هەواڵ

هەفتەی داهاتوو لەسەر باری ئەو بارهەڵگرەی بووەهۆی گیانلەدەستدانی وریا دۆسیە دەکرێتەوە

Mic
2025-03-06

هەفتەی داهاتوو دادگای کەلار لەسەر باری ئەو بارهەڵگرەی بووە هۆی گیانلەدەستدانی وریا حەمە کەریم دۆسیە دژی مەرزی پەروێزخان و بازرگانێکی عەلوەی سلێمانی دەکاتەوە

 سەرچاوەیەکی ئاگادار لە دادگای کەلار بە دیجیتاڵ میدیای MICـی ڕاگەیاند، داواکاری گشتی شارەزور ئاگاداری کردونەتەوە هەفتەی داهاتوو لەبارەی ئەو بارە تەماتەیە کە بارهەڵگرەکەی بووە هۆی گیانلەدەستدانی وریا حەمە کەریم دۆسیەیەکیان ئاڕاستە دەکات. 
بەپێی زانیارییەکانی MIC، بەهۆی ئەوەی ئەو بارە تەماتەیە لە مەرزی پەروێزخانەوە هاتوەتە هەرێمی کوردستان بۆیە دۆسیەکە ڕەوانەی دادگای کەلار کراوە. 
MIC دەزانێت دۆسیە یاسایەکە، دژی مەرزی پەروێزخان و ئەو بازرگانەی عەلوەی سلێمانییە کە بارە تەماتەکەی بۆ هاتووە. 
هەر بەپێی زانیارییەکانی MIC داواکاری گشتی شارەزور لە دۆسیەکەدا سکاڵاکەرە، ئەوەیش بەهۆی ئەوەی دۆسیەکە مافی گشتی لەخۆی گرتووە. 
ڕۆژی 6ـی شوباتی 2025، بەهۆی روداوێکی هاتوچۆوە لە سەر رێگای سلێمانی - عەربەت گیانی لەدەستدا، هەر ئەو کات Mic لە زاری سەرچاوەیەکی ئەمنییەوە ئاشكرای کرد، شۆفێری ئەو بارهەڵگرەی لەگەڵ ئۆتۆمبێلی ڕۆژنامەنوس وریا حەمە کەریم توشی ڕوداوی هاتووچۆ بووە هەڵگری ڕەگەزنامەی ئێرانییە و ئۆمبێلەکەشی هەڵگری ژمارەی هەمان وڵاتە.
بەپێی وتەکانی شۆفێرەکە کە لەبەردەم دادوەری لێکۆڵینەوە خستویەتیەڕوو،" تەماتەی لە ئێرانەوە هاوردەی سلێمانی کردووە".
شۆفێری بارهەڵگرەکە ڕەتیکردوەتەوە بارەکەی قاچاخ بووبێت و ڕایگەیاندووە، بەشێوەیەکی فەرمی لە مەرزی نێودەوڵەتی پەروێزخانەوە هاتووەتە هەەرێمی کوردستان. 
ڕوداوی گیانلەدەستدانی وریا حەمە کەریم تەنها دوای 10 ڕۆژ لە بڕیارێکی وەزارەتی کشتوکاڵی هەرێمی کوردستان بوو بۆ قەدەغەکردنی هاوردەی تەماتە لە دەرەوەی وڵاتەوە. 
بەپێی نوسراوێکی وەزارەتی کشتوکاڵی هەرێمی کوردستان کە ڕۆژی 22ـی کانوونی دووەمی 2025 دەرچووە، لە 26ـی کانوونی دووەمی 2025 تا کاتێکی نادیار هاوردەکردنی تەماتە قەدەغە دەکرێت.
وریا حەمە کەریم 
وریا حەمە کەریم لە ساڵی 1987 لە دایکبووە، باوکی خۆی نەبینووە و بەهۆی کیمیابارانکردنی هەڵەبجەوە گیانی لەدەستداوە. 
وریا تاقانەی خێزانەکەی بووە، لە دوای کۆچیی دوایی باوکییەوە لەگەڵ دایکی ژیاوە، ژیانی هاوسەری پێکهێناوە و خاوەنی دوو منداڵ بووە.   
وریا حەمە کەریم ماوەی 12 ساڵە لە کەناڵی ئێن ئاڕتی کار دەکات کە لەلایەن جوڵانەوەی نەوەی نوێوە خاوەندارێتی دەکرێت.               

More News

Most Popular

هەواڵ

11ی ئازارەکەی ڕۆژئاوای کوردستان، خاڵە لێکچوو جیاوازەکانی لەگەڵ 11ی ئازارەکەی بارزانی و سەدام

Mic
2025-03-11

رۆژنامەنوس کاوە شێخ عەبدوڵا لە وتارێکدا ڕێککەوتنی ئەحمەد و شەرع و مەزڵوم عەبدی بە 11ی ئازارەکەی ڕۆژئاوای کوردستان ناودەبات، بەو پێیەی ئەمڕۆ ٥٥ ساڵ تێپەڕدەبێت بەسەر رێککەوتنی 11ی ئازار کە لە نێوان مەلا مستەفا بارزانی و سەدام حسێندا ئیمزاکرا.
کاوە شێخ عەبدوڵا نوسیویەتی: بەپێی بڵاوکردنەوەی تەنیا خاڵە سەرەکییەکانی ڕێککەوتنەکەی ئەحمەد شەرع و مەزڵوم عەبدی، دوو خاڵی زۆر لێکچووی تێدایە لەگەڵ رێککەوتننامەی ۱۱ی ئازار لەنێوان سەدام حسێن و مەلا مستەفادا.
یەکەم: ئیعترافکردن بە هەبوونی کورد وەک بەشێکی گرنگ و کاریگەر لە عێراق و سوریادا لەناو دوو ڕێککەوتنی دەوڵەت و لایەنی کورددا.
دووەم: تێکەڵکردنی هێزی چەکداری کورد لەناو سیستمی سەربازیی و بەرگریی عێراق و سوریادا، تێکەڵکردن نەک حەلکردن، کە پێشتر هەردوو دەوڵەتەکە بەو  هێزانەیان دەوت یاخی و هەڵگەڕاوە و خراپەکار.
خاڵی تری لێکچوون هەیە بەڵام بەلاوازی، بۆ نموونە: جێبەجێکردنی ڕێککەوتنامەکان بە ماوەیەکی درێژ، لە عێراق دانرا لە چوار ساڵدا جێبەجێ بکرێ، بەڵام لە سوریا نزیکەی 10 مانگ.
خاڵی جیاوازی نێوانیان ئەوەیە، حکومەتی ئەوسای عێراق لە کاتی ئیمزاکردنی ڕێککەوتنەکەدا بەهێزبوو، پێشتریش لە دەستووری عێراق لەسەردەمی عەبدولکەریم قاسمدا جێگیرکرابوو، کە کورد لەگەڵ عەرەب هاوبەشە لە پێکهێنانی عێراق.
بەڵام لە سوریا ئێستا حکومەت نەک بەهێز نییە بەڵکو گیرۆدەیە بە دنیایەک کێشەی سیاسیی و و سەربازیی و ئابوورییەوە، هەروەها پێشتر نەک ئیعتراف نەبوو بە هەبوونی کورد وەک پێکهاتە بەڵکو ڕەتکردنەوەو بێمافکردنیش هەبوو.
جیاوازییەکی تر ئەوەیە: لەم رێککەوتنەی رۆژئاوا و دیمەشق، ئەمریکا و ڕوسیا و تورکیا ڕاستەوخۆ ئاگادارن و ڕۆڵیان هەیە لە گەیشتن بەم ئەنجامە لەنێوان شەرع و جەنەڕاڵ مەزڵومدا، بەڵام لەوەی نێوان مەلا مستەفا و سەدامدا ئێرانی شا بەئاشکرا پێیناخۆشبوو ئەمریکاش دڵی شای لا مەبەست بوو، بەڵام ڕوسیا پشتیوانی لە ڕێککەوتنەکە کرد.
لێکچوونێکی سادە و ناگرنگی ئەو دوو ڕێککەوتنە ئەوەیە، ئەوەی باشوور لە 11ی ئازاری 1970 ئیمزاکرا، ئەوەی ڕۆژئاوا 10ی ئازاری 2025 ‌واتا 55 ساڵی پڕ لە ڕووداو و جیاوازی تەمەنیانە.