گەنجێکی خەڵکی سۆران، بەرەبەیانی
8ی حوزەیران لە شاری هەولێر گیانی لەدەستدا، "پاش ئەوەی دەرمانێکی خواردووە کە
بەهۆی زیرەکی دەستکردەوە دۆزیویەتیەوە و بەکاریهێناوە".
گەنجەکە ناوی زەکەریا سەلمان-ە، خوێندکاری قۆناغی دووەمی کۆلێژی
ئەندازیارییە لە زانکۆی سەڵاحەدین و دانیشتوی سۆرانە، لە یەکەم رۆژی جەژندا هەسی
بە ئازارێک کردووە لە جەستەیدا، خۆی لە ئینتەرنێت زیرەکی دەستکردی بەکارهێناوە بۆ
دەستنیشانکردنی نەخۆشییەکەی خۆی و پێشنیازکردنی دەرمانی گونجاو بۆ نەخۆشییەکەی.
ئەگەرچی زیرەکی دەستکرد
بەردەوام رێنمایی بەکارهێنەرانی دەکات سەردانی پزیشکی پسپۆڕبکرێت، بەڵام دیارە تاکلایەنە
گەنجەکە بڕیاری بەکارهێنانی دەرمانەکەیداوە.
کەسوکارەکەی ئاماژەیان بەوەکردووە، پاش ئەوەی کوڕەکەیان دەرمانەکەی
بەکارهێناوە، دواتر باری تەندروستی تێکچووە و گەیەنراوەتە نەخۆشخانە و تیمە پزیشکییەکان
نەیانتوانیوە کۆنترۆڵی تەندروسی بکەن و گیانی لەدەستداوە.
ئەگەرچی هێشتا زانیاری فەرمی لەوبارەیەوە بڵاونەکراوەتەوە و جۆری
نەخۆشییەکەی ئاشکرانەکراوە، بەڵام کەسوکارەکەی زانیارییەکانیان پشتڕاستکردووەتەوە.
نیوەڕۆی ئەمڕۆ، 9ی حوزەیران، فڕۆکەیەکی مەدەنی لەناو فڕۆکەخانەی بەغداد ئاگری گرت، پاش ئەوەی ژمارەیەکی زۆر گەشتیاری لە بەیروتی پایتەخی لوبنانەوە گواستبویەوە بۆ شاری بەغداد.
کەناڵی روسیا تودەی، ئاشکرایکردووە، ئەو فڕۆکەیە پاش ئەوەی لە فڕۆکەخانەی بەغداد نیشتووەتەوە، سەرنشینەکانی داگرتووە کە زیارەتکاری شیعە بوون و لە لوبنانەوە سەردانی بەغدادیان کردووە.
بڕیارە لە چەند رۆژی داهاتوودا رێورەسمەکانی مەراسیمی غەدیر بەڕێوەبچێت کە ساڵانە لە مەزارگە و شوێنە ئاینییە پیرۆزەکانی ئاینزای شیعە بەڕێوەبچێت.
ئیدارەی فڕۆکەخانەکانی عێراق، لە بەیاننامەیەکدا ئاماژەی بەوەکردووە کە فڕۆکەکە سەر بە هێڵێ ئاسمانی ئور بووە و کاتێک ویستویەتی بفڕێت دوچاری کێشەی تەکنیکی بووە و زۆر بە خێرایی توانراوە ئاگرەکە کۆنترۆڵبکرێت و فڕۆکەی بەدیل بۆ گەشتەکە دابینکراوە.
هەروەها جەخت لەوەکراوەتەوە کە بەهۆی روداوەکەوە هیچ گەشتێک دوانەکەوتووە و تەندروستی سەرجەم سەرنشینەکان باش بووە و گەشتەکەیان ئەنجامداوە.