هەواڵ

دووەمین كۆڕبەندی نێودەوڵەتیی داهێنان و كارسازی لە سلێمانی بەڕێوەدەچێت

Mic
2025-04-06

دووەمین كۆڕبەندی نێودەوڵەتیی داهێنان و كارسازی لە سلێمانی بەڕێوەدەچێت، بە ئامانجی هاوکاریی ناوچەیی نێوان هەرێمەکان، بنیادنانی هاوبەشیی بەهێز لەنێوان لایەنە پەیوەندیدارە سەرەکییەکان لە داهێنان و کارگێڕیدا.

بە سەرپەرشتی قوباد تاڵەبانى، جێگرى سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان، دووەمین كۆڕبەندی نێودەوڵەتیی داهێنان و كارسازی، لە شاری سلێمانی لە كارگەی كەلتووری بەڕێوەدەچێت. 

کۆڕبەندەکە سەکۆیەکی پسپۆڕانی ناوخۆیی و نێودەوڵەتی، کۆمپانیا دەستپێشخەرەکان، وەبەرهێنەران، و داڕێژەرانی سیاسەتە بۆ پێشخستنی داهێنان، کارگێڕی، توێژینەوە و پەروەردە.

لە كۆڕ‌بەندی نێودەوڵەتیی داهێنان و كارسازی، جگە لە خستەڕووی كێشەكان، چارەسەری داهێنەرانەیش دەخرێتەڕوو، بەسوود وەرگرتن لەو داهێنانانەی كە لەلایەن گەنجانەوە گەڵاڵە کراون. 

کۆڕبەندەکە ئامانجیەتى، هەرێمی کوردستان وەک ناوەندێکی داهێنان جێگیر بکات بۆ ئەو مەبەستەش بانگەشە بۆ ئەو سیاسەتانە دەکات، کە بەربەستەکانی بەردەم کارگێڕی هەڵوەشێننەوە و هاوکاریی ناوچەیی پەرەپێدەدەن بەمەبەستى یەکخستنی هاوبەشە سەرەکییەکان و بەستنەوەی داهێنەران بە کۆمەڵگەی جیهانییەوە.

بڕیارە لە کۆڕبەندەکەدا چەندین بیرۆکەی داهێنەرانەی نوێ لەلایەن گەنجان و کەسانی پسپۆڕ لە بوارە جیاجیاکاکانی تەکنەلۆژیا، ژینگە، پیشەسازی و ئابوری بخرێنەڕوو. كەسی داهێنەری بەشداربوو، سوود لە کۆڕبەندەکە وەردەگرێت و خاوەن بیرۆكەكە دەبێتە خاوەنی پڕۆژەی خۆی.

كۆڕبەندی نێودەوڵەتیی داهێنان و كارسازی، دەبێتە سەکۆیەک بۆ تاوتوێکردنی گرنگترین بابەتەکانی سەردەم و ئەو ئاڵنگارییانەی لە ئێستادا روبەڕوی هەرێمی کوردستان و ناوچەکە بوونەتەوە.

کۆڕبەندی ئەمساڵ، چەندین ئامانج لە خۆ دەگرێت بە تایبەت لەسەر پرسی هاوکاریی ناوچەیی نێوان هەرێمەکان، بنیادنانی هاوبەشیی بەهێز لەنێوان لایەنە پەیوەندیدارە سەرەکییەکان لە داهێنان و کارگێڕیدا.

بەپێی ئەو کارنامەیەی کۆڕبەندەکە بڵاویکردوەتەوە، رێکخستنی ئیکۆسیستەمی کارگێڕی ناوچەیی، پشتگیریکردن لە کۆمپانیا دەستپێشخەرەکان و کۆمپانیا بچوک و مامناوەندەکان، هاندانی وەبەرهێنانی تایبەت لە کارگێڕیدا، هاندانى وەبەرهێنەران بۆ پشتگیریکردن لە بیرۆکە و پڕۆژە نوێیەکان بەشێکی دیکەی ئامانج و خواستەکانیانە. 

یەکەمین کۆڕبەندی نێودەوڵەتیی داهێنان و كارسازی ساڵی رابردوو لە سلێمانی بەڕێوەچوو، کەمکردنەوەی رۆتین و کەمکردنەوەی بارگرانی لەسەر ئەو کەسانەی دەیانەوێت ببنە خاوەنی بزنسی خۆیان لە گرنگترین بڕیارەکان بوون.

More News

Most Popular

هەواڵ

بە بیابانبوون هەڕەشە لە عێراق دەکات.. تورکیا و ئێران چۆڕە لە ئاوی عێراق دەبڕن

Mic
2025-04-07


کەمی باران بارین و خراپی ئیدارەدانی سەرچاوەکانی ئاو لەلایەک و گرتنەوەی ئەو سەرچاوانەی ئاو، کە دەڕژێنە خاکی عێراقەوە، لەلایەن تورکیا و ئێرانەوە، عێراقی رووبەڕووی بەبیابانبوون کردووەتەوە.

ئاو، گەورەترین سامانی سروشتییە بۆ ژیان و گەشەپێدان، بەڵام عێراق خەریکە لەو سەرچاوە گرنگە سروشتییە بێ بەری دەکرێت، گۆڕانکارییەکانی کەشوهەوا لە عێراق بە خێرایی روودەدەن، ساڵانە هەزاران دۆنم زەوی بە بیابان دەبن، ئەمەش کاریگەری گەورەی لەسەر ژیانی ئابوری و کەرتی کشتوکاڵ و سامانی ئاو لە عێراق دروستکردووە.

مانگی ئەیلولی ساڵی رابردوو، ناوەندی ستراتیجی بۆ مافەکانی مرۆڤ لە عێراق لە راپۆرتێکدا بڵاویکردەوە، بەهۆی گۆڕانی کەشوهەوا و بیابانبوون و وشکەساڵییەوە، عێراق ساڵانە 100 هەزار دۆنم زەوی لەدەست دەدات.

ئامارەکانی وەزارەتی کشتوکاڵی عێراق بۆ عێراقییەکان جێی دڵخۆشی نییە و روونی دەکاتەوە، کە ساڵانە عێراق 400 کیلۆمەتر چوارگۆشە لە زەوییە کشتوکاڵییەکانی لەدەست دەدات، ئەگەر ڕێوشوێنی خێرا نەگیرێتەبەر زیاتر لە 52%ـی ئەو زەوییانەی کە بۆ کشتوکاڵ گونجاون لەدەست دەچن.

گۆڕانکارییەکانی کەشوهەوا لە عێراق مەترسیدارن، تا کۆتایی ساڵی 2024 رووبەری ئەو زەوییە کشتوکاڵیانەی بێسود بووبوون گەیشتە 60 هەزار هێکتار زەویی، ئەوەش لەکاتێکدایە کە 33%ـی خەڵکی عێراق پشت بە کشتوکاڵ دەبەستن.

د. لەتیف ڕەشید، سەرۆک کۆماری عێراق سەرەتای ئەمساڵ لە پارێزگای ئەنبار ڕایگەیاند، سەرچاوە ئاوییەکانی عێراق روو لە کەمییە و لەگەڵ ئەوەشدا تورکیا زیاتر لە 40 بەنداو و بەربەستی بۆ بڕینی ئاوی دیجلە و فورات بۆ عێراق دروست کردووە.

لەگەڵ ئەوەی ئێران و تورکیا لە وەرزە جیاوازەکاندا ئەو سەرچاوانەی ئاو بە تەواوی وشک دەکەن، کە دەڕژێتە خاکی عێراقەوە و بەنداو و پۆندی گەورەیان لەسەر دروستکردووە، بەڵام لە ناوخۆی عێراقیشدا بە شێوەیەکی تەندروسی مامەڵە لەگەڵ سامانی ئاودا ناکرێت.

خراپی لە بەڕێوەبردنی سەرچاوەکانی ئاو، بەفیڕۆدانی سامانی ئاو و بەکارهێنانی شێوازی کۆن بۆ ئاودێری، کاریگەی نەرێنی کردووەتە سەر سامانی ئاو لە عێراق.

لەگەڵ ئەوەی کێشەی ئاو و وشکە ساڵی و بە بیابانبوون، بەرۆکی عێراقی گرتووە، بەڵام دەسەڵاتدارانی عێراق بێخەمن و هەنگاوی گەورە و کردارییان لەسەر ئەو مەترسییانە نەناوە.

عێراق بۆ رزگاربوونی لە کێشەی کەمئاوی و دورخستنەوەی خاکی عێراق لە بە بیابانبوونی زیاتر، پێویستە لەگەڵ تورکیا و ئێران رێککەوتن ئەنجامبدات و لە سەر ئاستی نێودەوڵەتی فشار لە دوو وڵاتە بکات کە پشکی عێراق لە ئاو بەربدەنەوە و لە هیچ بارودۆخێکدا وەک کارتی فشار و چەکێک دژ بە عێراق بەکاری نەهێنن.

هەروەها، دەبێت عێراق دەست بە دروستکردنی بەنداوی گەورە و پۆند بکات و چیتر رێگە نەدات ئاوی باران بە فیڕۆ بڕوات، بەڵام عێراق بۆ دروستکردنی بەنداو کە گونجاوترین شوێن هەرێمی کوردستانە، هەنگاوی نەناوە.

لە ئەگەری بەردەوامی ئەو مەترسیانەی کەمئاوی کە رووبەڕووی عێراق بووەتەوە، ئەوا  نەوەی داهاتوو رووبەڕووی گرفت و قەیرانی قوڵی کەمئاوی و بە بیابانبوون دەبنەوە و عێراق رادەستی قەدەرێکی نادیار دەکرێت.