وەزارەتی دارایی هەرێم 120 ملیار دیناری ڕادەستی
وەزارەتی دارایی عێراق کرد و، د. فوئاد حوسێن-یش دەڵێت: ئەمڕۆ بەغدا مووچەی
مانگی ئایاری فەرمانبەران و مووچە خۆرانی هەرێمی کوردستان خەرج دەکات.
وەزارەتی دارایی و ئابووریی حکومەتی هەرێمی کوردستان
ڕایگەیاند: بەشی گەنجینەی فیدراڵی لەداهاتی نانەوتی هەرێم خرایە سەر هەژماری
بانکی وەزارەتی دارایی فیدراڵ لە لقی هەولێری بانکی ناوەندی عێراق؛ کە بڕەکەی (120) ملیار دینارە.
لەبارەی مووچەی مانگی
ئایار د. فوئاد حوسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق بە کەناڵی ڕووداوی ڕاگەیاندووە، لێکتێگەیشتن هەیە و کێشەی مووچەی مانگی ئایار
چارەسەر کراوە، بڕیارە ئەمڕۆ خەرج بکرێت.
بەپێی زانیارییەکانی دیجیتاڵ میدیای MIC لە دوو ڕۆژی ڕابردوودا لیژنەیەکی هەرێمی کوردستان تەرازووی پێداچوونەوەی مانگی ئایار و حوزەیرانی ڕادەستی وەزارەتی دارایی عێراق کردووە.
بەپێی دواین پەرەسەندنەکانی نێوان بەغدا و هەولێر؛ مووچەی مانگەکانی حوزەیران و
تەمموز بەستراوەتەوە بە هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان لە ڕێگەی کۆمپانیای
سۆمۆ، بەڵام هێرشە درۆنییەکان ئاستی بەرهەمهێنانی نەوتیان لە کێڵگەکانی هەرێم لە 280 هەزار بەرمیل بۆ 80 هەزار بەرمیلی ڕۆژانە کەمکردوەتەوە، ئەمەش بەربەستە
لەبەردەم جێبەجێکردنی لێکتێگەیشتنەکەی هەولێر و بەغدا.
بۆ هەڵسەنگاندنی ئاستی زیانەکان و دابەزینی توانای
بەرهەمهێنانی نەوت لە کێڵگە نەوتییەکانی هەرێمی کوردستان، شاندێکی وەزارەتی نەوتی
عێراق هاتنە هەرێم و ڕاپۆرتێکیان لەسەر زیانەکان گەڵاڵە کرد و گەڕانەوە بەغدا.
بۆ خەرجکردنی مووچەی مانگەکانی حوزەیران و تەمموز هەرێمی
کوردستان چاوەڕێی حکومەتی فیدراڵە، لەسەر بنەمای ئەنجامی ڕاپۆرتەکەی وەزارەتی نەوت
بڕیار لە خەرجکردنی مووچەی ئەو دوو مانگە بدات.
زیاتر لە 80 ڕۆژ بەسەر
دابەشکردنی وادەی مووچەی مانگی ئایار تێپەڕیوە و فەرمانبەران و مووچەخۆرانی هەرێمی
کوردستان لە دۆخێکی سەختی دارایی-دان؛ داوا دەکەن پرسی مووچە لە ململانێ
سیاسییەکان دەربهێندرێت و، نەکرێتە کەرەستەی سیاسی و ململانێ نێوان حکومەتی هەرێم و فیدراڵ.
دادگای فیدراڵیی عێراق
ئەو دوو سکاڵایەی ڕەتکردەوە کە لە دژی بە پارێزگابوونی هەڵەبجە تۆمار کرابوون.
لە دانیشتنی ئەمڕۆیدا
دادگای باڵای فیدراڵی عێراق، ئەو دوو سکاڵایەی لە دژی بڕیاری پەرلەمانی عێراق بۆ
بە پارێزگابوونی هەڵەبجە تۆمارکرابوون؛ ڕەتکردەوە.
سکاڵاکان لەلایەن شەش
پەرلەمانتارەوە لە دژی سەرۆک کۆماری عێراق، سەرۆکی پەرلەمانی عێراق و هەردوو جێگرانی
تۆمار کرابوون لە سکاڵاکاندا داوایان کردبوو، بڕیاری بەپارێزگاکردنی هەڵەبجە بە نایاسایی
بناسرێت و هەڵبوەشێنرێتەوە.
پرۆژەیاسای بە پارێزگابوونی
هەڵەبجە ڕۆژی 14-04-2025، لە لایەن پەرلەمانی عێراقەوە پەسەند کرا، هەڵەبجە بووە 19ـهەمین پارێزگای عێراق
و چوارەمین پارێزگای هەرێمی کوردستان.
ڕۆژی سێشەممە،
29-04-2025، د. لەتیف ڕەشید، سەرۆک کۆماری عێراق ڕۆژی لەسەر یاسای بەپارێزگابوونی
هەڵەبجە کرد.