هەواڵ

کەمکردنەوەی سەقفی داواکارییەکان حکومەتی عێراق و هەرێمی لەسەر مووچە گەیاندە لێکتێگەیشتن

Mic
2025-07-16

دوای نزیکەی دوو مانگ لە دانوستاندن و کۆبوونەوە؛ حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی عێراق گەیشتنە لێکتێگەیشتن. وتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەڵێت، مووچەی هیچ مانگێک نافەوتێت.

ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان لە دوایین کۆبوونەوەیدا ڕەزامەندی دا لەسەر لێکتێگەیشتنی سەرەتایی نێوان هەولێر و بەغداد لەبارەی نەوت و داهاتی نانەوتی.

لێکتێگەیشتنە سەرەتاییەکەی هەولێر و بەغدا دوو خاڵی سەرەکی لە خۆ دەگرێت، یەکەمیان ڕادەستکردنی 230هەزار بەرمیل نەوتی ڕۆژانەیە بە بەغدا، دووەمیان ڕادەستکردنی 120 ملیار دینارە داهاتی نا نەوتییە بە حکومەتی ناوەند.

لێکتێگەیشتنەکە رێگە خۆشکەرە بۆ رێککەوتنێکی فراوان کە بڕیارە لە داهاتوویەکی نزیکدا لە نێوان هەولێر و بەغدا بکرێت، حکومەتی هەرێمی کوردستان بە رادەستکردنی نەوت و حکومەتی عێراق بە ناردنی پارە پابەند بکات.

پێشەوا هەورامانی وتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەبارەی رێککەوتنەکەوە بە دیجیتاڵ میدیای Micـی راگەیاند، بەپیێ ئەو لێکتێگەیشتنەکە سەرەتاییەی لە نێوان هەردو حکومەت کراوە، حکومەتی عێراق مووچەی ئەم چەند مانگەی فەرمانبەران دەدات و مووچەی هیچ مانگێک نافەوتێت.

پێشتر حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی ناوەند لە چوارچێوەی رەشنوسێکدا هەریەکەیان ژمارەیەک پێشنیازیان، لەبارەی نەوت و داهاتی نانەوتی و مووچە بەیەکتردابوو، بەڵام هیچ کامیان بە پێشنیازەکان ڕازی نەبوون.

لە ڕەشنووسی پێشنیازی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەبارەی ڕادەستکردنی نەوت هاتبوو، لە ئەگەری بەشدارییکردنی کۆمپانیاکان؛ ئامادەن لەو بڕە نەوتەی ئێستا بەرهەمدەهێندرێت کە بڕەکەی بە 282 هەزار بەرمیلە لە ڕۆژێکدا دیارییکراوە، 65 هەزار بەرمیلی ڕۆژانە بۆ بەکاربردنی ناوخۆیی لێ لابدەن و ئەوەی دیکەی کە 217 هەزار
بەرمیلە لە ڕۆژێکدا ڕادەست بکەن.

لە ئەگەری بەشداریینەکردنی کۆمپانیاکانیش؛ حکومەتی هەرێم ئامادەیی دەربڕیبوو تەنها 100 هەزار بەرمیل لە ڕۆژێکدا ڕادەست دەکات.

 لەبارەی داهاتی نانەوتیش حکومەتی هەرێمی کوردستان ئاماددەی دەربڕیبوو، لە 50% داهاتی نانەوتی وەک ئەوەی پێشتر لەسەری ڕێککەوتبوون ڕادەستبکات.

لەبەرامبەر پێشنیازەکەی هەرێم؛ حکومەتی عێراق داوای هەموو نەوتی هەرێمی کوردستان و 200 ملیار دینار داهاتی ناوخۆی دەکرد و ئامادەیە  پارەی مووچە بنێرێت و بڕی پێویستی سووتەمانی ناوخۆی هەرێم-یش دابین بکات.

یان، 45 هەزار بەرمیل نەوت لە کۆی نەوتی بەرهەمهێنراوی ڕۆژانە بۆ پێویستی ناوخۆ هەرێم لاببرێت و ئەوەی دەمێنێتەوە ڕادەستی کۆمپانیای سۆمۆی بکەن، لەگەڵ بڕی 50%داهاتی ناوخۆ کە بە 200  ملیار دیناری مانگانە خەمڵاندویەتی.

ئەوەی ئێستا هەردوو حکومەت لەسەری گەیشتون بە لێکتێگەیشتن هەر هەمان رەشنووسەکەی رابردووە، بەڵام هەردولا سەقفی داواکارییەکانیان کەمکردوەتەوە و لە بەشێک لە داواکارییەکانی رابردوویان خۆشبوون.

هێرشە درۆنی بۆ سەر کێڵگە نەوتییەکان بە فشار بۆ سەر هەرێمی کوردستان بۆ کەمکردنەوەی داواکارییەکانی دەخوێندرێنەوە، فشارەکانی ئەمریکاش هۆکاربوون بۆ کەمکردنەوەی سەقفی داواکارییەکانی حکومەتی عێراق.

More News

Most Popular

هەواڵ

بۆ وەستاندنی هێرشە درۆنییەکان داوای کۆبونەوەی بەپەلەی پەرلەمان دەکرێت

Mic
2025-07-17


هێڕشە درۆنییەکان بۆسەر هەرێمی کوردستان و کردنە ئامانجی کێڵگە نەوتییەکان بەردەوامە، فراکسیۆنی پارتی داوای بەڕێوەچوونی کۆبوونەوەیەکی بەپەلەی پەرلەمانی عێراق دەکات لەسەر ئەو پرە و جەختدەکاتەوە، هێرشەکان، سەروەریی عێراق، ئاسایش و سەقامگیرییەکەی تێک دەدەن.


لە سەرەتای ئەم مانگەوە 15 هێرشی درونی کراونەتە سەر هەرێمی کوردستان و بەشێکیان کێڵگە نەوتییەکانیان کردووەتە ئامانج، ئەمڕۆی درۆنێکی تر لە نزیک ناحیەی بەحرکەی سنوری پارێزگای هەولێر کەوتەخوارەوە.

حکومەتی هەرێم راگرتنی هێرشە درۆنییەکان دەخاتە ئەستۆی حکومەتی عێراق و ئەمڕۆیش، فراکسیۆنی پارتی راگەیاندراوێکی بڵاوکردەوە و تێیدا هاتووە، لە چوارچێوەی فشارە ئابوورییە ناڕەواکاندا بۆ سەر هەرێمی کوردستان، لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا، لە ڕێگەی فڕۆکەی بێ فڕۆکەوان (درۆن)ـی بۆمبڕێژکراوەوە، ژمارەیەک هێرشی تیرۆریستی کراونەتە سەر ژمارەیەک دامەرزاوەی گرنگ لە هەرێمی کوردستان، لەنێویشیاندا ژێرخانی ئابووری، پاڵاوگەی نەوت، سەرچاوەی وزە.

فراکسیۆنی پارتی داوای بەڕێوەچوونی کۆبوونەوەیەکی بەپەلەی پەرلەمانی عێراق بۆ "تاوتوێکردنی ئەم پێشهاتە مەترسیدارانە و پێداچوونەوە بە ڕێکارەکانی حکوومەت لەمبارەوە" دەکات، ئەمەش بە مەبەستی "بە‌‌هێزکردنی ڕۆڵی دەسەڵاتی یاسادانان لە پاراستنی وڵات و هاووڵاتییاندا".

وەک لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە، فراکسیۆنی پارتی هێرشە درۆنییەکان بۆ سەر هەرێمی کوردستان بە پەرەسەندنێکی مەترسیدار بۆ سەر سەروەریی عێراق و ئاسایش و سەقامگیرییەکەی ناو دەبات و دووپاتی کردووەتەوە، هێرشەکان زیانێکی زۆر بە شادەماری ئابووریی عێراق دەگەیەنن.