سبەینێ یەکێتی و پارتی یەکەم کۆبونەوە بۆ گفتوگۆکردن لەسەر
دابەشکردنی کێکی دەسەڵات
ئەنجام دەدەن، دابەشکردنی پۆستەکان دواین هەنگاوەکانی پێکهێنانی کابینەی 10ـى حکومەتی هەرێمی کوردستان و ئەم قۆناغە سەختترین قۆناغی پێکهێنانی حکومەتی نوێیە.
بەوتەی بەرپرسانی یەکێتی
و پارتی، سبەینێ 15ـى نیسان، کۆبونەوەکانی ئەو دوولایەنە بۆ پێکهێنانی کابینەی
نوێی حکومەتی هەرێم و بە تایبەت دابەشکردنی پۆستەکان دەستپێدەکات.
سێ مانگ دوای هەڵبژاردنی
پەرلەمانی کوردستان کۆبونەوەی یەکێتی و پارتی بۆ پێکهێنانی کابینەی 10ـى حکومەتی هەرێم دەستیپێکرد، دوای چەندین کۆبونەوە لە پێش جەژنی نەورۆز هەردوولا لەسەر
رەشنوسی دیدگای هاوبەش بۆ حکومڕانی هەرێم رێککەوتن.
کۆبونەوەکانی یەکێتی و
پارتی بۆ رێککەوتن لەسەر رەشنوسی
دیدگای هاوبەش بۆ حکومڕانی هەرێم، زیاتر لە دوو مانگی خایاند، بۆیە دابەشکردنی
پۆستەکان و رێککەوتن لەسەر سەرۆکایەتی و وەزارەت و دەستەکان لە نێوان ئەو دوو
لایەنەدا کاتی زیاتری دەوێت.
پێشتر وتەبێژی یەکێتی
رایەگاندبوو، کە پۆستەکانی هەرێم (سەرۆکایەتییەکان، وەزارەتە سیادییەکان، وەزارەتە
خزمەتگوزارییەکان، فەرمانگە و دەستەکان) پۆلێنکراوە و بە جیا گفتوگۆیان لەسەر
دەکرێت و دابەشدەکرێن.
رۆژی 12ـى نیسان دەرباز
کۆسرەت رەسوڵ، ئەندامی دەستەی کارگێڕی مەکتەبی سیاسی یەکێتی رایگەیاند، کە لە
کۆبونەوەی داهاتوودا پارتی رەنگە پێشنیازی خۆی بۆ دابەشکردنی پۆستەکان هەبێت و
یەکێتیش پێشنیازی خۆی هەیە.
قسەکانی ئەو بەرپرسەی یەکێتی دەرخەری ئەوەبوو، کە یەکێتی
پرۆژەی خۆی هەیە بۆ دابەشکردنی چوار سەرۆکایەتییەکەی هەرێم و سەرجەم ئەو پۆستانەی
کە دەبن بە بەرکەوتەی هەڵبژاردن.
رۆژی 10ـى تشرینی یەکەمی 2024 هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان
ئەنجامدرا، پارتی دیموکراتی کوردستان 39 کورسی و یەکێتی نیشتمانی کوردستان 23
کورسی بەدەسهێنا، لەگەڵ پێنج کورسی کۆتاکان کە سێ کورسیان لە پارتی نزیکە و دوو
کورسییان لە یەکێتی.
یەکێتی و پارتی ئەگەر تا کۆتایی ئەم مانگەیش بگەن بە رێککەوتن،
ئەوا پرۆسەی سەرۆکی پەرلەمان و سەرۆکی هەرێم و متمانەبەخشین بە کابینەی نوێی
حکومەتی هەرێم دەکەوێتە ناوەڕاستی مانگی تەمووزەوە بە پێیەی رێژکارەکان 75 رۆژی
پێدەچێت.
"پێکهێنانی حکومەت، پرۆسەی ئاشتی، هەڵبژاردنی داهاتوو، هەناردەکردنەوەی نەوت و کێشەی تورکمانەکان" ئامانجی سەرەکی سەردانەکەی جێگری وەزیری دەرەوەی تورکیان بۆ هەرێمی کوردستان.
نوح یەڵماز جێگری وەزیری دەرەوەی تورکیا بە سەردانێکی چەند رۆژە لە عێراق و هەرێمی کوردستانە، ئامانجی سەردانەکەی بۆ هەرێمی کوردستان کۆبونەوەیە لەگەڵ لایەنە سیاسییەکان.
بەرپرسەکەی تورکیا لەگەڵ سەرۆکی هەرێم، سەرۆکی حکومەت، جێگری سەرۆکی حکومەت، پارتی، یەکگرتوو، بەرەی تورکمانی و بزوتنەوەی ئیسلامی کۆبوەوە.
پێکهێنانی کابینەی دەیەم
تورکیا لە نزیکەوە چاودێری پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەکات، جێگری وەزیری دەرەوەی وڵاتەکەش لە هەولێرەوە تاوتوێی پێکهێنانی کابینەکە لەگەڵ لایەنەکانی هەرێمی کوردستان تاوتوێ کرد.
پرسی پێکهێنانی کابینەی دەیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان، تەوەری سەرەکی کۆبونەوەکانیانی نوح یەڵماز بوو لەگەڵ مەسعود بارزانی، مەسرور بارزانی و قوباد تاڵەبانی.
لەو کۆبونەوەنەدا دۆخی هەرێمی کوردستان و گفتوگۆکانی پێکهێنانی کابینەی دەیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان باسکراون و بەرپرسانی باڵای هەرێمی کوردستان دوایین پێشکەوتنەکانیان بۆ شاندەکەی تورکیا رونکردوەتەوە.
قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان بە بەرپرسەکەی تورکیای رایگەیاندووە،گفتوگۆکان بە ئاراستەیەکی باشدا دەڕۆن و نیەتی باش هەیە بۆ رێککەوتن لەسەر پێکهێنانی حکومەتێکی کارا و بەهێز، کە لە ئاستی چاوەڕوانییەکانی هاووڵاتییاندا بێت.
تورکیا گرنگییەکی زۆر بە پێکهێنانی کابینەی دەیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەدات، پێشتریش چەند لایەنێکی هەرێمی کوردستان لە تورکیا لەگەڵ نوح یەڵماز کۆبونەتەوە.
دوای ئەنجامدانی هەڵبژاردن شاسوار عەبدولواحید سەرۆکی جوڵانەوەی نەوەی نوێ لەو کەسانە بوو کە چووە تورکیا، وەک خۆی وتی،" پێکهێنانی حکومەتیان لەگەڵ بەرپرسانی ئەو وڵاتە تاتوێ کردووە".
یەکگرتووی ئیسلامی و بزوتنەوەی ئیسلامی کوردستانیش، لەناو ئەو لایەنانەدا بوون کە نوح یەڵماز جێگری وەزیری دەرەوەی تورکیا سەردانی کردن.
دۆخی هەرێمی کوردستان و پێکهێنانی حکومەتیش لەگەڵ ئەواندا باس کردووە، ئەوان هەڵوێستی خۆیان لەسەر پرۆسەکە بۆ شاندەکەی تورکیا رونکردوەتەوە.
پرۆسەی ئاشتی
پرۆسەی ئاشتی لە تورکیا و باکوری کوردستان کە هەوڵێکی نوێ بۆ بەرپاکردنی هەیە، بەشێکی ئامانجی سەردانەکەی جێگری وەزیری دەرەوەی تورکیا بووە.
نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێم و مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەت و قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکی حکومەت پشتیوانیی ههرێمی کوردستان و حزبەکانیان بۆ سهرخستنی پرۆسهکه دووپات کردهوه.
هەناردەی نەوت و رێگەی گەشەپێدان
هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان لە رێگەی تورکیاوە دوو ساڵ زیاترە راگیراوە، چەند گەرێکی گفتوگۆ لە نێوان هەرێمی کوردستان، عێراق و کۆمپانیان نەوتییەکان بەڕێوەچووە، بەڵام ئەنجامی نەبووە.
مەسرور بارزانی و نوح یەڵماز بە گرنگیان زانیووە، هەناردەی نەوت لە رێگەی بەندەری جەیهانی تورکییەوە دەست پێبکاتەوە.
رێگەی گەشەپێدانیش کە لە عێراقەوە بەرەو تورکیا دەڕوات، بەشێکی دیکەی گفتوگۆکانی نێوان مەسرور بارزانی و نوح یەڵماز بووە، رایانگەیاندووە، گرنگە پرۆژەی ستراتیژیی ڕێگەی گەشەپێدان و بەستنەوەی وڵاتانی کەنداو و عێراق و هەرێمی کوردستان بە تورکیا و ئەوروپا لە ڕێگەی هێڵی ئاسنین ئەنجام بدرێت
تورکمانەکان
نوح یەڵماز جێگری وەزیری دەرەوەی تورکیا جیاواز لە بەرپرسانی یەکێتی و پارتی، چاوی بە کەسی یەکەمی حزبەکانی دیکەش کەوت.
"کێشەی تورکمانەکان و هەڵبژاردنی داهاتووی" لەگەڵ بەرەی تورکمانی تاتوێ کرد. جێگری وەزیری دەرەوەی تورکیا لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاندووە، لە بەرەی تورکمانیدا گۆڕانێک هەیە، وزەیەکی نوێ هەیە، سیاسەتێکی جیاواز و کرانەوەی سیاسیی هەیە.
باسی لەوەشكرد، هەم پشتیوانی لەم کرانەوانە دەکەین، هەمیش هیوادارین ئەم کرانەوانە ببنە مایەی خێر بۆ بەرەی تورکمانی، پشتیوان بە خودا لە هەڵبژاردنەکانی ئایندەدا توانایەکی باشتر لە جاران نیشان دەدەن و پێمانوایە لێرەدا هێندەی بتوانن باش نوێنەرایەتی تورکمانەکان بکەن".