هەواڵ

عێراق عەوداڵی غازی سروشتییە بۆ بەرهەمهێنانی کارەبا

Mic
2025-05-25

دوای دوو مانگ لە نەکڕینی غاز لە ئێران، وەزیری کارەبای عێراق جارێکی دیکە گەیشتەوە تورکمانستان، بە مەبەستی رێککەوتن لەگەڵ ئەو وڵاتە بۆ دابینکردنی غاز و پڕکردنەوەی پێویستییەکانی عێراق لە بواری غازی سروشتیدا.

ئەمڕۆ، زیاد عەلی فەدحیل، وەزیری کارەبای عێراق، بەمەبەستی خێراکردنی جێبەجێکردنی گرێبەستی دابینکردنی غاز لە تورکمانستانەوە بۆ عێراق، گەیشتە عیشق-ئابادی پایتەختی ئەو وڵاتە.

نوسینگەی ڕاگەیاندنی وەزیری کارەبای عێراق، ئاشکرایکردووە، "سەردانەکە لەچوارچێوەی پتەوکردنی هاریکاریی دووقۆڵی و جێبەجێکردنی رێککەوتنەکانی هاوردەکردنی غازی تورکمانستاندایە، کە یارمەتیدەر دەبێت لە پاڵپشتیکردنی سیستەمی کارەبای نیشتمانی".

حکومەتی ئەمریکا رۆژی 8ی ئازاری 2025 کۆتایی هێنا بەو چاوپۆشییەی بەهۆیەوە عێراق دەیتوانی غاز لە ئێران بکرێت، بەمەبەستی کارپێکردنی وێستگەکانی کارەبا، ئەوەش قەیرانی گەورەی بۆ بەغداد دروستکرد.

ئەمریکا لە چوارچێوەی سیاسەتی "زۆرترین فشار"ی ئیدارەی ترەمپ لە دژی تاران، هەموو جۆرە وەبەرهێنانێک و فرۆشتنی سوتەمەنی لە ئێران قەدەغەکردووە.

ساڵانێکی زۆرە عێراق پشتی بە هاوردەکردنی کارەبا و غاز لە ئێرانەوە بەستووە، بەتایبەتی لە مانگەکانی هاویندا کە خواست بۆ کارەبا لە لوتکەدایە، ئەمەش پشتی بە لێخۆشبونی بەردەوامی ئەمریکا دەبەستێت، کە ساڵانە چەندین جار بڕیاری لێدەدرا.

لە تشرینی یەکەمی ساڵی 2024 عێراق ڕێککەوتنێکی لەگەڵ تورکمانستان واژۆکرد بۆ هاوردەکردنی غاز بە بڕی 20 ملیۆن مەتر سێجا لە ڕۆژێکدا، لە ڕێگەی تۆڕی بۆرییەکانی ئێرانەوە، بەڵام کێشەی تەکنیکی هێشتا رێگرە لە هاتنی غازە هاوردەکراوەکە.

پچڕانی غازی ئێران، بوەتەهۆی لەدەستدانی هەشت هەزار مێگاوات لە سیستەمی کارەبای عێراقدا، هەربۆیە حکومەت پلانێکی بەپەلەی داناوە بۆ کڕینی کارەبا لە میسر، ئوردن و تورکیا، کڕینی غاز لە وڵاتانی کەنداو هەروەها بەگەڕخستنی غازی کێڵگە نەوتییەکانی بەسرە بەمەبەستی پڕکردنەوەی پێداویستی ناوخۆیی بۆ غاز.

لەنێو پلانەکانی حکومەتی عێراقیدا، بەهیچ جۆرێک ئاماژە بەوە نەکراوە کە لەگەڵ هەرێمی کوردستان هاوئاهەنگی بکات بۆ وەبەرهێنان لە کێڵگە غازییەکانی ناوخۆ، کە لە چەند رۆژی رابردوودا وەزارەتی نەوتی عێراق دژایەتی خۆی بۆ بەگەڕخستنی ئەو سامانە سروشتییە ناوچەی گەرمیان دەربڕیی، کاتێک دوو گرێبەست لەگەڵ چەند کۆمپانیایەکی ئەمریکا کرا بۆ ئەو مەبەستە.

More News

Most Popular

هەواڵ

بەغدا لە پلەی یەکەمدایە.. ملیۆنێک 613 هەزار کەس کارتی دەنگدانیان نوێ کردووەتەوە

Mic
2025-05-28

بەپێی ئامارى کۆمسیۆنى باڵاى سەربەخۆى هەڵبژاردنەکان، لە نوێکردنەوە کارتى بایۆمەترى دەنگداندا، پارێزگاى بەغداد لەسەر ئاستى عێراق لە پلەى یەکەمدایە، لەسەر ئاستى هەرێمى کوردستان هەولێر لەپێش پارێزگاکانى دیکەوەیە.

کۆمسیۆنى باڵاى سەربەخۆى هەڵبژاردنەکانی عێراق بڵاویکردەوە، تا ئێستا لەسەرتاسەرى عێراق و هەرێمى کوردستان ملیۆنێک و 613 هەزار و 421 دەنگدەر تۆمارەکانیان نوێکردووەتەوە

بەپێی ئامارەکە، پارێزگاى بەغداد لە نوێکردنەوەى تۆمارى دەنگدەران لە پلەى یەکەمدایە بە زیاتر لە 346 هەزار دەنگدەر، پاشان نەینەوا دێت بە 237 هەزار و 90 دەنگدەر.

لەسەر ئاستى پرێزگاکانى هەرێمى کوردستان، هەولێر لە پلەى یەکەمدایە بە 116 هەزار و 724 دەنگدەر، پاشان سلێمانى بە 85 هەزار و 464 دەنگدەر، دهۆک بە 60 هەزار و 422 دەنگدەر.

بەپێی ئامارەکانى کۆمسیۆنى باڵاى سەربەخۆى هەڵبژاردنەکان 29 ملیۆن و 118 هەزار کەس مافى دەنگدانیان هەیە لە هەڵبژاردنى داهاتوو، لەو ژمارەیە، نزیکەى 20 ملیۆنیان خۆیان لە سیستمى بایۆمەترى دەنگدان تۆمارکردووە .

بەپێی بڕیاری کۆمسیۆن، پڕۆسەى نوێکردنەوەى تۆمارى بایۆمەترى دەنگدان، لە 25 ى ئازارەوە دەستیپێکردووە و تا 15 ى حوزەیران بەردەوام دەبێت.

بڕیارە لە رۆژی 11ـی تشرینی دووەمی 2025 هەڵبژاردنی پەرلەمانى عێراق بەڕێوەبچێت، حێراق کراوە بە 18 بزنەی هەڵبژاردن و هەر بارێزگایەک بەزنەیەکی هەڵبژاردن دەبێت.