هەواڵ

كۆنترین جەژنی سەرزەوی.... نەورۆز چییە و چی پەیوەندییەكی بەكوردەوە هەیە؟

Mic
2023-03-20

جەژنی نەورۆز یەكێكە لە بۆنە دێرینەكان كە لە لایەن نەتەوەكانی كورد و فارسەوە ساڵانە لە ٢٠/٣ دا بە كردنەوەی ئاگر و لەبەركردنی جل وبەرگی ڕەنگاو ڕەنگ وخواردنی جۆراوجۆر بەخێرهاتنی وەرزێكی نوێ دەكرێت.

لە لای كوردان خەڵكی جلوبەرگی كوردی دەپۆشن و بە كردنەوەی ئاگر یەكەم ڕۆژی وەرزی بەهار دەستپێدەكەن، ئاگریش سیموبولی دیاری نەورۆزە.

ڕاوبۆچوونی جیاواز هەن لەمەڕ بنەچە و مێژووی جەژنی نەورۆز، بەڵام زۆرترینی لێكۆڵینەوە وبەڵگە مێژووییەكان ئەوە پشت ڕاست دەكەنەوە كە نەورۆز هەمان جەژنی " تەمووز و عەشتار" ی سۆمەریەكانە كە پێش ئەوەی لە ئەشكەوتەكانی كوردستان بێنە دەرەوە بۆ ناوچەلكانی ناوەڕاست وخواری عێراق یادیان كردۆتەوە.

شاعیرانی دیاری كورد لەوانەش ئەحمەدی خانی كە یەكەم شاعیری دیاری كوردە باسی نەورۆزی كردبێت و هەروەها هێمن موكریانیش باس لە نەورۆز كردووە و دەیگەڕێنێتەوە بۆ سەردەمی ئاژەڵداری كە وەك دیارە كورد نەتەوەیەكی ئاژەڵدار بووە و لە ورزی سەرمادا توشی ناڕەحەتی بووە بەهۆی دەستنەكەوتنی ئازوقە بۆ ئاژەڵەكانی، هەربۆیە لەو ڕۆژەدا كە وەرزی مەڕ زایینە و دەستپێكی وەرزی بەهارە ئەو ڕۆژەیان كردووەتە جەژن.

نەورۆز داب و نەریتێكی زۆر كۆن و دێرینە كە لە لایەن كورد و فارس و نەتەوەی دیكەوە، بە شێوەی جۆربەجۆر پەیڕەو دەكرێت،  شارەزایانی نەورۆز، بڕوایان وایە جەمشێد كە یەكێك لە پاشاكانی پێشدادییەكان بووە، نەورۆزی داھێناوە. ژیانی ئەو پاشایانە لە ئەفسانە بەدەر نییە و بە سەرھاتەكانیان زۆر خەیاڵین و سەردەمەكەشیان پێش لە چاخی مێژووە. كەوا بێت بنەمای نەورۆز دەگەڕێتەوە بۆ چاخە دێرینەكان.

كەوناراییەكان پێیان وا بووە كە لە مانگی نەورۆزدا «گیانە پاكەكان» سەردانی كەس و كارەكانیان لەسەر زەوی دەكەنەوە و ئاگر ھەڵدەكەن و «خوانی حەوت سین» دەچنن و بەدەوریدا دادەنیشن،  بۆیە چەند ڕۆژێك پێش لە ھاتنی نەورۆز، خەڵك دەست دەكەن بە تەكاندنی كەلوپەل و ناو ماڵیان و جلی نوێ لەبەر دەكەن و بە ئاگر ھەڵكردنەوە دەچنە پێشوازی نەورۆز، دیارە نەورۆز لە ناوچە جۆربەجۆرەكاندا بە شێوەی جیاواز ئەنجام دەدرێت و داب و نەریتەكانی نەورۆز لای گەلانی ناوچەكەش جیاوازیی ھەیە.

جەژنی نەورۆز پێشینەیەكی دوورودرێژی ھەیە و كۆنترین جەژنی مرۆڤە لە سەر زەوی. بە پێی ئەو لێكۆڵینەوانەی لەو بوارەدا كراون، كۆنترین مرۆڤەكانی سەر گۆی زەوی، ئەو كاتەی كە لە ئەشكەوتەكاندا ژیاون، رۆژی یەكەمی بەھاریان كردووە بە جەژن.

 د. مەولوود ئیبراھیم حەسەن لە وتارێكی تێر و تەسەلدا بە وردی چووەتە سەر بنج و بناوانی مێژوەوە و بەڵگە دێنێتەوە لەسەر ئەوەی كە ئەو جەژنە ھەمان جەژنی (تەمووز و عەشتار) ە، كە سۆمەرییەكان پێش ئەوەی لە ئەشكەوتەكانی كوردستان بێنە دەر و بەرەو خوارووی وڵاتی عێراقی ئێستا داگەڕێن، ئەو جەژنەیان بەڕێوە بردووە.

نوێ ڕۆژ یان نەورۆز (نوروز) لە كوردەوارییەكەی خۆیاندا لە كەس شاراوە نییە كە كورد ھەر لە بنەچەكدا (بنێڕا)، گەلێكی ئاژەڵدار بووە و بە دەم ئاژەڵداریشەوە كشتوكاڵیشی كردووە، كەوابوو وەرزەكانی و گۆڕانە وەرزییەكان، لە ژیانی ئەو گەلەدا گرنگی تایبەت بە خۆی ھەبووە. بە تایبەتی كوردستان نیشتمانێكی كوێستانییە و وەرزی زستان لە كۆندا تەمەنێكی درێژتر لە ئێستای ھەبووە و ئێستاش پیاوە بەتەمەنەكانی كورد باشیان لەبیرە كە جاری جاران (ساڵی ساڵان) بەفرێكی قورس دەباری و جار ھەبووە ھەتا دوو مانگ لە بەھاریش تێپەڕیوە  بەفر ھەر نەتواوەتەوە و زەوی و ڕێ و بانی بەر نەداوە، لەو حاڵەتەدا كوردی ئاژەڵدار دەكەوێتە تەنگژەی بێ تفاقی و بێ ئازوقەیەیی بە پێی ھەموو ئەو ھۆكارانە، كە ھەم سرووشتی و ھەمیش ھەرێمییە كورد تەواو بوونی وەرزی تووش و سەرمای (سەرما و سۆڵەی) زستانی كردبێتە جەژن. 

مامۆستا ھێمن موكریانی جەژنی نەورۆز دەباتەوە سەردەمی ئاژەڵداریی كورد و بە تایبەتی پێی وایە ئەو ڕۆژە ڕۆژی مەڕ زایینە، لەو سۆنگەیەوە كە مەڕداری كورد ڕانە مەڕەكەی لەو ڕۆژەدا دەزێ بۆیە ڕۆژەكەی كردووەتە جەژن، لە مێژووی جەژنە ئێرانییەكاندا جەژنێكیش ھەیە بە ناوی جەژنی مێھرەگان. ئەو جەژنە یەكەم رۆژی پاییز بووە، مەڕدار لەو رۆژەدا بەرانیان لە مێگەل بەرداوە. واتە ئەو ڕۆژە ڕۆژی بەرانگرتنی مەڕ بووە. بۆیە ئەو ڕۆژەش كراوە بە جەژن و بە مێھرەگان ناوی دەركردووە و مامۆستا ھێمن لەسەر ئەو باوەڕەیە كە ھەر ئەو ناوی جەژنی مێھرەگانە دواتر بووەتە مێھرەجان و بە تایبەتی عەرەبەكان بە زۆربەی جەژن و كۆڕەكانی خۆیان دەڵێن مێھرەجان.
 

More News

Most Popular

هەواڵ

ئەمریکا: دۆخی مافی مرۆڤ لە هەرێمی کوردستان خراپتر بووە

Mic
2024-04-23

وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا رایگەیاند، دۆخی ئازادییە بنەڕەتی و مەدەنییەكان لە هەرێمی كوردستان خراپتر بوون. دەشڵێت، " زیندانەکان و ناوەندەکانی چاکسازی لە هەرێم لە دۆخێکی خراپدان".

ئەمڕۆ سێشەممە، وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لە راپۆرتێکدا لەسەر رەوشی ئازادی رادەربڕین و مافی مرۆڤ راپۆرتێکی بڵاوکردوە و تێدا دەڵێت" کوشتن و بێسەروشوێنکردن و ئەشکەنجەدان و بارودۆخی سەختی ناو زیندانەکان و چەندین پێشێلكاری تر تۆماركراون، وتیشی، دەستگیرکردن و لێپێچینەوەی ناڕەوا دژی رۆژنامەوانان كراوە و كێشە بۆ ئازادیی گردبوونەوە دروستكراوە.
ئەوەشی خستەڕوو، زیندانەکان و ناوەندەکانی چاکسازیی لە هەرێم لە دۆخێکی خراپدان و رێژەی قەرەباڵغی نێو زیندانەکان گەیشتووتە ١٥٧٪.