سەرۆکی نوێی بەرەی تورکمانی عێراق هەڵبژێردرا کە کاندیدێکی دەرنەچووی بەرەکەیە بۆ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک.
مەکتەبی سیاسی بەرەی تورکمانی عێراق محەمەد سەمعان کەنعان-ی وەک سەرۆکی نوێی بەرەکە هەڵبژارد، ئەوەش دوای ئەوەی حەسەن توران بەهۆی ناکۆکییەکانی ناو بەرەی تورکمانییەوە دەستی لە کارکێشایەوە.
مەکتەبی سیاسیی بەرەی تورکمانی جەختی کردووەتەوە، ئەم هەنگاوەیان بۆ ڕێکخستنەوەی ڕیزەکانی پێکهاتەی تورکمانییە بۆ بەرگریی لە مافی تورکمانەکان.
ڕۆژی 13ی نیسانی 2025، حەسەن توران دەست لە کارکێشانەوەی خۆی لە سەرۆکایەتیی بەرەی تورکمانی عێراقی ڕاگەیاند و وتی، " دوای وازهێنانیشم لە پۆستەکەم، بەڵێن بە هەموو ڕۆڵەکانی تورکمان دەدەم، کە دەبمە سەربازێکی بەرگریکار لە قەزیەی تورکمان و سوور دەبم لەسەر یەکپارچەیی وڵاتەکەمان و پابەندیش دەبم بە بنەماکانی بەرەی تورکمانی عێراقی".
سەرۆکی نوێی بەرەی تورکمانی کێیە؟
محەمەد سەمعان کەنعان یوسف ئاغا کۆبرلو ساڵی 1979 لە ناوەندی پارێزگای کەرکووک لە دایک بووە، هەڵگری بڕوانامەی بەکالۆریۆسە لە ژمێریاری.
ساڵی 1999 پاش تەواوکردنی خوێندنی ئامادەیی دەستی بەکاری سیاسی کردووە و ماوەی شەش مانگ لە شاری هەولێر ماوەتەوە.
محەمەد سەمعان ئەندامی ڕیزی بەرهەڵستکاری عێراقی بووە و لە یەکێتی قوتابیان و گەنجانی تورکمان ئیلی، کە ڕێکخراوێکی سەر بە بەرەی تورکمانییە کاری کردووە.
سەرەتای ساڵی 2000 چووەتە تورکیا تا ساڵی 2003 لەو وڵاتە نیشتەجێ بووە و بەشداری چەندین کۆنفرانس و دیداری سیاسی کردووە.
ساڵی 2003 پاش ڕووخانی ڕژێمی بەعس گەڕاوەتەوە عێراق و لە کەرکوک لە چوارچێوەی یەکێتی قوتابییان و گەنجانی تورکمان ئیلی دەستی بە کار کردووەتەوە.
لە نێوان ساڵانی 2006 بۆ 2008 کراوەتە سەرۆکی یەکێتی قوتابییان و گەنجانی تورکمان ئیلی.
لە نێوان ساڵانی 2008 بۆ 2010 نوێنەری کەرکوک بووە لە پەرلەمانی گەنجانی عێراق.
2010 - 2011 یاریدەدەری بەڕێوەبەری کۆڕبەندی چاودێری زانستی - وەزارەتی لاوان و وەرزش بووە.
لە نێوان ساڵانی 2010 بۆ 2019 بەرپرسی ڕێکخراوەکانی بەرەی تورکمانی بووە لە کەرکوک.
لە ساڵی 2021ەوە بووەتە ئەندامی مەکتەبی سیاسی بەرەی تورکمانی عێراق.
لە ساڵی 2019 تا 13ی نیسانی 2025 وتەبێژی فەرمی بەرەی تورکمانی عێراق بووە.
2011 - 2018 فەرمانبەر لە بەشی خانەنشینی و دەستەبەری کۆمەڵایەتی بۆ کرێکاران - کەرکوک بووە.
پاش دەست لە کارکێشانە وەی حەسەن تۆران سەرۆکی بەرەی تورکمانی لە عێراق محەمەد سەمعان بە سەرۆکی حزبەکە هەڵبژێردرا.
وەزارەتی دارایی و ئابوری حکومەتی هەرێم لیستی مووچەی مانگی
چواری بۆ بەغدا نەناردووە، لەکاتێکدا بەپێی قسەی بەرپرسانی حکومەتی هەرێم، دەبوایە
پێنج رۆژ پێش ئێستا لیستەکە بنێردرایە.
هەفتەی پێشوو، لە دوو لێدوانی رۆژنامەوانیدا، سەمیر هەورامی،
وتەبێژی قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێم رایگەیاند، رۆژی 13ـى نیسان،
لیستی مووچەی مانگی چوار ئامادە دەبێت و شاندێکی تەکنیکی هەرێم لیستەکە دەگەیەنێت
بە بەغدا.
هەروەها ئاماژەی بەوەکرد، شاندەکە لە بەغدا دەمێنێتەوە تا هەر
کێشەیەک لە لیستەکەدا هەبوو چارەسەر بکرێت و وتی: دوای تەمویلکردنی وەزارەتەکانی عێراق،
وەزیری دارایی عێراق پارە بۆ هەرێم دەنێرێت.
دوای پێنج رۆژ لەو وادەیەی وتەبێژی قوباد تاڵەبانی بۆ ناردنی لیستی
مووچە دیاریکردبوو، تائێستا وەزارەتی دارایی هەرێم لیستی مووچەی مانگی چواری موچەخۆرانی
هەرێمی بۆ بەغدا نەناردووە.
وەزارەتی دارایی هەرێم رۆژی 26ـى ئادار لیستی مووچەی مانگی ئاداری بڵاوکردەوە، لەوکاتەوە هیچ راگەیەندراو و
لێدوانێکیان لەسەر مووچەی مانگی نیسان نەداوە.
ناردنی مووچە لەلایەن
بەغداوە بەسترواوە بە ناردنی لیستی مووچە لەلایەن وەزارەتی دارایی هەرێمەوە بۆ بەغدا،
وەزارەتی دارایی عێراق هەموو مانگێک تا 18ـى مانگ وەزارەتەکانی عێراق
پارەدار دەکات، ئەگەر لیستی مووچەی هەرێمی بە دەستبگات و تێبینی لەسەری نەبێت
لەدوای 18ـى مانگەوە
مووچەی هەرێم دەنێرێت.