لەم چەند ساڵەی دواییدا ئەوەندەی ئاگادار بین، کۆمەڵێک لە دایکان و باوکان ئەوەندەی گرنگی بە بەرواری لە دایک بوونی منداڵەکانیان دەدەن ئەوەندە گرنگی بە تەندروستی منداڵەکانیان نادەن، بەلایانەوە گرنگ نیە لە داهاتوودا منداڵەکانیان تووشی چی دەرەنجامێکی خراپی تەندروستی دەبێتەوە. بێجگە لەوەی دایکانیش بەشێک دەبن لەو مەترسییە لەسەر تەندروستیان.
ئەمەش بۆ دوو هۆکار دەگەڕێتەوە :
یەکەم - ئاستی هۆشیاری دایک و باوک لەسەر بابەتی تەندروستی و نەزانینی کاریگەرییە خراپییەکانی لە دایکبوونی پێش وەخت.
دووەم - سیستەمێکی ناتەندروست لە کۆمەڵێک لە نەخۆشخانەکان بە تایبەت نەخۆشخانە تایبەتەکان کە بەداخەوە لە لایەن کۆمەڵێک پزیشکەوە لە بەرامبەر پارەدا ئەم نەشتەرگەرییانە ئەنجام دەدرێت. بێ ڕەچاوکردنی لایەنی تەندروستی منداڵ و دایکەکە.
لە ڕووی زانستییەوە منداڵ پێویستە بۆ ماوەی ٣٧ بۆ ٤٠ هەفتە لە سکی دایکیدا تەواو بکات ، ئەمەش هۆکارەکەی بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە لەو ماوەیەدا پێویستە هەموو ئەندامەکان بە تەواوی ئامادە بن بۆ دوای لە دایک بوون بە تایبەت مێشک و سییەکان کە زۆر گرنگن و لە ئەگەری زوو لە دایک بوونیاندا کێشە تەندروستیان لەم دوو ئەندامەدا بە تایبەت دروست دەبێت. ئەگەر هەر منداڵێک پێش ٣٧ هەفتەیی لە دایک ببێت پێ دەوترێت لە ( دایک بوونی پێش وەخت ) واتە منداڵێک کە پێش کاتی خۆی لە دایک بووبێت.
کۆمەڵێک لەو کێشە تەندروستییانەی کە تووشی منداڵەکان دەبن
١.کێشەی لە سییەکاندا دروست دەبێت ، بەهۆی تەواو پێنەگەیشتن ( Immature respiratory system ) ئامادە نەبوونی سییەکان کە دواتر پێویستی بە ژووری چاودێری منداڵی نەبەکام ( NICU ) دەبێت.
٢. لە دایک بوونی پێش وەختە هۆکارێکیشە بۆ دروست بوونی مەترسی لەسەر مێشک کە دەکرێت تووشی ( Intraventricular Hemorrhage ) خوێن بەربوونی ناوەوەی مێشک ببێت.
٣.کێشە لە پلەی گەرمی جەستەی منداڵەکەدا ، بەهۆی ئەوەی منداڵەکە چەوری پێویستی نیە لە جەستەدا بۆ هێشتنەوەی پلەی گەرمی جەستەی نیە ، کە ئەمەش دەبێتە دابەزینی پلەی گەرمی جەستەی و دروست بوونی کێشە لە هەناسەدان.
٤.هۆکارێکە بۆ کەم خوێنی و کەمی خڕۆکە سوورەکانی جەستە و بەرزبوونەوەی ڕێژەی بیلیرۆبین لە خوێندا کە دەبێتە هۆی زەردوویی لە منداڵاندا.
٥.دابەزینی سیستەمی بەرگری جەستە کە دەبێتە هۆی ئەوەی منداڵەکە زۆرتر تووشی هەوکردن لە جەستەدا ببێتەوە.
٦.کاریگەری لەسەر دەروون دروستی منداڵەکە دەبێتەوە دەکرێت تووشی کۆمەڵێک حاڵەتی بکاتەوە لەوانە ئۆتیزم.
٧. لە دواتردا دەکرێت منداڵەکە تووشی کێشەی فێربوون و بینین ، و کۆمەڵێک کێشەی تر ببێتەوە کە کاریگەریی لەسەر منداڵەکە دەبێت.
پێویستە دایکان و باوکان زیاتر هۆشیار بن لەسەر تەندروستی منداڵەکانیان ، بزانن کە لە دایک بوونی پێش وەختە تا چەند کاریگەریی لەسەر تەندروستی منداڵەکانیان دەکات ، هیوادارم گرنگترین شت لای دایکان و باوکان تەندروستی منداڵەکانیان بێت نەوەک چاولێکەری و جوانی بەرواری لە دایک بوونی منداڵەکانیان ، کە دەکرێت کاریگەرییەکی هەمیشەیی لەسەر تەندروستی منداڵەکانیان دروست بکات.
ساسان محمد یعقوبی
بەکالۆریۆس لە تەندروستی گشتی
ماستەر لە کۆلێژی پزیشکی
بەرپرسی دیسکی تەندروستی MIC
چەکدانان و سوتاندنی لەلایەن ژمارەیەک گەریلای پەکەکەوە کۆتایی بە هێرشەکانی تورکیا لە هەرێمی کوردستان نەهێنا و هێرشەکان دەستییان پێکردەوە، ئەردۆغانیش دەڵێت، "پڕۆژەی تورکیای بێ تیرۆر دەرئەنجامی قۆناغێکی دانوستان و یان وەرگرتن و بەخشینێک نەبووە".
کەمتر لە 24 کاتژمێر دوای مەراسیمی چەکدانانی 4 فەرماندە و 26 گەریلای پارتی کرێکارانی کوردستان - پەکەکە، تورکیا هێرشی سەربازی لە هەرێمی کوردستان ئەنجامدا.
بەپێی ئەو زانیارییانەی رێکخراوی cptـی ئەمریکی بڵاویکردەوەتەوە، تۆپخانەکانی سوپای تورکیا 5 جار تۆپبارانی (گەلی مێوین و گەلی قەچۆ)یان لە دەڤەری نهێلێ لە سنوری قەزای ئامێدی کردووە.
بەپێی ئەو ئامارانەی لەلایەن ئەو رێخکراوەوە بڵاوکراونەتەوە، لە 1ـی کانوونی دووەم بۆ 30ـی حوزەیران، سوپای تورکیا هەزار و 678 هێرش و بۆردوومانی بۆ سەر خاکی هەرێمی کوردستان ئەنجامداوە.
هەزار و 484 هێرش بۆ سەر سنوری پارێزگای دهۆک، 140 هێرش بۆ سەر سنوری پارێزگای هەولێر، 5 هێرش بۆ سەر سنوری پارێزگای سلێمانی و سفر هێرشیش بۆ سەر سنوری پارێزگای نەینەوا بووە.
بە هۆی هێرش و بۆردوومانەکانی سوپای تورکیا لە شەش مانگی یەکەمی ئەمساڵدا، 3 هاوڵاتی شەهید و 6 هاوڵاتی تری مەدەنی برینداربوون.
لە شەش مانگی یەکەمی ئەمساڵدا، سوپای تورکیا هەزار و 232 هێرشی لە ڕێگەی تۆپباران،397 هێرشی لە ڕێگەی فڕۆکەی جەنگی و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان، 43 هێرشی لە ڕێگەی هەلیکۆپتەر، 5 هێرشی لە ڕێگەی بەکارهێنانی چەکی سوک و 1 هێرشی لە ڕێگەی تەقینەوە ئەنجامداوە.
بە تەنها لە مانگی حوزەیراندا، سوپای تورکیا، 550 هێرشی بۆ سەر هەرێمی کوردستان ئەنجامداوە کە 541 هێرشیان بۆسەر سنوری پارێزگای دهۆک و 9 هێرشیان بۆ سەر سنوری پارێزگای هەولێر بوون، بە بەراورد بە مانگی ئایار، ژمارەی هێرشەکان لە مانگی حوزەیراندا بە ڕێژەی (٨٪) زیادیانکردووە.
لە دوای ڕاگەیاندنی ئاگربەستی یەکلایەنەی پەکەکە لە مانگی ئازاردا، سوپای تورکیا هیچ هێرش و بۆردوومانێکی بۆ سەر سنوری پارێزگای سلێمانی ئەنجامنەداوە.
ئەگەرچی پەکەکە ئاگربەستی تاک لایەنەی راگەیاندووە و یەکەم گروپی چەکی داناوە و سوتاندوویەتی، بەڵام تورکیا لەگەڵ ئەوەی هیچ هەنگاوێکی نەناوە، بەڵکو هێرشەکانیشی بۆ سەر پەکەکە رانەگرتووە.
رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆککۆماری تورکیا لە یەکەم وتاریدا لەبارەی چەکدانانی ژمارەیەک گەریلای پەکەکەوە رایگەیاند، پڕۆژەی تورکیای بێ تیرۆر دەرئەنجامی قۆناغێکی دانوستان یان وەرگرتن و بەخشینێک نەبووە، با ھەمووان دڵنیابن لەوەی ڕێگە نادەین شکۆی دەوڵەتی کۆماری تورکیا پێشێل بکرێت، ھەرگیز سەری دانانەوێنین، بەم تێگەیشتنە چاودێری پرۆژەی تورکیای بێ تیرۆرمان دەکەین".
دەم پارتی و پەکەکە چاوەڕوانی هەنگاوی کرداری لە تورکیا دەکەن، زۆرینەی ئومێدەکانیان لەسەر لیژنەیەک هەڵچنیووە کە بڕیارە لە پەرلەمان دەستبەکار بێت.
سەرۆککۆماری تورکیا سەبارەت بە دروستکردنی ئەو لیژنەیە ئاماژەی بۆ ئەوەکرد، وەک ھەنگاوی یەکەم لە پەرلەمانی تورکیا کۆميسیۆنێک دادەمەزرێنین و دەست دەکەین بە گفتوگۆکردن لەسەر پێداویستییە یاساییەکانی پرۆسەکە.
پرۆسەی ئاشتی و چەکدانانی پەکەکە
پرۆسەی نوێی ئاشتی لە تورکیا و باکوری کوردستان، لە کۆتایی ساڵی 2024 بە دەستپێشخەری دەوڵەت باخچەلی سەرۆکی مەهەپە دەستیپێکرد، دواتر عەبدوڵا ئۆجالان رێبەری زیندانیکراوی پەکەکە وەڵامی داواکارییەکەی دایەوە و داوای خۆهەڵوەشاندنەوەی لە پەکەکە کرد
پەکەکە لە رۆژانی 5- 7ی ئەم مانگە کۆنگرەی 12ی خۆی بەست و دواتر رایگەیاند، بڕیاریانداوە چەک دابنێن و خۆیان هەڵبوەشێننەوە، رۆژی 11ـی تەمووز لە رێوڕەسمێکدا لە ئەشکەوتی جاسەنە لە ناوچەی سوورداشی سەر بە پارێزگای سلێمانی، گرووپێکی 30 کەسیی گەریلاکانی پەکەکە چەکەکانیان دانا و سوتاندیان.