شارەزایان و توێژەرانی بواری دەروونی پێیان وایە سەیركردنی ئەو فیلمانە مەترسیدارە و ئەو جۆرە هونەرە سەیری نەكرێت و باشتر وایە وەرگر خۆی لە بینینیان بپارێزێت.
سایتی "بی سایكۆلۆجی تودەی" كە بایەخ بە هەواڵی بواری دەرووندروستی دەدات، ڕاپۆرتێكی لەو بارەیەوە بڵاوكردووەتەوە و تێیدا وێڕای ئاماژەكردن بە بەربڵاوی ئەو جۆرە فیلمانە بە پەسندی زانیوە وەرگران خۆیان لە بینینی دیمەن و گرتەی توندوتیژانە بپارێزن.
لە ڕاپۆرتەكەدا هاتووە، ئەو پیاوانەی مەیلی دوژمنكارانەیان هەیە، ئەوانەش كە هەست بە نەبوونی هاوسۆزی لەگەڵیاندا دەكەن، لە دیارترین ئەو كەسانەن حەز دەكەن سەیری فیلمی توندوتیژیی بكەن و چارەی كەسانی دڵڕەق و بێ بەزییان خۆش دەوێت.
ڕاپۆرتەكە باسی لەوەشكردووە، ئەگەرچی بەشێكی زۆری فیلمەكان لە سەرەتادا ئاماژەیان داوە، كە توندوتیژییان تێدایە، بەڵام ئەو هۆشدارییە هیچ مانایەكی نیە.
ڕافا یوبا، پزیشكی دەروونی ڕاوێژكاری، كە خانەنشینە و لە لەندەن نیشتەجێیە، دەڵێ: پێشتر فیلمەكانی هۆلیۆد زۆر نەرمكێشییان بۆ توندوتیژی دەكرد، خەڵكێكی زۆر لە فیلمەكانی شەڕدا دەكوژران بە بێ ئەوەی كوشتنیان واقیعیانە بێت.
وتیشی: هەندێكجار دەبینین، ئەو توندوتیژییەی نمایش دەكرێت، هەوڵێك نیە بۆ پێشخستنی چیرۆكەكان، بەڵكو خودی توندوتیژییەكە كراوەتە ئامانجی سەرەكی دیمەنەكە.
ئەمساڵ هەرێمی کوردستان زیاتر لە 35 هەزار کەس پێکەوە خانەشین دەکات، هەر کەسێکیشیان تەمەنی خزمەتی 25 ساڵ بێت 18 مووچەی پێکەوە پێدەدرێت. پێشبینی دەکرێت، بە خانەنشینی بوونی ئەو ژمارە فەرمانبەرە دەرگای دامەزراندنی نوێ بەڕوی بەشێک لە گەنجاندا بکرێتەوە.
حکومەتی هەرێمی کوردستان بڕیاریداوە، تەنها لە مانگی کانوونی دووەمی ئەمساڵدا زیاتر لە 35 هەزار فەرمانبەر خانەنشین بکات.
بەشی کارگێڕی سەرجەم فەرمانگەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان ماوەی دوو ڕۆژە سەرقاڵی ئامادەکردن و رێکخستنی لیستی ئەو فەرمانبەرانەن کە خانەنشین دەکرێن.
بەپێی ڕێکارەکان، ئەو کەسانەی لەم قۆناغەدا خانەشین دەکرێن، لەدایکبووانی ساڵەکانی 1962،1963،1964ن لەگەڵ لەدایکبووانی مانگی یەکی ساڵی 1965 کە تەمەنیان بووەتە 60 ساڵ خانەنشین دەکرێن.
یاساکەی عێراق بۆ خانەشینکردنی فەرمانبەران بەکاردەهێنرێت
کۆتایی مانگی تشرینی دووەمی 2022، دادگاى باڵاى فیدراڵى عێراق، بڕیاریدا بە پابەندکردنی حکومەتى هەرێمى کوردستان بە کارکردن بە یاسای ژمارە 9ـی ساڵی 2014ـی تایبەت بە یاسای یەکگرتوی خانەنشینی عێراق، بەگوێرەى یاساکە کەمترین موچەى خانەنشینى 400 هەزار دینار دەبێت.
تەموزی 2024، حکومەتی هەرێمی کوردستان پابەندبوونی خۆی بە بڕیارەکەی دادگای فیدراڵیەوە ڕاگەیاند و بڕیاریدا ئەو یاسایە بۆ خانەنشینکردنی فەرمانبەرانی بەکاربهێنێت.
حکومەتی هەرێمی کوردستان لە خانەنشینکردنی ئەم فەرمانبەرە نوێیانەشدا پشت بە هەمان یاسا دەبەستێت، بەڵام بڕیاریداوە، تەمەنی خانەنشینیی لە 63 ساڵەوە بۆ 60 ساڵی كەم بکرێتەوە.
بەپێی یاسای خانەنشینی عێراق کە هەرێمی کوردستان بۆ خانەنیشینی بوونی فەرمانبەران بەکاریدەهینێت، هەر فەرمانبەرێک لە کاتی خانەنشینیدا ئەگەر 25 ساڵ خزمەتی هەبێت، 12 مووچە وەک پاداشتی ساڵانی خزمەت پێدەدرێت لەگەڵ شەش مووچەی مۆڵەتی کۆکراوە.
کەسوکاری شەهیدان دەتوانن خانەنشین نەبن
وەزارەتی دارایی و ئابوریی هەرێمی کوردستان مافی بەردەوامبوون بەو کەسانە دەدات کە خاوەن شەهیدی پلە یەک و دوون و تەمەنی خانەشینیان تەواو کردووە.
بەپێی ڕاگەیەندراوی وەزارەتەکە، ئەو کەسانەی کەسی پلە یەک و پلە دوویان شەهیدە، فۆڕمێکی تایبەتی وەزارەتی دارایی عێراقییان پڕکردوەتەوە، بە مەبەستی "ئەنجامدانی کاری پێویست و بەردەوامبوونیان لە خزمەت".
ژمارەی خانەنشیان
بەپێی دوایین ڕاپۆرتی وەزارەتی دارایی و ئابوری بۆ ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان، 277 هەزار و 541 کەس لە هەرێمی کوردستان خانەنشینن.
بەپێی داتاکانی وەزارەتی دارایی و ئابوری هەرێمی کوردستان، مووچەی یەک مانگی خانەشینان پێویستی بە زیاتر لە 180 ملیار دیناری مانگانە هەیە.
دامەزراندن دەکرێتەوە؟
خانەنشین بوون، ڕێگەیەکە بۆ نوێکردنەوەی فەرمانگە و دامەزراوە حکومییەکان بە گەنجان و لاوان، چونکە پێویستە لەگەڵ خانەشینبوونی توێژێکدا توێژێکی نوێ دابمەزرێت.
تا ئێستا حکومەتی هەرێمی کوردستان هیچ، ڕێکار و ڕێنماییەکی بڵاونەکردوەتەوە کە تایبەت بێت بە دامەزراندنی فەرمانبەری نوێ لە شوێنی ئەو فەرمانبەرانەی خانەنشین دەکرێن، بەڵام پێشبینی دەکرێت، بە خانەنشینی بوونی ئەو ژمارە فەرمانبەرە دەرگای دامەزراندنی نوێ بەڕوی بەشێک لە گەنجاندا بکرێتەوە.