هەواڵ

دادگا کەفالەت رەتکردەوە… ئاسایشی سلێمانی داوای شاسوار عەبدولواحید دەکات

Mic
2025-08-14

ئاسایشی سلێمانی داوای لە دادگا کردووە، شاسوار عەبدولواحیدی بە دەستەبەسەرکراوی رادەست بکات، دادگاش داوایەکی پارێزەرەکانی بۆ کەفالەت کردن رەتدەکاتەوە. 

 

بەپێی بەدواداچوونێکی دیجیتاڵ میدیای Mic، ئاسایشی سلێمانی بە نوسراوی ژمارە 346 کە بەرواری 14ـی ئابی 2025ـی لەسەرە داوای لە دادگای سلێمانی کردووە، شاسوار عەبدولواحید سەرۆکی جوڵانەوەی نەوەی نوێیان رادەست بکات. 

بەپێی بەدواداچوونەکانی دیجیتاڵ میدیای Mic، داواکارییەکەی ئاسایش پەیوەستە بە سکاڵایەک کە ساڵی رابردوو لەسەر شاسوار عەبدولواحید تۆمارکراوە، بە تۆمەتی خراپ بەکارهێنانی ئامێرەکانی پەیوەندیکردن.

سکاڵاکە بەپێی ماددەی دوو لە یاسای خراپ بەکارهێنانی ئامێرەکانی پەیوەندیکردن تۆمارکراوە، ئاسایشی سلێمانی لە 20ـی شوباتی 2024 فەرمانی دەستگیرکردنی بۆ دەرکردووە. 

کردنەوەی ئەم دۆسیەیە لە کاتێکدایە، شاسوار عەبدولواحید ماوەی دوو رۆژە لەسەر سکاڵایەکی دیکە بە تۆمەتی هەڕەشەکردن و بەپێی ماددەی 431 لە یاسای سزادانی عێراقی دەستگیرکراوە. 

دادگای سلێمانی بە شێوەی نائامادەیی شەش مانگ سزای زیندانیکردنی بەسەر شاسوار عەبدولواحید دا سەپاندووە، بڕیارە 21ـی ئاب یەکەم دادبینی بۆ دۆسیەکەی بکرێت. 

بەشدار حەسەن ئەندامی تیمی پارێزەرانی شاسوار عەبدولواحید سەرۆکی جوڵانەوەی نەوەی نوێ بە دیجیتاڵ میدیای Micـی راگەیاند، تا ئێستا تەنها دوو دۆسیە لەسەر شاسوار عەبدولواحید کراوەتەوە. 

تیمی پارێزەرانی شاسوار عەبدولواحید سزدانی ناوبراو بەشێوەی نائامادەبوو بە نایاسایی دەزانن، چونکە شوێنی مانەوەی وەک سەرۆک حزبێک دیار بووە. 

پارێزەر بەشدار حەسەن وتی،" لەلای دادوەر تانەیان پێشکەش کردووە و داوای کەفالەتکردنیان کردووە، بەڵام کەفالەتەکەیان رەتکراوەتەوە". 

سەڵاح حەسەن، جێگری سەرۆکی دادگەی سلێمانی لە وەڵامی ناڕەزایەتی تیمی پارێزەران بە دیجیتاڵ میدیای Micـی راگەیاند، ئەو دۆسیەی شاسوار عەبدولواحیدی پێ سزادراوە مێژووەکەی دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی 2021 دادگا هەموو رێکارێکی یاسایی بەکارهێناوە، بەڵام شاسوار عەبدولواحید و پارێزەرانی بەدەم دۆسیەکەوە نەهاتوون تا دەستگیرکراوە. 

نەوەی نوێ کە لەلایەن شاسوار عەبدولواحیدەوە سەرۆکایەتی دەکرێت لە پەرلەمانی کوردستان خاوەنی 15 کورسی و لە پەرلەمانی عێراق خاوەنی 9 کورسییە. 

More News

Most Popular

هەواڵ

یەکێتی و پارتی دورن لەیەک... هیچ ئاسۆیەک بۆ پێکهێنانی کابینەی دەیەم بەم نزیکانە نابینرێت

Mic
2025-08-16

یەکێتی نیشتمانی کوردستان داوا لە پارتی دیموکراتی کوردستان دەکات، بۆ پێکهێنانی حکومەتێکی کارا و چاکساز یەکڕیز بن و بەیەکڕیزی دەتوانن هاڵنگارییەکان تێ پەڕێنن.

دوای مانگێک لە راگرتنی گفتوگۆکان رۆژی پێنجشەممە یەکێتی و پارتی کۆبوونەوە و لە ڕاگەیەندراوی کۆبوونەوەکەدا هاتووە، هەردوولا هاوڕابوون هەوڵی جددی بدرێت لە مانگی داهاتوو پەرلەمان کارا بکرێتەوە.

هەر لەو کۆبوونەوەیەدا جەخت لەوە کراوەتەوە دوای کارابوونی پەرلەمان، لە هەنگاوەکانی پێکهێنانی کابینەی دەیەمی حکومەتی هەرێم بەردەوام بن.

هۆکاری کارانەکردنی پەرلەمانی کوردستان و پێکنەهێنانی کابینەی نوێی حکومەتی هەرێمی کوردستان؛ ئەوەیە تائێستا هەردوو حیزبی براوەی هەڵبژاردنەکانی ئۆکتۆبەری 2024 لەسەر یەکلاییکردنەوەی پۆستەکان نەگەیشتوونەتە رێککەوتن.

لەدوای نزیکەی 10 مانگ لە بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان لە 20ـی 10ـی 2024 نەتوانراوە پەرلەمان کاربکرێت، رەنگیشە کاراکردنی ئەو دامەزراوە گرنگە زیاتر بخایەنێت.

رۆژی شەممە بە بۆنەی 79ـهەمین ساڵیایدی دامەزراندنی پارتی دیموکراتی کوردستان، مەکتەبی سیاسیی یەکێتی نیشتمانی کوردستان پەیامێکی ئاراستەی پارتی کرد و تێیدا هاتووە لەپێناو پێکهێنانی حکومەتێکی کارا كە ئەركی چاكسازی و راستكردنەوەی رێڕەوی حوكمڕانی بگرێتە ئەستۆ پێویستە یەک ڕیزبین.

لە شوباتی رابردوو یەکێتی و پارتی لەسەر کارنامەی حکومەت رێککەوتن و ڕیککەوتنەکەشیان راگەیاند، بەڵام دابەشکردنی پۆستەکان بووەنەتە بەربەستێکی گەورەی بەردەم پێکهێنانی کابینەی نوێ و تا ئێستا نەتوانراوە ئەو پرسە یەکلا بکەنەوە.

گوفتوگۆکانی پێکهێنانی کابینەی دەیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە نێوان هەردوولا بەردەوامە و هەر لایەکیان پێشنیاز و داواکاری خۆیی هەیە و بەپێی بەدواداچوونەکانی MIC  هێشتا ناکۆکی لەسەر پۆستەکان هەیە و هەردو حیزب دورن لەیەکەوە.

هەرچەندە لەسەر ئاستی باڵا لە کۆبوونەوەکانیان لەگەڵ نێردە دیبلۆماسییەکان جەختیان لە پێکهێنانی کابینەی دەیەم لە پێش بەڕێوە چوونی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق کردووتەوە کە وابڕیارە لە تشرینی دووەمی ئەمساڵ بەڕێوەبچێت، بەڵام تائێستا ئەنجامێکی دڵخۆشکەر نییە و بەبڕوای چاودێران قورسە فریا بکەون پێش هەڵبژاردن حکومەتی نوێ پێکبهێنن.

کۆبوونەوەی پێنجشەممەی ڕابدوو و وروژاندنی کاراکردنەوەی پەرلەمانیش ڕەنگە هەوڵی هەردو لابێت بۆ رزگاربوون لە فشارە نێودەوڵەتی و نێوخۆییەکان، نەک هەوڵێکی جددی کردەیی بۆ کارا کردنەوەی پەرلەمان.

 

بەشێک لە شرۆڤەکاران پێیانوایە هۆکاری پێکنەهێنانی حکومەتی نوێ ئەوەیە هەردوو حیزب دەیانەوێت، پۆستەکان لە حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی داهاتووی عێراق بکەنە یەک پاکێج، بۆیە هەموو ئەگەرەکان بۆ ئەوەن پێکهێنانی کابینەی نوێ دەکەوێتە دوای هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق.