هەواڵ

ئەمریکا بە نەوتی کوردستان دژایەتی ئێران دەکات

Mic
2025-03-06

ئاژانسی ڕۆیتەرز لە زاری چەند سەرچاوەیەکی ئاگادارەوە بڵاویکردوەوەتەوە، ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا تاوتوێی پلانێک دەکات بۆ ڕاگرتن و پشکنینی کەشتییە نەوتهەڵگرەکانی ئێران لە دەریادا لە چوارچێوەی ڕێککەوتنێکی نێودەوڵەتی کە ئامانج لێی بەرپەرچدانەوەی بڵاوبوونەوەی چەکی کۆمەڵکوژە.

ئەمەریکا لەگەڵ سەپاندنی سزا بەسەر کەرتی نەوتی ئێران چاوی لە دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستانە تا قەرەبووی هەر دابەزینێکی هەناردەی نەوتی ئێران بکات.
مارکۆ رۆبیۆ وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا لە پەیوەندییە تەلەفۆنیدا لەگەڵ محەمەد شیاع سودانی سەرۆک وەزیرانی عێراق داوای زوو دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستانی کرد. 
پێشتر ئاژانسی رۆیتەرز بڵاوکردبوەوە، "ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ فشاری بۆ سەر عێراق دەسپێكردووە بەمەبەستی دەستپێكردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێمی كوردستان، هۆشداری داوەتە بەغدا لە ئەگەری ڕێگریدا ڕوبەڕوی سزاكانی هاوشێوەی ئێران دەبێتەوە".
ترامپ بەڵێنیداوە هەڵمەتی "زۆرترین فشار" بۆ دابڕانی ئێران لە ئابوری جیهانی و دابەزاندنی هەناردەکردنی نەوتی وڵاتەکەی بۆ سفر بگەڕێنێتەوە، ئەمەش بە مەبەستی ڕاگرتنی ئەو وڵاتە لە دەستکەوتنی چەکی ئەتۆمی.
دەستپێکردنەوەی خێرای هەناردەکردنی نەوت لە هەرێمی کوردستان یارمەتیدەر دەبێت بۆ قەرەبوکردنەوەی ئەگەری دابەزینی هەناردەکردنی نەوتی ئێران، کە واشنتن بەڵێنی داوە لە چوارچێوەی هەڵمەتی "زۆرترین فشار"ی ترەمپ دژی تاران، هەناردەی نەوتی ئەو وڵاتە بۆ سفر کەم بکاتەوە.
ئاژانسی ڕۆیتەرز لە نوێترین بابەتەیدا لە زاری چەند سەرچاوەیەکی ئاگادارەوە بڵاویکردوەوەتەوە، ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا تاوتوێی پلانێک دەکات بۆ ڕاگرتن و پشکنینی کەشتییە نەوتهەڵگرەکانی ئێران لە دەریادا لە چوارچێوەی ڕێککەوتنێکی نێودەوڵەتی کە ئامانج لێی بەرپەرچدانەوەی بڵاوبوونەوەی چەکی کۆمەڵکوژە.
بەپێی وتەی شەش سەرچاوەی جیاواز کە قسەیان بۆ ئاژانسی ڕۆیتەرز کردووە، ئێستا بەرپرسانی ئیدارەکەی ترەمپ چاویان لە وڵاتانی هاوپەیمانیانە کەشتیەکانی ئێران لە خاڵە گرنگەکاندا ڕابگرن وەک گەروی مەلاکا لە ئاسیا.
ئەمریکا دەیەوێت بە داخستنی گەروە بازرگانییە گرنگەکان بە ڕوی کەشتییەکانی ئێران، وڵاتەکە ماندوو بکات و ڕێگەی هاتوچۆیان دروبخاتەوە. 
ئیدارەی ترامپ لێکۆڵینەوەی کردووە، دەتوانێت لە کارەکەیدا سود لە دەستپێشخەری ئاسایشی بڵاوبوونەوەی چەک وەربگرێت کە لە 31ـی ئایاری 2003 لەلایەن زیاتر لە 100 وڵاتەوە واژۆ کراوە و هەوڵێکی جیهانی بەردەوامە کە ئامانجی وەستاندنی بازرگانیکردنە بە چەکی کۆمەڵکوژ و سیستەمی گەیاندنیان و کەرەستەی پەیوەندیدار بۆ دەوڵەت.
ئەم میکانیزمە دەتوانێت حکومەتە بیانییەکان بتوانن لەسەر داوای واشنتۆن باری نەوتی ئێران بکەنە ئامانج، یەکێک لە سەرچاوەکان رۆیتەرز باسی لەوەکردووە، ئەم ڕێکارە بە شێوەیەکی کاریگەر گەیاندنەکان دوادەخات.
تا ئێستا ڕوون نەبووەتەوە کە ئایا واشنتۆن هێشتا پەیوەندی بە هیچ کام لەو وڵاتانەوە کردووە کە دەستپێشخەری ئاسایشی بڵاوبوونەوەی چەکیان واژۆکردووە تا ئامادەیی ئەوان بۆ هاوکارییکردن وەربگرێت. 
پێشبینی دەکرێت، هەنگاوەکانی ئەمەریکا  لە ماوەیەکی کورتخایەندا هەناردەی ئێران بە نزیکەی 750 هەزار بەرمیل نەوت لە ڕۆژێکدا کەم بکاتەوە، بەڵام تا سزاکان زیاتر بن، کاریگەرییان کەمتر دەبێتەوە، چونکە ئێران و کڕیاران ڕێگاکانی دەوروبەریان دەدۆزنەوە.
ترامپ لەگەڵ گەڕانەوەی وەک سەرۆک بۆ کۆشکی سپی پاکێجێکی نوێی سزای بەسەر ئێراندا سەپاند، سزا نوێیەکان ئەو کەشتیانەی کردە ئامانج بەبێ بیمەی ڕۆژئاوا دەڕۆن و نەوتی خاو لە وڵاتانی گەمارۆدراوەوە دەگوازنەوە.
ڕۆژی 3ـی ئازاری 2023 مەسعود پزیشکیان، سەرۆک کۆماری ئێران لە پەرلەمانی ئێران ڕاگەیاند، ترەمپ "جارێکی دیکە فەرمانی سزادانی زۆرێک لە کەشتییەکانی ئێمەی لە دەریادا واژۆکردووە، ئەمەش وایکردووە نادڵنیابن لە چۆنیەتی دابەزاندنی باری نەوت و غازەکان"

More News

Most Popular

هەواڵ

11ی ئازارەکەی ڕۆژئاوای کوردستان، خاڵە لێکچوو جیاوازەکانی لەگەڵ 11ی ئازارەکەی بارزانی و سەدام

Mic
2025-03-11

رۆژنامەنوس کاوە شێخ عەبدوڵا لە وتارێکدا ڕێککەوتنی ئەحمەد و شەرع و مەزڵوم عەبدی بە 11ی ئازارەکەی ڕۆژئاوای کوردستان ناودەبات، بەو پێیەی ئەمڕۆ ٥٥ ساڵ تێپەڕدەبێت بەسەر رێککەوتنی 11ی ئازار کە لە نێوان مەلا مستەفا بارزانی و سەدام حسێندا ئیمزاکرا.
کاوە شێخ عەبدوڵا نوسیویەتی: بەپێی بڵاوکردنەوەی تەنیا خاڵە سەرەکییەکانی ڕێککەوتنەکەی ئەحمەد شەرع و مەزڵوم عەبدی، دوو خاڵی زۆر لێکچووی تێدایە لەگەڵ رێککەوتننامەی ۱۱ی ئازار لەنێوان سەدام حسێن و مەلا مستەفادا.
یەکەم: ئیعترافکردن بە هەبوونی کورد وەک بەشێکی گرنگ و کاریگەر لە عێراق و سوریادا لەناو دوو ڕێککەوتنی دەوڵەت و لایەنی کورددا.
دووەم: تێکەڵکردنی هێزی چەکداری کورد لەناو سیستمی سەربازیی و بەرگریی عێراق و سوریادا، تێکەڵکردن نەک حەلکردن، کە پێشتر هەردوو دەوڵەتەکە بەو  هێزانەیان دەوت یاخی و هەڵگەڕاوە و خراپەکار.
خاڵی تری لێکچوون هەیە بەڵام بەلاوازی، بۆ نموونە: جێبەجێکردنی ڕێککەوتنامەکان بە ماوەیەکی درێژ، لە عێراق دانرا لە چوار ساڵدا جێبەجێ بکرێ، بەڵام لە سوریا نزیکەی 10 مانگ.
خاڵی جیاوازی نێوانیان ئەوەیە، حکومەتی ئەوسای عێراق لە کاتی ئیمزاکردنی ڕێککەوتنەکەدا بەهێزبوو، پێشتریش لە دەستووری عێراق لەسەردەمی عەبدولکەریم قاسمدا جێگیرکرابوو، کە کورد لەگەڵ عەرەب هاوبەشە لە پێکهێنانی عێراق.
بەڵام لە سوریا ئێستا حکومەت نەک بەهێز نییە بەڵکو گیرۆدەیە بە دنیایەک کێشەی سیاسیی و و سەربازیی و ئابوورییەوە، هەروەها پێشتر نەک ئیعتراف نەبوو بە هەبوونی کورد وەک پێکهاتە بەڵکو ڕەتکردنەوەو بێمافکردنیش هەبوو.
جیاوازییەکی تر ئەوەیە: لەم رێککەوتنەی رۆژئاوا و دیمەشق، ئەمریکا و ڕوسیا و تورکیا ڕاستەوخۆ ئاگادارن و ڕۆڵیان هەیە لە گەیشتن بەم ئەنجامە لەنێوان شەرع و جەنەڕاڵ مەزڵومدا، بەڵام لەوەی نێوان مەلا مستەفا و سەدامدا ئێرانی شا بەئاشکرا پێیناخۆشبوو ئەمریکاش دڵی شای لا مەبەست بوو، بەڵام ڕوسیا پشتیوانی لە ڕێککەوتنەکە کرد.
لێکچوونێکی سادە و ناگرنگی ئەو دوو ڕێککەوتنە ئەوەیە، ئەوەی باشوور لە 11ی ئازاری 1970 ئیمزاکرا، ئەوەی ڕۆژئاوا 10ی ئازاری 2025 ‌واتا 55 ساڵی پڕ لە ڕووداو و جیاوازی تەمەنیانە.