هەواڵ

هەفتەی داهاتوو بڕیار لە ناردنی مووچەی مانگی شەش دەدرێت

Mic
2025-08-14

رێککەوتن لەسەر نەوت کرا و سەرچاوەیەک-یش ئاشکرای دەکات هەفتەی داهاتوو ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق بڕیار لە ناردنی مووچە دەدات، پسپۆڕێکی ئابووریش دەڵێت، ڕێککەوتنەکە دەرزی سڕکەرە و کاتییە.

وەزارەتی سامانە سروشتییەکان بەفەرمی ڕێککەوتنی میکانیزمی هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستانی لەگەڵ حکومەتی فیدراڵ راگەیاند، بەوەش بەربەستی گەورەی بەردەم ناردنی مووچەی مانگی شەش لادەچێت.

سەرچاوەیەک لە حکومەتی عێراق ئاشکرایکردوە، دوای ئەوەی هەرێم 120 ملیارەکە ڕەوانەی بەغدا دەکات، لە کۆبونەوەی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق لە هەفتەی داهاتوو، بڕیار لە خەرجکردنی مووچەی مووچەخۆران و فەرمان بەرانی هەرێمی کوردستان دەدرێت.

سەرچاوەکە ئاماژەی بەوەشکردووە، ئێستا نەوتی هەرێمی کوردستان پشکی کۆمپانیای سۆمۆیە و بەرپرسیارێتی ئەوە ڕێکەوتن لەگەڵ لایەنی تورکی بکات بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوت.

بەگوێرەی زانیارییەکانی دیجیتاڵ میدیای مایک MIC حکومەتی هەرێمی کوردستان 120ملیار دینار داهاتی ناوخۆی ئامادەیە و تەنها بڕیاری ناردنی بۆ بەغدا ماوە.

بەپێی ئەم زانیاریانە بێت، بەربەستەکانی بەردەم ناردنی مووچەی مانگی شەش لاچوون و دەبێت لە کۆتایی هەفتەی داهاتوو لە بەغداوە پارە بنێردرێت و مووچەی پێ دابەش بکرێت.

رێککەوتنەکە بە کاتی و ناودەبرێت و رەخنەی لێ دەگیرێت، نەبیل مەرسومی، پسۆڕی ئابووریی عێراق، رێککەوتنەکە بە دەرزی سڕکەر بۆ فەرمانبەرانی هەرێم ناودەبات، کۆمپانیاکان خاوەنی نەوتن نەک حکومەتی هەرێمی کوردستان.

ئەو ئابووریی ناسە دەڵێت، پێویستە عێراق ڕێککەوتن لەگەڵ کۆمپانیاکانی بەرهەمهێنانی نەوت لە هەرێمی کوردستان بکات، چونکە ئەوان خاوەنی ڕاستەقینەی نەوتن، نەک حکومەتی هەرێم.

مەرسومی روونیشدەکاتەوە، كاتێك بەرهەمهێنان دەگاتە ئەو قۆناغەی كە پێی دەوترێت بەرهەمهێنانی بازرگانی، كۆمپانیا بیانیاکان (40%) بەهای داهاتەكان دەبەن لەوەی پێی دەوترێت تێچوی نەوت، لەگەڵ (20 بۆ 30) لەسەدی لە قازانجی نەوت.

پشتریش لە ڕاپۆرتێکدا دیجیتاڵ میدیای MIC باسی لەوەکردبوو، یەکێک لە بەربەستە گەورەکانی بەردەم هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان کۆمپانیاکانی بەرهەمهێنانی نەوتن و دەبێت رازیبکرێن.

کۆمپانیاکان بەرهەمهێنانی نەوتی هەرێمی کوردستان لەسەر تێچووی دەرهێنان و گواستنەوەی نەوت کە 16 دۆلارە رێککەوتوون، تا ئەوکاتەی کۆمپانیایەکی دەرەکی هەڵسەنگاندن بۆ بڕی تێچووی راستەقینەی نەوت لە کێڵگە نەوتییەکانی هەرێم دەکات.

کۆمپانیا نەوتییەکانی هەرێمی کوردستان داوای گەرەنتی بۆ مسۆگەرکردنی شایستە داراییەکانیان دەکەن و داواش دەکەن قەرزەکانیان بدرێتەوە، ئەمەش وەک گرفتێک لەبەردەم پرۆسەی هەناردەکردنەوەی نەوت دبینرێت، لە داهاتوودا.

More News

Most Popular

هەواڵ

Mic exclusive: هەرێمی کوردستان 120 ملیارەکەی ئامادە کردووە و بەغدا ئاماژەیەک بدات دەینێرێت

Mic
2025-08-14

120 ملیار دیناری داهاتی نانەوتی بۆ حکومەتی عێراق ئامادەکراوە، ئەگەر هەفتەی داهاتوو بەغدا یەک ئاماژە بدات هەرێمی کوردستان پارەکەی بۆ رەوانە دەکات. 

سەرچاوەیەکی ئاگادار لە وەزارەتی دارایی و ئابوری هەرێمی کوردستان بە دیجیتاڵ میدیای Micـی راگەیاند، 120 ملیارەکەی داهاتی نانەوتی ئامادەیە، بەڵام وادەی ناردنی دیار نییە.

بەپێی زانیارییەکانی دیجیتاڵ میدیای Mic، ئەگەرێکی بە‌هێزە هەفتەی داهاتوو حکومەتی عێراق بڕیار لە ناردنی پارەی مووچە بۆ بەغدا بدات.

سەرچاوەکەی وەزارەتی دارایی و ئابوری وتی،" هەفتەی داهاتوو هەموو شت یەکلایی دەبێتەوە و ئەگەر هەیە ئێمەش پارەکە بنێرین". 

ناردنی ئەو 120 ملیار دینارە لە داهاتی نانەوتی بۆ حکومەتی عێراق، بەپێی رێککەوتنێکی نێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی عێراق کە ناوەڕاستی مانگی تەمووز پەسەندییان کردووە. 

ئێستا هەرێمی کوردستان لە گفتوگۆدایە لەگەڵ حکومەتی عێراق تا ئەو خاڵەی رێککەوتنەکە جێبەجێ بکرێت کە تایبەتە بە خەمڵاندنی داهاتی فیدراڵی هەرێمی کوردستان دەکات. 

ئەگەر هەردوو حکومەت بگەنە رێککەوتنێکی نوێ لەسەر داهاتی نانەوتی، لەمەودوا هەرێمی کوردستان تەنها نیووەی داهاتی فیدراڵی دەداتە بەغدا کە بڕەکەی کەمترە لە 100 ملیار دیناری مانگانە.

خاڵێکی دیکەی رێککەوتنەکە پەیوەست بوو بە رادەستکردنی 230 هەزار بەرمیل نەوتی رۆژانە، بەڵام لەگەڵ رێککەوتنەکە زنیجرە هێرشێکی درۆنی کرایە سەر کێڵە نەوتییەکانی هەرێمی کوردستان. 

هێرشە درۆنییەکان بەرهەمهێنانی نەوتییان لە زۆرینەی کێڵگە نەوتییەکانی هەرێمی کوردستان راگرت و هەرێمی کوردستان نەیتوانی ئەو بڕە نەوتە رادەست بکات. 

رۆژی 1ـی ئابی 2025، وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی هەرێمی کوردستان و وەزارەتی نەوتی عێراق بۆ هەناردەکردنەوەی نەوت رێککەوتنێکی نوێیان راگەیاند.