هەواڵ

دادوەرێکی دهۆک جێگەی دادوەرە دەستلەکارکێشاوەکەی پارتی دەگرێتەوە

زانیار بەهادین محەمەد
2025-04-08

داوەرێکی دهۆک وەک ئەندامی دادگای فیدراڵی سوێندی یاسای دەخوات و جێگەی دادوەرە دەستلەکارکێشاوەکەی پارتی دەگرێتەوە.

 دادوەر سدقی سەلیم خان نەعمان وەکو ئەندامی دادگای فیدراڵی لەبەردەم د. لەتیف رەشید، سەرۆککۆماری عێراق و بە ئامادەبوونی سەرۆکی دادگای فیدراڵی سوێندی یاسایی خوارد.

بەپێی راگەیەندراوی سەرۆکایەتی کۆمار، د. لەتیف رەشید هیوای سەرکەوتنی بۆ دادوەرەکە خواستووە لە جێبەجێکردنی ئەو "ئەرکە نیشتمانییانەی" کە پێی سپێردراوە.

دادوەر سدقی سەلیم خان لەلایەن دادگای تێهەڵچونەوەی دهۆكەوە كاندیدكراوە بۆ ئەنجومەنی دادوەری لە هەرێمی كوردستان و ئەوانیش كاندیدیان كردووە بۆ ئەندامێتی دادگای باڵای فیدڕاڵی عێراق.

سدقی سەلیم خان خەڵکی پارێزگای دهۆکە، پێشتر وەک دادوەری لێکۆڵینەوەی دەستەی دەستپاکی و سەرۆکی دادگای دهۆک کاریی کردووە.

ئەم دادوەرە لە هەڵبژاردنی ساڵی 2018 پەرلەمانی عێراق یەکێک بووە لەو دادوەرانەی کە لەلایەن کۆمسیۆنەوە بۆ سەرپەرشتکردنی بازنەی هەڵبژاردنی دهۆک دیاری کرابوو.

مانگی ئازاری ساڵی رابردوو، دادوەر عەبدولرەحمان سلێمان زێباری ئەندامی دادگای باڵای فیدڕاڵی لە پشکی پارتی دیموکراتی کوردستان لەئەندامیەتی ئەو دادگایە کشانەوەی خۆی راگەیاند.

دەستلەکارکێشانەوەی ئەو دادوەرە پەیوەست بوو بە نیگەرانییەکانی پارتی لەسەر بڕیارەکانی دادگاکە بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بە تایبەت دابەشكردنی هەرێمی کوردستان بۆ چوار بازنە و هەڵوەشاندنەوەی 11 کورسی پێکهاتەکان.

دادوەر سدقی سەلیم خان لەسەر پشکی پارتی دیموکراتی کوردستان و لە جێگەی دادوەر عەبدولرەحمان سلێمان زێباری  بووەتە ئەندامی دادگای فیدراڵی عێراق.

دادگای باڵای فیدراڵیی عێراق دەزگای دادوەریی سەربەخۆی عێراقە کە دەستوور شیدەکاتەوە و دەستوور و ڕێکارەکان دیاریدەکات، و بەپێی یاسای بنەڕەتی بەڕێوەدەچێت.

ئەم دادگایە بە یاسایەكی وزاری لە ساڵی 2005 پێكهێنرا، بەپێی ئەو یاسایەی كە دادگاكەی لەسەر پێكهێنرا، بارەگای دادگای فیدراڵی لە بەغدادی پایتەختە و دادگاكە لە رووی كارگێڕی و داراییەوە سەربەخۆیە.

بەپێی یاسای ژمارە 30 ساڵی 2005، دادگای فیدراڵی پێكدێت لە (سەرۆك و هەشت ئەندام) و ئەم كەسانە لەلایەن ئەنجومەنی باڵای دادوەرییەوە بە هەماهەنگی لەگەڵ ئەنجومەنی دادوەری هەرێمەكان كاندید دەكرێن.

لە کۆی هەشت ئەندامەکەی دادگای فیدراڵی، پشکی کورد لە دادگای فیدراڵی دوو ئەندامە کە یەکێکیان لە پشکی پارتی و ئەوی دیکەشیان لە پشکی یەکێتییە.

More News

Most Popular

هەواڵ

کونسوڵخانە گەورەکەی هەولێر دەکرێتەوە؟… ئەمریکا پێگەی دیپلۆماسی لە هەرێم بچوک دەکاتەوە

زانیار بەهادین محەمەد
2025-04-17

ئیدارەی نوێی ترەمپ بیر لە داخستنی 10 باڵیۆزخانە و 17 کونسوڵخانە دەکاتەوە و پێشنیازی كه‌مكردنه‌وه‌ی نوێنه‌رایه‌تییه‌كانیشی له‌ بەغدا و هەولێر دەکات. لە کاتێکدا بڕیارە لە ئەمساڵدا گەورەترین کونسوڵخانەی ئەمریکا لەو هەولێر بکرێتەوە.

بەپێی زانیارییەکانی رۆژنامەی واشنتن پۆستی ئەمریکی، ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ لە چوارچێوەی پلانی کەمکردنەوەی خەرجییەکان، پلانی داخستن و بچوکردنەوەی بەشێک لە باڵیۆزخانە و نوێنەرایەتییەکانی ئەمریکای هەیە.

بەپێی یاداشتێکی ناوخۆیی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا ئیدارەکەی ترەمپ پێشنیازی داخستنی ناوەندی پشتیوانی دیپلۆماسی بەغدا و كه‌مكردنه‌وه‌ی نوێنه‌رایه‌تییه‌كان له‌ بەغدا و هەولێر کردووە.

بیرکردنەوە لە کەمکردنەوەی نوێنەرایەتییەکان لە عێراق و بە تایبەت لە هەرێمی کوردستان، لە کاتێکدایە ئەمریکا ئامادەکاری دەکات بۆ کردنەوەی گەورەترین کونسوڵخانەی خۆی لە هەولێر.

کونسوڵخانە نوێیەکەی ئەمریکا لە هەولێر، کۆمەڵگەیەکە لە ژمارەیەک باڵەخانە پێکدێت، لە هاوینی 2018ـەوە لەلایەن ژمارەیەک کۆمپانیای ئەمریکی، خۆجێیی و بیانی دەست بە دروستکردنی کراوە و دەبێتە گەورەترین کۆنسوڵخانە لەسەر ئاستی جیهان کە رووبەرەکەی 200 هەزار مەتر دووجایە، واتە هێندەی 28 یاریگەی تۆپی پێیە. 

وەزارەتی دەرەوە لە چارەکی سێیەمی ساڵی 2023، پشکنەری گشتیی وڵاتەکەی ئاگادارکردبووەوە، دروستکردنی باڵەخانەی نوێی کۆنسوڵخانەی گشتیی ئەمریکا لە هەولێر، 90٪ـی تەواو بووە. 

وەزارەتەکە مەزەندەی کردبوو، کە کۆنسوڵخانەکە 795 ملیۆن دۆلاری تێبچێت، کۆمەڵگە دیپلۆماسییەکە ژمارەیەک باڵەخانە لەخۆدەگرێت، لەوانە کۆنسوڵخانە، شوێنی حەوانەوەی هێزی مارێنز کە پاسەوانی لە کۆمەڵگەکە دەکەن، لەگەڵ چەند نووسینگەیەکی دیکە. 

کۆمەڵگەکە بەشێوەیەکی ژینگەدۆست بۆ کەمکردنەوەی بەکاربردنی ئاو و کەمکردنەوەی دەردانی گازە گەرمکەرەکان دروستدەکرێت و، بڕیارە لە یەک کاتدا، ستافێکی 400 کەسی تێیدا کاربکات.
ئیدارەی نوێی ترەمپ لەگەڵ ئامادەکردنی پلانی کەمکردنەوەی توانا دیپلۆماسییەکانیان لە هەولێر، تا ئێستا دەستبەرداری خواستی کردنەوەی کونسوڵخانەکەیان نەبوون و پلانیان هەیە ئەمساڵ بیکەنەوە.

پلانەکە تەنها کەمکردنەوە نییە، داخستنین دەگرێتەوە
ئیدارەی ترەمپ لەگەڵ کەمکردنەوەی توانا دیپلۆماسییەکان، بیر لە داخستنی 10 باڵیۆزخانەی ئەمریکا و 17 کونسوڵخانە و کەمکردنەوەی چەند نوێنەرایەتییەکی دیکە دەکاتەوە.
 پلانەکە شوێنپێی دیپلۆماسی ئەمریکا لە زۆرینەی کیشوەرێکدا کەمدەکاتەوە، ئەمەش نیگەرانییەکان لەبارەی لاوازکردنی کاریگەریی ئەمریکا و پێدانی شوێنی زیاتر بە چین لەسەر شانۆی جیهانی دروستدەکات.
بەپێی زانیارییەکانی واشنتن پۆست، بودجەی پێشبینیکراوی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا بۆ ساڵی 2026 دەبێتە 28.4 ملیار دۆلار، بەمەش بە ڕێژەی 48% کەمتر دەبێت لەو بودجەیەی لە ساڵی 2025 بۆی دیاری کراوە.

ئەو باڵیۆزخانانەی پێشنیازی داخستنیان هەیە 
ئەفریقا: کۆماری ئەفریقای ناوەڕاست، ئێریتریا، گامبیا، لێسۆتۆ، کۆماری کۆنگۆ، باشوری سودان
 • ئەوروپا: لۆکسمبۆرگ، ماڵتا
 • گرێنادا، ماڵدیڤ

ئەو کونسوڵخانانەی پێشنیازی داخستنیان هەیە 
 • فەرەنسا: بۆردۆ، لیۆن، مارسیلیا، ڕێن، ستراسبۆرگ
 • ئەڵمانیا: دوسلدۆرف، لایپزیگ
 • بۆسنە و هەرزەگۆڤینا: مۆستار، بنیا لوکا
 • یۆنان: سالۆنیکی
 • ئیتاڵیا: فلۆرانس
 • پورتوگال: پۆنتا دێلگادا
 • شانشینی یەکگرتووی بەریتانیا (سکۆتلەندا): ئەدینبۆرگ
 • ئەفریقا: دووالا (کامیرۆن)، دوربان (ئەفریقای باشور)
 • ئاسیا: میدان (ئیندۆنیزیا)، بوسان (کۆریای باشور)

رێوشوێنەکانی تر:
 • بچووککردنەوە یان نەهێشتنی باڵیۆزخانە لە شاری مۆگادیشۆی سۆماڵ
 • داخستنی ناوەندی پشتیوانی دیپلۆماسی بەغدا
 • كه‌مكردنه‌وه‌ی نوێنه‌رایه‌تییه‌كان له‌ بەغدا و هەولێر - عێراق
 • چەسپاندنی خزمەتگوزاری کونسوڵگەری لە ژاپۆن و کەنەدا

ئیدارەی ترەمپ پێشتر 83%ی بەرنامەی هاوکارییەکانی ئەمریکای کەمکردەوە، کە بودجەی ساڵانەیان 42.8 ملیار دۆلار بوو، کە دەکاتە 42%ی هاوکارییە مرۆییەکان کە لە سەرانسەری جیهاندا لەلایەن ئەمریکاوە دابین دەکرێن.