هەواڵ

Mic Exclusive: رێککەوتن نەکرێت ساڵی داهاتوو هەرێم ناتوانێت نەوت لە رێگەی تورکیاوە هەناردە بکات

Mic
2025-07-22

بەپێی بەدواداوچونێکی دیجتیاڵ میدیای Mic، ئەگەر تورکیا رێککەوتنی هەناردەی نەوت لەگەڵ عێراق نوێ ناکاتەوە، ساڵی داهاتوو ناتوانرێت نەوتی هەرێمی کوردستان لە رێگە بەندەری جەیهانەوە هەناردە بکرێت.

بۆری نەوتی عێراق - تورکیا 28 مانگە یەک قەترە نەوتی پێ هەناردە نەکراوە، ئێستا کە عێراق و هەرێمی کوردستان بۆ هەناردەکردنەوەی نەوت رێککەوتوون، تورکیا بڕیاری هەڵوەشاندنەوەی رێککەوتنەکەی داوە.

بەپێی بەدواداچوونەکانی دیجتیاڵ میدیای Mic، ئەگەر عێراق و تورکیا رێککەوتنەکە نوێ نەکەنەوە، هەرێمی کوردستان ناتوانێت لە رێگەی بەندەری جەیهانەوە نەوت هەناردە بکات.

بە داخستنی ئەو دەروازەیە بەنداوی بەسرە دەبێتە تاکە دەروازە بۆ هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان کە عێراق نزیکەی 96%ـی نەوتەکەی لە رێگەیەوە هەناردە دەکات.

ئەگەرچی تورکیا بڕیاری هەڵوەشاندنەوەکەی دەرکردووە، بەڵام میدیای فەرمی عێراق لە زاری سەرچاوەیەک لە وەزارەتی نەوتەوە بڵاویکردەوە، تورکیا رەشنووسێکی بۆ ناردوون تا رێککەوتنەکە فراوان بکرێت بۆ کەرتى نەوت، غاز، کارەبا و پترۆکیمیایی.

ئاژانسی رۆیتەرزی بەریتانی لە زاری بەرپرسێکی باڵای تورکیاوە بڵایکردوەتەوە، ئەنقەرە هێشتاش دەیەوێت بۆرییەکە بەکاربخاتەوە، چونکە ئەو بۆرییە نەوتە دەتوانێت ببێتە بۆرییەکی زۆر چالاک و ستراتیژی بۆ ناوچەکە.

هەنگاوەکەی تورکیا بۆ هەڵوەشاندنەوەی رێککەوتنەکە، بە کارتێکی فشاری ئەنقەرە دەبینرێت تا بەغدا ناچار بکات لەو قەرەبووە 1 ملیار و 500 ملیۆن دۆلارییە خۆش بێت کە دادگای ناوبژیوانی پاریس بەسەریدا سەپاندووە.

هێڵی بۆریی نەوتی عێراق-تورکیا، لە 27ـی ئابی 1973 لەنێوان حکومەتی تورکیا و عێراق واژۆ کرا، بەمەبەستی گەیاندنی نەوتی کەرکووک و کێڵگەکانی دیکەی  بۆ بەندەری جەیهانی تورکی.

 یەکەم هێڵ کە تیرەکەی 40 ئینج و درێژییەکەی 986 کیلۆمەترە، لە ساڵی 1976 کەوتەکار و یەکەم باری تانکەر لە 25ـی ئایاری 1977 بارکرا.

هێڵی دووەمی بۆری کە هاوتەریبە لەگەڵ هێڵی یەکەم و کارەکانی دروستکردنی لە ساڵی 1985 دەستیپێکرد، لە ساڵی 1987 تەواو بوو. بەهۆی ئەم هێڵە بۆرییەوە کە تیرەکەی 46 ئینجە، توانای گواستنەوەی ساڵانە بۆ 70.9 ملیۆن تۆن بەرزبووەوە.

ساڵی 2010 هەرێمی کوردستان لە کێڵگەی خورمەڵەی سنوری پارێزگای هەولێرەوە هێڵێکی دیکەی بە بۆریەکەوە لە فیشخاپور بەستەوە، ساڵی 2013 لە رێگەیەوە دەستی بە هەناردەی نەوتی کوردستان کرد.

بۆری نەوتی کەرکووک - بەندەری جەیهان تا ساڵی 2023، رۆژانە 1.6 ملیۆن بەرمیل نەوت دەگواستەوە، کە 450 هەزار بەرمیل نەوتی هەرێمی کوردستان بوو.

25ـی ئازاری 2023، دادگای ناوبژیوانی پاریس بڕیاری دا کە دەبێت تورکیا 1 ملیارو 500 ملیۆن دۆلار وەک قەرەبوو بە عێراق بداتەوە، لە بەرامبەر ئەو نەوتەی هەرێمی کوردستان کە لە نێوان 2014 و 2018 بێ رەزامەندیی بەغدا فرۆشتوویەتی.

لە دوای دەرکردنی بڕیارەکەی دادگای ناوبژیوانی پاریسەوە، هەناردەی نەوت لە رێگەی بۆرییەکەوە راگیراوە، تورکیا تانەی لە بڕیارەکە داوە و داوای هەڵوەشاندنەوەی دەکات.

ئەگەرچی بۆریەکە لە 2023ـەوە ناکرایە، بەڵام رێککەوتنەکەی چالاک بوو، رۆژی 21ـی تەمموزی 2025، رۆژنامەی فەرمی تورکیا بڕیارێکی بە واژۆی سەرۆککۆماری تورکیا بڵاوکردەوە کە رۆژی 27ـی تەمموزی 2026ـی وەک دوایین وادە بۆ کارکردن بە رێککەوتنەکە دیاریی کردووە.

More News

Most Popular

هەواڵ

دادگای فیدراڵی دوو سکاڵای دژ بە پارێزگابوونی هەڵەبجە ڕەتکردەوە

Mic
2025-07-22

دادگای فیدراڵیی عێراق ئەو دوو سکاڵایەی ڕەتکردەوە کە لە دژی بە پارێزگابوونی هەڵەبجە تۆمار کرابوون.

لە دانیشتنی ئەمڕۆیدا دادگای باڵای فیدراڵی عێراق، ئەو دوو سکاڵایەی لە دژی بڕیاری پەرلەمانی عێراق بۆ بە پارێزگابوونی هەڵەبجە تۆمارکرابوون؛ ڕەتکردەوە.

سکاڵاکان لەلایەن شەش پەرلەمانتارەوە لە دژی سەرۆک کۆماری عێراق، سەرۆکی پەرلەمانی عێراق و هەردوو جێگرانی تۆمار کرابوون لە سکاڵاکاندا داوایان کردبوو، بڕیاری بەپارێزگاکردنی هەڵەبجە بە نایاسایی بناسرێت و هەڵبوەشێنرێتەوە.

پرۆژەیاسای بە پارێزگابوونی هەڵەبجە ڕۆژی 14-04-2025، لە لایەن پەرلەمانی عێراقەوە پەسەند کرا، هەڵەبجە بووە 19ـهەمین پارێزگای عێراق و چوارەمین پارێزگای هەرێمی کوردستان.

ڕۆژی سێشەممە، 29-04-2025، د. لەتیف ڕەشید، سەرۆک کۆماری عێراق ڕۆژی لەسەر یاسای بەپارێزگابوونی هەڵەبجە کرد.