هەڕەشەکانی
داخستنی گەروی هورمز عێراقی ترساندووە، هەر بۆیە بەغدا هەوڵی نۆژەنکردنەوەی بۆری
نەوتی کەرکوک- بانیاس دەدات و بۆ ئەو مەبەستە وەزیری وزەی سوریا سەردانی بەغدا
دەکات.
لە
دوای هێرشی ئیسرائیل و ئەمریکا بۆ سەر ئێران و هەڕەشەکانی تاران بۆ داخستنی گەروی
هورمز کە تاکە سەرچاوەی هەناردەکردنی نەوتی عێراقە، بەغدا بیر لەوە دەکاتەوە ڕێگەی
هەناردەی نەوت بە فرەیی بکات.
لەو
چوارچێوەیەدا عێراق هەڵدەدات بە هەماهەنگی لەگەڵ سوریا بۆری نەوتی کەرکوک- بەندەری
بانیاس نۆژەنبکاتەوە.
بڕیارە
بۆ مەبەستی تاوتوێکردنی پڕۆسەی نۆژەنکردنەوەی بۆرییەکە، محەمەد بەشیر، وەزیری وزەی
سوریا سەردانی عێراق بکات.
هاوکات
لە کۆتایی مانگی ڕابردوو تورکیا ڕایگەیاند، ساڵی داهاتوو ڕێککەوتنی بۆری نەوتی
ئەنقەرە و بەغدا کۆتایی دێت و پێویستە هەردوو وڵات ڕێککەوتنێکی نوێ واژۆبکەن و
عێراق سوود لە هەموو توانای بۆرییەکە بۆ گواستنەوەی نەوت ببینێت.
هەڕەشەکانی
داخستنی گەروی هورمز ترسی خستوەتە دڵی عێراق، بۆیە هەوڵەکانی چڕکردوەتەوە دەرچەی دیکە
بۆ هەناردەی نەوت بدۆزێتەوە و خۆی لە مەترسییەکان بپارێزێت.
بەپێی
ڕاپۆرتە ئابوورییەکان، تێچووی سەرەتایی نۆژەنکردنەوەی بۆری کەرکوک-بانیاس کە لە
2003 زیانی بەرکەوتووە، بە نزیکەی 300 بۆ 600 ملیۆن دۆلار مەزەندە دەکرێت.
بۆری
کەرکوک- بانیاس لە پەنجاکانی سەدەی ڕابردوودا دروستکراوە و لە ساڵی 1952 بە فەرمی
خراوەتە کار، درێژییەکەی نزیکەی 800 کیلۆمەترە و توانای گواستنەوەی 300 هەزار
بەرمیل نەوتی لە ڕۆژێکدا هەیە.
عێراق ڕۆژانە نزیکەی چوار ملیۆن بەرمیل نەوت هەناردە دەکات، سەرچاوەی
سەرەکی هەناردەکردنی گەروی هورمزە، بۆیە هەرمەترسییەک بۆ سەر گەروەکە دروست ببێت
ڕاستەوخۆ مەترسییە بۆسەر ئابووری عێراق کە بەتەواوی پشت بە نەوت دەبەست.
ئامادەکارییەکانی ئێران بۆ هێرشی پێشوەختە لە
دژی ئیسرائیل بەردەوامە و ئەگەری هێرشی پێشوەختەی ئیسرائیلیش بۆ سەر ئێران ڕەتناکرێتەوە.
تا دێت گرژ و ئاڵۆزییەکانی نێوان تاران و تەلئەڤیڤ
زیاتر دەبن، ئەوەیش وایکردوووە دوو وڵاتەکە ئامادەباشی بەرز لەناو هێزە سەربازی و
ئاسمانییەکانی خۆیاندا ڕابگەیەنین.
ئامادەباشی ئیسرائیل بریتی بوو لە فراوانکردنی
بەرچاوی جێگیرکردنی سیستەمی بەرگری ئاسمانی لەناویاندا گومەزی ئاسنین و تیژڕۆ، بە
ئامانجی پاراستنی شارە گەورەکان، وەک تەلئەڤیڤ لە هێرشە مووشەکییەکانی ئێران یان
حزبوڵڵا.
پێگەی ئێرەم نیوز لە زاری چەند سەرچاوەیەکی رۆژئاواییەوە
بڵاویکردەوە، زانیارییە هەواڵگرییەکان جموجۆڵە سەربازییەکانی ئێرانیان ئاشکرا
کردووە، لەوانە کۆکردنەوەی مووشەکی بالیستیک و بەهێزکردنی سیستمی بەرگری.
رۆژاواییەکان جوڵەکانی ئێران بە ئاماژەیەی
ئامادەکاری بۆ هێرشی پێشوەختە بە ئامانجی تێکدانی توانا بەرگرییەکانی ئیسرائیل پێش
هەر هێرشێکی چاوەڕوانکراو لەلایەن فڕۆکە جەنگییەکانی ئیسرائیلەوە.
هاوشێوەی ئێران، جوڵەی و ئامادەکاری سەربازی ئیسرائیلیش
پشتراستکراونەتەوە، جوڵەکان وەک ئاماژەی ئامادەکاری بۆ هێرشکردنە سەر ئێران و هەندێک
شوێنی سەربازی لە لوبنان و یەمەن خوێندراوەتەوە.
هاوکاتی جوڵەکانی ئێران و ئیسرائیل بۆ هێرشکردنە
سەر یەکتر، چەند پێگەیەکی رۆژنامەوانی جیهانی جوڵەی هەواڵگیری ئەمریکایان لە رۆژهەڵاتی
ناوەڕاست پشتراستکردوەتەوە.
بەپێی ئەو پێگانە کە پشتیان بە پێگە ئەلکترۆنییەکانی
بواری هاتووچۆی ئاسمانی بەستووە، لە ئێران، کەنداوی عەرەبی و دەریای عوماندا جوڵەی
فڕۆکەی هەواڵگیری ئەمریکا بینراوە.
دوای هێرشکردنە سەر دامەزراوە ئەتۆمییەکانی فۆردۆ،
نەتەنز و ئەسفەهان لە 22ـی حوزەیرانی ئەمساڵدا، ئەو جوڵانەی ئەمریکا بە یەکەم جوڵەی
ئەو وڵاتە دادەنێرن لەو ناوچانەدا.
جوڵە ئاسمانی و هەواڵگیرییەکانی ئەمریکا بەسەر
ناوچەکانی دەوروبەری ئێراندا ، ئاماژەیەکی ڕوونە کە واشنتۆن ئۆپەراسیۆنی کۆکردنەوەی
هەواڵگری ئەنجام دەدات وەک ئامادەکارییەک بۆ خولی دووەمی هێرش بۆ سەر دامەزراوە ئەتۆمییەکان
یان سەکۆکانی بەرگری ئاسمانی ئێران.