بەپێی پێشبینییەکانی
لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق، پێشبینیی دەکریت خشتەی بودجەی ساڵی 2025 لەلایەن
ئەنجومەنی وەزیرانەوە بنێردرێت بۆ پەرلەمان، بۆئەوەی کۆبوونەوەی نائاسایی بۆ
رێکبخرێت لەکاتێکدا پەرلەمان لە پشووی هاوینەدایە.
پەرلەمانتار جەمال
کۆچەر، ئەندامی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق، پەرلەمان ئامادەیە هەر کە خشتەکان
بە فەرمی گەیشتن دانیشتنێکی نائاسایی ئەنجامبدات، بە ئامانجی گفتوگۆکردن و پەسەندکردنی
بە خێرایی، بەپێی ڕۆژنامەی ئەلسەباح کە لەلایەن حکومەتەوە بەڕێوەدەبرێت.
ئەو پەرلەمانتارە
ڕوونیشیکردەوە، لیژنەی دارایی پێشبینی ناکات دانیشتنەکە مشتومڕ و گفتوگۆیەکی
دوورودرێژ و قووڵی تێدا دروستببێت لەسەر ناوەڕۆکی خشتە نوێیەکانی بودجە، بە لەبەرچاوگرتنی
ئەوەی کە هیچ گۆڕانکارییەکی بنەڕەتی لە خشتەکاندا نییە بەراورد بە بودجەی ساڵی ڕابردوو،
کە لە ماوەی سێ ساڵدا بەبێ هەموارکردنەوەی بەرچاو پەسەندکرابوو.
ئاماژەی بەوەشکرد،
ئەمە ڕەنگدانەوەی ڕەوتێکی ڕوونە لە پەرلەماندا بەرەو ئاسانکاریکردنی ڕێکارەکانی پەسەندکردنی
بودجە، بە ئامانجی دڵنیابوون لە خەرجکردنی خێرا و بەردەوامی جێبەجێکردنی پڕۆژە و
خزمەتگوزارییەکان بۆ ماوەی ساڵەکە.
کۆچەر، ئاماژەی
بەوەشکرد، تەنانەت ئەگەر هەندێک هەموارکردنەوەی بچووکیش لە ڕەشنووسی بودجەدا هەبێت،
ڕەوتی باو ئەوەیە کە یاساکە دەربکرێت وەک ئەوەی لەلایەن حکومەتەوە خراوەتەڕوو، بەمەبەستی
پاراستنی سەقامگیری پڕۆسەی دارایی و ئابووری و دوورکەوتنەوە لە هەر دواکەوتنێک کە
کاریگەری نەرێنی لەسەر ئەدای حکومەت و پێداویستییەکانی هاوڵاتیان هەبێت.
ئەمڕۆ، وەزیری دارایی عێراق، لەگەڵ شاندی مامۆستایانی سلێمانی
کۆبوویەوە و هەڵوێستی خۆی لەبارەی ئەگەری ناردنی موچەی فەرمانبەرانی هەرێمی
کوردستان راگەیاند.
وەزارەتی دارایی عێراق، ئاشکرایکردووە، تەیف سامی، وەزیری دارایی
عیراق، بە نوێنەری مامۆستاکانی شاری سلێمانی وتوە: دەبێت هانی حکومەتی هەرێم بدرێت خێرابکات لە (بەجێکردن -
بەبانکیکردن) تەوتینی موچەی فەرمانبەرانی هەرێم و داهاتە نەوتی و نانەوتییەکان
رادەستبکاتەوە، ئینجا ئەوکاتە موچەی فەرمانبەران جاریکی تر دەنێرین.
وەزیری دارایی عێراق
ئاماژەی بەوەکردووە کە تاوتوێی ژمارەیەک پرسی پەیوەست بە دۆخی خوێندنی پارێزگاکە کراوە و
گوێی لە ژمارەیەک داواکاریی شاندەکە گرتووە بۆ دانانی ڕێوشوێنی پێویست بۆ جێبەجێکردنیان
لەچوارچێوەی بڕگەکانی یاسای بودجەی فیدراڵی عێراق.
تەیف سامی
بەشاندی مامۆستانی سلێمانی وتووە کە "پەروەردە لە پێشینەی کارەکانی حکومەتدایە
لە بەرنامەکانی چاکسازی و گەشەپێدان".
شاندی
مامۆستایانی سلێمانی، هێشتا هیچ زانیارییەکیان لەبارەی کۆبوونەوەکەوە
نەخستووەتەڕوو، بڕیارە ئەمشە کاتژمێر 9:00 بگەنەوە شاری سلێمانی و کۆنگرەیەکی
رۆژنامەوانی سازبکەن و زانیارییەکانی خۆیان بخەنەڕوو.