هەواڵ

سوپای تورکیا بەنیازنییە لە خاکی عێراق بکشێتەوە

Mic
2025-05-18



ئەمساڵ هیچ کشانەوەیەکی سەربازی تورکیا لە هەرێمی کوردستان بەخۆوە نابینێت و سەربازەکانیشی کەم ناکرێتەوە و سەرەڕای چەکدانان و هەڵوەشاندنەوەی پەکەکە، کە لە ماوەی رابردوودا بیانوویەک بووە بۆ پاساوی هێرشە سەربازییەکانی ئەنقەرە بۆ سەر شار و شارۆچکە سنورییەکانی عێراق.

پارتی کرێکارانی کوردستان – پەکەکە رۆژانی 5 ـ 7ـى ئایار، کۆنگرەی 12ـى خۆی بەست و تێدا بڕیایدا بە چەکدانان و کۆتاییهێنان بە خەباتی چەکداری و هەروەها، هەڵوەشاندنەوەی پەکەکە.

دوای بڕیارەکەی پەکەکە، بەغدا چاوی لەوەیە سوپای تورکیا خاکەکەی جێبهێڵێت و بنکە و بارەگا سەربازییەکانی بپێچیتەوە، بەڵام بە وتەی جەبار یاوەر، ئەمینداری پێشووی وەزارەتی پێشمەرگە، هێزەکانی تورکیا هێشتا لە ناو خاکی عێراقدان لە ڕێگەی چەکدار و ئۆتۆمبێلی سەربازی جۆراوجۆرەوە و تا ئێستا هیچ کشانەوەیەک و جموجۆڵێک نییە بۆ کەمکردنەوەی ئەو هێزانە.

جەبار یاوەر بە "العربي الجديد"ی وتووە، ژمارەی بنکە سەربازییەکانی تورکیا لە ناو خاکی عێراقدا 80 بنکەی تێپەڕاندووە و ژمارەی سەربازانی تورکیا لە هەرێم زیاتر لە پێنج هەزار سەربازە.

ئەوەشی خستەڕوو، لە ئێستادا هەماهەنگی لەنێوان بەغدا و هەولێر هەیە سەبارەت بە مەسەلەی وەرگرتنی چەک لە پارتی کرێکارانی کوردستان و هەروەها کشانەوەی هێزەکانی تورکیا لە خاکی عێراق دوای ئەوە.

ئاماژەی بەوەشکرد کە "پاش کۆتایی هاتنی چالاکییە چەکدارییەکانی پارتەکە و هەڵوەشاندنەوەی خۆی چیتر پاساوێک بۆ بوونی ئەو هێزانە نەماوە و جەختیکردەوە، ئەم مەسەلەیە پێویستی بە هەوڵی دیپلۆماسی گەورە هەیە بۆ چارەسەرکردنی کێشەی نێوان بەغدا و ئەنقەرە.

عەلاوی بنداو، ئەندامی لیژنەی ئاسایش و بەرگری لە پەرلەمانی عێراق  بە رۆژنامەی "العربي الجديد"ی راگەیاند، عێراق چاوەڕوانی هەنگاوەکانی کشانەوەی سوپای تورکیایە لە قۆناغی داهاتوودا، پاش هەڵوەشاندنەوەی پەکەکە هیچ پاساوێک بۆ بوونی سوپای تورکیا لەناو خاکی عێراقدا نەماوە.

بنداوی دەڵێت: بەپێی ئەو زانیاریانەی لە بەردەستیاندایە ئەوە دووپات دەکەنەوە، کە ئەنقەرە بەنیازنییە لە داهاتوویەکی نزیکدا لە خاکی عێراق بکشێتەوە، چونکە دەیەوێت هێزەکانی بهێڵێتەوە و ئامادەیی خۆیان بەهێز بکات بەبێ هیچ کشانەوەیەک، لە چاوەڕوانی هەر حاڵەتێکی لەناکاو کە لە پرۆسەی ئاشتی نێوان تورکیا و پەکەکەدا ڕووبدات.

ئەوەشی وت: ئێمە چاوەڕوانی کشانەوەی خێرای هێزەکانی تورکیا ناکەین سەرەڕای هەوڵەکانی بەغدا بۆ بەدەستهێنانی ئەو ئامانجە و ئەم مەسەلەیە یەکێک بوو لە خاڵە سەرەکییەکانی سودانی لە سەردانەکەی ئەم دواییەدا بۆ ئەنقەرە.

ئاشکرایکرد، کە بەغدا لەگەڵ هەولێر کار دەکات بۆ داڕشتنی پلانێکی سەربازی بەپەلە بۆ کۆنترۆڵکردنی ئەو ناوچانەی کە لەژێر کۆنترۆڵی پارتی کرێکارانی کوردستاندان بۆ دڵنیابوون لەوەی چەکدارەکان ناگەڕێنەوە بۆیان، ئەمەش پەیامی دڵنیاکەرەوە دەنێرێت بۆ ئەنقەرە بۆ هاندانی بۆ کشاندنەوەی بوونی سەربازی لە باکوری عێراق.

ئەحمەد شەریفی، شارەزای کاروباری سەربازی عێراق پێیوایە، هێزەکانی تورکیا لە قۆناغی داهاتوودا کاریگەری سەربازی خۆیان زیاتر بکەن لە جیاتی کشانەوە و سوود لە کەمبوونەوەی کاریگەری ئەندامانی پارتی کرێکارانی کوردستان لە هەندێک ناوچە سنووری و گوندەکان وەربگرن.

لە ناوەڕاستی ساڵەی 90کانەوە سوپای تورکیا بارەگای سەربازی لە بامەڕنی لە سنوری دهۆک جێگیرکردووە، لەوککاتەوە بەردەوام بنکە و خاڵە سەربازییەکانی زیاد دەکات بە بیانوی بوونەی گەریلاکانی پەکەکە، ئەوە جگە لە هێرش و بۆردومانی بەردەوام بۆسەر ناوچە سنورییەکان.

More News

Most Popular

هەواڵ

ناکۆکییەکان تەواو بوون… "هەژماری من" کۆتایی بە چیرۆکی "تەوتین" هێنا

Mic
2025-05-18

"هەژماری من" یەکێک بوو لە ناونیشانی ناکۆکییەکانی بانگەشەی توندی هەڵبژاردنی پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانی کوردستان، بەڵام ئێستا هەردوولا لەسەری کۆکن.

 قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە پشکی یەکێتی لە دوایین لێدوانیدا پشتیوانی بۆ " هەژماری من" راگەیاند و وتی،"پڕۆژەکە دەستبەکار دەبێت". 

قوباد تاڵەبانی باسی لەوەکرد، ئەو نیگەرانییانەی ئەوان لە رابردوو لەسەر پڕۆژەکە هەیان بووە، یەکلابوونەتەوە بۆیە پڕۆژەکە دەستبەکار دەبێت. 

دوایین هەڵبژاردن "هەژماری من" تەوەری گفتوگۆکانی پارتی و یەکێتی بوو، بە بڕیاری مەسرور بارزانی پڕۆژەکە لە نوسینگەکەیەوە گوازرایەوە سەر وەزارەتی دارایی و ئابوری هەرێمی کوردستان.

هەنگاوەکە وەک بەشێک لە لێکتێگەیشتنی پارتی و یەکێتی بۆ پێکهێنانی کابینەی دەیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان جێبەجێ کرا، بەڵام تا ئێستا ئەو هەنگاوە هیچ کاریگەرییەکی ئەوتۆیی لەسەر خێراکردنی گفتوگۆکانی پێکهێنانی حکومەت نەبووە. 
یەکێتی لەسەرو هەموویانەوە، بافڵ تاڵەبانی سەرۆکی حزبەکە لە ماوەی هەڵمەتی بانگەشەی هەڵبژاردندا هەڵمەتێکی چڕیان دژ بە پرۆژەکە ئەنجامدا.

 تەنانەت بە بڕیاری یەکێتی، نوسینگەکانی پرۆژەکە لە ناو بانکە حکومییەکانی سلێمانی داخران و داوا لە هاوڵاتییان کرا لە بانکە فیدراڵییەکانی عێراق "تەوتین" بکەن. 

بەپێی بەدواداچوونەکانی دیجیتاڵ میدیای Mic، دوای کۆتایهاتنی ناکۆییەکانی پارتی و یەکێتی لەسەر " هەژماری من" ئێستا هەنگاوەکانی بەشداربوونی مووچەخۆران لە سنوری سلێمانی، هەڵەبجە، گەرمیان و راپەڕین خێراتر کراوە. 

رێککەوتنی پارتی و یەکێتی بە جۆرێک کۆتایی بە چیرۆکی "تەوتین" لە بانکە فیدراڵییەکانی عێراق هێناوە، ئێستا کەمن ئەو مووچەخۆرانەی باسی "تەوتین" دەکەن، لە کاتێکدا لە رابردوو جیاواز لە خۆپیشاندانەکان فەرمانبەران بە مانگرتن لە خواردن داوای جێبەجیکردنیان دەکرد.