موسا ئەو گەنجەی لە ڕۆژهەڵاتەوە چووە ڕۆژئاوای کوردستان و وەک نیشانە شکێنێکی بە توانا بووە ڕەمزی کۆبانێ. ئەو دەیوت، بیرم نایە فیشەکێکم دژی داعش بە هەدەر دابێت، هاوڕێیەکی دەڵێت، زیاتر لە 150 چەکداری داعشی کوشتووە.
"لەیادم نییە فیشەکم بە هەدەر چووبێت، لەگەڵ هەر فیشەکێکم چەکدارێکی داعشم کوشتووە، کاتێک دەچوومە سەر تەرمەکان دەمزانی کامەیان فیشەکی من پێکاویەتی".
ئەمە ئەو دێڕەیە لە دوای شەهیدبوونیەوە هەمیشە موسا کۆبانێی پێ دەناسرێتەوە، کە ئەو یەکێک بوو لە ناسراوترین شەڕڤانەکانی یەکینەکانی پاراستنی گەل - یەپەگە لە رۆژئاوای کوردستان.
موسا ئەگەرچی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە دایک بووە، بەڵام لە دوای هێرشی داعش بۆ سەر کۆبانێ وەک نیشانەشکێنێکی بە توانا بووەتە ڕەمزی بەرگریکردن لە شارەکە و یەکێکیشە لە سیمبولانی شۆڕش لە رۆژئاوای کوردستان.
هەردەم جیهاد کە ناسراوە بە موسا کۆبانێ، ساڵی 1986 لە شارۆچکەی سەڵماسی پارێزگای ورمێی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە دایک بووە.
بەپێی ئەو تۆمارە ڤیدۆیانەی هەن، هەر لە تەمەنی گەنجیەوە ڕۆژهەڵاتی کوردستان جێشتووە و وەک پەیوەندییە بە ڕیزەکانی پارتی کرێکارانی کوردستان - پەکەکەوە کردووە و بووەتە گەریلا.
19ــی تەمموزی 2012، بە سەرەتای دەستپێکی ئەو شۆڕشە دەنرێت کە 13 ساڵ بەر لە ئەمڕۆ لە رۆژئاوای کوردستان بە دیاریکراوی لە شاری کۆبانێوە دەستیپێکرد.
بەپێی گێڕانەوەی نزیکەکانی، موسا کۆبانێ لەگەڵ دەستپێکردنی شۆڕش و هێرشی گروپە جیهادییەکان بۆ سەر ئەو بەشەی کوردستان روویکردوەتە رۆژئاوای کوردستان
موسا لەگەڵ گەیشتنی بە ڕۆژئاوای کوردستان پەیوەندیی بە ڕیزەکانی یەکینەکانی پاراستنی گەل-یەپەگەوە دەکات و دەبێت بە فەرماندەی هێزی نیشانەشکێن.
ساڵی 2014 لەگەڵ هێرشی داعش بۆ سەر کۆبانێ ئەستێرەی ناوی موسا کۆبانێ گەشایەوە و بووە ناوێکی دیار لە میدیا ناوخۆیی و جیهانییەکاندا و وەک نیشانەشکێنێکی بە سەلقە ناسێندرا.
موسا بە قەناسێکی رووسیەوە ماوەی چوار مانگ لەگەڵ شەڕڤانانی یەپەگە و ھێزەکانی پێشمەرگەی باشوری کوردستان شەڕی داعشی کردووە.
سەبارەت بە شەڕکردن لەگەڵ داعش لە یەکێک لە دیمانە ڕۆژنامەوانییەکانیدا ئاماژەی بۆ ئەوەکردووە،" ئەم شەڕە شەرێکی ئاسایی نەبوو، چونکە لە شەڕدا کۆمەڵێک ئەخلاقیات و کولتوور و بنەما ھەن دەبێ رەچاو بكرێن، بەڵام داعش رێز لە بنەماکانی شەڕ ناگرێت و تەنیا شێتی شەھیدبوون بوون بۆ ئەوەی بچنە بەھەشت".
موسا کۆبانێ لەگەڵ ئەوەی لە کاتی شەڕی کۆبانێدا هەمیشە چاوی میدیا جیهانییەکانی لەسەر بووە، تا ئێستا چەندین فیلمی جۆراوجۆر لەبارەی ژیانییەوە بەرهەمهێنراوە.
موسا کۆبانێ لە یەکێک لە گێڕانەوەکانیدا لەبارەی شەڕی داعش لە کۆڵانەکانی کۆبانێدا باسی لەوەکردووە،" چەندین کیلۆمەترم بە ناو دارو پەردووی باڵەخانە ڕووخاوەکانی کۆبانێدا دەبڕی بۆ ئەوەی فیشەکێک لە دڵی دوژمندا سارد بکەمەوە، بیرم نایەت فیشەکێکم بە هەدەر دابێت، بۆ هەر فیشەکێک دوژمنێکم پیکاوە".
تا ئێستا دیار نییە، کە ژمارەی ئەو چەکدارانەی داعش چەندن کە بەدەستی موسای نیشانەشکێن کوژران بەڵام مارسیلۆ کە هاوڕێییەکی کە بە ڕەگەز ئیتاڵییە موسا بووە وتی،"موسا بە چەکەکەی زیاتر لە 150 چەکداری داعشی کووشتووە".
ڕۆژی 8ـی نیسانی 2015، لە ئۆپەراسیۆنێکی هێزەکانی یەپەگە و یەپەژە بۆ کێوماڵکردنی تەواوی ناوچەکان، له گوندی چهلهبیه له كۆبانێ بۆمبێک بە ئۆتۆمبێلەکەیدا تەقیەوە و شەهیدبوو.
ئەگەرچی هەوڵدرا تەرمی موسا کۆبانێ بۆ زێدی خۆی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بگەڕێتەوە بەڵام تورکیا ڕێگەی نەدا تەرمەکە بە خاکەکەیدا تێپەڕببێت بۆیە بە ناچار لە گۆڕستانی "شەهیدانی کۆبانێ" بەخاکسپێردرا.
دادگای فیدراڵی ئەو
دوو سکاڵایەی دژ بە گرێبەستە نەوتی و غازییەکانی ئەم دواییەی هەرێمی کوردستان بوو ڕەتکردەوە
و سکاڵای تایبەت بە پڕۆژەی ڕوناکی-شی بۆ 28ـی تەمموز دواخست.
دادوەرێکی
دادگای فیدراڵی بە دیجیتاڵ میدیای MIC ڕاگەیاند:
لە دانیشتنی ئەمڕۆی دادگای فیدراڵی کە تایبەت بوو بە سێ سکاڵا دژی هەرێمی
کوردستان، دادگا دوو سکاڵای تایبەت بە نادەستوریی بوونی گرێبەسەتە نەوتی و غازییەکانی
هەرێمی کوردستانی ڕەتکردەوە و سکاڵای تایبەت بە پڕۆژەی ڕوناکی( کارەبای 24 ) کاتژمێریشی بۆ 28ـی تەمموز دواخست.
ئەو دوو سکاڵایەی
ڕەتکراونەتەوە لەلایەن ڕائید حەمدان مالیکی، ئەندامی لیژنەی یاسایی و باسم نەغیمش
غەریباوی، ئەندامی لیژنەی نەوت و گاز لە پەرلەمانی عێراق لەسەر گرێبەستە
نەوتییەکانی هەرێم دژی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان و کەمال
محەمەد وەزیری سامانە سروشتییەکان تۆمارکرابوون.
لە
دو سکاڵاکەدا داوا کراوە گرێبەستەکانی نەوت و غازی هەرێم لەگەڵ کۆمپانیای
ئەمریکییەکانی وێسترۆن زاگرۆس و ئێچ کەی ئێن ئینێرجی بە نادەستوری و نادروست
دابنرێت و بەتاڵبکرێنەوە، ڕێگەش نەدرێت بەبێ ڕەزامەندی بەغدا هەرێمی کوردستان گرێبەستی
نەوت و غاز بکات.
لە
یەکێک لە سکاڵاکان، داواکراوە فەرمان سالاری بۆ ڕاگرتنی دەستبەجێی گرێبەستەکان
دەربکرێت تا سکاڵاکە یەکلایی دەکرێتەوە.
سکاڵای سێیەم لەلایەن سروە عەبدولواحید سەرۆکی فراکسیۆنی نەوەی
نوێ لەسەر سەرۆکی هەرێمی کوردستان و سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان تۆمارکراوە.
سکاڵاکەی سروە عەبدولواحید لەسەر پڕۆژەی ڕوناکی تۆمارکراوە،
داوای هەڵوەشاندنەوەی بڕیاری ژمارە 280 ئەنجومەنی وەزیران دەکرێت کە تایبەتە بە
پڕۆژەی ڕوناکی.
بەگوێرەی سکاڵاکە، بڕیارەکە کە تێیدا ساڵانە بڕی 265 ملیار
دینار بۆ پشتیوانیکردنی هاوبەشانی کارەبا تەرخانکراوە، پێویستە هەڵبوەشێنرێتەوە.