هەواڵ

کورد بازاڕی درۆنە رەسەنەکەی تورکیا دەشکێنێت

زانیار بەهادین محەمەد
2025-04-07


هێزە کوردییەکان لە باشور و رۆژئاوای کوردستان درۆنی رەسەنی بایراکتەری تورکی دەخەنە خوارەوە و بازاڕی ئەو جۆرە فڕۆکەیە دەشکێنن، کە ئێستا کە بەشێک لە وڵاتانی جیهان خواستێکی زۆرییان لەسەری هەیە.

بەپێی راپۆرتێکی گۆڤاری فۆربیس-ی ئەمەریکی، خستنەخوارەوەی درۆنی رەسەنی بایراکتەری ئاکینجی لەلایەن هێزەکانی پارتی کرێکارانی کوردستان - پەکەکە و هێزەکانی سوریای دیموکرات - هەسەدە لە رۆژئاوای کوردستان کاریگەرییەکی خراپی لەسەر ناوبانگی ئەو فڕۆکانە لە ئاستی جیهاندا هەبووە.

بەپێی راپۆرتی گۆڤارەکە، مانگی ئازاری ئەمساڵ خراپترین بووە بۆ درۆنە تورکییەکان، بەجۆرێک تەنها لە ماوەی دوو هەفتەدا، بەلایەنی کەمەوە دوو درۆنی ئاکنجی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئەفەریقا خراونەتە خوارەوە.

رۆژی 16ـی ئازاری 2025، گەریلاکانی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە)، درۆنێکی تورکی جۆری ئاکنجیان خستەخوارەوە و ڤیدیۆکەشیان بڵاوکردەوە..

فۆربیس ئاماژەی بۆ ئەوەکردووە، "پەکەکە هەر ئامرازێکی بەکارهێنابێت، سەلمێنەری ئەوەیە کە توانایان هەیە درۆنە تورکییەکان بخەنەخوارەوە".

پێشتر و لە کۆتاییەکانی ساڵی رابردوودا، لە رۆژئاوای کوردستانیش هێزەکانی سوریای دیموکرات توانیان درۆنی جۆری بەیرەقدار TB2 و ئانکا بخەنەخوارەوە.

بەپێی میدیاکانی رۆژئاوای کوردستان، باز و بروسك ئەو دوو درۆنەی دروستكراوی دەستی شەرڤانانن كە بونەتە مۆتەكەی درۆنە تورکییەکان لە رۆژئاوای كوردستان و باكور و رۆژهەڵاتی سوریا.

ئەو دوو دورۆنە كە پێشتر ئەركیان چاودێریی بووە، ئێستا ئەركیان بۆ هێرشكردنە سەر پێگەكانی تورکیا گۆڕاوە و بە هەڵدانی بۆمب و هەندێك جاریش بە خۆتەقاندنەوە گورزی گەورە دەوەشێنن.

تێکشکان و خستنەخوارەوەی درۆنە تورکییەکان تەنها لە هەرێمی کوردستان و رۆژئاوای کوردستان نییە، بەڵکو لە 31ـی ئازاری 2025 لە وڵاتی مالی لە کیشوەری ئەفەریقا درۆنێکی تورکی لە جۆری ئاکنجی خراوەتە خوارەوە.

جەزائیر خستنەخوارەوەی ئەو درۆنەی لە ئەستۆگرت، بەڵام تا ئێستا شێوازی خستنەخوارەوەی درۆنەکە ئاشكرا نەکراوە و سوپای جەزائیر رایگەیاندووە، لێکۆڵینەوە دەکەن.

ئاکینچی فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانی بەرزە و بەرگەگرتنی درێژخایەنی هەیە کە هەستەوەری زۆر پێشکەوتووی هەیە و باری سوودبەخشی زۆر قورسترە و دەتوانێت تەقەمەنی و چەکی بەرفراوانتر و پێشکەوتووتر هەڵبگرێت، لەوانەش مووشەکی بالیستیکی ئاسمانی.

ئەو درۆنانەی تورکیا کە خراونەتەخوارەوە لەو درۆنانە کە لە ئاستی جیهاندا خواستێکی  زۆرییان لەسەر هەیە، لانی یەکەم 11 وڵات گرێبەستی کڕینی درۆنەکەیان کردووە.

یەکێک لە جۆرە درۆنانەی لەلایەن هێزە کوردییەکانەوە خراونەتە خوارەوە، درۆنی ئاکینجی تیهای تورکییە کە ناوەڕاستی ئایاری رابردوو توانی هێلیکۆپتەرە تێکشکاوەکەی ئیبراهیم رەئیسی سەرۆککۆماری ئێران بدۆزێتەوە.

چالاکییەکەی تورکیا لە خاکی ئێراندا سەرنجی وڵاتێکی زۆری لەسەر ئەو جۆرە درۆنە تورکیایان بەرز کردەوە، بەڵام  وەک گۆڤاری فۆربیس ئاماژەی بۆ ئەوەکرد، کەوتەخوارەوەکانی ئەمجارەی فڕۆکەکە لە هەرێمی کوردستان، رۆژئاوای کوردستان و مالی کاریگەری نەرێنی لەسەر بازاڕی ئەو فڕۆکانە دەبێت.

زیانەکانی فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانی تورکیا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە چەند مانگی ڕابردوودا کەم نەبوون، بە تایبەت بە لەبەرچاوگرتنی ئەو زیانانەی کە لانیکەم چوار جۆری فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی ڕەسەنی گرتوەتەوەتەوە، بەڵام لەدەستدانی دوو ئاکینچی لە ماوەی دوو هەفتەدا زۆر گرنگترە بەو پێیەی پێشکەوتووترین فڕۆکەی بێفڕۆکەوانە کە ئەنقەرە تا ئێستا خستویەتییە خزمەتێکی چالاک و لە دەرەوەی وڵات فرۆشراوە.

لە کۆتاییدا کات دەزانێت کە ئایا ئەم جۆرە زیانانە بە تایبەت ئەگەر زیاتربن کاریگەرییەکی بەرچاویان لەسەر فرۆشتنی داهاتووی ئەو درۆنانە دەبێت.


تایبەتمەندییەکانی درۆنی ئاکینجی تورکی:

- باڵه‌كانی 20 مه‌تره‌

- درێژییەکەی 12.2 مەترە

- کێشی 1.5 تۆنە

- بەرزییەکەی 4.1 مەترە

- تا‌ به‌رزایی 12.5 کیلۆمەتر ده‌فڕێت

- زۆرترین خێرایی 445 کیلۆمەتر لە کاتژمێرێکدا

- 30 - 50 كاتژمێر له‌ ئاسماندا ده‌مێنێتەوە

- توانای پێدانی زانیاری و وێنەگرتنی لە مەودای 150 کیلۆمەتر هه‌یه‌

- تایبەتمه‌ندیی خۆپاراستن و هێرشكردنی ئۆتۆماتیكی هه‌یه‌ به‌بێ پشتبه‌ستن به‌ ئۆتۆ پایلۆت

- توانای چوونی به‌ره‌و ئامانجه‌كان به‌بێ "جی پی ئێس" هه‌یه‌

درۆنەکە سێ مۆدێلی هەیە Akıncı A, Akıncı B, Akıncı C: مۆدێلەکانی چاودێری، بەرگری و چاودێری لەگەڵ بەرگری، چاودێری و هێرشبەر

مۆدێلی Akıncı A: بزوێنەری AI-450C دەبڵ تۆربۆ 450 میل (336 kW) – 900 میل (671 kW)

مۆدێلی Akıncı B: بزوێنەری PT6A-135A دەبڵ تۆربۆ 750 میل (559 kW) - 1.500 میل (1.119 kW)

مۆدێلی
Akıncı C: بزوێنەری ناشکرا نەکراوە – هێزەکەی دەبڵ تۆربۆ 850 میل (634 kW) - 1.700 (1.268 kW)

درۆنەکە توانای هەڵگرتنی 1350 کیلۆگرام مووشه‌كی هەیە، 950 کیلۆگرامی دەرەکی و 450 کیلۆگرامی ناوخۆیی؛ 15 جۆر مووشه‌كی ژیر هه‌ڵده‌دات.

رۆژی 29ی ئابی 2021 درۆنەکە خرایە خزمەتی سەربازیی سوپای تورکیاوە.

More News

Most Popular

هەواڵ

بە بیابانبوون هەڕەشە لە عێراق دەکات.. تورکیا و ئێران چۆڕە لە ئاوی عێراق دەبڕن

Mic
2025-04-07


کەمی باران بارین و خراپی ئیدارەدانی سەرچاوەکانی ئاو لەلایەک و گرتنەوەی ئەو سەرچاوانەی ئاو، کە دەڕژێنە خاکی عێراقەوە، لەلایەن تورکیا و ئێرانەوە، عێراقی رووبەڕووی بەبیابانبوون کردووەتەوە.

ئاو، گەورەترین سامانی سروشتییە بۆ ژیان و گەشەپێدان، بەڵام عێراق خەریکە لەو سەرچاوە گرنگە سروشتییە بێ بەری دەکرێت، گۆڕانکارییەکانی کەشوهەوا لە عێراق بە خێرایی روودەدەن، ساڵانە هەزاران دۆنم زەوی بە بیابان دەبن، ئەمەش کاریگەری گەورەی لەسەر ژیانی ئابوری و کەرتی کشتوکاڵ و سامانی ئاو لە عێراق دروستکردووە.

مانگی ئەیلولی ساڵی رابردوو، ناوەندی ستراتیجی بۆ مافەکانی مرۆڤ لە عێراق لە راپۆرتێکدا بڵاویکردەوە، بەهۆی گۆڕانی کەشوهەوا و بیابانبوون و وشکەساڵییەوە، عێراق ساڵانە 100 هەزار دۆنم زەوی لەدەست دەدات.

ئامارەکانی وەزارەتی کشتوکاڵی عێراق بۆ عێراقییەکان جێی دڵخۆشی نییە و روونی دەکاتەوە، کە ساڵانە عێراق 400 کیلۆمەتر چوارگۆشە لە زەوییە کشتوکاڵییەکانی لەدەست دەدات، ئەگەر ڕێوشوێنی خێرا نەگیرێتەبەر زیاتر لە 52%ـی ئەو زەوییانەی کە بۆ کشتوکاڵ گونجاون لەدەست دەچن.

گۆڕانکارییەکانی کەشوهەوا لە عێراق مەترسیدارن، تا کۆتایی ساڵی 2024 رووبەری ئەو زەوییە کشتوکاڵیانەی بێسود بووبوون گەیشتە 60 هەزار هێکتار زەویی، ئەوەش لەکاتێکدایە کە 33%ـی خەڵکی عێراق پشت بە کشتوکاڵ دەبەستن.

د. لەتیف ڕەشید، سەرۆک کۆماری عێراق سەرەتای ئەمساڵ لە پارێزگای ئەنبار ڕایگەیاند، سەرچاوە ئاوییەکانی عێراق روو لە کەمییە و لەگەڵ ئەوەشدا تورکیا زیاتر لە 40 بەنداو و بەربەستی بۆ بڕینی ئاوی دیجلە و فورات بۆ عێراق دروست کردووە.

لەگەڵ ئەوەی ئێران و تورکیا لە وەرزە جیاوازەکاندا ئەو سەرچاوانەی ئاو بە تەواوی وشک دەکەن، کە دەڕژێتە خاکی عێراقەوە و بەنداو و پۆندی گەورەیان لەسەر دروستکردووە، بەڵام لە ناوخۆی عێراقیشدا بە شێوەیەکی تەندروسی مامەڵە لەگەڵ سامانی ئاودا ناکرێت.

خراپی لە بەڕێوەبردنی سەرچاوەکانی ئاو، بەفیڕۆدانی سامانی ئاو و بەکارهێنانی شێوازی کۆن بۆ ئاودێری، کاریگەی نەرێنی کردووەتە سەر سامانی ئاو لە عێراق.

لەگەڵ ئەوەی کێشەی ئاو و وشکە ساڵی و بە بیابانبوون، بەرۆکی عێراقی گرتووە، بەڵام دەسەڵاتدارانی عێراق بێخەمن و هەنگاوی گەورە و کردارییان لەسەر ئەو مەترسییانە نەناوە.

عێراق بۆ رزگاربوونی لە کێشەی کەمئاوی و دورخستنەوەی خاکی عێراق لە بە بیابانبوونی زیاتر، پێویستە لەگەڵ تورکیا و ئێران رێککەوتن ئەنجامبدات و لە سەر ئاستی نێودەوڵەتی فشار لە دوو وڵاتە بکات کە پشکی عێراق لە ئاو بەربدەنەوە و لە هیچ بارودۆخێکدا وەک کارتی فشار و چەکێک دژ بە عێراق بەکاری نەهێنن.

هەروەها، دەبێت عێراق دەست بە دروستکردنی بەنداوی گەورە و پۆند بکات و چیتر رێگە نەدات ئاوی باران بە فیڕۆ بڕوات، بەڵام عێراق بۆ دروستکردنی بەنداو کە گونجاوترین شوێن هەرێمی کوردستانە، هەنگاوی نەناوە.

لە ئەگەری بەردەوامی ئەو مەترسیانەی کەمئاوی کە رووبەڕووی عێراق بووەتەوە، ئەوا  نەوەی داهاتوو رووبەڕووی گرفت و قەیرانی قوڵی کەمئاوی و بە بیابانبوون دەبنەوە و عێراق رادەستی قەدەرێکی نادیار دەکرێت.