-18

شەش رێگەی گرنگ بۆ ئەوەی ببیتە خوێندكارێكی سەركەوتوو

Mic
2024-07-16


ئەمە چەند رێگەیەكە بۆ ئەوەی خوێندكار سەركەوتن بەدەستبهێنێت:
یەكەم: وردبوونەوە و وردئاگایی خوێندكار لە بابەتەكان هۆكارێكی سەرەكییە بۆ سەركەوتن، بۆ نموونە لەكاتی وانەخوێندن و ناوپۆلدا دەبێت خوێندكار بیری تیژ و وردبكاتەوە بۆ گوێگرتن لە مامۆستا و خۆدوورگرتن لە بەكارهێنانی مۆبایل، خوێندكار پێویستە كاتی خۆی بە سەیركردنی تۆڕەكانی كۆمەڵایەتیی لەناو پۆلدا بەسەر نەبات. توێژینەوەكان سەلماندوویانە ئەو خوێندكارانە زیاتر سەركەوتوو دەبن و دەستكەوت بەدەستدەهێنن كەوا وردن لەسەر خوێندنەكەیان و كاتیان بۆ شتی دیكە خەرج ناكەن. هەروەها لەناو پۆلدا بەوردئاگاییەوە گوێ لە مامۆستا دەگرن و تێبینی دەنووسنەوە.

دووەم: نووسینەوەی تێبینی لەناو پۆلدا یارمەتیی زیاتری خوێندكار دەدات بۆ تێگەیشتن، ئەوە دەبێتە هۆی تێگەیشتنی باشتر و زۆرجار هەر بە خوێندنەوەی ئەو تێبینییانە دەتوانیت نەگەڕێیتەوە بۆ خوێندنەوەی كتێبەكان.

سێیەم: وتنەوەی وانە و شیكردنەوەی بۆ خوێندكارێكی دیكە دەبێتە هۆی ئەوەی بۆ خۆشت زیاتر لە بابەتەكە تێبگەی، چونكە خوێندنی ئاسایی تەنها ئەوەی لە خوێندكار دەوێت لە زانیارییەكان تێبگات كە دەیخوێنێ‌، بەڵام پرۆسەی وانەوتنەوە تیگەیشتنە لە بابەتەكە و شیكردنەوەیەتی بە رێگەیەكی دروست بۆ كەسانی دیكە، بۆیە كاتی زیاتری دەوێ بۆ ئەوەی لێی تێبگەیت و بە باشترین رێگەش بۆ هاوڕێكانتی شیبكەیتەوە و ئەوەش رێگەیەكی باشە بۆ سەركەوتن.

چوارەم: هەڵبژاردنی شوێنی نەگونجاو بۆ خوێندن و كۆششكردن كاریگەریی نەرێنی لەسەر خوێندكار دەبێت، بۆ نموونە ژووری نووستن شوێنێكی گونجاو نییە بۆ ئەوەی خوێندكار تیایدا بخوێنێ‌ بەهۆی ئەوەی شتی زۆر و جیاوازی تیادایە و دەبێتە هۆی ئەوەی بیر و وردئاگایی خوێندكار لە بابەتكە دووربخاتەوە، بۆیە پێویستە خوێندكار شوێنی گونجاو بۆ كۆششكردن هەڵبژێرێت وەكو كتێبخانە، یانی هۆڵی خوێندن و وانەوتنەوە یان هەر شوێنێكی دیكەی هێمن، دەبێت خوێندكار دووربكەوێتەوە لە شوێنی قەرەباڵغ لەكاتی كۆششكردندا. هەروەها پێویستە هەموو پێداویستییەكانی خوێندن بۆ خوێندكار دابینبكرێت وەكو پەڕە و پێنووس و تیانووسی تێبینییەكان. 

پێنجەم: رێكخستنی كاروبارەكان و ریزبەندكردنی ئەركەكان بۆ خوێندكار گرنگە، پێویستە خوێندكار لە سەرەتای هەر هەفتە و وەرزێكدا خشتە دابنێت، هەروەها بۆ خوێندن و چالاكییەكانی دیكەی كات دیاری بكات. هەروەها دەبێت لە خشتە و پلانی خوێندكاردا كاتەكان بۆ هەموو چالاكی و ئەركەكان دیاریكرابن بە هاوسەنگی و گرنگ و گرنگترەكان لەیەك جیاكرابنەوە وەكو؛ ئامادەبوون لەناو پۆلی وانە خوێندن، ئەنجامدانی ئەركەكانی خوێندن لە ماڵەوە و ئەوانی دیكەیش. هەروەها پێویستە ئەنجامدانی ئەركە قورسەكان لە سەرەتای پلان و خشتەكەدا هەبن، چونكە لە سەرەتاوە خوێندكار دەتوانێت كۆششی زیاتر بكات، هەروەها پێویستە خوێندكار رۆژژمێری هەبێت بۆ ئەوەی كاتەكانی زیاتر رێكبخات. 

شەشەم: بە بەردەوامیی پێداچوونەوە بە خوێندنەوەی وانەكاندا گرنگە، ئەگەر خوێندكار بۆ ماوەی دوو هەفتە خوێندنی وانەكانی پشتگوێ بخات، ئەوا نزیكەی 80%ی زانیارییەكانی بیردەچێتەوە.  بۆیە لەسەر خوێندكار پێویستە بە بەردەوامی بە خوێندنەوەی وانەكانیدا بچێتەوە و ئەوەش ئەم سوودانەی بۆی دەبێت وەكو؛ بیرنەچوونەوەی زانیارییەكان، مانەوەی زانیارییەكان لە بیرەوەرییدا بۆ ماوەیەكی زۆر، هەروەها وا لە خوێندكار دەكات لەكاتی تاقیكردنەوەكاندا تووشی شڵەژان نەبێت.

More News

Most Popular

هەواڵ

"حزبی دیموکرات دەڵێت "ئاسایش بێهزاد خوسرەوی رادەستی ئیتڵاعات کردۆتەوە

Mic
2024-09-07

حزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران دەڵێت" ئاسایشی سلێمانی بێهزاد خوسرەوی ئەندامی ئەو حزبەیان دەستگیرکردوە و رادەستی ئیڵاعاتی ئێرانیان کردۆتەوە، بەڵام ئاسایش دەڵێت لەسەر داوای خۆی گەڕێندراوەتەوە.

دەنگۆی رادەستکردنەوەی ئەندامێکی حزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران، کە پارتێکی ئۆپۆزسیۆن، کاردانەوەی لێکەوتۆتەوە، ئاسایشی سلێمانی رۆژی هەینی رایگەیاند کە "بێهزاد خوسرەوی ماوەی مۆڵەتی مانەوەی لە هەرێم تەواو بووە بۆیە لەسەر داوای خۆی گەڕندراوەتەوە بۆ رۆژهەڵاتی کوردستان."

بەڵام ئەمڕۆ شەممە، حزبی دیموکراتی ئێران ئەو لێدوانە ڕەتدەکاتەوە و دەڵیت" بێهزاد خوسرەوی لەلایەن ئاسایشیەوە دەستگیرکراوە و رادەستی ئیتڵاعاتی سنە کراوەتەوە.

ڕۆژی 6-9-2024، ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو بڵاوی کردەوە، هەفتەی ڕابردوو چالاکوانێکی خەڵکی سەقز بەناوی بێهزاد خوسرەوی تەمەن 35 ساڵ کە خاوەن پێداویستیی تایبەت بووە و ئەندامی حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران بووە، هاوکات ئەندامی فەرمی کۆمیسیاری باڵای پەنابەرانی نەتەوەیەکگرتووەکان بووە، دوای دەستگیرکردن و ئەشکەنجەدانی لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی سلێمانی ڕادەستی ئێران کراوەتەوە.

ناوەندی تەشکیلاتی حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران ڕایگەیاندووە، لە ماوەی دوو هەفتەی ڕابردوودا بەهزاد خوسرەوی لە شاری سلێمانی دووجار لەلایەن ئاسایشەوە بانگ کراوە و جاری دووەم و دوای چەند ڕۆژێک لە بەندکردن و ڕاگرتن، ڕادەستی ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری سنە کراوەتەوە.

حیزبی دیموکرات وەڵامی ئاسایشی سلێمانی داوەتەوە و ئاماژەی بەوە کردووە، کە بەهزاد خوسرەوی ماوەی زیاتر لە 10 ساڵە لەگەڵ دایک و خوشکی لە هەرێمی کوردستان لە شاری سلێمانی دەژین و بەپێ هەموو بەڵگە بەردەستەکان، لە نیشینگەی شاری سلێمانی مۆڵەتی مانەوە و نیشتەجێبوونیان وەرگرتووە، مانەوەیان لەو شارە یاسایی و بەپێی ڕێوشوێنەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان بووە.

ماوەی حەوت ساڵ بەهزاد و بنەماڵەکەی ئەندامی حیزبی دیموکرات بوون، لە هەموو ئەو ماوەیەشدا لە چوارچێوەی یاسا و ڕێوشوێنەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە سلێمانی ژیاون،  هیچ لادان و سەرپێچییەک لە ناوبراو ڕووی نەداوە کە لە دادگایەکدا لەسەری سەلمێندراوبێت، تەنانەت وەک پەناخوازی سیاسی لە کۆمیساریای بەرزی پەنابەران، نوێنەرایەتیی UN لە هەرێمی کوردستان ناوی تۆمار کردوە. 

حیزبی دیموکرات ڕادەستکردنی بەهزاد خوسرەوی بە کۆماری ئیسلامیی ئێران سەرکۆنە دەکات و دەڵێت، دەبوایە دۆسیەی گرتنی بەپێی یاسا لە دەزگای دادی هەرێمی کوردستاندا بڕیاری لەسەر درابا، نەک ناوبراو کە ئەندامی حیزبێکی سیاسیی دژبەری ئێران و پەناخوازی سیاسی نیشتەجێی هەرێمی کوردستانە، لەلایەن دەزگای ئاسایشی سلێمانییەوە ڕادەست بکرێتەوە.