هەواڵ

خەرجییەکانی سیستمی ئەی ئای بۆ پێشبینی کەشوهەوا هەزار هێندەی سیستمە کارپێکراوەکانی ئێستا هەرزانتر دەکەوێت

Mic
2025-05-25


پەرەپێدانی توانای پێشبینی هاتنی شەپۆلی گەرما، خۆڵبارین و زریانەکان و کەمکردنەوەی خەرجییەکان بۆ گەیشتن بە ئەنجامی لێکۆڵینەوە ژینگەییەکان، وایکردووە لە کۆمپانیا و دامەزراوەکان کە پەنا ببەن بۆ زیرەکی دەستکرد و دەستەبەرکردنی زۆرترین زانیاریی لە کەمترین کاتدا، بەوپێیەی مەترسییە ژینگەییەکان و زیانەکانیان تا دێت زیاتر دەبن.

لە ساڵی 2023 کۆمپانیای هواوی پێشکەوتنی سەرەتایی بەدەستهێنا لەبواری بەکارهێنانی زیرەکی دەستکرد بۆ زانینی پێشبینییە ژینگەییەکان، کۆمپانیاکانی گوگڵ و مایکرۆسۆفت بڕیاریاندا AIبەکاربهێنن بۆ بەرزکردنەوەی توانای بەرهەمهێنانی پێشبینی ژینگەیی وردتر لە چەند خولەکێکدا، چونکە بە رێگا کۆنەکە پێشبینیکردن چەند کاتژمێرێک دەخایەنێت.

لە مانگی کانوونی دووەمی ساڵی ڕابردوودا کۆمپانیای گووگڵ ڕایگەیاند، کە مۆدێلی GenCastی خۆی کە لەسەر داتای مێژوویی راهێنراوە، توانای پێشبینیکردنی کەشوهەوا و دیاردە توندەکانی کەشوهەوا لە ماوەی 15 رۆژدا بە وردبینییەکی بێهاوتای نیشانداوە. ئەگەر کۆمپانیای جینکاست لە ساڵی 2019دا کارا بکردایە، ئەوا پێشبینییەکانی ئاماژە جیهانییەکانی سەنتەری ئەوروپی بۆ پێشبینییەکانی کەشوهەوای تێدەپەڕاند، رێژەی وردی پێشبینییەکانی دەگەیشتە 97٪.

مۆدێلێکی دیکە بەناوی ئاورۆرا، لەلایەن تاقیگەیەکی مایکرۆسۆفتەوە لە ئەمستردام بە بەکارهێنانی زانیارییە مێژووییەکان دروستکراوە، بووە یەکەم مۆدێلی AI کە پێشبینی رێڕەوی زریانەکان بکات، پێشبینییەکانی 5 رۆژ پێشتر پێشبینییەکانی خستووەتەڕوو بەراورد بە کارەکانی حەوت ناوەندی پێشبینیکردن لە جیهاندا.

لە ساڵی 2023، زریانی دوکسوری لە زەریای هێمن روویدا، زیانەکانی 28 ملیار دۆلار تێپەڕاندووە، سیستمی زیرەکی ئاورۆرا توانی چوار ڕۆژ پێشتر پێشبینی هاتنی زریانەکە بکات بۆ فلیپین، لەکاتێکدا پێشبینییە فەرمییەکانی ئەو کاتە ئاماژەیان بەوە کردووە کە بەرەو باکووری تایوان دەڕوات.

زۆرێک لە وڵاتان سیستەمی ئاگادارکردنەوەی متمانەپێکراویان نییە، بۆ ئەو دیاردە سروشتییانەی روودەکاتە وڵاتەکەیان، وەکو خۆڵبارین، زریان و گەردەلول، هەر بۆیە بەگەڕکەوتنی ئەم سیستمە زیرەکانە قەبارەی زیانەکان زۆر کەمتر دەکاتەوە.

لۆری ڕینۆ، توێژەری AI لە دەزگای کەشناسی فەرەنسی رایگەیاندووە، پێشبینی دەکرا رۆژێک مۆدێلەکانی AIرکابەریی مۆدێلە کلاسیکییەکان بکەن، بەڵام "کەس پێیوانەبوو کە ئەوەندە خێرا رووبدات".

سەنتەری ئەوروپی بۆ پێشبینییەکانی کەشوهەوا، خەریکی پەرەپێدانی مۆدێلی زیرەکی دەستکردی خۆیەتی، کە خەرجییەکانی نزیکەی هەزار جار کەمترە لە لە مۆدێلی تەقلیدی.

ئەم مۆدێلەی AI لە ئێستادا پێشبینیەکان بە قەبارەی نزیکەی 30 کیلۆمەتر چوارگۆشە بەرهەم دەهێنێت، کە بە دڵنیاییەوە کەمتر وردە لە مۆدێلی ئاورۆرا (نزیکەی 10 کیلۆمەتر چوارگۆشە)، بەڵام یەکەم وەشانی لە ئێستاوە کاردەکات و لە مانگی شوباتەوە لەلایەن کەشناسی ناوخۆییەوە کە بەرپرسیارن لە ئامادەکردنی ئاگادارکردنەوە بۆ دانیشتووان بەکارهێنراوە.

ئەم پێشبینیانە بە خێرایی نامێنن، بەپێی وتەی لۆری ڕینۆ، کە دەڵێت "هەمیشە پێویستمان بە کەشناسی دەبێت بۆ هەڵسەنگاندنی داتاکان".

فلۆرانس ڕابی جەخت لەوە دەکاتەوە: “کاتێک باس لە پاراستنی مرۆڤ و موڵک و ماڵی دەکرێت، پێموانییە بتوانین بەبێ شارەزایی مرۆڤایەتی بکەین”.

More News

Most Popular

هەواڵ

د.سەربەست محەمەد: لە 24 ساڵدا نزیکەی هەزار و 800 تەرمی کۆچبەرانمان ناردوەتەوە

Mic
2025-05-27


نوێنەری پارتی دیموکراتی کوردستان لە یۆنان ئاشکرایدەکات، لە ساڵی 1996ەوە تەرمی نزیکەی 1800 کۆچبەریان لە کەناراوەکان یۆنانەوە هێناوەتەوە بۆ هەرێمی کوردستان.

د.سەربەست محەمەد زاخۆیی، نوێنەری پارتی دیموکراتی کوردستان لە یۆنان، لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ رۆژنامەی خەبات رایگەیاند، وەکو پارتی هەوڵێکی زۆرمانداوە و ئێستا کونسوڵخانەکان بە گشتی و کونسوڵخانەی یۆنان بەتایبەتی (لە هەرێمی کوردستان) بە رێژەیەکی زۆر ڤیزا دەدەن، پێویست ناکات هیچ کەسێک گیانی خۆی بخاتە مەترسییەوە.

د. سەربەست وتی: "ئەوەی بیەوێت، لە هەولێرەوە بە فڕۆکە بە دوو کاتژمێر نیو دەگاتە یۆنان"، ئێستا یەک هێڵی فڕۆکەوانیی هەیە، لە هەوڵی ئەوەداین هێڵێکی دیکەش بکەینەوە تا کێبڕكێ دروستبێت و نرخی بیلی فڕۆکە هەرزانتربێت.

سەبارەت بە پەیوەندی نوێنەرایەتییەکەیان بە باڵیۆزخانەی عێراق لە ئەسینای پایتەختی یۆنان، د.سەربەست دەڵێت: "زۆرجار باڵیۆزی عێراق داوای دیداری لە من کردووە و نەچوم، ئێمە مۆری خۆمان هەیە و لەم وڵاتە بە فەرمیی کاری پێدەکرێت، بۆیە ئەو پەیوەندییەمان بە پێویست نەزانیوە" و کار بۆ هەموو کوردێک دەکەین بەبێ جیاوازیی بۆ هەموو بەشەکانی کوردستان.

نوێنەری پارتی دیموکراتی کوردستان، مێژویی پەیوەندییەکانی نێوان کورد و یۆنان بۆ 320 ساڵی پێش زاین دەگێڕێتەوە و دەڵێت: (رۆکسانا - رەوشەن) ژنی ئەسکەندەری مەکدۆنی بووە، پاش ئەوەی لەگەڵ سوپاکەی هاتووەتە هەولێر، "بۆیە ئێستاش لە هەموو یۆناندا کورد ناسراوە و رێزێکی زۆری لێدەگیرێت".