هەواڵ

ماددە هۆشبەرەکان هەڕەشە لە داهاتووی گەنجانی هەرێمی کوردستان دەکەن

Mic
2025-08-12

هۆشداریی هەڵکشانی ئاماریی بازرگانیکردن و بەکارهێنانی ماددە هۆشبەرەکان دەدرێت و ڕێکخراوێک دەڵێت: بەراورد بە 2014 بەکارهێنان و بازرگانیکردن بە ماددە هۆشبەرەکان 20  هێندە زیادیکردووە.

ماددە هۆشبەرەکان هەڕەشە لە داهاتووی گەنجانی هەرێمی کوردستان دەکەن، ئاماری بەکارهێنان و بازرگانی پێوەکردنی بەشێوەیەکی مەترسیدار ڕوو لە هەڵکشانە.

ئامارەکان ئاماژەن بۆ دۆخێکی نەخوازراو و مەترسیدار دەکەن؛ بەگوێرەی تۆڕی هەماهەنگی ڕێکخراوەکان لە سەرەتای ئەمساڵ تائێستا دوو هەزار و 900 بازرگان و بەکارهێنەری ماددەی هۆشبەر لە هەرێمی کوردستان دەستگیرکراون.

بەراورد بە 2014 لە هەشت مانگی ئەمساڵ، بەکارهێنەر و بازرگانی ماددەی هۆشبەر 20 هێندە زیادیکردووە، لەکاتێکدا لە 2014 تەنها 142  کەس بە تۆمەتی بەکارهێنان و بازرگانی بە ماددە هۆشبەرەکان دەستگیرکراون.

تۆڕی هەماهەنگی ڕێکخراوەکان هۆشداریی دەدات و دەڵێت، ئەگەر ڕێگری لە بڵابوونەوەی ماددەی هۆشبەر نەکرێت و دۆخەکە بەم شێوەیە ئێستا بێت لە پێنج ساڵی داهاتوودا، لەهەر خێزانی چوار بۆ پێنج کەسی، کەسێکیان دەبنە ئاڵودەی ماددەی هۆشبەر

لە ساڵی 2024، پێنج هەزار و 400 کەس لە بازرگان و بەکارهێنەری ماددەی هۆشبەر لە هەرێمی کوردستان دەستگیرکراون.

ساڵانی ڕابردوو دەزگا پەیوەندیدارەکان و ڕێکخراوەکان ئاماژەیان بەوە دەکرد هێشتا ماددە هۆشبەرەکان هەڕەشە نین و هەرێمی کوردستان وەک ترانزێت بەکاردەهێنرێت بۆ گواستنەوەی ماددە هۆشبەرەکان.



More News

Most Popular

هەواڵ

شەڕ دەستپێدەکاتەوە؟… ئێران و ئیسرائیل ئامادەکاری بۆ هێرشکردن دەکەن

Mic
2025-08-13

ئامادەکارییەکانی ئێران بۆ هێرشی پێشوەختە لە دژی ئیسرائیل بەردەوامە و ئەگەری هێرشی پێشوەختەی ئیسرائیلیش بۆ سەر ئێران ڕەتناکرێتەوە.

تا دێت گرژ و ئاڵۆزییەکانی نێوان تاران و تەلئەڤیڤ زیاتر دەبن، ئەوەیش وایکردوووە دوو وڵاتەکە ئامادەباشی بەرز لەناو هێزە سەربازی و ئاسمانییەکانی خۆیاندا ڕابگەیەنین.

ئامادەباشی ئیسرائیل بریتی بوو لە فراوانکردنی بەرچاوی جێگیرکردنی سیستەمی بەرگری ئاسمانی لەناویاندا گومەزی ئاسنین و تیژڕۆ، بە ئامانجی پاراستنی شارە گەورەکان، وەک تەلئەڤیڤ لە هێرشە مووشەکییەکانی ئێران یان حزبوڵڵا.

پێگەی ئێرەم نیوز لە زاری چەند سەرچاوەیەکی رۆژئاواییەوە بڵاویکردەوە، زانیارییە هەواڵگرییەکان جموجۆڵە سەربازییەکانی ئێرانیان ئاشکرا کردووە، لەوانە کۆکردنەوەی مووشەکی بالیستیک و بەهێزکردنی سیستمی بەرگری.

رۆژاواییەکان جوڵەکانی ئێران بە ئاماژەیەی ئامادەکاری بۆ هێرشی پێشوەختە بە ئامانجی تێکدانی توانا بەرگرییەکانی ئیسرائیل پێش هەر هێرشێکی چاوەڕوانکراو لەلایەن فڕۆکە جەنگییەکانی ئیسرائیلەوە.

هاوشێوەی ئێران، جوڵەی و ئامادەکاری سەربازی ئیسرائیلیش پشتراستکراونەتەوە، جوڵەکان وەک ئاماژەی ئامادەکاری بۆ هێرشکردنە سەر ئێران و هەندێک شوێنی سەربازی لە لوبنان و یەمەن خوێندراوەتەوە.

هاوکاتی جوڵەکانی ئێران و ئیسرائیل بۆ هێرشکردنە سەر یەکتر، چەند پێگەیەکی رۆژنامەوانی جیهانی جوڵەی هەواڵگیری ئەمریکایان لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست پشتراستکردوەتەوە.

بەپێی ئەو پێگانە کە پشتیان بە پێگە ئەلکترۆنییەکانی بواری هاتووچۆی ئاسمانی بەستووە، لە ئێران، کەنداوی عەرەبی و دەریای عوماندا جوڵەی فڕۆکەی هەواڵگیری ئەمریکا بینراوە.

دوای هێرشکردنە سەر دامەزراوە ئەتۆمییەکانی فۆردۆ، نەتەنز و ئەسفەهان لە 22ـی حوزەیرانی ئەمساڵدا، ئەو جوڵانەی ئەمریکا بە یەکەم جوڵەی ئەو وڵاتە دادەنێرن لەو ناوچانەدا.
جوڵە ئاسمانی و هەواڵگیرییەکانی ئەمریکا بەسەر ناوچەکانی دەوروبەری ئێراندا ، ئاماژەیەکی ڕوونە کە واشنتۆن ئۆپەراسیۆنی کۆکردنەوەی هەواڵگری ئەنجام دەدات وەک ئامادەکارییەک بۆ خولی دووەمی هێرش بۆ سەر دامەزراوە ئەتۆمییەکان یان سەکۆکانی بەرگری ئاسمانی ئێران.