هەواڵ

ئێران بۆ پاراستنی گروپە چەکدارەکانی عێراق تا چەک دانان سەرپشکیان دەکات

زانیار بەهادین محەمەد
2025-04-07

فشارەکانی ئەمریکا بۆ چەککردنی گروپە چەکدارەکانی عێراق بەردەوامە، گفتوگۆی سودانی گروپەکان بەرەو پێش دەچن و بەشێک لە گروپە چەکدارەکان ئامادەیی بۆ دانانی چەک دەردەبڕن. فەرماندەیەکی ئەو گروپانە دەڵێت، بۆ دورکەوتنەوە لە شەڕ ئێران سەر پشکی کردوون. 

ئاژانسی رۆیتەرزی بەریتانی لە زاری چەند فەرماندە و بەرپرسی باڵای عێراقەوە بڵاویکردەوە، چەندین گروپی میلیشیای بەهێزی سەر بە ئێران لە عێراق ئامادەن بۆ یەکەمجار چەک دابنێن، ئەوەیش بۆ ڕێگریکردن لە مەترسی پەرەسەندنی ململانێ لەگەڵ ئەمریکا.

بەپێی ئەو سەرچاوانەی کە شەش فەرماندەی ناوخۆیی چوار میلیشیای گەورە لەخۆدەگرن، ئەمریکا هۆشداری بە عێراق داوە، ئەگەر ئەو میلیشیایانە هەڵنەوەشێنێتەوە کە لەسەر خاکەکەی کاردەکەن، ئەمریکا دەتوانێت بە هێرشی ئاسمانی ئەو گروپانە بکاتە ئامانج.

ئەو شەش فەرماندە میلیشیایەی لە بەغدا و پارێزگایەکی باشوری عێراق رۆیتەرز چاوپێکەوتنی لەگەڵیان کردووە و ئامادەییان بۆ دانانی چەک دەبڕیووە لە گروپەکانی حزبوڵڵای کەتایب، نوجەبا، کاتایب سەید شوهادە و ئەنساروڵای ئەوفیان. 

فەرماندەیەکی کەتایبی حزبوڵڵای عێراق کە بەهێزترین میلیشیای شیعەیە بە ئاژانسەکەی راگەیاندووە،" ترامپ ئامادەیە شەڕ لەگەڵ ئێمە بەرەو ئاستێکی خراپتر ببات، ئێمە ئەوە دەزانین و دەمانەوێت خۆمان لە سیناریۆیەکی وەها خراپ بەدوور بگرین.

بەپێی وتەی ئەو فەرماندەیەی حزبوڵڵا بەرپرسانی سپای پاسداران سەرپشکیان کردوون بۆ دەکردنی هەر بڕیارێک کە بە پێویستی دەزانن و لە ململانێ نوێیەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دورییان دەخاتەوە.

ئەو گروپە چەکدارانەی عێراق کە ئامادەیان بۆ دانانی چەک دەبڕیووە، بەشێک لە "بەرەی مەقاوەمە" کە شەڕی بە وەکالەتی ئێران لە عێراق و ناوچەکەدا دەکەن.

بەگوێرەی لێدوانی بەرپرسان و فەرماندەکان، هەندێک گروپ لە ئێستاوە تاڕادەیەکی زۆر بارەگاکانیان چۆڵکردووە و لە ناوەڕاستی مانگی یەکەوە بوونی خۆیان لە شارە گەورەکانی موسڵ و ئەنبار کەمکردووەتەوە لە ترسی ئەوەی هێرشی ئاسمانییان دژ ئەنجام بدرێت.

زۆرێک لە فەرماندەکانیش لەو ماوەیەدا ڕێوشوێنە ئەمنییەکانیان چڕتر کردووەتەوە و زیاتر مۆبایل و ئۆتۆمبێل و شوێنی نیشتەجێبوونیان دەگۆڕن.

سودانی لەگەڵ گروپەکان گفتوگۆ دەکات
محەمەد شیاع سودانی سەرۆک وەزیرانی عێراق لەگەڵ گروپە چەکدارەکانی عێراق کە نزیکن لە ئێرانەوە کۆبوەتەوە، گروپەکان مەیلیان هەبووە پابەندبن بە داواکارییەکانی ئەمریکا بۆ داماڵینی چەک.

فەرهاد عەلائەدین، راوێژکاری سەرۆک وەزیرانی عێراق بۆ کاروباری دەرەوە بە ئاژانسی رۆیتەرزی راگەیاندووە، سەرۆکوەزیران دەیەوێت هەموو چەکەکان لە ژێر دەستی دەوڵەتدا بن.

بەپێی وتەی سەرچاوە ئاگادارەکان، سودانی فشار لە گروپە چەکدارەکان دەکات، تا چەک دابنێن و عێراق لە ململانێ نوێیەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست نەگلێنن. 

فشارەکانی ئەمریکا لەسەر حکومەتی عێراق بەردەوامە
وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا ڕایگەیاندووە، بەردەوامە لە داواکردن لە بەغدا دەست بەسەر میلیشیاکاندا بگرێت، تا ئەو هێزانە وەڵامی فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکانی عێراق بدەنەوە نەک ئێران.

بەرپرسێکی ئەمریکی کە نەیویستووە ناوی ئاشکرا بکرێت بە ئاژانسی رۆیتەرزی راگەیاندووە،لە ڕابردوودا میلیشیاکان بەهۆی فشارەکانی ئەمریکاوە هێرشەکانیان وەستاندووە و گومانی ئەوە هەیە هەر چەکداماڵینێک درێژخایەن بێت.

لە کاتێکدا چارەنووسی هەر پرۆسەیەکی چەکداماڵین نادیارە، بەڵام س یەکەمجارە کە گروپە چەکدارەکان ئامادەبن زەمینە بدەن بە فشارە درێژخایەنەکانی رۆژئاوا بۆ داماڵینی سەربازی.

"بەرەی مەقاوەمە" لاواز دەبێت
بیرۆکەی دروستکردنی بەرەی مقاوەمە بۆ شۆڕشی ئێران لە ساڵی 1979 دەگەڕێتەوە، ڕوحوڵڵا خومەینی ڕابەرایەتی کرد و دەیویست شۆڕشەکەی هەناردەی دەرەوەش بکات، خومەینی لە یەکەم هەنگاوییدا ئیسرائیلی وەک وڵاتێکی دوژمن ناساند. لەو کاتەشەوە تاران لەلایەک و واشنتن و تەلئەڤیڤیش لەلایەکی دیکەوە شەڕێکی ئایدۆلۆژیی و ستراتیژییان لە دژی یەکتری دەستپێکردووە.

لایەنە پێکهێنەرەکانی بەرەی مقاوەمە کە ئێران پشتیوانییان دەکات بریتین لە حیزبوڵڵای لوبنان، گرووپی ئەنساروڵڵا "حوسییەکان"ی یەمەن، حکومەتی سووریا، گرووپە چەکدارییەکانی شیعە لە عێراق، بزووتنەوەی مقاوەمەی ئیسلامی (حەماس) و بزووتنەوەی جیهادی ئیسلامی کە دوو گرووپی فەڵەستینین. لەکاتی گرژییەکانی ناوچەکەشدا ئەو گرووپانە لە یەک کاتدا چەندین بەرەی سەربازی دژی ئیسرائیل و ئەمریکا دەکەنەوە.

ئەوەی پەیوەندی بە گرووپە چەکدارییەکانی شیعەش لە عێراقەوە هەیە، چالاکییەکانیان زیاتر بۆ دوای ساڵی 2003 دەگەڕێتەوە و حکومەتی عێراق و ئێران پشتیوانی سەربازیی و داراییان بۆ دابین دەکەن، ئەو گرووپانە ساڵی 2014 و لە شەڕی دژی داعشدا لە چوارچێوەی حەشدی شەعبیدا یەکخراون و بوونەتە دامەزراوەیەکی فەرمی دەوڵەتی عێراق.

دوای ئەوەی مانگی تشرینی یەکەمی 2023، حەماس هێرشی کردە سەر ئیسرائیل، بەرەکەی عێراق چەندین هێرشی کردە سەر ئیسرائیل و بەژوەندییەکانی ئەمریکا، بەڵام تا رادەیەک لە هێرشی ئەمریکا پارێزراو بوون لە کاتێکدا بەرەکەی ئێران روبەڕوی لاوازی زۆر بوەوە، بە تایبەت حەماس و حزبوڵا و حوسییەکانی یەمەن.

دەست پاراستنی ئەمریکا لە گروپەکانی عێراق بۆ مامەڵەی هاوسەنگی عێراق لەگەڵ ئێران و ئەمریکا دەگەڕێتەوە بە تایبەت لە پرسی گروپە چەکدارەکاندا، بەشێکی دیکەشی پەیوەندی بە پاشەکشەی ئەو گروپانەوە دێت لە هێرش کردنە سەر بەژوەندییەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل بە تایبەت لە دوای هێرشی فراوانی ئەمریکا بۆ سەر ئەو گروپانەی شەڕی وەکالەت بۆ ئێران دەکەن.

More News

Most Popular

هەواڵ

بە بیابانبوون هەڕەشە لە عێراق دەکات.. تورکیا و ئێران چۆڕە لە ئاوی عێراق دەبڕن

Mic
2025-04-07


کەمی باران بارین و خراپی ئیدارەدانی سەرچاوەکانی ئاو لەلایەک و گرتنەوەی ئەو سەرچاوانەی ئاو، کە دەڕژێنە خاکی عێراقەوە، لەلایەن تورکیا و ئێرانەوە، عێراقی رووبەڕووی بەبیابانبوون کردووەتەوە.

ئاو، گەورەترین سامانی سروشتییە بۆ ژیان و گەشەپێدان، بەڵام عێراق خەریکە لەو سەرچاوە گرنگە سروشتییە بێ بەری دەکرێت، گۆڕانکارییەکانی کەشوهەوا لە عێراق بە خێرایی روودەدەن، ساڵانە هەزاران دۆنم زەوی بە بیابان دەبن، ئەمەش کاریگەری گەورەی لەسەر ژیانی ئابوری و کەرتی کشتوکاڵ و سامانی ئاو لە عێراق دروستکردووە.

مانگی ئەیلولی ساڵی رابردوو، ناوەندی ستراتیجی بۆ مافەکانی مرۆڤ لە عێراق لە راپۆرتێکدا بڵاویکردەوە، بەهۆی گۆڕانی کەشوهەوا و بیابانبوون و وشکەساڵییەوە، عێراق ساڵانە 100 هەزار دۆنم زەوی لەدەست دەدات.

ئامارەکانی وەزارەتی کشتوکاڵی عێراق بۆ عێراقییەکان جێی دڵخۆشی نییە و روونی دەکاتەوە، کە ساڵانە عێراق 400 کیلۆمەتر چوارگۆشە لە زەوییە کشتوکاڵییەکانی لەدەست دەدات، ئەگەر ڕێوشوێنی خێرا نەگیرێتەبەر زیاتر لە 52%ـی ئەو زەوییانەی کە بۆ کشتوکاڵ گونجاون لەدەست دەچن.

گۆڕانکارییەکانی کەشوهەوا لە عێراق مەترسیدارن، تا کۆتایی ساڵی 2024 رووبەری ئەو زەوییە کشتوکاڵیانەی بێسود بووبوون گەیشتە 60 هەزار هێکتار زەویی، ئەوەش لەکاتێکدایە کە 33%ـی خەڵکی عێراق پشت بە کشتوکاڵ دەبەستن.

د. لەتیف ڕەشید، سەرۆک کۆماری عێراق سەرەتای ئەمساڵ لە پارێزگای ئەنبار ڕایگەیاند، سەرچاوە ئاوییەکانی عێراق روو لە کەمییە و لەگەڵ ئەوەشدا تورکیا زیاتر لە 40 بەنداو و بەربەستی بۆ بڕینی ئاوی دیجلە و فورات بۆ عێراق دروست کردووە.

لەگەڵ ئەوەی ئێران و تورکیا لە وەرزە جیاوازەکاندا ئەو سەرچاوانەی ئاو بە تەواوی وشک دەکەن، کە دەڕژێتە خاکی عێراقەوە و بەنداو و پۆندی گەورەیان لەسەر دروستکردووە، بەڵام لە ناوخۆی عێراقیشدا بە شێوەیەکی تەندروسی مامەڵە لەگەڵ سامانی ئاودا ناکرێت.

خراپی لە بەڕێوەبردنی سەرچاوەکانی ئاو، بەفیڕۆدانی سامانی ئاو و بەکارهێنانی شێوازی کۆن بۆ ئاودێری، کاریگەی نەرێنی کردووەتە سەر سامانی ئاو لە عێراق.

لەگەڵ ئەوەی کێشەی ئاو و وشکە ساڵی و بە بیابانبوون، بەرۆکی عێراقی گرتووە، بەڵام دەسەڵاتدارانی عێراق بێخەمن و هەنگاوی گەورە و کردارییان لەسەر ئەو مەترسییانە نەناوە.

عێراق بۆ رزگاربوونی لە کێشەی کەمئاوی و دورخستنەوەی خاکی عێراق لە بە بیابانبوونی زیاتر، پێویستە لەگەڵ تورکیا و ئێران رێککەوتن ئەنجامبدات و لە سەر ئاستی نێودەوڵەتی فشار لە دوو وڵاتە بکات کە پشکی عێراق لە ئاو بەربدەنەوە و لە هیچ بارودۆخێکدا وەک کارتی فشار و چەکێک دژ بە عێراق بەکاری نەهێنن.

هەروەها، دەبێت عێراق دەست بە دروستکردنی بەنداوی گەورە و پۆند بکات و چیتر رێگە نەدات ئاوی باران بە فیڕۆ بڕوات، بەڵام عێراق بۆ دروستکردنی بەنداو کە گونجاوترین شوێن هەرێمی کوردستانە، هەنگاوی نەناوە.

لە ئەگەری بەردەوامی ئەو مەترسیانەی کەمئاوی کە رووبەڕووی عێراق بووەتەوە، ئەوا  نەوەی داهاتوو رووبەڕووی گرفت و قەیرانی قوڵی کەمئاوی و بە بیابانبوون دەبنەوە و عێراق رادەستی قەدەرێکی نادیار دەکرێت.