هەواڵ

شەست لەسەدی بازرگانی ئێران لەگەڵ عێراق لەرێگەی هەرێمی کورستانەوەیە

Mic
2025-05-18


سەرۆکی هەرێمی کوردستان، ئەمڕۆ لە شاری تاران، باسی لە گرفتەکانی نێوان بەغداد و هەولێر کرد، هەروەها ئاماژەی بە گرنگی پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و ئێران کرد، بەتایبەتی پاش ئەوەی مەسعود پزیشکیان سەردانی هەرێمی کوردستانی کردبوو.

ئەمڕۆ، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، وتارێکی پێشکەشکرد لە پانێڵێکی کۆڕبەندی گفتوگۆی تاران، کە لەلایەن وەزارەتی دەرەوەی ئێران رێکخرابوو، تیایدا باسی لە گرنگیی وڵاتی عێراق کرد بۆ دەستەبەرکردنی ئاسایش و ئارامی لە ناوچەکەدا و ئاماژەی بە کۆڕبەندی وڵاتانی عەرەبی کرد کە دوێنێ بەڕێوەچو و بە کۆڕبەندێکی "سەرکەوتوو" وەسفیکرد.

سەرۆکی هەرێم وتی: کێشەکە ئەوەیە، بەغداد لە چوارچێوەیەکی فیدراڵیی مامەڵە لەگەڵ هەرێمی کوردستان ناکات، زۆرجار دەبینین زیاتر لەو دەسەڵاتانەی لە دەستوردا دیاریکراون، مامەڵە دەکرێت، دەبێت دانیشتین و گفتوگۆبکەین لە چوارچێوەی "عێراقی نوێ".

نێچیرڤان بارزانی جەختی لەوەکردەوە، عێراق لەو کارانەی دەیکات بۆ دەستەبەرکردنی سەقامگیریی، دەبێت پرسی فیدراڵییەت لەگەڵ هەرێمی کوردستان چارەسەر بکات و بیچەسپێنێت.

لەبارەی پەیوەندی نێوان ئێران و هەرێمی کوردستان، بارزانی وتی: پەیوەندییەکەمان مێژویی، کلتوریی و زمانیی و نیشتمانییە، ئەگەر لەڕووی ئابورییەوە لێی بڕوانین، دەبینین 60٪ی بازرگانی ئێران لەگەڵ عێراق لەرێگەی هەرێمی کورستانەوەیە، ئاستی ئەم پەیوەندییانە لە گەشەکردندایە، لە چەند رۆژی داهاتوودا گفتوگۆمان هەیە لەنێوان پارێزگارەکانی عێراق و سەردانی ئێران دەکەن لە سنە کۆدەبنەوە بۆ پەرەپێدان بە پەیوەندییە بازرگانییەکان.

ئاماژەی بەوەشکرد، ئەگەر وەکو دراوسێیەک کە کێشەمان هەبوبێت، ئێران هاوکاریی کردوین، بەتایبەت لە کارەساتی هەڵەبجە، لەم دواییەشدا لە شەڕی داعش، بە رەحمەت بێت، بەڕێز قاسم سلێمانی یەکەم کەس بوو کە سەردانی هەولێری کرد و هاوکاریی کردین.

نێچیرڤان بارزانی، وتی: لەگەڵ سەردانی سەرۆک مەسعود پزیشکیان، پەیوەندییەکی زۆر باش پەیدابووە لە هەموو بوارەکاندا، پێشکەوتنێکی باشمان هەیە لە هەموو بوارەکاندا.

ئاماژەی  بەوەشکرد، ئێمە (هەرێمی کوردستان) هەوراز و نشێویمان هەبووە لە پەیوەندیییەکاندا (لەگەڵ ئێران)، پێش ئەوەی بەڕێز پزیشکیان ببێت بە سەرۆککۆمار، لەگەڵ سسەرۆککۆماری پێشوو (ئیبراهیم رەئیسی) زۆر راشکاوانە قسەمانکردووە، ئاسۆیەک بۆ چارەسەر پەیدابووە بەتایبەتی لە پاش دیدارمان لەگەڵ رێبەری کۆماری ئیسلامی ئێران (عەلی خامنەئی).

لە وەڵامی پرسیارێکدا سەبارەت بە هەڵوەشاندنەوەی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) و نیگەرانییە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران لە دژی ئەم گروپە، سەرۆکی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوەکرد: میکانیزمێکان لە نێوان (تاران، هەولێر و بەغداد) دیاری کردووە. ڕێگە نادەن هەرێمی کوردستانی عێراق ببێت بە مەترسی بۆ سەر دراوسێکانی، بەتایبەت بۆ ئێران.

هەروەها وتی: هەرێم پشتیوانیی لە پرسی هەڵوەشاندنەوەی پەکەکە دەکات. پرسی کوردستان بە توندوتیژی چارەسەر ناکرێت و تورکیا ئامادەیی خۆی لەو بارەیەوە نیشانداوە.

ناوبراو لە وەڵامی پرسیارێکدا سەبارەت بە سەرنجڕاکێشییەکانی ئێران، ئاماژەی بەوەکرد، ئێران وڵاتێکە ئێمەی وەک هاوڵاتی خۆی قبوڵکردووە. یادەوەرییەکانمان لە ئێران زیندون، هەرکاتێک گەشت بۆ ئێران دەکەم، پێم خۆشە جارێکی تر سەردانی عەزیمیە لە کەرەج بکەمەوە. زۆر شتمان لەیەکتردا هاوبەشە. ئێمە ئێران بە ماڵی خۆمان دەزانین.

More News

Most Popular

هەواڵ

وتومانە چەکی ئەتۆمیمان ناوێت

Mic
2025-05-18

ئەمڕۆ، سەرۆککۆماری ئێران، رایگەیاند، ئەوان (ئەمریکا) دەیانەوێت خەڵکی ئێمە دەستیان بە تەکنەلۆلیای نوێ و زانستی سەردەم نەگات، هەربۆیە ئێمە دەستبەرداری تەکنەلۆژیای ئەتۆمیی نابین، بەڵام چەکی ئەتۆمیمان ناوێت و هەوڵی بۆنادەین.


مەسعود پزیشکیان، سەرۆککۆماری ئێران، لە یەکێک لە پانێڵەکانی کۆڕبەندی گفتوگۆی تاران، کە ئەمڕۆ دەستی بەکارەکانی کرد، وتی: پەیامی ئێمە، ئەوەیە کە دەستی دۆستایەتی و هاوڕێیەتی بۆ هەموو لایەک درێژ دەکەین، ئەوەی ترەمپ دەڵێت ئێران سەرچاوەی مەترسییە، راست نییە، ئایا ئێمە خەڵکی مەدەنی دەکوژین، ئێمەین کە دەڵێین بەهێزترین چەکمان هەیە و هەموو جیهان لەناودەبەین، ئێمەین ماڵ بەسەر ژن و منداڵدا دەڕووخێنین(لە غەززە)؟!


پزیشکیان هەروەها وتی: ئێمە لە ناوچەکەدا هەزاران ساڵە پێکەوە دەژین بە ئاشتی، بەڵام دوژمنان چەکمان پێدەفرۆشن بۆ ئەوەی بەرامبەر یەکتریی بەکاریبهێنین.


ئەوەشی خستەڕوو، نابێت دوژمنان ژینگە و سامانی ئێمە لەناوبەرن، ئێمە نامانەوێت هەندێک وڵات لە هەژاریی و جەنگدا بهێڵینەوە و بڵێین خەڵکی ئەو وڵاتە دڕندەن و دەبێت بکوژرێن.


پزیشکیان جەختی لەوەکردەوە، رێبەری ئێمە (ئێران) وتویەتی نامانەوێت چەکی ئەتۆمیمان هەبێت، لەبەرئەوەی لە بڕوا ئاینییەکەی خۆماندا نامانەوێت ئەو کەرەستە کوێرانە و وێرانکەرەمان هەبێت، بەڵام ئەوان بە وڵاتانی ناوچەکە دەڵێن کە تاران نزیکبووەتەوە لە بەرهەمهێنانی چەکی ئەتۆمیی، وەرن لە نزیکەوە چاودێربن کە ئێمەوە ئەوەمان ناوێت، بەڵکو دەمانەوێت نەوەکانی داهاتوو زانستی ئەتۆمییان هەبێت.


ئەم لێدوانەی پزیشکیان دەبێتە یەکێک لە هەڵوێستە روونەکانی دەسەڵاتدارانی تاران لەبەرامبەر دانوستانەکانی نێوان ئەمریکا و ئێران بۆ پرسی تەکنەلۆژیای ئەتۆمی ئێران و دەستوەردانی ئەو وڵاتە لە کاروباری رۆژهەڵاتی ناوەڕاست.


لە وەڵامی پرسیارێکدا سەرۆککۆماری ئێران وتی: "ئێمە دەستهەڵناگرین لە تەکنەلۆژیای ئەتۆمی، دەمێکە ئێمە گەمارۆیان بەسەردا سەپاندوین، راهاتوین، دەتوانن چیتمان بەرامبەر بکەن، ئێمە زانامان هەیە، کەسانێکمان هەیە بەرژەوەندی خەڵکی ئەم وڵاتەیان دەوێت.


ئەوان ئەگەر راست دەکەن کە ئاشتییان دەوێت، ئەی بۆچی چەکەکانی خۆیانمان پێشان دەدەن، ئێمە دەستبەرداری تەکنەلۆژیای ئەتۆمی نابین، بەبێ ئەوەی چەکی ئەتۆمی بەرهەمبهێنین.