زیاتر لە دوو ساڵە
پەرلەمانی کوردستان ناچالاکە و حکومەتی هەرێمی کوردستان بەبێ هیچ چاودێرییەک کارەکانی
بەڕێدەکات، تائێستاش دیارنییە کەی پەرلەمانی نوێ کارادەبێت.
دوو ساڵە پەرلەمانی
کوردستان، وێرای سوێندخواردنی پەرلەمانتارانی خولی شەشەم هیچ دانیشتنێکی پەرلەمانی
ئەنجامنەدراوە، لە دوای ئەوەی بە بڕیاری دادگای فیدراڵی عێراق کۆتایی بە کارەکانیان
هێنرا کە بەشێوەیەکی نایاسایی تەمەنی خولی پێشووی پەرلەمان درێژکرابوویەوە.
رۆژی 2ی کانوونی
یەکەمی 2024، خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان دەرگاکانی بۆ پێشوازیکردن لە پەرلەمانتاران
کردەوە، پاش ئەوەی ساڵێک و شەش مانگ بوو کۆتا دانیشتنی ئەنجامدا و بە شەڕی دەستە و
یەخەی پەرلەمانتارانی پارتی و یەکێتی کۆتاییهات.
کرانەوەی دەرگاکانی
پەرلەمان بەڕوی پەرلەمانتاراندا، بۆ تاتوێکردنی پرسە هەنوکەیی و پێشهات و گۆڕانکارییەکان
نەبوو، بەڵکو تەنها بۆ سوێندخواردنی پەرلەمانتارانی خولی شەشەمی پەرلەمان بوو.
پەرلەمانی
کوردستان لەو کاتەوە، دەرگاکانی بۆ هیچ دانیشتنێک نەکراونەتەوە و دیاریش نییە کەی
کارا دەبێتەوە و دەتوانێت چالاکییەکانی دەستپێبکاتەوە.
ڕۆژی 30ـی ئایاری
2023، دادگای فیدراڵی فیدراڵی عێراق لەسەر بنەمای دوو سکاڵای یوسف محەمەد، سەرۆکی
خولی چوارەمی پەرلەمانی کوردستان و جوڵانەوەی نەوەی نوێ، بڕیاریدا بە کۆتاییهێان بە
کارەکانی پەرلەمانی کوردستان. دادگاکە ڕاشیگەیاند،" هەر بڕیارێک لە 6ـی تشرینی
دووەمی2022ـەوە لە پەرلەمانی کوردستانەوە دەرچووبێت نایاسایی و نادەستوورییە".
ئەگەرچی سەرۆکایەتییەکانی
دیکەی هەرێمی کوردستانیش لە پەرلەمانەوە متمانەیان وەرگرتووە و شەرعیەتی ئەوانیش دەکەوێتە
ژێرپرسیارەوە، بەڵام هەرێمی کوردستان تەنها بە کۆتایهێنان بە کارەکانی پەرلەمانەوە
پابەندبوو.
حکومەت بەبێ
چاودێری
ماددەی 56ـی یاسای
هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان، ئەرکەکانی پەرلەمانی کوردستانی بەسەر چەند خاڵیکدا
دابەشکردووە، کە گرنگترینیان یاسادانان و چاودێریکردنی کارەکانی دەسەڵاتی جێبەجێکردنە
(حکومەت) لەگەڵ متمانەدان بە سەرۆکی حکومەتی نوێ و وەزیرانی کابینەکەی، پەرلەمانی
کوردستان دەسەڵاتی متمانەدان بە حکومەتی هەیە و دەسەڵاتیشی هەیە متمانە لە حکومەت
وەربگرێتەوە.
لە دوای بڕیارەکەی
دادگای فیدراڵی، پەرلەمانی کوردستان هیچ کام لەم ئەرکانەی جێبەجێنەکردووە و هەموو
چالاکییەکانی راگرتووە، دەسەڵاتی جێبەجێکردنی هەرێمی کوردستانیش بەبێ چاودێریکردن
کارەکانی بەردەوامە.
حکومەتی هەرێمی
کوردستان بەبێ چاودێری پەرلەمان، تاوتوێی چارەسەرکردنی کێشە داراییەکانی لەگەڵ بەغداد
کردووە، گرێبەستەکانی نەوتی نوێکردووەتەوە کە بە وتەی خۆیان بۆ ماوەی 25 ساڵ بەردەوام
دەبن.
لە ساڵانی
رابردوودا، هێزە ئۆپۆزسیۆنەکان، حکومەتیان ناچارکرد پابەندی شەفافیەت بێت لەبەردەم
پەرلەماندا و سەرجەم گرێبەستەکانی سامانە سروشتییەکان بهێنرێنە ناو پەرلەمان،
بەڵام ئەمجارە لە غیابی پەرلەماندا گرێبەستێک واژۆکراوە کە مشتومڕی زۆری لەگەڵ
بەغداد دروستکردووە.
بەشێک لە هاونیشتمانیان
بۆچوونیان وایە، پەرلەمانی کوردستان لە کاتی کارابوونیشدا نەیتوانیووە وەک پێویست
ئەرکەکانی جێبەجێ بکات و بەردەوام لە بەردەم دەسەڵاتی جێبەجێکردندا لاواز بووە.
بەشێکی دیکەش لە
خەڵک، وێرای ڕەخنەکانیان لە پەرلەمان، بەڵام هێشتا بوونی بە گرنگ دەزانن و بۆچوونیان
لەو کەسانەوە نزیکە کە ڕۆڵی پەرلەمان بە گرنگ دەبینن.
چارەنوسی پەرلەمانی
نوێ دیار نییە
ئەگەرچی 20ـی
تشرینی یەکەمی 2024، هەڵبژاردنی خولی شەشەمی ئەنجامدرا، بەڵام بەهۆی رێککنەکەوتنی
لایەنەکانەوە بە تایبەت پارتی و یەکێتی نەتوانراوە دەستەی سەرۆکایەتی پەرلەمان هەڵبژێردرێت
تا پەرلەمان دەست بە چالاکییەکانی بکات.
بەپێی
ئامارى کۆمسیۆنى باڵاى سەربەخۆى هەڵبژاردنەکان، لە نوێکردنەوە کارتى بایۆمەترى دەنگداندا،
پارێزگاى بەغداد لەسەر ئاستى عێراق لە پلەى یەکەمدایە، لەسەر ئاستى هەرێمى
کوردستان هەولێر لەپێش پارێزگاکانى دیکەوەیە.
کۆمسیۆنى
باڵاى سەربەخۆى هەڵبژاردنەکانی عێراق بڵاویکردەوە، تا ئێستا لەسەرتاسەرى عێراق و هەرێمى
کوردستان ملیۆنێک و 613 هەزار و 421 دەنگدەر تۆمارەکانیان نوێکردووەتەوە
بەپێی
ئامارەکە، پارێزگاى بەغداد لە نوێکردنەوەى تۆمارى دەنگدەران لە پلەى یەکەمدایە بە
زیاتر لە 346 هەزار دەنگدەر، پاشان نەینەوا دێت بە 237 هەزار و 90 دەنگدەر.
لەسەر
ئاستى پرێزگاکانى هەرێمى کوردستان، هەولێر لە پلەى یەکەمدایە بە 116 هەزار و 724 دەنگدەر،
پاشان سلێمانى بە 85 هەزار و 464 دەنگدەر، دهۆک بە 60 هەزار و 422 دەنگدەر.
بەپێی ئامارەکانى کۆمسیۆنى
باڵاى سەربەخۆى هەڵبژاردنەکان 29 ملیۆن و 118 هەزار کەس مافى دەنگدانیان هەیە لە هەڵبژاردنى
داهاتوو، لەو ژمارەیە، نزیکەى 20 ملیۆنیان خۆیان لە سیستمى بایۆمەترى دەنگدان تۆمارکردووە .
بەپێی بڕیاری کۆمسیۆن،
پڕۆسەى نوێکردنەوەى تۆمارى بایۆمەترى دەنگدان، لە 25 ى ئازارەوە دەستیپێکردووە و
تا 15 ى حوزەیران بەردەوام دەبێت.
بڕیارە لە رۆژی 11ـی
تشرینی دووەمی 2025 هەڵبژاردنی پەرلەمانى عێراق بەڕێوەبچێت، حێراق کراوە بە 18 بزنەی هەڵبژاردن و هەر بارێزگایەک بەزنەیەکی هەڵبژاردن
دەبێت.