کەمی باران بارین و خراپی ئیدارەدانی سەرچاوەکانی ئاو لەلایەک
و گرتنەوەی ئەو سەرچاوانەی ئاو، کە دەڕژێنە خاکی عێراقەوە، لەلایەن تورکیا و ئێرانەوە،
عێراقی رووبەڕووی بەبیابانبوون کردووەتەوە.
ئاو، گەورەترین سامانی سروشتییە بۆ ژیان و گەشەپێدان، بەڵام عێراق
خەریکە لەو سەرچاوە گرنگە سروشتییە بێ بەری دەکرێت، گۆڕانکارییەکانی کەشوهەوا لە
عێراق بە خێرایی روودەدەن، ساڵانە هەزاران دۆنم زەوی بە بیابان دەبن، ئەمەش کاریگەری
گەورەی لەسەر ژیانی ئابوری و کەرتی کشتوکاڵ و سامانی ئاو لە عێراق دروستکردووە.
مانگی ئەیلولی ساڵی رابردوو، ناوەندی ستراتیجی بۆ مافەکانی مرۆڤ
لە عێراق لە راپۆرتێکدا بڵاویکردەوە، بەهۆی گۆڕانی کەشوهەوا و بیابانبوون و وشکەساڵییەوە،
عێراق ساڵانە 100 هەزار دۆنم زەوی لەدەست دەدات.
ئامارەکانی وەزارەتی کشتوکاڵی عێراق بۆ عێراقییەکان جێی دڵخۆشی
نییە و روونی دەکاتەوە، کە ساڵانە عێراق 400 کیلۆمەتر چوارگۆشە لە زەوییە کشتوکاڵییەکانی
لەدەست دەدات، ئەگەر ڕێوشوێنی خێرا نەگیرێتەبەر زیاتر لە 52%ـی ئەو زەوییانەی کە بۆ
کشتوکاڵ گونجاون لەدەست دەچن.
گۆڕانکارییەکانی کەشوهەوا لە عێراق مەترسیدارن، تا کۆتایی ساڵی 2024 رووبەری
ئەو زەوییە کشتوکاڵیانەی بێسود بووبوون گەیشتە 60 هەزار
هێکتار زەویی، ئەوەش لەکاتێکدایە کە 33%ـی خەڵکی عێراق پشت بە کشتوکاڵ دەبەستن.
د. لەتیف ڕەشید، سەرۆک کۆماری عێراق سەرەتای ئەمساڵ لە پارێزگای
ئەنبار ڕایگەیاند، سەرچاوە ئاوییەکانی عێراق روو لە کەمییە و لەگەڵ ئەوەشدا تورکیا
زیاتر لە 40 بەنداو و بەربەستی بۆ بڕینی ئاوی دیجلە و فورات بۆ عێراق دروست کردووە.
لەگەڵ ئەوەی ئێران و تورکیا لە وەرزە جیاوازەکاندا ئەو
سەرچاوانەی ئاو بە تەواوی وشک دەکەن، کە دەڕژێتە خاکی عێراقەوە و بەنداو و پۆندی
گەورەیان لەسەر دروستکردووە، بەڵام لە ناوخۆی عێراقیشدا بە شێوەیەکی تەندروسی
مامەڵە لەگەڵ سامانی ئاودا ناکرێت.
خراپی لە بەڕێوەبردنی سەرچاوەکانی ئاو، بەفیڕۆدانی سامانی ئاو
و بەکارهێنانی شێوازی کۆن بۆ ئاودێری، کاریگەی نەرێنی کردووەتە سەر سامانی ئاو لە
عێراق.
لەگەڵ ئەوەی کێشەی ئاو و وشکە ساڵی و بە بیابانبوون، بەرۆکی عێراقی
گرتووە، بەڵام دەسەڵاتدارانی عێراق بێخەمن و هەنگاوی گەورە و کردارییان لەسەر ئەو
مەترسییانە نەناوە.
عێراق بۆ رزگاربوونی لە کێشەی کەمئاوی و دورخستنەوەی خاکی
عێراق لە بە بیابانبوونی زیاتر، پێویستە لەگەڵ تورکیا و ئێران رێککەوتن ئەنجامبدات
و لە سەر ئاستی نێودەوڵەتی فشار لە دوو وڵاتە بکات کە پشکی عێراق لە ئاو بەربدەنەوە
و لە هیچ بارودۆخێکدا وەک کارتی فشار و چەکێک دژ بە عێراق بەکاری نەهێنن.
هەروەها، دەبێت عێراق دەست بە دروستکردنی بەنداوی گەورە و پۆند
بکات و چیتر رێگە نەدات ئاوی باران بە فیڕۆ بڕوات، بەڵام عێراق بۆ دروستکردنی
بەنداو کە گونجاوترین شوێن هەرێمی کوردستانە، هەنگاوی نەناوە.
لە ئەگەری بەردەوامی ئەو مەترسیانەی کەمئاوی کە رووبەڕووی
عێراق بووەتەوە، ئەوا نەوەی داهاتوو
رووبەڕووی گرفت و قەیرانی قوڵی کەمئاوی و بە بیابانبوون دەبنەوە و عێراق رادەستی
قەدەرێکی نادیار دەکرێت.
رێکخراوی سی پی تی ئەمریکی
ئاشکرای دەکات، کە سوپای تورکیا لەناو خاکی هەرێم و بەدیاریکراوی لە سنوی برادۆست
بازگەی داناوە و رێگە بە هاوڵاتییان نادات سەردانی ناوچەکانی خۆیان بکەن.
لە راگەیەندراوێکدا،
رێکخراوی سی پی تی ئەمریکی بڵاویکردەوە، لە ڕۆژی 31ـی ئازاردا، گوندنشینانی شارەدێی
بەرمیزە لە قەزای سیدەکان لە پارێزگای هەولێر، بۆ کۆکردنەوەی گژوگیای بەهارە روویان
کردە چیای ئاودەل کێوی و مێرگی سەرچەمان، لەسەر ڕێگای گوندنشینەکان سوپای تورکیا
بازگەیەکی جێگیرکردووە و دوای ناسنامە و کارتی نیشتیمانی لێکردوون.
سی پی تی ئاماژەی بەوەکردووە، کە سوپای تورکیا ڕێگەیان بە گوندنشینانداوە بچن بۆ کردنەوەی گژوگیا لە
سنورێکدا، کە سەربازەکان بۆیان دیاریکردبوون، بەڵام بە مەرجی ئەوەی کە وێنە و ڤیدیۆی
ناوچەکە نەگرن.
وەک سی پی تی
بڵاویکردووەتەوە، لەکاتی گەڕانەوەیاندا، سەربازانی سوپای تورکیا بە گوندنشینانیان ڕاگەیاند،
کە تا رۆژی 7ـی نیسان مۆڵەت بە هیچ کەسێک نادەن بۆ کۆکردنەوەی گژوگیا و لەو قۆرژەشدا
تەنیا لە کاتژمێر 6ـی بەیانی تاوەکو 4ـی دوانیوەڕۆ رێگەپێدان هەیە.
لە راگەیەندراوەکەی سی پی
تی دا هاتووە، کاتێک ئەمڕۆ، گوندنشینان بەڕێگاوەبوون بۆ مێرگی سەرچەمان بۆ کۆکردنەوەی
گژوگیای بەهارە، سەربازانی تورک لە بازگەکەیان، رێگەیان لێگرتن و ڕێگەیان نەدا کە
گوندنشینان تێپەڕببن.
بە پێی ئامارێکی رێکخراوی
سی پی تی لە دوای پەیامەکەی عەبدوڵا ئۆجالان و راگەیاندنی ئاگربەست لەلایەن
پەکەکەوە، ئێستا سوپای تورکیا لانی کەم 123 هێرش و بۆردوومانی بۆسەر هەرێمی
کوردستان ئەنجامداوە.
لە سەرەتای 2025یشەوە تا
ئێستا بە هۆی لەشکرکێشییەکانی سوپای تورکیا دوو هاوڵاتی مەدەنی گیانیان لەدەستداوە
و چوار هاوڵاتی مەدەنی برینداربوون.