هەواڵ

رۆژی یەکشەممە هەڵبژاردنی ئەزموونی لە عێراق و هەرێمی کوردستان بەڕێوە دەچێت

Mic
2025-08-04

ڕۆژی یەکشەممەی داهاتوو پرۆسەی هەڵبژاردنی ئەزمونی لە هەرێمی کوردستان و تەواوی عێراق بەڕێوە دەچێت، لە هەر پارێزگایەک وێستگەیەک بۆ پڕۆسەکە تەرخانکراوە.

لە چوارچێوەی ئامادەکارییەکان بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق کە بڕیارە لە ناوەڕاستی تشرینی دووەمی ئەمساڵ بەڕێوە بچێت، ڕۆژی یەکشەممەی داهاتوو یەکەم پڕۆسەی دەنگ دانی ئەزموونی لە هەزار و 97 ویستگەی دەنگدان لە عێراق و هەرێمی کوردستان بەڕێوە دەچێت.

بەپێی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان، لەو هەزار و 97 ویستگەیە، 182 وێستگەیان لە هەرێمی کوردستان دەبێت، لە هەر شارێک وێستگەیەکی دەنگدانی تایبەت دادەنرێت.

بڕیارە کارمەندانی کۆمسیۆن وەک دەنگدەر لە پڕۆسەی دەنگدانی ئەزموونی بەشداریی بکەن، ئامانج لەو کارەش دڵنیابوونەوەیە لە ئامێرەکانی دەنگدان و ئامادەکارییەکان بەشێوەیەکی گشتی.

 هەر بە پێی کۆمسیۆن، ڕۆژی شەممەی داهاتوو واتە ڕۆژێک دانگدانی ئەزموونی، تیروپشک بۆ پێدانی ژمارەی هەڵبژاردن بە هاوپەیمانی و پارتەکان و بەربژێرەکان بۆ کورسیی گشتی و کۆتای کەمینەکان بەڕێوەدەچێت.

بەگوێرەی کۆمسیۆنی سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق نزیکەی هەشت هەزار و 788 ناوەندی دەنگدان بۆ رۆژی هەڵبژاردن هەن، ژمارەی وێستگەکانی دەنگدانیش 40 هەزار و 819 وێستگەیە لە هەموو پارێزگاکانی عێراق، ئەم ژمارەیە قابیلی گۆڕانکارییە.

لە عێراق نزیکەی 29 ملیۆن کەس مافی دەنگدانیان هەیە، زیاتر لە 21 ملیۆن کەس کارتی بایۆمەتری دەنگدانیان هەیە و دەتوانن دەنگبدەن.

343 حیزب و قەوارەی سیاسی، هاوکات 38 هاوپەیمانی و چەندین کاندیدی سەربەخۆ تۆمار کراون بۆ بەشداریکردن لە هەڵبژاردنەکانی پەڕلەمانی عێراق، ئەو کەسانەی کێبڕکێ لەسەر 329  کورسیەکەی پەڕلەمانی عێراق دەکەن ژمارەیان بریتییە لە 7900 کاندید لە سەرجەم حیزب و هاوپەیمانێتییەکان.

پەرلەمانی عێراق لە 329 کورسی پێکدێ کە 320 یان گشتی، 9 کورسیی پەرلەمانی عێراق وەک کۆتا بۆ پێکهاتەکانی کوردی فەیلی، ئێزدی، کریستیان، سابیئەی مەندائی و شەبەک دیاریکراون، کە براوەیان لەسەر بنەمای بەدەستهێنانی زۆرترین دەنگ لەنێو بەربژێرانی پێکهاتەکەدا دەبێت.

بڕیارە ڕۆژی 11ـی تشرینی دووەمی 2025 هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق بەڕێوەبچێت، کە تێیدا هەر پارێزگایەک بازنەیەکی هەڵبژاردنە.

More News

Most Popular

هەواڵ

كونسوڵى نوێی ئەمریکا لە هەرێم سوپاسی بافڵ تاڵەبانی دەکات

Mic
2025-08-12



کونسوڵی نوێی ئەمریکا لە هەرێمی کوردستان سەردانی سەرۆکی یەکێتی کرد و لە بەرامبەر نزیککردنەوەی بۆچوونەکان بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و بەغدا، سوپاسی بافڵ تاڵەبانی کرد.

نوسینگەی راگەیاندنی سەرۆکی یەکێتی بڵاویکردەوە، بافڵ تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە دەباشان پێشوازی لە گوينده‌لن گرين، كونسوڵى گشتيی نوێ و ستيف بيتنه‌ر، كونسوڵى گشتيی پێشووى ئه‌مریکا له‌ هه‌رێمى كوردستان كرد.

لە کۆبوونەوەیەکدا، بافڵ تاڵەبانی پیرۆزبایی لە گوينده‌لن گرين کرد و پشتگیریی یەکێتی بۆ سەرخستنی کارەکانی دووپاتکردەوە. هەروەها سوپاسی ستيف بيتنه‌ری کرد و هیوای سەرکەوتنی لە ئەرکی داهاتوویدا بۆ خواست.

پرسە سیاسی، ئابووری و ئەمنییەکان، لە کۆبوونەوەکەدا خرایەبەر باس و بۆچوونیان لەبارەوە ئاڵوگۆڕکرا. سەرۆکی یەکێتی پەرۆشیی یەکێتی بۆ پەرەپێدانی پەیوەندییەکان و پێشخستنیان لە چوارچێوەی پاراستنی بەرژەوەندییە باڵاکان دووپاتکردەوە.

كونسوڵى گشتيی نوێی ئەمریکا سوپاسی رۆڵی سەرۆک بافڵی کرد لە نزیککردنەوەی بۆچوونەکان بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و بەغدا.