هەواڵ

Mic Exclusive : بە بەشداری ئەمریکییەکان گەڕێکی دیکەی گفتوگۆ بۆ هەناردەکردنەوە نەوت دەکرێت

Mic
2025-03-12

بڕیارە سبەی گەڕێکی دیکەی گفتوگۆکان لە نێوان وەزارەتی نەوتی عێراق، وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی هەرێمی کورستان و کۆمپانیا نەوتییەکان بکرێت. سەرچاوەیەکی ئاگادار دەڵێت، بڕیارە بەرپرسێکی باڵای ئەمریکاش بەشداری کۆبونەوەکە بکات.

 شاندێکی هەرێمی کوردستان لەسەر پرسی هەناردەکردنەوەی نەوت لە بەغدایە، بڕیارە سبەی لەگەڵ وەزارەتی نەوت و کۆمپانیا نەوتییەکان کۆببنەوە. 
Mic دەزانێت، کۆبونەوە سێ قۆڵییەکانی رابردوو هیچ ئەنجامێکیان نەبووە، نەتوانراوە رێککەوتنی کۆتایی بۆ هەناردەکردنەوەی نەوت بکرێت. 
کۆبونەوەکەی سبەی چەند تەوەرێکی سەرەکی لە خۆدەگرێت، بەشێکیان تایبەت بە نیگەرانییەکانی هەرێمی کوردستان و بەشەکەی دیکەشیان داواکاری کۆمپانیا نەوتییەکانە.
بەپێی یەکێک لە بڕەگەکانی هەمواری نوێی یاسای بودجەی عێراق، لایەنێکی ڕاوێژکاری هونەریی نێودەوڵەتی کە وەزارەتی نەوت بە هاوکاری وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی هەرێمی کوردستان دیاری دەکات، لە ماوەی 60 ڕۆژدا خەرجی هەناردە و گواستنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان دیاری دەکات، ئەگەر لەو ماوەیەدا (دیاریکردنی لایەنەکە) جێبەجێ نەکرا، ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق ئەو لایەنە نێودەوڵەتییە دیاری دەکات.
هەرێمی کوردستان پێداگیرە لەسەر ئەوەی ئەرکەکانی لایەنە راوێژکارییەکە دیاری بکرێت دواتر دەستبەکاربێت، تا بە شێوەیەکی سنوردار کار بکات، بەڵام حکومەتی عێراق ئەو خواستەی نییە. 
کۆمەڵەی پیشەسازیی نەوتی کوردستان (ئەپیکور) کە نوێنەرایەتیی 8 کۆمپانیای نەوتی هەرێمی کوردستان دەکات،  لە نەبوونی گەرەنتی و رێککەوتنی فەرمی لە بارەی پارە کۆمپانیاکانی نیگەرانە و داوای کردووە، میکانزمێک بۆ دانەوەی قەرزەکان و پارەدارکردنیان لە داهاتودا دابنرێت، دەستکاری نەکردنی گرێبەستەکانیشیان یەکێکی دیکەیە لە مەرجەکان.
کۆی ئەم پرسانە تەوەرە سەرەکییەکانی کۆبونەوەکە دەبن، بەپێی ئەو زانیارییە تایبەتانەی لە سەرچاوەیەکی ئاگادارەوە بە Mic دراون، بڕیارە بەرپرسێکی باڵای ئەمریکاش بەشداری کۆبونەوەکە بکات. 

ئەمریکا فشار بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوت دەکات
Mic دەزانێت، لە کۆبونەوەی رابردوو نوێنەرێکی باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە عێراق بەشداری کۆبونەوەکەی کردووە، بەڵام بڕیارە لە کۆبونەوەی ئەمجارەدا بەرپرسێکی باڵا بەشداری بکات، کە تا ئێستا Mic نەیتوانیووە ناو پۆستەکەی پشتراست بکاتەوە. 
ئەمریکا بە گرنگییەوە چاوەڕوانی هەناردەکردنەوەی نەوتی کوردستان دەکات، لە ماوەی کەمتر 15 رۆژدا دوو بەرپرسی باڵای ئەمریکا لەسەر دۆسیەی نەوتی هەرێمی کوردستان و هاوردەکردنی کارەبا لە ئێرانەوە پەیوەندییان بە محەمەد شیاع سودانی سەرۆک وەزیرانی عێراقەوە کردووە.
رۆژی 9ـی ئازاری 2025، مایکل واڵتز، راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی ئەمریکا دوایین بەرپرسی ئەمریکایە کە داوای لە محەمەد شياع سودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق کردووە،" لەگەڵ هەرێمی کوردستان کار بۆ چارەسەرکردنی کێشەی گرێبەستەکانی ئەو کۆمپانیا ئەمریکییانە بکەن کە لە کێڵگەکانی هەرێمی کوردستان کاردەکەن و قەرزەکانیان بدەنەوە". 
رۆژی 25ـی شوباتی 2025، مارک رۆبیۆ وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا لە پەیوەندیەکی تەلەفۆنیدا لەگەڵ سودانی داوای هەرچی زوو دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستانی کرد.
ئەمریکا لە کاتێکدا بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوت فشار لە حکومەتی عێراق کە خۆی دەیەوێت کەرتی نەوتی ئێران پەکبخات. ئەمەریکا ئامانجیەتی بە دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان، قەرەبووی هەر دابەزینێکی هەناردەی نەوتی ئێران بکاتەوە.
بەپێی ئاژانسی رۆیتەرز، ئەمریکا لە چورچێوەی فشارەکانی بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنەوەی نەوت هەڕەشەی لە بەرپرسانی باڵای عێراق کردووە، وەک ئێران سزایان بدات.

ڕاگرتنی هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان 
ڕۆژی 25ـی ئازاری 2023، دادگای ناوبژیوانیی پاریس بڕیاڕی ڕاگرتنی هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستانی دەرکرد، ئەوەیش لەسەر بنەمای سکاڵایەکەی حکومەتی عێراق. 
عێراق لەو سکاڵایەدا کە لە دادگاکە تۆماری کردبوو، داوای کردبوو هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان لە ڕێگەی تورکیاوە ڕابگیرێت، چونکە هەناردەکردنە بەبێ ڕەزامەندی دەکرێت. 
پێش بڕیارەکەی دادگای ناوبژیوانیی پاریس، هەرێمی کوردستان ڕۆژانە 400 هەزار بەرمیل نەوتی هەرێمی کوردستان و 75 هەزاری کەرکوکی هەناردەی تورکیا دەکرد. 
بە وتەی مەسرور بارزانی سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان بەهۆی ڕاگرتنی هەناردەی نەوتەوە، مانگانە هەرێمی کوردستان نزیکەی یەک ملیار دۆلار زیانی پێدەگات.

More News

Most Popular

هەواڵ

بەپێی دەستوری نوێ دەبێت سەرۆک مسوڵمان بێت و یاساکان لەسەر بنەمای ئاینی ئسیلام بن

Mic
2025-03-12

رەشنوسی نوێی دەستوری سوریا ئامادەکرا و پێشکەشی ئەحمەد شەرع کرا، بەپێی رەشنوسی دەستوری نویی دەبێت سەرۆک مسوڵمان بێت و یاساکان لەسەر بنەمای ئاینی ئسیلام بن.

 کەناڵی جزیرەی عەرەبی لە زاری چەند سەرچاوەیەکی ئاگادارەوە بڵاویکردەوە، رەشنوسی دەستوری نوێی سوریا ئامادەکراوە کە لە 48 ماددە پێکهاتووە. 
زۆرینەی ماددەکانی رەشنوسەکە تایبەتن بە دۆخی راگوزەری سوریا و تۆمارکردنی ئەو پێشلکاریانەی کە رژێمی پێشووی ئەسەد ئەنجامیان داوە. 
رەشنوسی دەستووری سوریا ئاینى ئیسلامی کردووەتە سەرچاوەی سەرەکی یاسادانان و لەسەر بنەمای دەستوورەکەى پێشوو، بەتایبەت دەستووری ساڵی 1950 بنەما یاساییەکانى وەرگرتووە.
رەشنووسی دەستووری سوریا پشتڕاستی دەکاتەوە کە ئەرکی سوپا پاراستنی نیشتمان و هاووڵاتی و پاراستنی سەقامگیریی و خەڵکی مەدەنییە و دەستوورەکەش دەسەڵاتە سەرەتاییەکانی سەرۆککۆماری سوریا دیاری دەکات.
دەستوری نوێی تیشک دەخاتەسەر ئازادییەکانی مرۆڤ، جیاکردنەوەی دەسەڵاتەکان و مسۆگەرکردنی سەربەخۆیی دەسەڵاتی دادوەری و پەیوەندییە دەرەکییەکان کە هەڕەشە لە ئاسایش و سەقامگیری و یەکگرتوویی وڵات دەکەن بە تاوان دەناسێنت .

سەرۆک دەبێت مسوڵمان بێت 
دەستوری نوێی سوریا دەسەڵاتیەکانی سەرۆککۆماری دیاریکردووە و فۆڕمی حوکمڕانیی دەوڵەت سەرۆکایەتی دەبێت و ماوەی راگوزەری حکومەتی ئێستا لەنێوان سێ بۆ پێنج ساڵ دەبێت.
بەپێی رەشنوسی دەستوری نوێی سوریا سەرۆکی کۆمار دەبێت موسوڵمان بێت، ڕاستەوخۆ دوای وەگرتنی پۆستەکەشی دەبێتە فەرماندەی هێزە چەکدارەکانی سوریا 

پەرلەمان لە دەستوردا 
بەپێی رەشنوسی دەستوری نوێ ئەنجومەنی گەل یان پەرلەمانی سوریا له 100 ئه ندام پێکدێت و تەمەنی ئەنجومەنەکەش دوو ساڵ دەبێت. 
سەرۆککۆمار لە ماوەی 60 ڕۆژدا لە بەرواری دەرچوونی دەستورەوە بە فەرمانی سەرۆکایەتی ئەندامانی پەرلەمان دیاری دەکات، بەشێوەیەک کە دەبێت دادپەروەری بۆ نوێنەرایەتی هەموو پێکهاتەکانی سوریا مسۆگەر بکات.

 

دەستور پێشکەشی شەرع کرا
رۆژی 2ی ئەم مانگە، لەلایەن ئەحمەد شەرع سەرۆککۆماری راگوزەری سوریا، لیژنەیەکی حەوت کەسی لە کەسانی پسپۆڕ بۆ داڕشتنەوەی رەشنووسی دەستووری نوێی سوریا پێکهێنرا.

ئاژانسی سانای سوریاش رایگەیاند، رۆژی 12ـی ئازار رەشنووسی دەستووری سوریا بە تەواوکراویی دەخرێتە بەردەم ئەحمەد شەرع سەرۆکى راگوزەری سوریا.