رێککەوتنی ئەحمەد شەرع و مەزڵوم عەبدی بۆ تێکەڵکردنی هەسەدە لەگەڵ وەزارەتی بەرگری سوریا، هێرشەکانی تورکیا بۆ سەر رۆژئاوای کوردستان رانەگرتووە. دوای پێشوازییەکانی ئەردۆغان لە ڕێککەوتنەکەش، سوپای تورکیا لە چەند ناوچەیەکی لەو بەشەی کوردستان بۆردومان کردووە.
میدیاکانی ڕۆژئاوای کوردستان بڵاویانکردەوە، لە چەند کاتژمێری ڕابردودا تورکیا سەنتەری شاری جەزیرەیان بۆردومان کردووە، لە ئاکامدا سێ گولـلە تۆپ لە گەڕەکی تەل ئەحمەر کەوتەوەتە خوارەوە، سوپای وڵاتەکە دامەزراوەیەکی ئاژەڵداریشی لە شاری تەل تەمر لە پارێزگای جەزیرە کردوەتە ئامانج.
تا ئێستا زەرەر و زیانەکانی بۆردومانەکە ئاشكرانەکراوە و هێزەکانی سوریای دیموکرات - هەسەدە هیچ رونکردنەوەیەکیان بڵاونەکردوتەوە.
ڕۆژی 11ـی ئازاری 2025، روانگەى سورى بۆ مافەکانى مرۆڤ بڵاویکردەوە، فڕۆکە جەنگییەکانی تورکیا، بەنداوى تشرین و پردى قەرەقۆزاق و دەوروبەرى شارۆچکەى سڕینیان لە سنوورى کۆبانێ بۆردوومانکردووە.
هێرشەکەی تورکیا بۆسەر رۆژئاوای کوردستان دوای ئەوەدێت، رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆک کۆماری تورکیا پێشوازی لە رێککەوتنی ئەحمەد شەرع سەرۆککۆماری راگوزەری سوریا و مەزڵوم عەبدی فەرماندەی گشتی هێزەکانی هەسەدە کرد و رایگەیاند،" جێبەجێکردنی ئەو ڕێککەوتنەی لە نێوان کورد و دیمەشقدا لە سوریا هاتەئاراوە، خزمەتی ئاسایش و سەقامگیری ئەو وڵاتە دەکات و هەموو سورییەکان تێیدا براوە دەبن، بۆیە پێویستە بە تەواوی جێبەجێ بکرێت.
شەوی 10ـی ئازاری 2025، رێککەوتننامەیەکی 8 خاڵی لە نێوان مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات- هەسەدە، و ئەحمەد شەرع، سەرۆکی سووریا واژۆ کرا.
بەپێی ڕێککەوتنەکە، هەموو دامەزراوە سڤیل و سەربازییەکانی رۆژئاوای کوردستان بە دەروازە سنوورییەکان و گێڵگە نەوتی و گازییەکان تێکەڵی ئیدارەی دەوڵەتی سووریا دەکرێن.
فەرهاد شامی وتەبێژی هەسەدە سەبارەت بە ئامانجی کورد لە رێککەوتنەکەدا رایگەیاند،"ئێستا تورکەکان چەند رۆژێکە هێزی گەورەیان هێناوەتە دەوروبەی قەرەقۆزاق، چەند رۆژێکیشە لە شێخ مەقسود کێشەی زۆر دروست بوون، ئامانجی سەرەکیمان وەستانی ئەو شەڕانەیە و گەڕانەوەی خەڵکی عەفرین، سەرێکانی و گرێسپی بۆ شوێنی خۆیان".
لە خاڵی شەشەمی ڕێککەوتنەکەدا جەختکراوتەوە لەسەر "پاڵپشتیکردنی دەوڵەتی سوریا لە شەڕی دژی پاشماوەکانی ئەسەد و هەموو هەڕەشەکانی سەر ئاسایش و یەکڕیزی وڵاتەکە".
رەشنوسی نوێی دەستوری سوریا ئامادەکرا و پێشکەشی ئەحمەد شەرع کرا، بەپێی رەشنوسی دەستوری نویی دەبێت سەرۆک مسوڵمان بێت و یاساکان لەسەر بنەمای ئاینی ئسیلام بن.
کەناڵی جزیرەی عەرەبی لە زاری چەند سەرچاوەیەکی ئاگادارەوە بڵاویکردەوە، رەشنوسی دەستوری نوێی سوریا ئامادەکراوە کە لە 48 ماددە پێکهاتووە.
زۆرینەی ماددەکانی رەشنوسەکە تایبەتن بە دۆخی راگوزەری سوریا و تۆمارکردنی ئەو پێشلکاریانەی کە رژێمی پێشووی ئەسەد ئەنجامیان داوە.
رەشنوسی دەستووری سوریا ئاینى ئیسلامی کردووەتە سەرچاوەی سەرەکی یاسادانان و لەسەر بنەمای دەستوورەکەى پێشوو، بەتایبەت دەستووری ساڵی 1950 بنەما یاساییەکانى وەرگرتووە.
رەشنووسی دەستووری سوریا پشتڕاستی دەکاتەوە کە ئەرکی سوپا پاراستنی نیشتمان و هاووڵاتی و پاراستنی سەقامگیریی و خەڵکی مەدەنییە و دەستوورەکەش دەسەڵاتە سەرەتاییەکانی سەرۆککۆماری سوریا دیاری دەکات.
دەستوری نوێی تیشک دەخاتەسەر ئازادییەکانی مرۆڤ، جیاکردنەوەی دەسەڵاتەکان و مسۆگەرکردنی سەربەخۆیی دەسەڵاتی دادوەری و پەیوەندییە دەرەکییەکان کە هەڕەشە لە ئاسایش و سەقامگیری و یەکگرتوویی وڵات دەکەن بە تاوان دەناسێنت .
سەرۆک دەبێت مسوڵمان بێت
دەستوری نوێی سوریا دەسەڵاتیەکانی سەرۆککۆماری دیاریکردووە و فۆڕمی حوکمڕانیی دەوڵەت سەرۆکایەتی دەبێت و ماوەی راگوزەری حکومەتی ئێستا لەنێوان سێ بۆ پێنج ساڵ دەبێت.
بەپێی رەشنوسی دەستوری نوێی سوریا سەرۆکی کۆمار دەبێت موسوڵمان بێت، ڕاستەوخۆ دوای وەگرتنی پۆستەکەشی دەبێتە فەرماندەی هێزە چەکدارەکانی سوریا
پەرلەمان لە دەستوردا
بەپێی رەشنوسی دەستوری نوێ ئەنجومەنی گەل یان پەرلەمانی سوریا له 100 ئه ندام پێکدێت و تەمەنی ئەنجومەنەکەش دوو ساڵ دەبێت.
سەرۆککۆمار لە ماوەی 60 ڕۆژدا لە بەرواری دەرچوونی دەستورەوە بە فەرمانی سەرۆکایەتی ئەندامانی پەرلەمان دیاری دەکات، بەشێوەیەک کە دەبێت دادپەروەری بۆ نوێنەرایەتی هەموو پێکهاتەکانی سوریا مسۆگەر بکات.
دەستور پێشکەشی شەرع کرا
رۆژی 2ی ئەم مانگە، لەلایەن ئەحمەد شەرع سەرۆککۆماری راگوزەری سوریا، لیژنەیەکی حەوت کەسی لە کەسانی پسپۆڕ بۆ داڕشتنەوەی رەشنووسی دەستووری نوێی سوریا پێکهێنرا.
ئاژانسی سانای سوریاش رایگەیاند، رۆژی 12ـی ئازار رەشنووسی دەستووری سوریا بە تەواوکراویی دەخرێتە بەردەم ئەحمەد شەرع سەرۆکى راگوزەری سوریا.