هەواڵ

گەشتیارانی عێراق لە سێ وڵاتەوە دەگەڕێنرێنەوە بۆ وڵات

Mic
2025-06-14

وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندنی عێراق رایگەیاند، ئەمڕۆ، شەممە دەستیکرد بە گەڕاندنەوەی گەشتیارانی عێراقی کە لەدەرەوەی وڵاتەوە گەشتەکانیان بۆناو عێراق هەڵوەشابوویەوە و دەتوانن لە سێ وڵاتەوە بگەڕێنەوە بۆ وڵات.

فەرمانگەی ڕاگەیاندنی سەرۆک وەزیرانی عێراق لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوەکردووە، "وەزارەتی گواستنەوە دەستی بە کارە بەپەلەکانی کردووە، بۆ هەماهەنگی لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکان لە ئوردن و کوەیت و تورکیا، بۆ گەڕاندنەوەی گەشتیارانی عێراقی بۆ زێدی خۆیان، پاش ئەوەی ئاسمانی عێراق بەڕووی گەشتە ئاسمانییەکاندا داخران.

لە ڕاگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوەشکراوە، "کۆمسیۆنی حەج و عومرە، بە هەماهەنگی لەگەڵ وەزارەتی گواستنەوە، دەستیکردووە بە گەڕاندنەوەی ئەو حاجییە عێراقییانەی کە لە سعودیە ماونەتەوە بەرێگای وشکانی".

لەوبارەیەوە باڵیۆزخانەی عێراق لە ئەنقەرە، ئەمڕۆ رایگەیاند، ژمارەی تەلەفۆنی تایبەتی بۆ هەماهەنگی گەڕانەوەی عێراقییە گیرخواردووەکانی دەرەوەی وڵات راگەیاندووە.

بەگوێرەی ڕاگەیەندراوەکە، باڵیۆزخانەکە ئاماژەی بەوە کردووە کە "گەڕانەوەکە لە ڕێگەی وشکانییەوە ئەنجام دەدرێت، داوای لە هاوڵاتیانی گیرخواردوو کردووە پەیوەندی بەو ژمارە دیاریکراوانەی خوارەوە بکەن بۆ ئەوەی لە زووترین کاتدا ڕێکارەکانی گەڕانەوەیان ئاسانتر بێت".
 0 (535) 434 80 27 
 +90 (507) 773 00 01

لەپاش هەڵگیرسانی جەنگ لەنێوان ئێران و ئیسرائیل، سەرجەم گەشتە ئاسمانییەکان بۆ ناو عێراق و دەرەوەی عێراق هەڵوەشانەوە، هەربۆیە هەزاران گەشتیاری عێراق لە دەرەوەی وڵات رێگای گەڕانەوەیان لێگیراوە.

More News

Most Popular

هەواڵ

بێدەسەڵاتی عێراق بەسەر ئاسمانەکەیدا ئاگری جەنگی ئێران و ئیسرائیلی خۆشترکردووە

Mic
2025-06-15

جارێکی تر لەگەڵ هێرشی ئێران و ئیسرائیل بۆ سەر یەکتر و بەکارهێنانی ئاسمانی عێراق، پێشلکردنی ئاسمان و سەروەری عێراق بوەوە ڕۆژەڤی میدیاکان.

لەدوای هێرشی ئەمریکا و هاوپەیمانان بۆ سەر عێراق لە ساڵی 2003 و ڕوخانی ڕژێمی بەعس، عێراق باڵادەستی بەسەر ئاسمانی وڵاتەکەی لەدەستداوە و بەبێ گوێدانە یاسا نێودەوڵەتییەکان لەلایەن وڵاتانی هەرێمایەتییەوە ئاسمانی عێراق بەکاردەهێندرێت و پێشلی سەروەرییەکەی دەکرێت.

هەروەها بەهۆی داگیرکردن و شەڕی کوێت کە بە (جەنگی کەنداو) ناسراوە، لە ساڵی 1990 عێراق کەوتە بەر سزاکانی بەندی (7)-ی نەتەوە یەکگرتوەکان.

هەرچەندە لەدوای دەستبەکاربونی نوری مالیکی وەک سەرۆک وەزیرانی عێراق، ڕێککەوتنێکی ئەمنی لە نێوان ناوبراو ئەمریکا کرا بۆ پاراستنی سیادە و سەروەری عیراق، بەڵام عێراق هیچکات نەیتوانیوە باڵادەستی بەسەر ئاسمانی وڵاتەکەی بگێڕێتەوەدەست.

ڕوداو و مملانێ سیاسییەکانی ناوخۆی عێراق و دەستدوەردانە هەرێمایەتییەکان، یەکێکی ترە لەو هۆکارانەی کە عێراق نەیتوانیوە بە جددی کار بۆ گێڕانەوەی سەروەری ئاسمانەکەی بکات.

هەرچەندە لە 27/6/2013 نەتەوە یەکگرتوەکان لە ماڵەپەڕی فەرمی خۆی ڕایگەیاند، ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی بە زۆرینەی دەنگ بڕیاری 2107  دەرکرد و کە بەپێی بڕیارەکە عێراق لە ژێر بەندی حەوت ڕزگاری بووە، بەڵام بەهۆی لاوازی حکومەتە یەک لەدوای یەکەکانی عێراق، نەتوانراوە لە نەتەوە یەکگرتوەکان کار بۆ جێبەجێکردنی بڕیارەکە بکرێت، کە بەتەواوەتی دەبێتە هۆی گێڕانەوەی باڵادەستی عێراق بەسەر ئاسمانەکەیدا و ڕێگری لە پێشلکردنی سەروەرییەکەی لەلایەن وڵاتانی دراوسێ بەتایبەت تورکیا و ئێران بکرێت.

بەندی (7) یەكێكە لە بەندەكانی پەیماننامەى نەتەوە یەكگرتوەكان و ئەنجومەنی ئاسایش پابەند دەكات كە دەستبەكاربیت بۆ بەكارهێنانی هێزی نێو دەوڵەتی (هێزی سەربازی) بۆ تەمێكردن و سەركوتكردنی ئەو وڵات و كیانانەی مەترسی بۆ سەر ئاشتی و ئاسایشی جیهان دروست دەكەن، وەك بەكارهینانی هێزی سەربازی بۆ دەستێوەردان و چارەسەری كێشە نێودەوڵەتییەكان، وەک ئەوەی لە هایتی، لیبیریا، ئەفغانستان، عێراق‌ وهەندێک وڵاتی دیکە پیادە كرا.

لەدوای ڕوداوەکانی حەوتی ئۆکتۆبەری 2023 و هەڵکشانی گرژییەکانی نێوان ئێسرائیل و ئێران، جاریکی دیکە بە بێ گوێدانە سەروەری عێراق و یاسا نێودەوڵەتییەکان ئاسمانی عێراق لەلایەن تەلئەبیب و تاران بۆ هێرشکردنە سەر یەکتر پێشلکرایەوە.

لەگەڵ دەستپێکردنی هێرشی ئیسرائیل و ئێران بۆ سەر یەکتری و بەکارهێنانی ئاسمانی عێراق، جارێکی دیکە پێشلکردنی ئاسمانی عێراق بوەوە رۆژەڤی میدیا ناوخۆی و ناوچەیی و جیهانییەکان.

هەرچەندە حکومەتی عێراق لە لێدوان و بەیاننامەکانیدا داوا لە نەتەوە یەکگرتوەکان دەکات فشار بخاتە سەر ئێران و ئیسرائیل کە ئاسمانی  وڵاتەکەی بۆ هێرشکردنە سەر یەکتر بەکارنەهێنن، بەڵام بەشێوەیەکی فەرمی و جددی تائێستا عێراق کاری لەسەر ئەو پرسە نەکردووە و نەتەوە یەکگرتووەکانیش وەڵامی یەکلاکەرەوەیان نەبووە.

ئێران و ئیسرائیل کە دوو دەوڵەتی دراوسێ نین و هاوسنور نین، رەنگە یەکێک لە پاساوەکانی گەرمبوونی جەنگی نێوانیان ئەو کەلێنە بێت کە لە سەروەریی ئاسمانی عێراقدا هەیە و بە رۆکێت، درۆن و فڕۆکەی جەنگیی ئاگری چەکەکانیان دەگەیەننە سەر خاکی یەکتری.

هەڵگیرسانی جەنگەکە، ئاسمانی عێراقی داخستووە بەڕووی هاتوچۆی جیهانیی فڕۆکە مەدەنییەکان و سەرجەم فڕۆکەخانەکان داخراون و زیانی زۆر گەورە بەر ئابوریی وڵاتەکە کەوتووە و لەهەموو کاتێک زیاتر مەترسیی تێوەگلانی عێراق هەیە لەو جەنگەدا.

لەبارەی گێڕانەوەی سەروەری ئاسمانی عێراق، هیوا سەید سەلیم، چاودێری سیاسیی، بە مایک میدیای ڕاگەیاند: ئەگەر حکومەتی عێراق بەجددی کاری بۆ بکات، دەتوانێت لە نەتەوە یەکگرتوەکان فشار بکات و بەتەواوی سیادەی وڵاتەکەی بخاتەوە ژێر ڕکێفی خۆیەوە و ئاسمانەکەی لە بەکارهێنان لەلایەن وڵاتان بپارێزێت و بەر بە پێشلکارییەکان بگرێت.