هەواڵ

بڕیارەکانی ترەمپ گورزی گەورە لە داهاتی عێراق دەدات

Mic
2025-04-10


بڕیارەکانی دۆناڵد ترەمپ گورزی گەورە لە داهاتی عێراق دەدات و لە ماوەی نۆ رۆژدا بەرمیلێک نەوتی برێت 10 دۆلاری لەدەستدا، ئەمەش عێراق رووبەڕووی قەیرانێکی نوێ دەکاتەوە.

سەرەتای ئەم مانگە. دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا باجی گومرگی بەڕێژەی جیاواز بەسەر کاڵای هاوردەکراوی وڵاتان بۆ ئەمریکا سەپاند، رۆژێک پێش بڕیارەکانی ترمپ نرخی بەرمیلێک نەوتی برێنت بە 74 دۆلار 95 سەنت مامەڵەی پێوەکرا، بەڵام دوای بڕیارەکە نرخی نەوت رووی لە دابەزین کرد و ئەمڕۆ، نرخی بەرمیلێک نەوت بە 64 دۆلار و 71 سەنت مامەڵەی پێوەکرا.

نەوت سەرچاوەی سەرەکی داهاتی ساڵانی عێراقە و بودجەی ساڵانە لەسەر نرخی نەوت دیاری دەکرێت، بەپێی ئامارى وەزارەتى دارایی عێراق بۆ 11 مانگى ساڵی رابردوو، داهاتی عێراق 135.3 تریلیۆن دینار بووە، 119 تریلیۆن دیناری لە داهاتی نەوت بووە.

هەرچەندە دوای بڕیارەکانی ترەمپ، کۆشکی سپی رایگەیاند، سەپاندنی باجی گومرگی هاوردەکردنی نەوت و گاز و بەرهەمە نەوتییەکان ناگرێتەوە، بەڵام بەرپرسی بەشی کاڵاکان لە بانکی (سکاندیناڤیسکا)ـی سوێدی جەختدەکاتەوە، کە پێناسە گومرگییەکان کاریگەریی نەرێنی لەسەر بازرگانیی جیهانی، گەشەی ئابووری و خواست بۆ بەکارهێنانی نەوت دادەنێن.

لەگەڵ ئەوەی بڕیارەکانی ترەمپ کاریگەری راستەوخۆی لەسەر عێراق دروست نەکردووە، بەڵام بە وتەی عەلى تاریق، بەڕێوەبەرى جێبەجێکارى کۆمەڵەى بانکە تایبەتەکانى عێراق، ئەوەى پەیوەندیدارە بە کاریگەریی ناڕاستەوخۆى ئەو بڕیارە، پەیوەستە بە نزمبوونەوەى نرخى نەوت و ئەوەش بەشێوەیەکى گشتى کاریگەرى لەسەر بودجەى عێراق دەبێت.

لە یاسای بودجەی ساڵی 2025ـى عێراقدا، نرخی یه‌ك به‌رمیل نه‌وت به‌ 70 دۆلار خه‌مڵێندراوه‌، بەڵام لە ئێستادا نەوت بە خێرایی نرخەکەی روو لە دابەزی دەکات و پێنج دۆلار لە خوار ئەو نرخە خەمڵێنراوەوەیە کە لە یاسای بودجەدا دیاریکراوە.

د.خه‌لیل غازی، ئه‌ندامی لیژنه‌ی دارایی له‌ په‌رله‌مانی عێراق باس لەوەدەکات، دابه‌زینی نرخی نه‌وت بۆ ئه‌مساڵ هیچ كاریگه‌رییه‌كی له‌سه‌ر مووچه‌ی فه‌رمانبه‌ران نابێت، به‌ڵام ئه‌گه‌ر نرخی نه‌وت به‌و شێوه‌یه‌ بێت یانیش زیاتر دابه‌زێت بۆ ساڵی داهاتوو كاریگه‌ری له‌سه‌ر میزانیه‌ ده‌بێت.

ساڵی رابردوو عێراق بە تێکڕایی بەرمیلێک نەوتی بە 78 دۆلار فرۆشتووە، لە ئەگەری بەردەوامی دابەزینی نرخی نەوت، گورزی گەورە بەر داهاتی عێراق دەکەوێت و ئەوەش کاریگەری لەسەر پرۆژە خزمەتگوزارییەکان دروست دەکات.

More News

Most Popular

هەواڵ

وەزارەتی دارایی لە ناردنی لیستی مووچە بۆ بەغدا دواکەت

Mic
2025-04-18


وەزارەتی دارایی و ئابوری حکومەتی هەرێم لیستی مووچەی مانگی چواری بۆ بەغدا نەناردووە، لەکاتێکدا بەپێی قسەی بەرپرسانی حکومەتی هەرێم، دەبوایە پێنج رۆژ پێش ئێستا لیستەکە بنێردرایە.

هەفتەی پێشوو، لە دوو لێدوانی رۆژنامەوانیدا، سەمیر هەورامی، وتەبێژی قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێم رایگەیاند، رۆژی 13ـى نیسان، لیستی مووچەی مانگی چوار ئامادە دەبێت و شاندێکی تەکنیکی هەرێم لیستەکە دەگەیەنێت بە بەغدا.

هەروەها ئاماژەی بەوەکرد، شاندەکە لە بەغدا دەمێنێتەوە تا هەر کێشەیەک لە لیستەکەدا هەبوو چارەسەر بکرێت و وتی: دوای تەمویلکردنی وەزارەتەکانی عێراق، وەزیری دارایی عێراق پارە بۆ هەرێم دەنێرێت.

دوای پێنج رۆژ لەو وادەیەی وتەبێژی قوباد تاڵەبانی بۆ ناردنی لیستی مووچە دیاریکردبوو، تائێستا وەزارەتی دارایی هەرێم لیستی مووچەی مانگی چواری موچەخۆرانی هەرێمی بۆ بەغدا نەناردووە.

وەزارەتی دارایی هەرێم رۆژی 26ـى ئادار لیستی مووچەی مانگی ئاداری بڵاوکردەوە، لەوکاتەوە هیچ راگەیەندراو و لێدوانێکیان لەسەر مووچەی مانگی نیسان نەداوە.

ناردنی مووچە لەلایەن بەغداوە بەسترواوە بە ناردنی لیستی مووچە لەلایەن وەزارەتی دارایی هەرێمەوە بۆ بەغدا، وەزارەتی دارایی عێراق هەموو مانگێک تا 18ـى مانگ وەزارەتەکانی عێراق پارەدار دەکات، ئەگەر لیستی مووچەی هەرێمی بە دەستبگات و تێبینی لەسەری نەبێت لەدوای 18ـى مانگەوە مووچەی هەرێم دەنێرێت.