وشکەساڵی بەرۆکی بەرهەمی گەنمی ئەمساڵی جوتیارانی هەرێمی کوردستان گرتووە و لە بەشێک لە ناوچەکان هەڕەشەی لە 75٪ـی بەربووبوومەکانییان دەکات. جوتیاران خۆیان بە هانای خۆیانەوە دەچن و وەزارەتی کشتوکاڵ تەنها تەماشاکاری دۆخەکەیە.
لە ئێستاوە کاریگەرییەکانی وشکەساڵی و کەمی بارانبارین لەسەر بەرهەمی گەنمی ئەمساڵی جوتیارانی هەرێمی کوردستان دەرکەوتووە.
بەشێک لە جووتیاران بۆ پێگەیشتنی گەنم پشتیان بە ئاوی باران و بەشێکی دیکەش پشتیان بە ئاودانی دەستکرد بەستووە و ئەمەش وایکردووە کە دوو برا لە گوندێکی دەشتی شەمامک لە هەولێر، زەوییەکانییان بۆ باران و ئاودانی دەستکرد دابەش بکەن.
ئەو دوو برایە لە گوندی باقرتەی سەر بە دەشتی شەمامکن، بەهۆی کەمبارانییەوە گەنمی یەکێکیان وشک و ئەوەی دیکەشیان کەمێک سەوزترە و چاوەڕوانی شەپۆلێکی دیکەی بارانبارینن بۆ ئەوەی گەنمی ئاودانە دەستکردەکە گەشە بکات و بتوانن لە مانگی حوزەیران دەست بە دروێنەی بکەن.
خەلیل عەبدولقادر کە یەکێکە لە جوتیارەکان، پشتی بە ئاوی باران بەستووە و بەهۆی کەمبارانییەوەش دەنکە گەنمێکی گەشەی نەکردووە.
بەوتەی ئەو جوتیارە زەوییەکەی 40 دۆنمە، نزیکەی شەش ملیۆن دینار خەرجی تێدا کردووە، بەڵام بەهۆی وشکەساڵییەوە هەمووی فەوتاوە و بۆ پێڕاگەیشتنی گەنمەکان هیوایەکی نەماوە.
ئەو جوتیارە ساڵانی ڕابردوو لە هەر دۆنمێکی زەویەکەی نزیکەی یەک تۆن گەنم بەرهەمی بووە، بەڵام ئەمساڵ ئەوانەی پشتیان بە ئاوی باران بەستووە، بێهوابوونە لە پێڕاگەیشتنی گەنمەکە و ئەوانەیشی پشتیان بە ئاوی دەستکرد بەستووە، بەشێکی زۆری گەنمەکە لەدەست دەدەن.
خەلیل عەبدولقادر هاوشێوەی زۆرینەی جوتیاران گلەیی لە وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی هەرێمی کوردستان دەکەن بەوەی تا ئێستا هیچ کەسێک سەردانی نەکردوون و هەڵسەنگاندنی بۆ زەرەر و زیانەکانی ئەمساڵیان نەکردووە.
جەلیل عەبدولقادر یەکێکی ترە لە جوتیارەکان، کە پشتی بە ئاوی دەستکرد بەستووە، زەوییەکەی تا ڕادەیەک سەوزە و هیوای گەشەکردنی گەنمەکانی هەیە و چاوەڕوانی شەپۆلێکی دیکەی بارانبارین دەکات، وەک خۆی وتی،"پێویستە جوتیاران لە چاندنی جۆری گەنمەکە وردبن و باشترە ئەوانەی ئاوی کەمتر پێویستە، پچێندرێت".
ئەو جوتیارە، پێنج بۆ شەش ساڵ وشکەساڵی هاوشێوەی بینیووە، بڕوای وایە ئە، وشکەساڵییە زیانێکی زۆر بە جووتیاران دەگەیەنێت، چونکە خەڵکی دەشت، سەرچاوەی سەرەکی داهاتەکەی بریتییە لە کشتوکاڵ و پشت بە باران دەبەستێت، ئەمساڵ ئەو زەوییانەی پشتیان بە باران بەستبوو تووشی زیانێکی زۆر بوون.
گۆڕانی ئاو و هەوا کاریگەری لەسەر بەرهەمی گەنم دەبێت
ئەمساڵ رێژەی بارانبارین بەراورد بە ساڵی رابردوو، بەشێوەیەکی بەرچاو کەمی کردووە بە شێوەیەک ساڵی رابردوو لە هەولێر 485 ملیم بارانباریووە، بەڵام ئەمساڵ تەنها نزیکەی 115 ملیم بارانباریووە.
ساڵی رابردوو لە سلێمانی 586 ملیم بارانباریووە، ئەمساڵ 322 ملیم بارانباریووە، دهۆک ساڵی رابردوو 724 ملیم بارانباریووە، بەڵام ئەمساڵ 124 ملیم بارانباریووە، لە هەڵەبجەش ساڵی رابردوو 647 ملیم بارانباریووە، ئەمساڵ 385 ملیم باریووە.
د. لوقمان موفتی پسپۆڕ لە سیاسەتی کشتوکاڵ و شارەزا لە کەشوهەوا لەبارەی هۆکاری کەمی بارانبارینەوە وتی،" ئەوەی ئەمساڵ دیاردەی لانینایە، واتا لە ساڵانی لانینا کە پلەی گەرمای زەریای هێمن تۆزێک نزم دەبێت ئەوا بارانمان کەمترە، لە ساڵانی ئێل نینۆ (پێچەوانەی لانینایە)بارانمان باشترە، ئەمساڵ بەهۆی ئەوەی لانینایە پێشبینی کەم باراینیمان کرد بەڵام بەم ئاستە نا، بە تایبەت هەولێر و دهۆک بە پلەی یەک، دوایی ڕاپەڕین ئینجا گەرمیان کەرکوک هەڵەبجە و سلێمانی".
لەبارەی زیانەکانی بەرهەمهێنانی گەنم بەهۆی کەمبارانییەوە، لوقمان موفتی وتی،"هەتا ئێستا داتای تەواو نیە چونکە دروێنە نەکراوە و وەرزی بارانبارین تەواو نەبووە، هەندێک شوێنمان هەیە کە پێی دەڵێن بارانی مسۆگەر واتا لەم شوێنانە کێشەی گەنم و کشتوکاڵ نابێت، بەڵام ئەمساڵ لەم شوێنانەش کێشە هەیە، وەکو ناوچەی ئاکرێ، قەزای هەریر و دەشتی کۆیە، هەروەها دەشتی بتوێن و پشدەر و تا دەگاتە قەزای چەمچەماڵ، ئەوانە ناوچەی مسۆگەرن و کەم ساڵ هەبووە کێشەیان هەبێت، بەڵام ئەمساڵ ئەوانیش کێشەیان هەیە".
ئەو پسپۆڕەی سیاسەتی کشتوکاڵ و کەشوهەوا پێشبینی کرد، لە هەولێر و دهۆک بەروبوومی دێمی (ئەوانەی پشت بە ئاوی باران دەبەستن) فەوتاوە، ئەوانەیشی کە ناوچەی مسۆگەرن ڕەنگە 75٪ـی بەربووبوومەکانییان زیانی هەبێت لەسەر ئاستی بەرهەمهێنان".
لوقمان موفتی ئاماژەی بە کاریگەرییەکانی وشکەساڵی لەسەر لەوەڕگاکان کرد و وتی، "ئەم کەشوهەوایە کاریگەریی لەسەر لەوەڕگاکانیش کردووە، لەوەڕ بۆ ئاژەڵ زۆر خراپە و خاوەنەکانییان خەرجیان لەسەر قورستر بووە".
گەنم یەکێکە لەو دانەوێڵانەی کە ساڵانە زۆرینەی زەوییە کشتوکاڵییەکانی بۆ تەرخان دەکرێت و جووتیارانیش ساڵانە لە مانگی تشرینی دووەم دەست بە چاندن دەکەن و لە مانگی ئایاردا وەرزی دروێنە ئەنجام دەدەن ئەمە بەپێی شوێنی جوگرافی لە نێوان ناوچەیەک بۆ ناوچەیەکی دیکە جیاوازی هەیە.
بەهۆی ئەوەی عێراق و هەرێم کەوتوونەتە نێو لیستی ئەو وڵاتانەی کە مەترسی کاریگەرییەکانی وشکەساڵییان لەسەرە، بۆیەش ساڵانە لێکەوتەکانی گۆڕانی ئاو و هەوا، بە نەبوونی باران و وشکەساڵییەوە بەدیار دەکەوێت.
وەرزی چاندن و دروێنە لە هەرێمی کوردستان
وەرزی چاندن لە مانگی تشرینی دووەم دەست پێ دەکات و لە مانگی ئایاردا، دروێنەوە ئەنجام دەدرێت و جوتیاران ئامێری دەڕاسە بەکاردەھێنن بۆ دروێنەکردنی گەنم و جۆ.
ساڵانە لە مانگی ئایاردا، وەرزی دروێنە لە ناوچە جیاجیاکانی ھەرێمی کوردستان دەست پێ دەکات و وادەی چاندن و دروێنەکردن بەپێی شوێنی جوگرافی لەنێوان ناوچەیەک و ناوچەیەکی دیکە جیاوازییەکی کەمی ھەیە.
لە دەوروبەری شاری ھەولێر چەند دەشتێکی پان و فراوان ھەیە، ئەم دەشتانەش چەند ناوێکی تایبەت بەخۆیان ھەیە وەک دەشتی شەمامک، بەڕانەتی، ملکییە، قەراج و کەندێناوە کە خاکەکەیان بۆ کشتوکاڵ بە پیتن و دانەوێڵەکانی ناوبانگیان دەرکردووە.
لە هەرێم نزیکەی سێ ملیۆن مەتر زەوی، کشتوکاڵی تێدا دەکرێت و بەشێکی زۆریان بۆ چاندنی گەنم تەرخانکراوە
حکومەتی عێراق بڕێک لەو گەنمە لە جوتیاران وەردەگرێت، بەڵام بە وتەی ئەم جووتیارانە، جیاوازی لە نێوان جووتیارانی هەرێم و عێراق دەکرێت لە ڕووی بڕی وەرگرتنەوە.
ساڵی رابردوو، حکومەتی عێراق هەر تۆنێک گەنمی بە 850 دینار لە جووتیاران وەرگرت، ئەوەی مایەوە دەبوو لە بازاڕ بە هەرزانتر بیفرۆشن.
وەزارەتی دارایی و ئابوری حکومەتی هەرێم لیستی مووچەی مانگی
چواری بۆ بەغدا نەناردووە، لەکاتێکدا بەپێی قسەی بەرپرسانی حکومەتی هەرێم، دەبوایە
پێنج رۆژ پێش ئێستا لیستەکە بنێردرایە.
هەفتەی پێشوو، لە دوو لێدوانی رۆژنامەوانیدا، سەمیر هەورامی،
وتەبێژی قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێم رایگەیاند، رۆژی 13ـى نیسان،
لیستی مووچەی مانگی چوار ئامادە دەبێت و شاندێکی تەکنیکی هەرێم لیستەکە دەگەیەنێت
بە بەغدا.
هەروەها ئاماژەی بەوەکرد، شاندەکە لە بەغدا دەمێنێتەوە تا هەر
کێشەیەک لە لیستەکەدا هەبوو چارەسەر بکرێت و وتی: دوای تەمویلکردنی وەزارەتەکانی عێراق،
وەزیری دارایی عێراق پارە بۆ هەرێم دەنێرێت.
دوای پێنج رۆژ لەو وادەیەی وتەبێژی قوباد تاڵەبانی بۆ ناردنی لیستی
مووچە دیاریکردبوو، تائێستا وەزارەتی دارایی هەرێم لیستی مووچەی مانگی چواری موچەخۆرانی
هەرێمی بۆ بەغدا نەناردووە.
وەزارەتی دارایی هەرێم رۆژی 26ـى ئادار لیستی مووچەی مانگی ئاداری بڵاوکردەوە، لەوکاتەوە هیچ راگەیەندراو و
لێدوانێکیان لەسەر مووچەی مانگی نیسان نەداوە.
ناردنی مووچە لەلایەن
بەغداوە بەسترواوە بە ناردنی لیستی مووچە لەلایەن وەزارەتی دارایی هەرێمەوە بۆ بەغدا،
وەزارەتی دارایی عێراق هەموو مانگێک تا 18ـى مانگ وەزارەتەکانی عێراق
پارەدار دەکات، ئەگەر لیستی مووچەی هەرێمی بە دەستبگات و تێبینی لەسەری نەبێت
لەدوای 18ـى مانگەوە
مووچەی هەرێم دەنێرێت.