چاوڕوان دەکرا ئەمڕۆ
دادگای هەولێر بڕیار بدات شێروان شێروانی لە مانگی داهاتوو ئازادبکرێت، بەڵام
لەبری ئازادکردنی چوار ساڵ و پێنج مانگی دیکە سزای زیندانی بەسەردا سەپێنرا.
رێڤینگ یاسین، پەرێزەری
شێروان شێروانی بە دیجیتاڵ میدیای MIC راگەیاند، شێروان شێروانی لە دادگای هەولێر بە سزایەکی
تر کە ماوەکەی چوار ساڵ و پێنج مانگە زیندانییکردن، سزا درا.
ئەو پارێزەرە ئاماژەی بەوەشکرد، شێروان شێروانی بە پێی
ماددەی 229 سزادراوە، ماددەکە
تایبەتە بە هەڕەشە لە فەرمانبەری حکومی، لەکاتێکدا تەنانەت ئەگەر کەسێک هێرشیش
بکاتە سەر فەرمانبەرێک و لێیبدات ئەو سزایە نادرێت.
بەپێی ماددەی 229 کەسی سزادراو نابێت
ماوەی سزای زیندانیکردنی لە دوو ساڵ زیاتر بێت، تەنانەت ئەگەر ئەوکەسەی هەڕەشەی
لێکردوە دادوەریشبێت نابێت سزاکەی لە سێ ساڵ زیاتربێت.
لەکاتێکدا، بڕیاربوو ئەمڕۆ چارەنووسی شێروان شێروانی بە
ئازادکردن دیاریبکرێت و ئەگەر گرفت بۆ دۆسیەکەی دروستنەکرێت، دەبوو لە نۆی ئەیلول
ئازادبکرێت.
پێشتر ئازادبوونی مەرجدار شێروان شێروانی نەیگرتووەتەوە
و دوو سکاڵای یەکلایی بووەتەوە و تەنیا ئەم دۆسیەیەی ئەمڕۆ کە هەڕەشەکردنە لە ئەفسەرێکی
زێرەڤانی مابوو.
شێروان شێروانى لە حەوتى تشرینى یەکەمى ساڵى 2020 لەگەڵ
ژمارەیەک رۆژنامەوان و چالاکوانێکى بادینان دەستگیرکرا، پاش چەند مانگێک لە دەستگیرکردنیان،
دادگای تاوانی هەولێر رۆژى 16ـى شوباتى 2021 بەتۆمەتی "تێکدانی ئاسایشی نیشتمانی"،
هەریەک لە شێروان شێروانی، ئەیاز کەرەم، گوهدار محەمەدئەمین، هاریوان عیسا و شڤان
سەعیدی بەشەش ساڵ زیندانى بۆ هەریەکەیان
سزادا.
له شوباتی 2022 بەفەرمانی نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمى
کوردستان، %60ـی سزاکەیان لابرا، جگە لەشێروان شێروانی کە %50 سزاکەى کەمکرایەوە.
بەگوێرەی بڕیارەکەی سەرۆکی هەرێمى کوردستان، پێویستبوو لە
ئەیلولی 2023 شێروان شێروانی ئازادبکرایە، بەڵام بەر لەو وادەیە لە 20ـی تەمموزی
2023، شێروانی بەمادەی 298 و 295 لەیاسای سزادانی عێراقى، بە چوار ساڵ بەندکردن
سزادرایەوە، دواتر بە فەرمانەکەی سەرۆکی هەرێمى کوردستان، چوار ساڵەکە کرایەوە بەدوو
ساڵ و کۆتا وادە بۆ ئازادبوونى مانگى ئەیلولى ئەمساڵ بوو.
کشانەی هێزەکانی
ئەمریکا لە بنکەی سەربازی عەین ئەسەد و فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی بەغدا، ترسی خستوەتە
دڵی بەشێک لە بەرپرسانی باڵای ئەمنی عێراق و شڵەژانی دروستکردوە، هەندێکی تریشیان بەسەرکەوتنی هەوڵی حکومەتی
دەزانن بۆ دەرکردنی ئەمریکا.
کشانەوەی کتوپڕی
هێزەکانی ئەمریکا مانگێک پێش وادەی دیاریکراو، گومانی لای بەرپرسان و شرۆڤەکاران
دروستکردووە، وەک ئاماژەیەک بۆ دەستپێکردنەوەی گەڕێکی دیکەی شەڕ لە نێوان ئیسرائیل
و ئێران لێکیدەدەنەوە کە رەنگە پریشکی ئەمجارە عێراقیش بگرێتەوە.
دەستپێکردنی کشانەوەی
هێزەکانی ئەمریکا لە بەغداوە بۆ هەرێمی کوردستان، مانگێک پێش وادەی دیاریکراوە، کە
بڕیاربوو لە مانگی ئەیلول رێککەوتنی نێوان واشنتن و بەغدا بۆ کشانەوە جێبەجێبکرێت، شڵەژانی ئەمنی دروستکردووە و ترسی خستووەتە دڵی بەرپرسانی ئەمنی.
یاسر وتوت، کە ئەندامی لیژنەی
ئاسایش و بەرگریی پەرلەمانی عێراقە، سەرسوڕمانی خۆی نيشانداوە لە کشانەوەی
هێزەکانی واشنتۆن لە عەین ئەسەد لە رۆژئاوای عێراق و پێوایە ئەو هەنگاوە هەڕەشە لە تێکچونی ئاسایشی عێراق دەکات.
هەرچەندە لە دوو رۆژی رابردوودا باڵیۆزخانەی ئەمریکا
لە عێراق روونکردنەوەیەکی داو تێیدا ئاماژەی بەوەکرد، ئەرکی هێزەکانیان بۆ
راوێژکاری دەگۆڕێت و لە رووبەرووبەنەوەی داعش بەردەوام دەبن، بەڵام ئەمە بەس نەبوو
بۆ رەواندنەوەی نیگەرانی بەرپرسانی ئەمنی عێراق.
ماوەی 20 ساڵ بەسەر نەمانی رژێمی بەعس لە عێراق تێدەپەرێ و تا ئێستا هێزی سەربازیی
ئەمریکی کە لە ژێر ناونیشانی جۆراوجۆر لە عێراقن، هەن.
ئەمریکا تا ساڵی 2011 بە بیانووی ریشەکێشکردنی بەعس و گەڕاندنەوەی سەقامگیری بۆ عێراق و
دوای 2014 ش بە هۆی بوونی داعش، سەربازان و راوێژکارانی سەربازیی خۆی لە عێراق
نەکشاندۆتەوە.
لەكاتێكدا سەباح نوعمان،
وتەبێژی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان، کشانەوەی هێزەکانی هاوپەیمانی
نێودەوڵەتی لە عێراق بە یەکێک لە دەستکەوتە هەرە بەرچاوەکانی حکومەت ناوبرد.
نوعمان ئاماژەی
بەوەشکردوە، کشانەوەی هاوپەیمانان بەڵگەیەکی رونە کە حکومەت دەتوانێت سەقامگیری وڵات
بپارێزێت و چیتر پێویستی بە پشتیوانی دەرەکی نییە.
پێچەوانەی وتەبێژی فەرماندەیی
گشتیی هێزە چەکدارەکان؛ ئەسكەندەر وتوت، دەڵێت، هەنگاوەکەی ئەمریکا لەم کاتە
هەستیارەدا جێگەی سەرسوڕمانە، بە لەبەرچاوگرتنی ئەو هەڵكشانە سیاسی و ئەمنییە
توندانەی بەرۆكی ناوچەكەی گرتووە.
پاش لەناوبردنی داعش، ئەمریکا
هەزاران سەربازی خۆی لە عێراق کشاندەوە، بەڵام ئێستا نزیکەی دوو هەزار و 700 سەربازی
لە عێراق هەیە و واشنتن ئەرکی بەشێک لە هێزەکانی کۆتایی پێدێنێت و بەشێکیشیان
ئەرکیان بۆ راوێژکاری دەگۆڕێت.
ئەو كشانەوە كتوپڕش
دوای ئەوەدێت، ئەمریکا هەڵوێستێکی توندی لە دژایەتیكردنی دەرکردنی یاسای حەشدی
شەعبی دەربڕی و بە فروانبوونی هەژمونی ئێران لە عێراق دەزانێت، کە بەشێک لەلایەنە
شیعەکان بەتوندی کار بۆ تێپەڕاندنی دەکەن لە پەرلەمان.
لەچەند رۆژی رابردوودا عەلی
لاریجانی، ئەمینداری گشتی ئەنجومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانی ئێران، یاداشتێکی
لێکتێگەیشتنی لەگەڵ عێراق سەبارەت بە ئاسایشی سنورەکان واژۆ کرد، ئەمەش بە هۆکارێکی دیکەی خێراکردنی کشانەوەی
ئەمریکا لە عێراق لێکدەدرێتەوە.
چاودێرانی سیایی و شرۆڤەکاران پێیان وایە لە بەرژەوەندی عێراقدا
نییە هاوپەیمانی نێودەوڵەتی لەم کاتە گرنگ و هەستیارەدا بکشێتەوە، چونکە بۆشایی
ئەمنی دروست دەبێت و ترس لە تێکچونی دۆخی ئەمنی عێراق دەکرێت.