێپەڕبوونی زیاتر لە ١٨ ساڵ نەتوانراوە چارەسەری ئەو گرفتەی تێدا بکرێت کە پەیوەستە بە چۆنیەتی بەکارهێنانی داهاتی ژینگەوە، هیچ هەوڵێکیش نییە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکە، بەتایبەتی کە دەبینین پەڕلەمان بۆ ماوەی زیاتر لە دوو ساڵە پەککەوتووە و هیچ دانیشتنێکی ئەنجامنادات تەنانەت لەدوای پرۆسەی هەڵبژاردنەکانیش کە لە مانگی ئۆکتۆبەری رابردوودا بەڕێوەچوو.

هاوکات وتەبێژی پێشووی دەستەی پاراستنی ژینگە رەتیدەکاتەوە هیچ زانیارییەکی هەبێت پڕۆژەی ژینگەیی لەلایەن وەزارەتی سامانە سروشتییەکانەوە جێبەجێکرابێت و وتی “دەربارەی هیچ پڕۆژەیەك ئاگادار نەکراوینەتەوە و بەهیچ شێوەیەك لەمبارەیەوە قسە لەگەڵ دەستەی ژینگە نەکراوە”.
Picture8
هیچ پڕۆژەیەکی ژینگەیی ئەنجام نەدراوە
سەرەڕای ئەوەی کۆمپانیاکانی نەوت پابەندکراون بە پێدانی بڕە پارەیەکی ساڵانە بەناوی پاڵپشتی ژینگەوە، بەڵام لەوەتەی دامەزراندنی وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ٢٠٠٦ەوە تا ئێستا، هیچ پڕۆژەیەکی ژینگەیی بە پارەی سندووقی ژینگە ئەنجام نەدراوە

ئەو لایەنانەی کە پەیوەندییان پێوەکراوە، بێئاگایی خۆیان نیشاندا لە بوونی پڕۆژەی تایبەت بە پاڵپشتی ژینگەیی کە لە پارەی سندوقی ژینگەدا ئەنجامدرابێت، و وەزارەتی سامانە سروشتییەکانیش لەسەرەتای دامەزراندنیەوە لە ساڵی ٢٠٠٦ ڕوونکردنەوەی لەسەر پارەکە نەبووە.

لای خۆیەوە ڕێکخراوی ڕوونبین بۆ شەفافیەت لە پڕۆسەکانی نەوت، کە ڕاپۆرتی چاودێری و هەڵسەنگاندن لەبارەی پڕۆسەکانی نەوت و گازی هەرێمی کوردستان بڵاودەکاتەوە، بەهەمان شێوە، جەخت لە ناڕوونی و نادیاری لە پارەی پاڵپشتی ژینگە دەکاتەوە.

یادگار سدیق پسپۆڕی نەوت و سەرۆکی ڕێکخراوەکە، دەڵێ، تەنیا ئەوەندە زانیارییە هەیە کە لە یاسای نەوت و گرێبەستەکانی نەوتدا، کۆمپانیاکان پابەندکراون بە پێدانی پارەی پاڵپشتی ژینگە و هەروەها قەرەبووکردنەوەی ئەو زیانە ژینگەییانەی لە پڕۆسەکانی نەوتی دەکەونەوە. دەشڵێت کە “هیچ زانیارییەك نییە بیسەلمێنێت پارەکە لە پاڵپشتی ژینگە خەرجکراوە”.

لەنێوان ساڵانی ٢٠١٤-٢٠٢٣دا بەر لەوەی پەرلەمانی کوردستان پەکبخرێت، بەگشتی بەهۆی شەڕی داعش و ناکۆکییە سیاسییە توندەکانی نێووان هێزە سیاسییەکانەوە پەڕلەماند بە دۆخێکی نائاساییدا تێپەڕ بووە و لەوەتەی ساڵی ٢٠١٣یشەوە هیچ یاسایەکی بودجە پەسەند نەکراوە، ئەوەیش ئەوەندەی دیکە ناڕۆشنی لە سەرجەم داهات و خەرجییەکان بە داهاتەکانی نەوتیشەوە دروست کردووە.

د. یادگار سدیق وایدەبینێت کە “بەو حاڵەیشەوە، چاوەڕوانی زیاتر لە دەستەی پاراستن و چاککردنی ژینگە هەیە کە بە ئەرکی چاودێریکردنی خۆی هەستێت و وا دەردەکەوێت لەوڕووەوە لە ئاستی چاوەڕوانیدا نییە”.

پێداگیریش دەکات لەسەر ئەوەی کە “دەبێت دەستەی پاراستن و چاککردنی ژینگە وەك لایەنی تایبەتمەندی ژینگە لە کوردستان بە ئەرکی چاودێریکردنی پڕۆسەکانی نەوتی لەڕووی ژینگەییەوە هەستێت، بەڵام بەو ئەرکەی خۆی هەڵنەستاوە؛ لە چاودێریکردنی ژینگە لە پڕۆسەکانی نەوتی و شێوازی مامەڵەکردن لەگەڵ پاشماوەکانی بەکارهاتوو لە پیشەسازی نەوت، لەکاتێکدا کاریگەری دەرهاوێشتەکانی نەوت لەسەر ڕەگەزە سەرەکییەکانی ژینگە، لە ئاو، خاک و هەوا لەڕادەبەدەرن”.

پڕۆژەکانی بەرپرسیارێتی کۆمەڵایەتی

دوور لە تەرخانکردنی سندوقی ژینگە، ڕاپۆرتەکانی هەندێک کۆمپانیا کە لە کەرتی نەوت و گازی هەرێمی کوردستاندا کاردەکەن ئاماژە بەوە دەکەن کۆمپانیاکان لە چوارچێوەی مۆڵەتەکانیان یان لە سنووری چالاکییەکانیاندا هەندێك پڕۆژەی ژینگەیییان ئەنجامداوە، لە چوارچێوەی ئەوەی کە بە “تەرخانکراوەکانی بەرپرسیارێتی کۆمەڵایەتی” ناسراوە. بە گوێرەی ئەوانەی بەدواداچوونیان بۆ ئەم دۆسییەیە کردووە ئەم پرۆسەیەش هیچ پەیوەندییەکی بە سندوقی ژینگە و پارەی پاڵپشتی ژینگەوە نییە.

خودی وەزارەتی سامانە سروشتییەکان لەڕێگەی ماڵپەڕە فەرمییەکەیەوە، جەختی لەسەر پابەندبوونی کۆمپانیاکانی نەوت بە بەخشینی پارەی پاڵپشتی ژینگە کردووەتەوە. وەزارەتەکە دەڵێت “بەپێی گرێبەستەکانی بەرهەمهێنانی هاوبەش، کۆمپانیاکان دەبێت پابەند بن بەوەی هەموو ساڵێک بەشداربن لە بەخشینی پارە بە سندوقی ژینگە. پێویستە پێوەرە نێودەوڵەتییەکانی کارپێکردنی پیشەسازی نەوت بهێننە دی و پەیڕەوی لە یاساکانی هەرێمی کوردستان بکەن لە پێناو بەرگرتن لە پیسبوون و پاراستنی ژینگەدا.

 

ئەمەش پاراستنی ڕووەک و ئاژەڵ و موڵک و ماڵ و ناوچەکانی کشتوکاڵ و ماسی بەخێوکردن دەگرێتەوە. لەنێو پابەندییەکانی تر کە لە گرێبەستەکاندا دانراوە قەدەغەکردنی زەرەرگەیاندن بە ژینگە دەگرێتەوە لە کاتی دروستکردنی هێڵی بۆڕی و هەڵوەشاندنەوە یان تەسلیمکردنەوەی ناوچەی گرێبەست بەپێی پێوەرە نێودەوڵەتییەکانی کارپێکردنی پیشەسازی نەوت”.

دیارە وێنەکە لە واقیعدا جیاوازە، ئەوەتا هەردوو ڕێکخراوی لۆکاڵی و نێودەوڵەتی (ڕێکخراوی مەسەللـەی عێراقی و ئێن پی ئەی نەرویجی) ساڵی ٢٠١٣ لە چوارچێوەی پڕۆژەی چاودێریکردنی پابەندبوونی کۆمپانیاکانی نەوتی هەرێمی کوردستان بە بنەماکانی بەرپرسیارێتی کۆمەڵایەتی و لەناویاندا بنەمای ژینگەپارێزییدا ڕوونیان کردەوە، تەنیا لە قۆناغی گەڕان و پشکنین بەدوای نەوتدا، کۆمپانیاکانی نەوت لە بلۆکی نەوتی شەقڵاوە-هەریر، لانیکەم (٧٠٠٠) درەختیان لەناوبردووە و زیانیان بە نزیکەی (١٤٠٠٠) درەختی دیکە گەیاندووە.

دوابەدوای پەردەهەڵماڵین لەوبارەیەوە، کۆمپانیای هێسی ئەمریکایی، دەستی کرد بە بونیادنانی ناوچەی دارستانی کەسنەزان لە ڕۆژهەڵاتی شاری هەولێر وەک بەشدارییەک لە پاڵپشتی ژینگە یان قەرەبووکردنەوەیەکی زیانە ژینگەییەکانی دروستی کردبوون. بەڵام هەر خەرجییەک لەوبارەیەوە، پەیوەست نییە بە تەرخانکراوی دارایی بۆ سندووقی ژینگە، کە بەپێی گرێبەستە نەوتییەکان کۆمپانیا دەبێت پارەکە بە حکومەت بدات.

وەزارەتی سامانە سروشتییەکان خۆی، تەنیا ئاماژەی بە دوو چالاکی ژینگەیی لە دوو کۆمپانیای نەوت دەدا، یەکەمیان کۆمپانیای تالیسمان ئێنێرجی، کە “لە تەممووزی 2012ەوە نزیکەی یەک ملیۆن بوتڵی خواردنەوەی پلاستیکی لە شوێنی کارکردنیاندا کۆکردووەتەوە” و دووەمیان کۆمپانیای ماراسۆن ئۆیڵ کە “یارمەتیدەر بووە لە دابینکردنی ئاوی خواردنەوە بۆ گوندنشینان لەڕێگەی لێدانی بیرێکی ئاوەوە لە گوندی بێستانە، و تیمەکانی کۆکردنەوەی زبڵیان پێکهێناوە بۆ کۆکردنەوەی پیسی لە گوندەکانی نزیک چالاکییەکانیان. لە قەزای هەریر(٧٠کم باکوری رۆژهەڵاتی هەولێر)، کۆمپانیای ماراسۆن ئۆیڵ یارمەتی جوانکردنی قەزاکە دەدات لە ڕێی بەرنامەیەکی درەخت چاندنەوە”.

کۆکردنەوەی پاشماوەی زبڵ لەلایەن کۆمپانیای تی تی ئۆپکۆی (TT OPCO) سەرکاری کێڵگەی نەوتی تەقتەقیشەوە لە گوندەکانی دەڤەرەکە دەکرێت، بەڵام ئەو چالاکییانە، زۆر سنوودارن بەراورد بە دەرهاوێشتەی پیشەسازی نەوت لەسەر ژینگە و پەیوەندیشیان بە پارەی پاڵپشتی ژینگەوە نییە کە بەرپرسیارێتییەکی دیکەی کۆمپانیاکانە نەوت بەپێی ئەو گرێبەستانەی ئیمزایان کردووە.
Picture9
چاودێری ژینگەیی لە کێڵگەکانی نەوتدا
بەدووری نزیکەی ٣٠کم لە باشووری ڕۆژئاوای هەولێر کە یەکێک لە گەورەترین کێڵگە بەرهەمهێنەکانی نەوتی هەرێمی کوردستان لەخۆدەگرێت-کێڵگەی خورمەلە- هاوکات بە یەکێک لە ناوچەکانی ژێر کارتێکەری گۆڕانی کەشوهەوا لە هەرێمی کوردستان دەستنیشان کراوە. ناوچەکە کەمترین ڕووبەری سەوزایی هەیە لەسەر ئاستی پارێزگای هەولێردا و لە دەشتێکی وشک و بریشک پێکدێت. جیا لەوەی کە سەدان پاڵاوگەی نایاسایی نەوتیش لەخۆدەگرێت. هەرچەند بەمدواییە پارێزگاری هەولێر بڕیاری داخستنی پاڵاوگە نایاساییەکانی ڕاگەیاند، بەڵام پاڵاوگەکان دانەخران و بڕیارەکەیش وەک چەندین بڕیاری دیکە کە لەماوەی زیاتر لە ١٠ ساڵی ڕابردوو دەرکراون، هەر لەسەر کاغەز مایەوە.

عەبدولقادر زێندین جووتیارێکی دەڤەرەکەیە و دەڵێ: “کۆمپانیای نەوت و پاڵاوگەکان بوونەتە بەڵایەکی گەورە بۆ دانیشتووانی ئەو ناوچەیە، دووکەڵی بەردەوام و جۆگەلەی پاشماوەی نەوتی، هەمووانی هەراسان کردووە. پڕۆژەیەکی ژینگەیی لە سنوورەکەماندا نییە و بەڵکوو لە هەندێک شوێندا ئاوی خواردنەوەش بە زەحمەت پەیدا دەبێ”. ئەو لەگەڵ قسەکانیدا دەست بۆ ئەو دووکەڵە خۆڵەمێشییە درێژ دەکات کە شوێنەکەی تەنیوەتەوە، و ئاماژە دەدات بەوە یە کە سەرەڕای ئەمەش هێشتا هیچ پڕۆژەیەکی ژینگەیی لە ناوچەکەماندا نییە.. هیچ هەوڵیك نییە بۆ باشتریکردنی ژیان”.

ئەو زیاتر دەڵێت “خاوەن پڕۆژەکانی نەوتی نەك ئەوەی ژینگەی ناوچەکەیان بە تەواوەتی پیس کردووە، بەڵکوو لە زۆر شوێن ئامادەنەبوون قەرەبووی ئەو جووتیارانەش بکەنەوە کە زەوییەکانیان داگیرکردوون و بۆ پڕۆژەکانیان بەکاری دەهێنن”.
ئەوە لە کاتێکدایە وەزارەتی سامانە سروشتییەکان خۆی لەڕێگەی ماڵپەڕە فەرمییەکەیەوە بانگەشەی بۆ دەکات پاراستنی ژینگە لە هەرێمی کوردستاندا بە هۆی سێ یاسا و بەڵگەنامەوە پاڵپشتی دەکرێت: یاسای پاراستن و چاککردنی ژینگە؛ یاسای نەوت و گاز؛ گرێبەستەکانی بەرهەمهێنانی هاوبەش و لەو ڕووەیشەوە دەڵێ “ئەم بەڵگەنامانە کۆمپانیاکان پاپەند دەکەن بەوەی کە پێش دەستکردن بە هەر چالاکییەکی بازرگانی یان پیشەسازی، هەڵسەنگاندنی کاریگەریی لەسەر ژینگە ئەنجام بدەن لەپێناو قەرەبووکردنەوەی هەر زەرەر و زیانێك کە بە کشتوکاڵی خاوەن زەوییەکان و زەویوزاری دەوربەریان دەگات”.

سەرەڕای بانگەشەی وەزارەتەکە، پاش چەندین ساڵ لە دەستکردن بە پڕۆژەکانی نەوتی، بۆ یەکەمجار لە ساڵی ٢٠١٥دا، وەزارەتی سامانە سروشتییەکان ڕێنمایی ژمارە ١ی ساڵی ٢٠١٥ی تایبەت بە هەڵسەنگاندنی کاریگەریی ژینگەیی لە پڕۆسەکانی نەوتی کوردستان دەرکرد. ڕێنماییەکە کۆمپانیاکانی نەوت پابەند دەکات بە پێشکەشکردنی ڕاپۆرتی تایبەت بە هەڵسەنگاندنی کاریگەرییە ژینگەییەکان لە چالاکییەکانی نەوتیدا، بەڵام هێشتا ناوەڕۆکی هیچ ڕاپۆرتێکی هەڵسەنگاندن بۆ ڕای گشتی ئاشکرا نەکراوە.

لای خۆیەوە دەستەی ژینگە چەندین ڕێنمایی تایبەت بە چاودێری ڕەگەزەکانی ژینگەیی و بەدواداچوون و بەرزەفتکردنی سەرپێچییە ژینگەییەکان دەرکردووە. لەناویاندا ڕێنمایی تایبەت بە پاراستن و چاککردنی هەوا ژمارە ٢ی ساڵی ٢٠٢١ و ڕێنمایی بەدواداچوون و بەرزەفتکردنی سەرپێچییە ژینگەییەکان ژمارە ٢ی ساڵی ٢٠٢٣. بەڵام لە هیچ کام لە ڕێنماییەکاندا، ئاماژە بە چاودێریکردنی پڕۆسەکانی بەدواداگەڕان و بەرهەمهێنانی نەوت نەکراوە، لەکاتێکدا جەخت کراوەتە سەر پاڵاوگەکانی نەوت، مۆلیدەکان و پڕۆژە کشتوکاڵی و شارەوانییەکان.

رەزاق خەیلانی لەمبارەیەوە دەڵێت “چاودێری و بەدواداچوونمان نییە لەسەر پڕۆسەکانی نەوتی لە خاڵی بەرهەمهێناندا”.
هێماش بۆ ئەوە دەکات کە دەستەی ژینگە، تیمی چاودێری هەیە بەدواداچوون لەسەر لایەنەکانی ژینگەیی لە پڕۆژە و دامەزراوە جیاجیاکان دەکەن، بەڵام تا ئێستا بەدواداچوونیان لە هیچ کێڵگەیەکی نەوتدا نەکردووە، سەبارەت بە هۆکارەکانیش دەڵێت “چاودێریمان بەسەر کێڵگەکانی نەوتەوە نییە، دەزانین ڕێگری هەیە و لەبەرئەوە هەر لە سەرەتاوە تیمەکانمان بۆ کێڵگەکانی نەوت نەچوون”.

چەندین سەرچاوەی جیاوازی ژینگەیی و رۆژنامەوانی لەوانەی کە پەیوەندیمان پێوەکردووە، دووپاتی دەکەنەوە کە “سنووری کێڵگەکانی نەوتی بە هێزەکانی ئاسایشی سەربە دەوڵەت و کۆمپانیا تایبەتەکانی سکیوریتی تەوق دراون، ئەو سنوورە بە هەمان شێوە بۆ میدیاکارانیش کراوە نییە و ناتوانن بەدواداچوون و ڕووماڵی میدیایی لە نزیک کێڵگە و پڕۆژەکانی نەوتی بکەن”.

بیلال سەعید ڕۆژنامەوان دەڵێ “ڕۆژنامەوانان ناتوانن بەدواداچوون لە کێڵگەکانی نەوت و گازدا بکەن، چونکە هەموویان بە بازنەی ئەمنی تەوق کراون و ڕێگری لە میدیاکاران دەکەن”.

دەستەی ژینگە هەرچەند تاکە دامەزراوەی تایبەتمەندی ژینگەیە لە هەرێمی کوردستاندا و یاساکان دەسەڵاتی بەرفراوانی پێدەدەن، بەڵام لە پراکتیزەکردندا تەنانەت هیچ پەیوەندییەکی لەگەڵ کۆمپانیا سەرکارەکانی نەوت نییە و نەیتوانیوە چاودێری ژینگەیی لە کێڵگەکانی نەوتیشدا بەڕێوە ببات.

ڕەزاق خەیلانی کە ساڵانێک بەڕێوەبەری تەکنیکی دەستەی ژینگە بووە، دانبەوەدادەنێت تەنیا پەیوەندییان لەگەڵ کۆمپانیاکانی خزمەتگوزاری نەوت هەیە، زیاتر لە ڕووی ڕەزامەندیدان و چاودێری لەسەر هێنان و بەکارهێنانی ماددە تیشکاوییەکاندا.
بۆ ئەمەش د. یادگار سدیقی پسپۆڕی بواری نەوت وایدەبینێت کە “دەبێت ڕۆڵی زیاتر بە دەستەی ژینگە بدرێت، لە چاودێریکردنی ژینگە لە پڕۆژەکانی نەوتی و دەرکردنی ڕاپۆرتی بەردەوام بۆ ڕای گشتی، بە جۆرێک کە ئاستی پابەندێتیی کۆمپانیاکان بە بەکارهێنانی پێوەرە ستانداردەکانی ژینگەیی لە پراکتیزەکردنی پڕۆسەکانی نەوتدا ڕوون بکاتەوە”.

هەڵکشانی نیگەرانییەکان لەبەرانبەر تێکچوونی بارودۆخی ژینگەیی لە ناوچە جیاجیاکانی هەرێمی کوردستاندا و لەڕووی کوالێتی هەوا و خاک و ئاوەوە، پاڵ بە حکومەتەوە دەنێت بۆ لەبەرگرتن و توندکردنی ڕێکارەکانی ژینگەپارێزیی وەک یەکێك لە ئەرکە لەپێشینەکان.

بەگوتەی ئاسۆ کانەبی چالاکی بواری ژینگە، ئەو ڕێوشوێنانەی لەماوەی ڕابردوودا حکومەت بۆ کەمکردنەوەی پیسبوونی ژینگە گرتوونیەتەبەر، ڕێوشوێنی سەرەتایین، لەناویاندا داخستنی چەند پاڵاوگەیەکی نایاسایی یان پاککردنەوەی پاشماوەکان، بەڵام لەهەمانکاتدا “پێویستی بە لەبەرگرتنی سیاسەتێکی تۆکمەی ژینگەیی دەبێت لەڕێگەی تەرخانکردنی دەرماڵەکانی تایبەت بە ژینگە کە لە یاسا و گرێبەستەکانی نەوتدا هاتوون، هەروەها پابەندکردنی کۆمپانیاکان بە قەرەبووکردنەوەی زیانە ژینگەییەکان و بەشداریکردنیان لە کەمکردنەوەی پیسبوونی ژینگە، لە کاتێکدا کۆمپانیاکان ملیۆنان دۆلار لەو ناوچەیە بەدەستدەهێنن، پێویستە بەشداری جددیشیان هەبێت لە وەڵامدانەوە بەرانبەر بە پیسبوونی ژینگە و گۆڕانی کەشوهەوا لە ناوچەکەدا”.