ئاژانسی هەواڵی فەرمانی ئێران ئاشکرایکرد، ئەمڕۆ، شەممە، ئایەتوڵا
خامنەئی، رێبەری باڵای شۆڕشی ئیسلامی ئێران، بڕیارێکی پەسەندکردووە بۆ لێخۆشبوون
لە دەیان زیندانیی لە وڵاتەکەدا.
بڕیاری لێخۆشبوونەکە هاوکاتە لەگەڵ دەستپێکردنی جەژنی غەدیر و
داخوازیی دەزگای قەزائی ئێران بۆ دەرکردنی بڕیارەکە.
بەگوێرەی ماددەی
110ی ماددەی 111ی دەستوور، حوجەتولئیسلام عیجیی داوای لێخۆشبوون یان گۆڕینی سزای بۆ
هەزار و 705 سزادراو لە دادگا گشتیی و شۆڕشگێڕییەکان، دەسەڵاتی دادوەری هێزە چەکدارەکان
و دامەزراوە سزاکانی حکومەت کردووە.
جارێکی تر لەگەڵ هێرشی ئێران و ئیسرائیل بۆ سەر یەکتر و بەکارهێنانی ئاسمانی عێراق، پێشلکردنی ئاسمان و سەروەری عێراق بوەوە ڕۆژەڤی میدیاکان.
لەدوای هێرشی ئەمریکا و هاوپەیمانان بۆ سەر عێراق لە ساڵی 2003 و ڕوخانی ڕژێمی بەعس، عێراق باڵادەستی بەسەر ئاسمانی وڵاتەکەی لەدەستداوە و بەبێ گوێدانە یاسا نێودەوڵەتییەکان لەلایەن وڵاتانی هەرێمایەتییەوە ئاسمانی عێراق بەکاردەهێندرێت و پێشلی سەروەرییەکەی دەکرێت.
هەروەها بەهۆی داگیرکردن و شەڕی کوێت کە بە (جەنگی کەنداو) ناسراوە، لە ساڵی 1990 عێراق کەوتە بەر سزاکانی بەندی (7)-ی نەتەوە یەکگرتوەکان.
هەرچەندە لەدوای دەستبەکاربونی نوری مالیکی وەک سەرۆک وەزیرانی عێراق، ڕێککەوتنێکی ئەمنی لە نێوان ناوبراو ئەمریکا کرا بۆ پاراستنی سیادە و سەروەری عیراق، بەڵام عێراق هیچکات نەیتوانیوە باڵادەستی بەسەر ئاسمانی وڵاتەکەی بگێڕێتەوەدەست.
ڕوداو و مملانێ سیاسییەکانی ناوخۆی عێراق و دەستدوەردانە هەرێمایەتییەکان، یەکێکی ترە لەو هۆکارانەی کە عێراق نەیتوانیوە بە جددی کار بۆ گێڕانەوەی سەروەری ئاسمانەکەی بکات.
هەرچەندە لە 27/6/2013 نەتەوە یەکگرتوەکان لە ماڵەپەڕی فەرمی خۆی ڕایگەیاند، ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی بە زۆرینەی دەنگ بڕیاری 2107 دەرکرد و کە بەپێی بڕیارەکە عێراق لە ژێر بەندی حەوت ڕزگاری بووە، بەڵام بەهۆی لاوازی حکومەتە یەک لەدوای یەکەکانی عێراق، نەتوانراوە لە نەتەوە یەکگرتوەکان کار بۆ جێبەجێکردنی بڕیارەکە بکرێت، کە بەتەواوەتی دەبێتە هۆی گێڕانەوەی باڵادەستی عێراق بەسەر ئاسمانەکەیدا و ڕێگری لە پێشلکردنی سەروەرییەکەی لەلایەن وڵاتانی دراوسێ بەتایبەت تورکیا و ئێران بکرێت.
بەندی (7) یەكێكە لە بەندەكانی پەیماننامەى نەتەوە یەكگرتوەكان و ئەنجومەنی ئاسایش پابەند دەكات كە دەستبەكاربیت بۆ بەكارهێنانی هێزی نێو دەوڵەتی (هێزی سەربازی) بۆ تەمێكردن و سەركوتكردنی ئەو وڵات و كیانانەی مەترسی بۆ سەر ئاشتی و ئاسایشی جیهان دروست دەكەن، وەك بەكارهینانی هێزی سەربازی بۆ دەستێوەردان و چارەسەری كێشە نێودەوڵەتییەكان، وەک ئەوەی لە هایتی، لیبیریا، ئەفغانستان، عێراق وهەندێک وڵاتی دیکە پیادە كرا.
لەدوای ڕوداوەکانی حەوتی ئۆکتۆبەری 2023 و هەڵکشانی گرژییەکانی نێوان ئێسرائیل و ئێران، جاریکی دیکە بە بێ گوێدانە سەروەری عێراق و یاسا نێودەوڵەتییەکان ئاسمانی عێراق لەلایەن تەلئەبیب و تاران بۆ هێرشکردنە سەر یەکتر پێشلکرایەوە.
لەگەڵ دەستپێکردنی هێرشی ئیسرائیل و ئێران بۆ سەر یەکتری و بەکارهێنانی ئاسمانی عێراق، جارێکی دیکە پێشلکردنی ئاسمانی عێراق بوەوە رۆژەڤی میدیا ناوخۆی و ناوچەیی و جیهانییەکان.
هەرچەندە حکومەتی عێراق لە لێدوان و بەیاننامەکانیدا داوا لە نەتەوە یەکگرتوەکان دەکات فشار بخاتە سەر ئێران و ئیسرائیل کە ئاسمانی وڵاتەکەی بۆ هێرشکردنە سەر یەکتر بەکارنەهێنن، بەڵام بەشێوەیەکی فەرمی و جددی تائێستا عێراق کاری لەسەر ئەو پرسە نەکردووە و نەتەوە یەکگرتووەکانیش وەڵامی یەکلاکەرەوەیان نەبووە.
ئێران و ئیسرائیل کە دوو دەوڵەتی دراوسێ نین و هاوسنور نین، رەنگە یەکێک لە پاساوەکانی گەرمبوونی جەنگی نێوانیان ئەو کەلێنە بێت کە لە سەروەریی ئاسمانی عێراقدا هەیە و بە رۆکێت، درۆن و فڕۆکەی جەنگیی ئاگری چەکەکانیان دەگەیەننە سەر خاکی یەکتری.
هەڵگیرسانی جەنگەکە، ئاسمانی عێراقی داخستووە بەڕووی هاتوچۆی جیهانیی فڕۆکە مەدەنییەکان و سەرجەم فڕۆکەخانەکان داخراون و زیانی زۆر گەورە بەر ئابوریی وڵاتەکە کەوتووە و لەهەموو کاتێک زیاتر مەترسیی تێوەگلانی عێراق هەیە لەو جەنگەدا.
لەبارەی گێڕانەوەی سەروەری ئاسمانی عێراق، هیوا سەید سەلیم، چاودێری سیاسیی، بە مایک میدیای ڕاگەیاند: ئەگەر حکومەتی عێراق بەجددی کاری بۆ بکات، دەتوانێت لە نەتەوە یەکگرتوەکان فشار بکات و بەتەواوی سیادەی وڵاتەکەی بخاتەوە ژێر ڕکێفی خۆیەوە و ئاسمانەکەی لە بەکارهێنان لەلایەن وڵاتان بپارێزێت و بەر بە پێشلکارییەکان بگرێت.