هەواڵ

هێرشە درۆنییەکان نەوتی هەرێمی کوردستان دەخەنە دوو ریانی رادەستکردن و داخستنەوە

Mic
2025-07-16

48 کاتژمێری رابردوو 5 کێڵگەی نەوتی هەرێمی کوردستان بە درۆن کراونەتە ئامانج و بەرهەمهێنانی نەوتییان تێدا راگیرا و تەنها لە 4 کێڵگە نەوت بەرهەم دەهێنرێت.
ئێستا هێرشە درۆنییەکان هەرێمی کوردستان بەرەو دوو بژاردە دەبن تا لە نێوان رادەستکردن و داخستندا خۆی یەکلایی بکاتەوە.

48 کاتژمێری رابردوو ئامانجی ئەو هێرشە درۆنییانەی کراونەتە سەر هەرێمی کوردستان کێڵگە نەوتییەکان بوون و هەریەکە لە کێڵگە نەوتییەکانی خورمەڵە، سەرسنگ، تاوکێ، پێشخابوور و باعەدرێ بوون.

هێرشەکان بەرهەمهێنانی نەوتیان لە کێڵگەکانی سەرسنگ، تاوکێ، پێشخابوور، شێخان و خورمەڵە راگرتووە، کە زیانی راگرتنی رۆژانەیان لە ئێستادا بە نزیکەی 200 هەزار بەرمیل نەوت دەخەمڵێندرێت.

بەپێی داتاکانی وەزارەتی دارایی و ئابوری؛ لە کۆی 14 کێڵگەی نەوتی هەرێمی کوردستان 9 کێڵگەیان کار دەکەن، بەو پێیە بێت لە دوای ‌هێرشەکانەوە تەنها لە 4 کێڵگە نەوت بەرهەم دەهێنرێت.

تا ئێستا بە ژمارە زیانی هێرشەکان ئاشکرانەکراوە، بەڵام وەزارەتی سامانە سروشتییەکانییەکانی هەرێمی کوردستان رایگەیاندووە، زیانێکی زۆری بە ژێرخانی کێڵگەکان گەیاندووە.

وەزارەتی سامانە سروشتییەکان داوایکردووە؛ هەموو لایەنە پەیوەندیدارەکان لە حکومەتی فیدراڵ و کومەڵگەی نێودەوڵەتی، بە زووترین کات بێنە سەر خەت ئەوەش لەپێناو، پاراستنی گیانی کارمەندانی سڤیل و ئاسایشی وزە و  رێگریکردن لە هێرشی دیکە بۆسەر کەرتی وزەی کوردستان.

هێرشە درۆنییەکان بۆ سەر کێڵگە نەوتییەکانی هەرێمی کوردستان، هاوکاتی دانوستانەکانی حکومەتی عێراق و حکومەتی هەرێمی کوردستانە لەسەر دۆسیەی نەوت.

حکومەتی عێراق داوای رادەستکردنی هەموو نەوت لە هەرێمی کوردستان دەکات، بەڵام هەرێمی کوردستان داوا دەکات ئەو بڕە نەوتەی کە بۆ ناوخۆ بەکاردەهێنرێت لە ژێر دەسەڵاتی خۆیدا بێت.
هێرشەکان بە کارتی فشار دەبینرێن تا هەرێمی کوردستان لەسەر مێزی دانوستان نەرمی بەرامبەر داواکارییەکانی بەغدا بنوێنێت، هێرشە درۆنییەکان ئێستا هەرێمی کوردستان بەرەو دوو بژاردە بدەن تا لە نێوان رادەستکردنی نەوتەکەی بە بەغدا و داخستنی کێڵگەکاندا خۆی یەکلایی بکاتەوە.

 هێرشە درۆنییەکان ئەگەرچی مەترسی کشانەوەیان لەسەر کۆمپانیا نەوتییەکانی هەرێمی کوردستان درستکردووە، بەڵام کۆمەڵەی پیشەسازی نەوتی کوردستان - ئەپیکور کە لە 8 کۆمپانیای نەوت پێکهاتوون رایانگەیاندووە، ، "ئێمە بەردەوام دەبین و ناوەستین".

بەپێی داتاکانی کۆمەڵەی پیشەسازی نەوتی کوردستان، زیاتر لە 10 کۆمپانیای جیهانیی بواری نەوت لە هەرێمی کوردستان کار دەکەن، بڕی 10 ملیار دۆلاریان لە کێڵگە نەوتییەکانی عێراق و هەرێمی کوردستان خەرج کردووە

لە 25ـى ئادارى 2023ـەوە هەناردەى نەوتى هەرێمى کوردستان بۆ بەندەرى جەیهانى تورکیا راگیراوە و هەولێر و بەغداش تا ئێستا رێککنەکەوتوون بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردکردنەوەی نەوت.

More News

Most Popular

هەواڵ

بۆ وەستاندنی هێرشە درۆنییەکان داوای کۆبونەوەی بەپەلەی پەرلەمان دەکرێت

Mic
2025-07-17


هێڕشە درۆنییەکان بۆسەر هەرێمی کوردستان و کردنە ئامانجی کێڵگە نەوتییەکان بەردەوامە، فراکسیۆنی پارتی داوای بەڕێوەچوونی کۆبوونەوەیەکی بەپەلەی پەرلەمانی عێراق دەکات لەسەر ئەو پرە و جەختدەکاتەوە، هێرشەکان، سەروەریی عێراق، ئاسایش و سەقامگیرییەکەی تێک دەدەن.


لە سەرەتای ئەم مانگەوە 15 هێرشی درونی کراونەتە سەر هەرێمی کوردستان و بەشێکیان کێڵگە نەوتییەکانیان کردووەتە ئامانج، ئەمڕۆی درۆنێکی تر لە نزیک ناحیەی بەحرکەی سنوری پارێزگای هەولێر کەوتەخوارەوە.

حکومەتی هەرێم راگرتنی هێرشە درۆنییەکان دەخاتە ئەستۆی حکومەتی عێراق و ئەمڕۆیش، فراکسیۆنی پارتی راگەیاندراوێکی بڵاوکردەوە و تێیدا هاتووە، لە چوارچێوەی فشارە ئابوورییە ناڕەواکاندا بۆ سەر هەرێمی کوردستان، لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا، لە ڕێگەی فڕۆکەی بێ فڕۆکەوان (درۆن)ـی بۆمبڕێژکراوەوە، ژمارەیەک هێرشی تیرۆریستی کراونەتە سەر ژمارەیەک دامەرزاوەی گرنگ لە هەرێمی کوردستان، لەنێویشیاندا ژێرخانی ئابووری، پاڵاوگەی نەوت، سەرچاوەی وزە.

فراکسیۆنی پارتی داوای بەڕێوەچوونی کۆبوونەوەیەکی بەپەلەی پەرلەمانی عێراق بۆ "تاوتوێکردنی ئەم پێشهاتە مەترسیدارانە و پێداچوونەوە بە ڕێکارەکانی حکوومەت لەمبارەوە" دەکات، ئەمەش بە مەبەستی "بە‌‌هێزکردنی ڕۆڵی دەسەڵاتی یاسادانان لە پاراستنی وڵات و هاووڵاتییاندا".

وەک لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە، فراکسیۆنی پارتی هێرشە درۆنییەکان بۆ سەر هەرێمی کوردستان بە پەرەسەندنێکی مەترسیدار بۆ سەر سەروەریی عێراق و ئاسایش و سەقامگیرییەکەی ناو دەبات و دووپاتی کردووەتەوە، هێرشەکان زیانێکی زۆر بە شادەماری ئابووریی عێراق دەگەیەنن.