پەرلەمانی كوردستان شەشـی مانگی داهاتوو كۆتایی بە ماوەی یاسایی دێت، بەڵام هەفتەی رابردوو تەمەنی تاوەكو كۆتایی ساڵی 2023 درێژكرایەوە، چەند فراكسیۆن و پەرلەمانتارێكی سەربەخۆش دەیانەوێت فراكسیۆنێكی ئۆپۆزسیۆن دروست بكەن.
دوو فراكسیۆن و پەرلەمانتارێك رایانگەیاندووە كە دەستلەكاردەكێشنەوە، چەند پەرلەمانتار و فراكسیۆنێكی دیكەش لە هەوڵدان بۆ دروستكردنی فراكسیۆنێكی هاوبەشی ئۆپۆزیسیۆن.
بەگوێرەی زانیارییەكان، هەوڵ هەیە فراكسیۆنەكە حەوت پەرلەمانتاریەكەی كۆمەڵی دادگەری، پێنج پەرلەمانتارەكەی یەكگرتووی ئیسلامی، سێ پەرلەمانتاری سەربەخۆ و چەند پەرلەمانتارێكی بزووتنەوەی گۆڕان كە ئێستا لە بزووتنەوەكە نیگەرانن و سەربەخۆیانە كاردەكەن تێیدا بەشداری بكەن، بەڵام بە بڕیاری كشانەوەی فراكسیۆنی یەكگرتووی ئیسلامیی كوردستان لە پەرلەمانی كوردستان سستی لە دروستكردنی فراكسیۆنەكەدا دروستبووە.
دوای كۆبوونەوەكەی پەرلەمان بۆ درێژكردنەوەی ماوەی یاسایی، نەوەی نوێ رایگەیاند، لە دوای 6-11-2022ـەوە ناچنەوە پەرلەمان و بە نایاسایی دەزانن.
بەگوێرەی پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمانی كوردستان، هەر فراكسیۆن یان پەرلەمانتارێك دەستلەكاركێشانەوە رابگەیەنێت، دەبێت بە نووسراوی فەرمی ئاراستەی دەستەی سەرۆكایەتیی پەرلەمانی كوردستانی بكات و دواتر دەنگی لەسەر بدرێت، بەڵام تاوەكو ئێستا دەستلەكاركێشانەوەی فراكسیۆنەكانی نەوەی نوێ و یەكگرتوو، هەروەها شایان عەسكەری، پەرلەمانتاری گۆڕان لە كۆبوونەوەی پەرلەماندا دەنگی لەسەر نەدراوە.
ئێستا ئەو پەرلەمانتارانەی بەنیازن لەگەڵ ئەو فراكسیۆنانەی لەپەرلەمانی كوردستان ماونەتەوە و فراكسیۆنێكی ئۆپۆزسیۆن پێكبهێنن سەرقاڵی راوێژ وەرگرتنن، لەحاڵەتی پێكهێنانیشدا ژمارەیان دەگاتە 15 پەرلەمانتار.
توانا عوسمان؛ ڕۆژنامەنووس
داوا لە سەرکردایەتیی سیاسی دەکەم بێ قەیدوشەرت بەهەموو مەرجێکی بەغدا ڕازیبن
بەڵام دوو دەرس وەربگرن:
یەکەم: دەبێت ئاشتبوونەوەی ناوخۆیی
ڕابگەیەنن و لە گرنگی فاکتەری ناوخۆیی تێبگەن، میللـەت و هێز و گروپەکانی ناوەوەی
خۆتت لەگەڵ نەبێت ناتوانیت هیچ شەڕێک بەریتەوە.
ئەوەی ئێستا دەرئەنجامی
یەکترنەخوێندنەوە و ناعەدالەتی ناوخۆییە، پشتوانی بەرەی ناوخۆ مەرجی مانەوەو
بەهێزی هەموو سیستەمێکە.
ئەمەریکا بەعەزەمەتی خۆیەوە شەڕی
ڤێتنامی دۆڕاند و ڕایکرد لەبەر ئەوەی پشتیوانی شەقامی لە ئەمەریکادا لەگەڵ
نەمابوو، لەو ڕۆژەوە هەر شەڕێک بکا یان بەکورتی دەیکات یان پشتیوانی پێشوەختی شەقامی
بۆ وەرئەگرێت.
دووەم: بەغدا دژی پێشکەوتنی هەرێمە،
دژی اعمار و ئاسایش و کەشخەیی شارەکانی هەرێمە، حەز ئەکات گەندەڵی لە هەرێم تەنها
لەسەرەوەدا قەتیس نەخوا بەڵکو وەک خۆیان شۆڕبێتەوە بۆ هەموو جومگە و فەرمانگە و
فەرمانبەرێک، گەڕیی بییات لەشۆستە و سەیارە و بەر دوکانەکانەکان و خەڵک بەتراکسودی
دوو ڕەنگەوە بێتە دەرێ.
بۆیە دەبێت هەرێم لەناوەوە لەسەر
بنەمای ڕوئیایەکی نیشتمانی سەرقاڵی پەیداکردنی ئابوری نانەوتی خۆی بێت و کاربکات
لەسەر پلانی درێژمەودای ئابوری بازاڕی ئازاد، بزنسی بچوک، گەشتوگوزرا، کەرتی بانک
و خزمەتگوزاری و پیشەیی.
ئەمە نەکەن، ئەزمونی سۆماڵی ساڵانی
نەوەکان بەجۆرێکی تر لە هەرێمی کوردستان دووبارە دەەبێتەوە.