وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان رێکارەکانی ئامادەکردنی لیستی مووچەی مانگی نیسانی دەستیپێکردووە و دەیەوێت ئەم هەفتەیە تەواوی بکات تا پێش کۆتایی هاتنی مانگەکە مووچە دابەش بکرێت.
بەپێی ئەو زانیارییانەی بە دیجیتاڵ میدیای Mic دراون، وەزارەتی دارایی و ئابوری هەرێمی کوردستان هەنگاوەکانی ئامادەکردنی لیستی مووچەی مانگی نیسانی دەستپێکردووە.
لیستی مووچە بە سیستمی پەیرۆڵ دەبێت کە هەمان سیستمی ئامادەکردنی مووچەی مانگی ئازار بووە، وەزارەتی داراییی دەیەوێت لە ماوەی سێ رۆژدا لیستی مووچەی مووچەخۆرانی شارستانی و سەربازی ئامادە بکرێت.
بەپێی زانیارییەکانی دیجیتاڵ میدیای Mic، هەرێمی کوردستان لیستی مووچەی مانگی نیسان لەسەر لیستی مووچەی مانگی ئازار ئامادە دەکاتەوە تا لیستەکە کەمترین گرفت لە خۆبگرێت.
سیستمی پەیرۆڵ سیستمێکی نوێی ئامادەکردنی لیستی مووچەیە، بە وتەی بەرپرسانی باڵای هەرێمی کوردستان سیستمەکە هاوکارێکی گرنگە بۆ زوو وردبینیکردن لە لیستەکاندا.
هەر بەپێی زانیارییەکان، بڕیارە لیستی مووچە لە دوای 20ـی نیسانەوە رەوانەی بەغدا بکرێت ئەگەری پێشخستنی هەیە، بە شێوەیەک کە بتوانرێت پێش کۆتاییهاتنی مانگەکە بەغدا تەمویلی مووچەی مووچەخۆران بکات.
بڕیارە هەرێمی کوردستان لە رێگەی شاندێکی تەکنیکی وەزارەتی داراییەوە لیستەکە بۆ بەغدا بنێرێت، شاندەکە تا پەسەندکردنی لیستی مووچە لە بەغدا دەمێنێتەوە.
مووچەی مانگی ئازار کە کۆتا مووچە بووە لە هەرێمی کوردستان دابەشکراوە، پێش هاتنی مانگی نوێ بەغدا پارەی بۆ نێردرا و لە هەرێمی کوردستان دابەشكرا.
بەرپرسانی هەرێمی کوردستان، بە ئەزموونکردنی هاتنی پارەی مووچە لە مانگی ئازاردا، گەشبینن کە پارەی موچەی مانگی نیسنانیش لە وادەی خۆی دابەش بکرێت.
وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان لەگەڵ ئامادەکردنی لیستی مووچە، سەرقاڵی جێبەجێکردنی ئەو رێکارانەن کە لەگەڵ بەغدا لەسەری رێککەوتون، بە تایبەت ناردنی بەشی بەغدا لە داهاتی نانەوتی و ئامادەکردنی میزان موراجەعە بۆ دیاریکردنی داهات و خەرجی حکومەت.
سەید عەلی سەردەشتی بە رۆحی هونەری میللی دەناسرا، بەندی بۆ خۆشەویستی، جوانی ژن، گوڵ و سروشتی کوردستان دەچڕی و حەزی بە بەندی پیاهەڵدان نەبوو.
سەید عەلی رەحیم پوور، ناسراو بە سەید عەلی سەردەشتی هونەرمەندی میللی دیاری کوردستان لە تەمەنی 88 ساڵیدا لە وڵاتی سوید بەهۆی نەخۆشییەوە کۆچیی دوایی کرد.
سەید عەلی سەردەشتی 9 ساڵ بوو رۆژهەڵاتی کوردستانی جێهێشتبوو، کەسوکارەکەی تەرمەکەی ناگەڕێننەوە رۆژهەڵاتی کوردستان بەڵکو هەفتەی داهاتوو لە سوید بەخاکی دەسپێرن.
بەپێی گێڕانەوەی کەسوکارەکەی، چەند ساڵی رابردوو دۆخی تەندروستی سەید عەلی سەردەشتی ناجێگیر بووە، بەشێوەیەک پێنج مانگ رابردوو تووشی نەخۆشی لەبیرچوونەوە بووە.
چەند رۆژی رابردوو، باری تەندروستی ئەو هونەرمەندە بە تەواوی سەخت بووە، بەشێوەیەک جوڵەکانی لە دەستداوە و رۆژێک پێش گیانلەدەستدانی گواستراوەتەوە نەخۆشخانە و لە ژێر چاودێری پزیشكدا گیانی لەدەستداوە.
سەید عەلی سەردەشتی
سەید عەلی رەحیم پوور ساڵی 1937 لە گوندی قۆزلووی گەورەی مهاباد لەدایکبووە، ماوەی ساڵێک بۆ خوێندن چووەتە خانەقای بورهان، بەڵام دواتر وازی هێناوە و دەستی بەکاری گۆرانی وتن کردووە.
سەید عەلی سەردەشتی بە تەمەنێکی کەمەوە مهاباد بەجێدەهڵێت و دەچێتە سەردەشت، دوای ئەوەی ساڵی 1959 هاوسەرگیری دەکات جارێکی دیکە دەچێتەوە مهاباد.
سەید عەلی سەردەشتی کە پاشناوەکەشی هەر بە ناوی ئەو شارەوە ناسراوە بۆ خۆشەویستی سەردەشت ئاماژەی بۆ ئەوەکردووە،"سەردەشت وڵاتی میوەجاتە، خەڵکەکەی باخ و باخاتی میوەیان هەیە، وڵاتی چوار فەسڵەیە، پایزی لەهاوین خۆشترو زستانی لەبەهار خۆشترە، گەرمایەکەی لەهاوین بەدەرەجەیەک نیە مرۆڤ عاجز بکات، سەرمایەکەشی بە دەرەجەیەک نیە کەس عاجز بکات، سەردەشت وڵاتێکی خاوێنە و کوردێکی دەستلێنەدراوی تیایە، ئەو شارە بە ئەندازەیەک میوان پەروەرە ئوتێلێکی تێدا نییە و موسافیرێک بێتە ناوی دەیبەینەوە ماڵەوە".
سەید عەلی سەردەشتی لە ناسراوترین هونەرمەندانی بەندبێژ بوو بەتایبەت لە ناوچەی موکریانی رۆژهەڵاتی کوردستان و بەشی زۆر لە هونەرمەندانی ئەو ناوچەیە خۆیان بە درێژەدەری رێگەی ئەو دەزانن و گۆرانییەکانی دەڵێنەوە.
بەپێی بەشێک لە سەرچاوەکان،سەید عەلی سەردەشتی نزیکەی 900 گۆرانی هەبووە کە سەرجەمیان هۆنراوە و ئاوازی خۆی بوون، چونکە دەستێکی باڵای لە دانانی شیعیر و چڕینی گۆرانیدا هەبووە و کەمبوون ئەو هونەرمەندانەی کە توانیویانە لە کاتی بەندوتن هاوشانی ئەو بڕۆن.
زۆرینەی هونەرمەندان سەید عەلی سەردەشتی بە رۆحی هونەری میللی کوردستان دەناسێنن، ئەو خۆی لەبارەی بەندوتنەوە باسی لەوەکردووە،" بەندەکانی ئەو بۆ پیاهەڵدان کەس نییە و حەزی لێ نییە بەڵکو بۆ خۆشەویستی، جوانی ژن، گوڵ و سروشتی کوردستانە".
یەکێک لە تایبەتمەندییەکانی ئەم هونەرمەندە ئەوە بووە، لەو کاتانەی لەگەڵ هونەرمەندێک بەندی وتووە بەشێوەیەکی خۆوێژی قافییەی کۆتایی بەندی بەرامبەرەکەی کردووەتە سەرەتای بەندەکانی خۆی.
سەید عەلی سەردەشتی سەرەڕای ئەوەی خوێندەواریی کەمی هەبوو، شیعری نووسیوە و گۆرانییەکانی تایبەتی خۆین، ئەو لە نووسیندا شێوازێکی تایبەتی نووسینی هەبووە و هەر بۆ خۆی توانیویەتی بیخوێنێتەوە.