هەواڵ

کۆمپانیا بیانییەکان دەکشێنەوە؟..هێرشە درۆنییەکان ژێرخانی ئابوری هەرێم دەکەنە ئامانج

Mic
2025-07-15

هێرشە درۆنییەکانی سەر هەرێمی کوردستان ئامانجەکانیان لە بارەگا سەربازییەکانەوە بۆ بۆ ژێرخانی ئابوری دەگۆڕن و مەترسی کشانەوە لەسەر کۆمپانیا بیانییەکان دروست دەکەن، کۆمپانیای HKN ـی ئەمریکیش دەڵێت، هێرشەکان لە سەرسنگ دەرمان ناکەن. 

 

 لە ماوەی کەمتر لە 24 کاتژمێردا دوو کێڵگەی نەوتی لە هەرێمی کوردستان رووبەڕووی هێرشی درۆنی بوونەتەوە و زیان بە پرۆژەکانیان گەیەندراوە. 

یەکەم هێرشی درۆنی بۆ سەر کێڵگەی نەوتی خورمەڵە بوو لە سنوری پارێزگای هەولێر، وەک وەزارەتی سامانە سروشتییەکان رایگەیاند،" هێرشەکەزیانی به‌ بۆرییه‌كانی ئاوی وێستگه‌كه‌ گه‌یاندووه‌".

دووەم هێرشی درۆنی بۆ سەر کێڵگەی نەوتی سەرسنگ بوو لە پارێزگای دهۆک،  رەسا جاف، بەرپرسی بەشی پەیوەندییەکانی کۆمپانیای HKN ـی ئەمریکی کە لە کێڵگەکەدا کار دەکات بە دیجیتاڵ میدیای Micـی راگەیاند، زیانەکانی هێرشەکە دیارنین، بەڵام بەرهەمهێنانی نەوتی لە کێڵگەکە راگرتووە. 

هێرشکردنەسەر کێڵگەی نەوتی سەرسنگ کە کۆمپانیای HKNـی ئەمریکی کاری تێدا دەکات، هاوکاتی واژۆکردنی رێککەوتنێکی نێوان کۆمپانیاکە و وەزارەتی نەوتی عێراق بوو بۆ کێڵگە نەوتییەکانی سنوری پارێزگای کەرکووک. 

تێکچووونی سەقامگیری هۆکارێکی بەهێزە بۆ چوونە دەرەوەی کۆمپانیاکان لە هەرێمی کوردستان، وەک چۆن ئەوەی لە ساڵی 2014 دوای هێرشەکانی داعش رویدا. 

 بەرپرسی بەشی پەیوەندییەکانی کۆمپانیای HKN ـی ئەمریکی وتی،" کۆمپانیاکەیان لە کارکردن لە کێڵگەی نەوتی سەرسنگی پارێزگای دهۆک بەردەوام دەبێت و ناکشێنەوە. 

رێککەوتنەکان هۆکارێکی بەهێزن بۆ هێشتنەوەی کۆمپانیاکان لە هەرێمی کوردستان، وریا حسێن، سەرۆکی رێکخراوی دۆر بە دیجیتاڵ میدیای MIC ـی ڕاگەیاند، بەرژەوەندی کۆمپانیاکان زۆر لەوە گەورەترە بەهۆی ئەو هێرشانەوە بکشێنەوە و بۆیە هیچ مەترسییەک لەسەر کشانەوەیان نییە.

ئەگەرچی هێرشە درۆنییەکان ئامانجەکانیان بە ئاشکرا دیاریی دەکەن، بەڵام تا ئێستا سەرچاوەی هێرشەکان دیارنین، وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی هەرێمی کوردستان رایگەیاندووە، هێرشەکە تیرۆریستییە و بە درۆنی بۆمبڕێژکراو ئەنجامدراوە و بە توندی ئیدانەی دەکەین.

پێشتر، وەزارەتی ناوخۆ هەرێمی کوردستان " گروپێکی حەشدی شەعبی" بە هێرشکردنە سەر هەرێمی کوردستان تۆمەتبار کردبوو، بەڵام هیچ زانیارییەکی لەبارەی ئەو گروپەوە بڵاونەکردەوە و حکومەتی عێراقیش زانیارییەکانی رەتکردەوە. 

هێرشەکان هاوکاتی تێکچوونی پەیوەندییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی عێراقییە لەسەر پرسی مووچە و رادەستکردنی نەوت، بۆیە هێرشەکان بە کارتی فشاری سەر هەرێمی کوردستان دەبینرێن و وەک پەیامی سیاسی دەخوێندرێنەوە. 

More News

Most Popular

هەواڵ

دروزەکان نزیکن لەوەی کۆمەڵکوژ بکرێن

Mic
2025-07-15


دوو رۆژە هێرشی سوپای سوریا بۆسەر دروزەکان دەستیپێکردووە، ئەمڕۆ ڤیدیۆی بە کۆمەڵکوشتنیان و دەستبردنی بۆ پیرۆزییەکانیان"سمێڵ تاشین" تۆڕەکۆمەڵایەتییەکانی تەنی، بۆ پاراستنی خۆیان و شوناسیان بە هەموو توانایانەوە رووبەڕووی سوپای سوریا بوونەتەوە.

دروزەکان کۆمەڵگەیەکی رەسەن و خاوەن بیروباوەڕێکی تایبەت بە خۆیانن و مەڵبەندی نیشتەجێبونیان پارێزگای سوەیدای سوریا و دەوروبەریەتی، دابونەریت و کلتورەکەیان، هەروەها شێوازی جلوبەرگ و سمێڵ و ریشیان، لە خەڵکی سوریایان جیادەکاتەوە.

لەساڵانی رابردوودا لەگەڵ ئەوەی پێکهاەیەکی رەسەنی سوریان، کەچی کەمتر لە ئاستی ناوچەکە و نێودەوڵەتی ناسراوبوون، بەڵام لەگەڵ کەوتنی دەسەڵاتی بەشار ئەسەددا، پرسی دروزەکان بوو بە باسی میدیاکان، بەتایبەت کاتێک دەسەڵاتی ئەحمەد شەرعیان رەتکردەوە و رووبەڕوی چەکدارەکانی بوونەوە.

دروزەکان تائێستا توانیویانە پارێزگاری لە دەسەڵاتی خۆبەڕێوەبەری خۆیان بکەن لە سوریان دوای ئەسەد، ئەوان پێێان وایە ئەحمەد شەرع هیچ گۆڕانێک لە بیروبۆچونیدا رووینەداوە بەرامبەریان، بۆیە بە هەموو توانایانەوە پارێزگاری پێگە و دەسەڵاتی خۆیان دەکەن.

ئیسرائئیل لەدوای کەوتنی بەشار ئەسەد و هێرشەی گروپەکانی سەر بە ئەحمەد شەرع بۆسەر دروزەکان، پشتیواننی خۆی بۆ دروزەکان راگەیاند، ئەمڕۆیش، ئەمیچای چیکلی، وەزیری ڕاگەیاندن و کاروباری رەوەندی جوی ئیسرائیل رایگەیاند،  نابێت لە بەرانبەر تیرۆری ئیسلامی-نازیی ڕژێمی قاعیدەدا بێدەنگ بین یان بێ هەڵوێست بین و داوای لەناوبردنی ئەحمەد شەرعی کرد.

ئەم سوکایەتى و بێڕێزیانەى چەکدارانى شەرع دەیکەن، بەتاڵکردنەوەى هەموو ئەو بەڵێن و دروشمانەیە کە ئەحمەد شەرع بۆ سوریاى نوێى هۆنیوەتەوە، پێشمان دەڵێت کردەوەی چەکدارەکانی لەسەر زەوی، وێنەیەکی جیاواز نیشان دەدات و ئایندەیەکی نادیار بۆ پێکەوەژیانی ئایینی و نەتەوەیی لە سووریای نوێدا دەخاتەڕوو

لە ئێستادا دروزەکان شەڕی مان و نەمان دەکەن و بەتەواوی پڕچەکن و وەک هێزێک رووبەڕووی سوپاکەی ئەحمەد شەرع وەستاونەتەوە، سوپاکەی شەرعیش دەیەوێت بە هەر نرخێک بێت ناوچەکانی درۆزەکان کۆنترۆڵ بکات و بۆ گەیشتن بەو ئامانجە دەست ناپارێزێت.