بە ئامانجی کەمکردنەوەی قەرەباڵغی ناوشار و رێکخستنەوەی هاتووچۆی گشتی چەند گۆڕانکارییەک لە سیستمی هاتووچۆی سلێمانی دەکرێت. بڕیارە سیستمی نوێی ترافیک لەناوشاردا بخرێتەکار و هاتووچۆی ئۆتۆمبێلی تایبەت قەدەغە بکرێت و هاوڵاتییان بە پاس بگوازرێنەوە. بڕیاریشە پاسە کۆنەکانی شارەکە بۆ پاسی نوێ بگۆڕدرێن.
ئەنجومەنی شارەوانی سلێمانی بە هەمانگی لەگەڵ لایەنە پەیوەندارەکانی دیکە، سەرقاڵی گۆڕانکارییە لە سیستمی هاتووچۆ و گواستنەوەی گشتی بە ئامانجی کەمکردنەوەی قەرەباڵخی سەنتەری شار.
بەپێی ئامارەکانی بەڕێوەبەرایەتی هاتوچۆی هەرێمی کوردستان زیاتر لە 670 هەزار ئۆتۆمبێل لە پارێزگای سلێمانیدا هەن، ئاسۆ محەمەد بەڕێوەبەری هاتوچۆی سلێمانی بە دیجیتاڵ میدیای Micـی راگەیاند، ژمارەی ئۆمبێلەکان زۆرە، ئەگەر کێشەی گواستنەوەی گشتی چارەسەر نەکرێت و هاوڵاتییان پاس بۆ هاتوچۆکردن بەکارنەهێنن دۆخی ژینگەی سلێمانی بەرەو خراپتر دەڕوات.
پرۆژەی نوێی ترافیک بەشێکە لە ماستەرپلانی سلێمانی، کۆساڵان محەمەد ئەندامی بۆردی ماستەر پلانی سلێمانی رایگەیاند، "پڕۆژەی نوێی ترافیکی سلێمانی ئامادەیە، بە جێبەجێکردنی هاتووچۆی ناو شار رێکدەخاتەوە".
پڕۆژەکە گۆڕانکاری لە سیستمی ترافیک لە سلێمانی دەکات، بە ئامانجی کار ئاسانی بۆ هاتوچۆی هاوڵاتییان و کەمکردنەوەی وەستان و قەرەباڵغی لە شەقامەکاندا.
محەمەد جەلیل بەڕێوەبەری ڕێگاوبانی سلێمانی کە هاوکات ئەندامی ئەنجومەنی شارەوانی سلێمانییە بە دیجیتاڵ میدیای Micـی راگەیاند، "بۆ کەمکردنەوەی قەرەباڵغی ناو سەنتەری شار یەکێک لە پێشنیازەکان قەدەغەکردنی هاتوچۆی ئۆتۆمبێلی تایبەتە بۆ سەنتەری شار، بە پێی پێشنیازەکە رێگە بە هاوڵاتییان نادرێت بە ئۆتۆمبێلی خۆیان بچنە سەنتەری شار بەڵکو دەبێت گواستنەوەی گشتی بەکاربهێنن".
پێشنیازەکە رێگری تەواو لە هاتوچۆی ئۆمبێلی تایبەت بۆ سەنتەری شار ناکات بەڵکو سنوردار دەکرێت، وەک بەڕێوەبەری ڕێگاوبانی سلێمانی وتی،" وەک لە پێشنیازەکەدا هاتووە شوێنی پارکینگ و گەراجەکان رێکدەخرێنەوە و شوێنی تایبەتیان بۆ دابین دەکرێت تا هەموو زەویە بە تاڵەکان و گەڕەکە کۆنەکان نەکرێنە گەراج".
قائیمقامی قەزای ناوەندی سلێمانی پشتیوانی پاراستنی گەڕەکە کۆنەکانی سلێمانی دەکات، ئاوات محەمەد بە دیجیتاڵ میدیای Micـی راگەیاند،" بە هیچ شێوەیەک مۆڵەت بە دروستکردنی گەراج لە شوێنی خانوو و گەڕەکە کۆنەکانی سلێمانی نادرێت و ئەو خانوو و گەڕەکانە دەپارێزرێن.
28 هێڵی پاس لە سلێمانی هەن کە رۆژانە نزیکەی 350 هەزار هاوڵاتی بەکارییان دەهێنێت، بەپێی ئامارێکی ژوری بازرگانی سلێمانی هەزار و 400 پاس لە شارەکەدا هەن، بەڵام شارەکە رۆژانە تەنها پێویستی بە 600 تا 650 پاس هەیە، بۆیە بە ئامانجی باشکردنی بژێووی شۆفێرانی پاس هەوڵی رێکخستنەوە و کەمکردنی ژمارەی پاسەکان دەدرێت.
ئارام بابان ئەندامی ئەنجومەنی ژوری بارزگانی سلێمانی بە دیجیتاڵ میدیای Micـی وت،" کەمکردنەوەی ژمارەی پاسەکان کار و داهاتێکی زیاتر بۆ شۆفێرانی پاس دەستەبەر دەکات".
کۆنی و نەبوونی خزمەتگوزاری لە پاسەکاندا نیگەرانی یەکەمی هاوڵاتییانە، ژوری بارزگانی سلێمانی پڕۆژەیەکی بۆ چارەسەرکردنی ئەو گرفتە ئامادەکردووە و ئامادەیە هاوکاری شۆفێرانی پاس بکات.
ئارام بابان ئەندامی ئەنجومەنی ژوری بارزگانی سلێمانی رونیکردەوە، هاوکاری بە خاوەن پاسە کۆنەکان دەدرێت تا پاسی نوێی بکڕن و پاسە کۆنەکان لە سیستمی هاتوچۆی گشتی سلێمانیدا دوربخرێنەوە".
ڕۆژی 10ـی نسیانی 2025،دامەزراوەی ڤیژن بۆ لێکۆڵینەوەی ستراتیجی پانێڵێک و گفتوگۆیەکی کراوەی بۆ خستنەڕوی ئاڵنگاری و چارەسەرەکانی بواری گواستنەوەی گشتی ئەنجامدا.
پانیڵەکە لە ژێر ناونیشانی (هەڵسەنگاندی ستراتیجی بۆ دۆخی گواستنەوە و ڕێکخستننەوەی هاتوچۆی گشتی لە شاری سلێمانی)دا بوو، کەتێیدا لایەنی ىاڵای حکومی و حکومەتی خۆجێی و کۆمپانیا وەبەرهێنەکان و کەسایەتی ئەکادیمی و دامەزراوە تایبەتمەندەکانی بواری گواستنەوەی گشتی بەشداربوون.
لەبەشی یەکەمی دانیشتنەکەدا چوار پانێلیست بابەت و داتای نوێیان لە ئاڵنگاریەکان و رێگاچارەکان بۆ دۆخی گواستنەوەی گشتی لەشارەکەدا خستەڕوو. پاشان لەبەشی دوەمی دانیشتنەکەدا گفتوگۆیەکی کراوە لەنێوان پانێلیستەکان و ئامادەبواندا سازکرا، کە بوە هۆی دەوڵەمەندکردنی توێژینەوەیەک کە دامەزراوەی ڤیژن ئەنجامی دەدات.
بڕیارە راسپاردەکانی توێژینەوەکە و سەرنجەکانی نێو گفتوگۆکراوەکە بکرێنە کاغەزی کاری دامەزراوەکە و پێشکەشی وەزارەت و لایەنی پەیوەندیدار بکرێت.
وەزارەتی دارایی و ئابوری حکومەتی هەرێم لیستی مووچەی مانگی
چواری بۆ بەغدا نەناردووە، لەکاتێکدا بەپێی قسەی بەرپرسانی حکومەتی هەرێم، دەبوایە
پێنج رۆژ پێش ئێستا لیستەکە بنێردرایە.
هەفتەی پێشوو، لە دوو لێدوانی رۆژنامەوانیدا، سەمیر هەورامی،
وتەبێژی قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێم رایگەیاند، رۆژی 13ـى نیسان،
لیستی مووچەی مانگی چوار ئامادە دەبێت و شاندێکی تەکنیکی هەرێم لیستەکە دەگەیەنێت
بە بەغدا.
هەروەها ئاماژەی بەوەکرد، شاندەکە لە بەغدا دەمێنێتەوە تا هەر
کێشەیەک لە لیستەکەدا هەبوو چارەسەر بکرێت و وتی: دوای تەمویلکردنی وەزارەتەکانی عێراق،
وەزیری دارایی عێراق پارە بۆ هەرێم دەنێرێت.
دوای پێنج رۆژ لەو وادەیەی وتەبێژی قوباد تاڵەبانی بۆ ناردنی لیستی
مووچە دیاریکردبوو، تائێستا وەزارەتی دارایی هەرێم لیستی مووچەی مانگی چواری موچەخۆرانی
هەرێمی بۆ بەغدا نەناردووە.
وەزارەتی دارایی هەرێم رۆژی 26ـى ئادار لیستی مووچەی مانگی ئاداری بڵاوکردەوە، لەوکاتەوە هیچ راگەیەندراو و
لێدوانێکیان لەسەر مووچەی مانگی نیسان نەداوە.
ناردنی مووچە لەلایەن
بەغداوە بەسترواوە بە ناردنی لیستی مووچە لەلایەن وەزارەتی دارایی هەرێمەوە بۆ بەغدا،
وەزارەتی دارایی عێراق هەموو مانگێک تا 18ـى مانگ وەزارەتەکانی عێراق
پارەدار دەکات، ئەگەر لیستی مووچەی هەرێمی بە دەستبگات و تێبینی لەسەری نەبێت
لەدوای 18ـى مانگەوە
مووچەی هەرێم دەنێرێت.