ئەمریکا لەگەڵ هەڕەشەی هێرشكردنە سەر ئێران جموجوڵە سەربازییەکانی لە عێراق چڕکردوەتەوە، ئێران هۆشداری توند دەداتە ئەو وڵاتە دراوسێیانەی کە سەربازی ئەمریکایان لێیە تا خاکەکەیان دژی تاران بەکارنەیەت.
پرسی بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێران، ئاڵۆزییەکانی نێوان ئەمریکا و ئەو وڵاتەی بردووەتە ئاستێکی توندەوە، واشنتن لەگەڵ هەڕەشەی هێرشکردنە سەر ئێران تا دێت هێزی زیاتر رەوانەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەکات.
وەزارەتی بەرگری ئەمریکا ناسراو بە پێنتاگۆن لەگەڵ رەوانەکردنی هێزی دەریایی بۆ ناوچە ئاوییەکانی کەنداو، جموجوڵی سەربازی لە بنکە سەربازییەکانی وڵاتانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەستپێکردووە.
بنکەی سەربازی عەین ئەسەد کە دەکەوێتە ڕۆژئاوای پارێزگای ئەنبار لە عیراق، یەکێکە لە گەورەترین بنکە سەربازییەکانی ئەمریکا کە هێزەکانی تێداجێگیرکردوون.
بەپێی ئەو زانیارییانەی میدیا عێراقییەکان لە زاری سەرچاوە ئاگادارەکانەوە بڵاوییان کردوتەوە، ئەمریکا لەگەڵ چڕکردنەوەی هەڕەشەکانی لە ئێران جموجوڵە سەربازییەکانی لەو بنکە سەربازییەش زیاتر کردووە.
بەپێی زانیاری ئەو میدیایانە، ئێستا لە دەرەوە و ناوەوەی بنکەی عەین ئەسەد بە شێوەیەکی زیاتر لە رابردوو، جموجوڵی سەربازانی ئەمریکا بە دی دەکرێت کە وەک بەشێک لە ئامادەکارییەکانی ئەمریکا بۆ هێرشکردنە سەر ئێران دەخوێندرێنەوە.
ئێران ترسی هەیە لە رێگەی ئەو بنکە سەربازییانەی ئەمریکاوە کە لە وڵاتانی دراوسێی جێگیرکراون هێرشی بکرێتە سەر، هەر بۆیە تاران هۆشداری توندی بە ئەو وڵاتانە داوە.
ئاژانسی رۆیتەرز لە زاری بەرپرسێکی ئاگاداری ئێرانەوە بڵاویکردەوە، تاران هۆشداری توندی داوەتە وڵاتە دراوسێکانی لە ئەگەری بەشداریکردنی هێرشەکانی ئەمریکا بۆسەر خاکەکەی.
ئێران هۆشداری بۆ عێراق، کوەیت، ئیمارات، قەتەر، تورکیا و بەحرەین ناردووە، کە هەر پشتیوانییەک بۆ هێرشی ئەمریکا بۆ سەر ئێران، لەوانەش بەکارهێنانی ئاسمان یان خاکەکەیان لەلایەن سوپای ئەمریکاوە لە کاتی هێرشکردندا کاردانەوەی توندی بۆسەر ئەو وڵاتانە دەبێت .
بەرپرسانی عێراق لەسەرو هەموویانەوە محەمەد شیاع سودانی سەرۆک وەزیرانی عێراق دەیەوێت بە یەک نزیکی مامەڵە لەگەڵ ئێران و ئەمریکا بکات.
بەرپرسانی عێراق ئامانجییانە، بەرژوەندییە هاوبەشەکانیان لەگەڵ ئەمریکا و ئێران بپارێزن و وڵاتەکەش لە ململانێ ناوچەییەکان دروخەنەوە.
بەغدا نایەوێت خاک و ئاسمانی عێراق بۆ لێدانی ئێران بەکاربهێنرێت ،گفتوگۆی عێراق و ئەمەریکا لەوبارەیەوە بەردەوامە.
لە ماوەی رابردوو، دۆناڵد ترامپ سەرۆکی ئەمریکا لەسەر پرسی چەکی ئەتۆمی نامەیەکی ئاڕاستەی ئێران کرد، سەرۆکی ئەمریکا پێشنیازیکردبوو گفتوگۆ لەسەر رێککەوتنێکی نوێی ئەتۆمی بکەن، ئەگەر نا، بژاردەی دیکە لە دژی ئێران بەکاردێنێت.
ترامپ لە نامەکەیدا دوو مانگ مۆڵەتی بە ئێران دابوو بۆ ئەوەی رێککەوتنێکی نوێ بکات، بە پێچەوانەوە دەکرێت ئەمریکا هێرشی سەربازی بکاتە سەر ئێران.
ترامپ لەگەڵ ئەو هەڕەشەیەدا، بڕیاری لە جێبەجێکردنی سیاسەتی ئەوپەڕی گوشار دژی ئێران کردووتەوە و دەیەوێت بە هەر نرخێک بێت چۆک بە تاران دابدات.
هەرچەندە ئێران داواکارییەکەی دۆناڵد ترامپ سەرۆکی ئەمریکای بۆ دانوستانی ڕاستەوخۆ ڕەتکردۆتەوە، بەڵام دەیەوێت لە ڕێگەی عومانەوە بەردەوام بێت لە دانوستانە ناڕاستەوخۆکان کە کەناڵێکی دێرینی پەیامەکانی نێوان دەوڵەتانی رکابەرە.
ئەمریکا ئێران بە هەوڵدان بۆ بە دەستهێنانی چەکی ئەتۆمی تۆمەتبار دەکات، ئێران سەرجەم ئەو تۆمەتانە رەتدەکاتەوە و بەرپرسانی ئێران ئەو فتوایەی عەلی خامنەیی رابەری باڵای ئێران بە بیر دەهێننەوە کە لە ساڵی 2003 لە سەروبەندی تۆمەتبارکردنی ئێران بە هەوڵدان بۆ بەدەستهێنانی چەکی ئەتۆمی بۆمبی ئەتۆمی حەرام کرد.
ئەگەرچی ئێران تۆمەتەکان رەتدەکاتەوە، بەڵام زانیارییەکانی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم نیشانی دەدات وڵاتەکە هەوڵی بە دەستهێنانی ئەو چەکە دەدات.
مانگی تشرینی دووەمی 2024، ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم ئاشکرای کرد "ئێران نزیکەی 204 کیلۆگرام یۆرانیۆمی پیتێندراو بە رێژەی 60٪ـی هەیە؛ دوای سێ مانگ، ژمارەکەی ئەپدەیتکردەوە و وتی ئێستا ئێران 275 کیلۆی هەیە." کە لە رووی زانستییەوە هەر بۆمبێكی ئەتۆمی پێویستی بە 40 کیلۆگرام یۆرانیۆمی پیتێندراو بە رێژەی 90٪ هەیە.
هاوڵاتییان بە
نیازی هێنانەوەی گیا بەهارییەکان روو لە ناوچە کوێستان و شاخاوییەکان دەکەن،
بەشێکی ئەو ناوچانە بە مین تەنراون و بە ناوچەی مەرگ ناسراون، بۆیە ئەوانەی دەچنە
ئەو ناوچانە بە سەلامەتی ناگەڕێنەوە، سەرەڕای هۆشدارییەکانی دەزگای مین، بەڵام بەهۆی
فەرامۆشکردنی رێنماییەکانەوە ئاماری قوربانیان لە هەڵکشاندایە.
لەگەڵ هاتنی
وەرزی بەهار و پێگەیشتنی گیا بەهارییەکان، هاوڵاتییان بۆ دەستکەوتنیان روو لە
ناوچە شاخاوی و کوێستانەکان دەکەن، بەشێکی ئەو ناوچانە هێشتا لە مین پاک
نەکراونەتەوە و هەر کاتێک هاوڵاتییان دەربازی ئەو ناوچانە دەبن، کارەساتی خوێناوی
لێدەکەوێتەوە.
رۆژی 6ـی نیسان،
دوو برا بەناوەکانی محەممەد هەینی و سەفوان هەینی، بۆ کۆکردنەوەی گژوگیای بەهارە
چوونە چیای قەلەڕەش لە سوری برادۆست، ئەو دوو برایە دەربازی ئەو ناوچانە بوون کە بە مین
تەنراون، بۆیە مین پێیاندا دەتەقێتەوە و محەممەد هەینی گیانلەدەست دەدات و
براکەیشی بریندار دەبێت.
دوابەدوای ئەو
رووداوە، دەزگای گشتیی کاروباری مین دوای لە هاوڵاتییان کرد، بۆ
کۆکردنەوەی گژوگیای بەهارە روو لەناوچە مەترسیدارەکان نەكەن و گیانی خۆیان نەخەنە
مەترسییەوە.
دەزگای گشتیی
کاروباری مین راشیگەیاند، بەپێی ئاماری ساڵانەی
دەزگامان زۆری قوربانیانی مین و تەقەمەنی پەیڕەونەکردنی ڕێنماییەکانی دەزگای مینە
لەلایەن هاوڵاتییان لەکاتی نزیک بوونەوەیان لە ناوچە مەترسیدارەکان بۆ کردنی گژوگیای
بەهارە.
دوای دوو رۆژ لە
هۆشدارییەکەی دەزگای گشتیی کاروباری مین و ئەمڕۆ 8ـى نیسان، پێنج هاوڵاتیی دانیشتوی قەزای
شارەزوور بۆ کۆکردنەوەی گیای بەهارە، دەربازی ناوچەی بە مین چێنراوبوون لە گوندی
میشیاوی سنوری قەزای پێنجوێن و مین پێیاندا تەقیەوە.
هێمن ئیبراهیم،
قایمقامی پێنجوێن هەواڵەکەی پشتراستکردەوە
و بە دیجیتاڵ میدیای MICـى وت: ئەو هاوڵاتییەی
بریندار بووە خەڵکی قەزای شارەزوورە و
قاچێکی لەدەستداوە.
رژێمی بەعسی
رووخاو لە ساڵانی پێش راپەڕینی 1991 بەشێکی زۆری
ناوچە سنورییەکانی هەرێمی مینڕێژ کرد، تا ئێستایش بەشێکی زۆری ئەو ناوچانە پاک
نەکراونەتەوە، ساڵ نییە هاوڵاتییان نەبنە قوربانی مین لەو ناوچانەدا.
بەپێی ئامارەکانی دەزگای گشتیی کاروباری مین لە هەرێمی
کوردستان، لە دوای ساڵی 1992ـوەوە تائێستا، 526 کیلۆمەتر لە کۆی 776 کیلۆمەتری
چوارگۆشە زەوی لە مین پاککراوەتەوە، بەڵام هێشتا 250 کیلۆمەتر چوارگۆشە ماوە
پاکبکرێتەوە.
زۆری قوربانیانی
مین بەڵگەیە لەسەر ئەوەی بەشێکی زۆر لە خاکی هەرێم بە مین تەنراوە و بەپێی دەزگای گشتیی
کاروباری مین لە ساڵی 1992ـوەوە تائێستا، 13 هەزار و
580 کەس بەهۆی تەقینەوەی مینەوە گیانیان لەدەستداوە و برینداربوون.
هاوڵاتييان له
ههر كات و شوێنێك دهتوانن بێبهرانبهر پهيوهندى به گهرمههێڵى 182ى دهزگاى گشتيى كاروبارى مينهوه بكهن
و له ههبوونى مين و تهقهمهنى ئاگهداریان بكهنهوه، بەڵام لە ئێستادا
دەزگای مین دەزانێت لە چی ناوچەیەکدا مین هەیە و ئەو هاوڵاتیانەیشی دەبنە قوربانین
دەچنە ئەو ناوچانەی بە هێڵی سور دیاریکراون.
حکومەتی عێراقی
فیدراڵ و هەرێمی کوردستان بەشێكن لە پەیماننامەی ئۆتاوا 1997، بۆ قەدەغەکردن و گواستنەوە و بەکارهێنانی مینی
دژەکەسی، بەگوێرەی ئەو پەیماننامەیە، هەرێمی کوردستان و عێراقی فیدراڵ دەبێت تاوەکو
ساڵی 2028 هەموو ئەو خاکەی بە مین پیسکراوە، پاکبکرێتەوە، بەڵام پێناچێت لەو
وادەیەدا خاکی هەرێم پاکبکرێتەوە.