هەواڵ

سوریا لە دانوستاندنەکانی پاریس لەگەڵ کورد کشایەوە

Mic
2025-08-09

حکومەتی سوریا کشانەوەی لە دانووستاندنەکانی پاریس ڕاگەیاند و پێگەی ئەلمۆنیتۆری ئەمریکیش دەڵێت: بڕیارەکە لە ژێر فشاری تورکیا دراوە.

ئاژانسی هەواڵی سوریا- ناسراو بە سانا لە زاری سەرچاوەیەکی فەرمی حکومەتی دیمەشق بڵاویکردوەتەوە، سوریا لە دانوستاندنەکانی پاریس لەگەڵ بەرپرسانی کورد بەشداریی ناکات و داواشیکردوە دانوستاندنەکان لە دیمەشقی پایتەخت درێژەی هەبێت.

بەرپرسە سورییەکە بە توندی دژایەتی حکومەتی وڵاتەکەی بۆ کۆنفڕانسی پێکهاتەکانی باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا لە حەسەکە دەربڕیوە و کۆنفڕانسەکەی بە هەوڵێک بۆ جوداخوازی ناوبردوە.

حکومەتی سوریا کۆنفڕانسەکە بە دژی ڕێککەوتنی 10ـی ئازاری ئەمساڵی نێوان مەزڵوم عەبدی فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سوریای دیموکرات و ئەحمەد شەرع، سەرۆکی ڕاگوزەری سوریا دەزانێت.

ماڵپەڕی ئەلمۆنیتۆی ئەمریکی ئاشکرایکردووە، کشانەوەی سوریا لە دانوستاندنەکانی پاریس لە ژێر فشاری تورکیادایە و سەردانی ڕۆژی پێنجشەممەی ڕابردووی هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا بۆ سوریا هەر بۆ ئەو مەبەستە بووە.

لە دوای دەست بەکاربوونی حکومەتی ڕاگوزەری سوریا ئەمریکا و فەڕەنسا بەچڕی کار دەکەن بۆ گەیشتن بە چارەسەرێکی سیاسیی لە سوریا، وادیارە ئەم بڕیارە گرفت بۆ هەوڵەکانی پاریس و واشنتن دروست دەکات.

رۆژی هەشتی ئەم مانگە، پێکهاتەکانی باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا کە لەژێر ئیدارەی خۆبەڕێوەبەریدان لە حەسەکە کۆنفڕانسێکیان بەست و تێدا جەختیان لە دەستورێکی دیموکراسی بۆ سوریا و دامەزراندنی سیستمێکی ناناوەندی کردەوە، کە مافی هەموو پێکهاتەکانی تێدا فەراهەمکرابێت؛ کردوە.

تورکیا کە لەدوای ڕوخانی ڕژێمی پێشوی سوریا هەژمونی خۆی بەسەر دیمەشقدا سەپاندوە، دەیەوێت لەو ڕێگەیەوە توانای خۆ بەڕێوەبەری باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا لە قاڵب بدات، کە بە مەترسی دەزانێت بۆ سەر ئاسایشی نیشتمانی وڵاتەکەی.

کورد لە سوریا داوا دەکات، هەسەدە وەک هێزێکی سەربەخۆ لە ناو وەزارەتی بەرگریی سوریا بمێنێتەوە، سیستمی بەڕێوەبردنی وڵات نا ناوەندی بێت و مافی تەواوی پێکهاتەکان بدرێت و بەشداریی سیاسییان پێ بکرێت و لە ناوەندی بڕیار ڕۆڵیان هەبێت.

 

More News

Most Popular

هەواڵ

شەڕ دەستپێدەکاتەوە؟… ئێران و ئیسرائیل ئامادەکاری بۆ هێرشکردن دەکەن

Mic
2025-08-13

ئامادەکارییەکانی ئێران بۆ هێرشی پێشوەختە لە دژی ئیسرائیل بەردەوامە و ئەگەری هێرشی پێشوەختەی ئیسرائیلیش بۆ سەر ئێران ڕەتناکرێتەوە.

تا دێت گرژ و ئاڵۆزییەکانی نێوان تاران و تەلئەڤیڤ زیاتر دەبن، ئەوەیش وایکردوووە دوو وڵاتەکە ئامادەباشی بەرز لەناو هێزە سەربازی و ئاسمانییەکانی خۆیاندا ڕابگەیەنین.

ئامادەباشی ئیسرائیل بریتی بوو لە فراوانکردنی بەرچاوی جێگیرکردنی سیستەمی بەرگری ئاسمانی لەناویاندا گومەزی ئاسنین و تیژڕۆ، بە ئامانجی پاراستنی شارە گەورەکان، وەک تەلئەڤیڤ لە هێرشە مووشەکییەکانی ئێران یان حزبوڵڵا.

پێگەی ئێرەم نیوز لە زاری چەند سەرچاوەیەکی رۆژئاواییەوە بڵاویکردەوە، زانیارییە هەواڵگرییەکان جموجۆڵە سەربازییەکانی ئێرانیان ئاشکرا کردووە، لەوانە کۆکردنەوەی مووشەکی بالیستیک و بەهێزکردنی سیستمی بەرگری.

رۆژاواییەکان جوڵەکانی ئێران بە ئاماژەیەی ئامادەکاری بۆ هێرشی پێشوەختە بە ئامانجی تێکدانی توانا بەرگرییەکانی ئیسرائیل پێش هەر هێرشێکی چاوەڕوانکراو لەلایەن فڕۆکە جەنگییەکانی ئیسرائیلەوە.

هاوشێوەی ئێران، جوڵەی و ئامادەکاری سەربازی ئیسرائیلیش پشتراستکراونەتەوە، جوڵەکان وەک ئاماژەی ئامادەکاری بۆ هێرشکردنە سەر ئێران و هەندێک شوێنی سەربازی لە لوبنان و یەمەن خوێندراوەتەوە.

هاوکاتی جوڵەکانی ئێران و ئیسرائیل بۆ هێرشکردنە سەر یەکتر، چەند پێگەیەکی رۆژنامەوانی جیهانی جوڵەی هەواڵگیری ئەمریکایان لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست پشتراستکردوەتەوە.

بەپێی ئەو پێگانە کە پشتیان بە پێگە ئەلکترۆنییەکانی بواری هاتووچۆی ئاسمانی بەستووە، لە ئێران، کەنداوی عەرەبی و دەریای عوماندا جوڵەی فڕۆکەی هەواڵگیری ئەمریکا بینراوە.

دوای هێرشکردنە سەر دامەزراوە ئەتۆمییەکانی فۆردۆ، نەتەنز و ئەسفەهان لە 22ـی حوزەیرانی ئەمساڵدا، ئەو جوڵانەی ئەمریکا بە یەکەم جوڵەی ئەو وڵاتە دادەنێرن لەو ناوچانەدا.
جوڵە ئاسمانی و هەواڵگیرییەکانی ئەمریکا بەسەر ناوچەکانی دەوروبەری ئێراندا ، ئاماژەیەکی ڕوونە کە واشنتۆن ئۆپەراسیۆنی کۆکردنەوەی هەواڵگری ئەنجام دەدات وەک ئامادەکارییەک بۆ خولی دووەمی هێرش بۆ سەر دامەزراوە ئەتۆمییەکان یان سەکۆکانی بەرگری ئاسمانی ئێران.