هەواڵ

بانکی ڕافیدەین.. مووچەخۆرانی داوای تەوتینی لێ دەکەن و ئەمەریکاش داوای سزادانی دەکات

Mic
2025-02-03

ئەو بانکەی فەرمانبەران و مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان داوای تەوتینی مووچەی لێ دەکەن، بە تۆمەتی " سپیکردنەوەی پارە بۆ ئێران" لە ئەمەریکاوە داوای سزادانی دەکرێت، بانکەکە و حکومەتی عێراقیش بێدەنگی هەڵدەبژێرن. 

مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان بە تایبەت فەرمانبەران و مووچەخۆرانی سنوری پارێزگای سلێمانی لەبری "هەژماری من" داوای تەوتینکردنی مووچەکانیان لە بانکە فیدراڵییەکان دەکەن. 
بانکی ڕەشید و ڕافیدەین کە بانکە فیدراڵییەکەی عێراقن، لە بانکیکردنی مووچەدا زۆرترین ناوییان دەهێنرێت و مووچەخۆران داوا دەکەن، مووچەکانیان لەو دوو بانکە تەوتین بکرێن. 
دوو بانکەکە لە ساڵی 1991ـەوە لقیان لە هەرێمی کوردستان نەماوە، لە ماوەی بانگەشەی هەڵبژاردن و ئێستاشدا زۆرترین جار باس لە هەوڵەکان بۆ کردنەوەی لقی ئەو دوو بانکە لە هەرێمی کوردستان دەکرێت. 
تا ئێستا هیچ هەنگاوێکی فەرمی لەلایەن بانکەکانی ڕەشید و ڕافیدەیەنەوە بۆ کردنەوەی لق لە هەرێمی کوردستان نابینرێت، بەڵام ناوبەناو لایەنە سیاسییەکان بە تایبەت لە ڕێگەی پەرلەمانتارانییانەوە لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق باس لەوە دەکەن کە دوو بانکەکە ئامادەییان بۆ تەوتینکردنی مووچە و کردنەوەی لق لە هەرێمی کوردستان دەربڕیووە. 
ئێستا لەناو هەموو ئەم باس و خواسانەدا، پرسی سزادانی بانکی ڕافیدەین لەلایەن ئەندامێکی کۆنگرێسی ئەمەریکاوە جوڵێندراوە و تۆمەتی سەرەکیش "سپییکردنەوەی پارەیە بۆ ئێران". 
جۆی وێڵسن نوێنه‌ری پارتی كۆماریه‌كان لە کۆنگرێسی ئەمەریکا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس ئیدارەکەی جۆبایدن سەرۆکی پێشووی ئەمەریکا و برێت مەکگۆرک هەماهەنگیکاری کۆشکی سپی بۆ رۆژهەڵاتی ناوەوەڕاست و باکوری ئەفریقا بە تۆمەتبار کردووە، "لە ڕێگەی گه‌نجینه‌ی ئه‌مەریكا و بانكی یه‌ده‌گی فیدڕاڵیەوە ڕێگه‌یان به‌ بانكی ڕافیده‌ین داوه‌ كه‌ گه‌وره‌ترین بانكی حكومییه‌ له‌ عێراق، بۆ ئه‌وه‌ی ببێته‌ ئامێری سپیكردنه‌وه‌ی پاره‌ بۆ ڕژێمی ئێران و موكله‌كانی".
ئەو ئەندامەی کۆنگرێس، جه‌ختی له‌سه‌ر پێویستی "سه‌پاندنی سزا به‌سه‌ر بانكی ڕافیده‌ین" كرده‌وه‌ و رایگه‌یاندوه‌، "سه‌رۆك دۆناڵد تره‌مپ بابه‌ته‌كه‌ چاره‌سه‌ر ده‌كات".
بانکی ڕافیدەین لەسەر تۆمەتبارکردنی بێدەنگە و هیچ ڕونکردنەوەیەکی بۆ ڕەتکردنەوەی تۆمەتەکان نەداوە، حکومەتی عێراقیش بێدەنگی هەڵبژاردووە. 

ئەمەریکا بۆچی سزای بانکەکانی عێراق دەدات؟ 
بەھۆی سزاکانی ئەمریکا و ئەوروپاوە، کەناڵەکانی ھاوردەکردنی دراوی بیانی بۆ ئێران داخراون، ئەوەیش وەک ھەوڵێک بۆ زیانگەیاندن بە سستەمە دارایی و ئابورییەکانی تاران.
گومان دەکرێت بەشێکی زۆر لە دراوی بیانی لە عێراقەوە بگوزراێنەوە بۆ ئێران و سوریا کە ئەوەیش وای کردووە بانکی فیدراڵیی ئەمریکا سزای توند بەسەر حەواڵەکردنی دۆلار بۆ عێراق بسەپێنێت.
لە ساڵانی ڕابردوودا ئەمەریکا چەندین گرووپ و بانکی عێراقی سزاداوە بەهۆی مامەڵەیان لەگەڵ ئێرانەوە. مانگی ئایاری ساڵی 2018 ئەمەریکا بانکی ئیسلامی بیلادی خستە لیستی ڕەشەوە بە تۆمەتی مامەڵەی ئەو بانکە لەگەڵ سوپای پاسداران. هەروەها مانگی تەموزی 2023، 14 بانکی عێراقی لەلایەن وەزارەتی گەنجینەی ئەمەریکاوە لە دەستگەیشتن بە پەنجەرەی بازرگانیکردن بە دراوی بانکی بیانی لە بانکی ناوەندیی عێراق دوورخستووەتەوە.
ئەگەر وەزارەتی گەنجینەی ئەمەریکا سزا بەسەر بانکی ڕافیدەین بسەپێنێت، پێشبینی دەکرێت نرخی دۆلار بەرامبەر دیناری عێراقی بەرزبێتەوە، چونکە بانکە حکومییەکان ڕۆڵی سەرەکی دەگێڕن لە بەڕێوەبردنی یەدەگی دراوی بیانی و گواستنەوەی دارایی.

More News

Most Popular

هەواڵ

ناردنی چەکی نوێ لەلایەن ئەمەریکاوە بۆ ئیسرائیل نیگەرانی غەززەی لێدەکەوێتەوە

Mic
2025-02-16

ئەمەریکا کاروانێکی نوێی چەک ڕەوانەی ئیسرائیل دەکات، بەرپرسی فەرمانگەی ڕاگەیاندنی حکومەتی غەززە دەڵێت، ئەمەریکا لەبری ناردنی هاوکاری بۆ غەززە، پشتگیری تاوانبارانی جەنگ دەکات. 
وەزارەتی بەرگری ئیسرائیل گەیشتنی کاروانێکی نوێی کەرەستەی سەربازی ئەمەریکی بە وڵاتەکەی ڕاگەیاند، گەیشتنی کاروانەکە هاوکاتی سەردانی مارک ڕۆبیۆ وەزیری دەرەوەی ئەمەریکایە بۆ وڵاتەکە. 
ئیسرائیل گەیشتنی ئەو کاروانە سەربازییە بە "هێمای پەیوەندی بە‌هێزی"یان لەگەڵ ئەمەریکا دەزانێت، چاوەڕوانی بەهێزکردنیشی دەکات. 
ئیدارەی بایدن، دوای هێرشەکەی 7ـی ئۆکتۆبەرى 2023ـی حەماس بۆ سەر ئیسرائیل، هەزاران بۆمبی رەوانەی وڵاتەکە کرد، بەڵام دواتر بەهۆی نیگەرانیی کاریگەرییەکانی لەسەر غەززە، یەکێک لە کاروانەکانی راگرت.
ئەم کاروانەی ئێستا گەیشتووە، هەمان ئەو کاروانە ڕاگیراوەیە کە مانگی ڕابردوو لەلایەن ئیدارەکەی ترامپەوە ڕاگرتنی هەڵگیرا و ڕەوانە کرا. 
ناردنی چەکی نوێ لەلایەن ئەمەریکاوە دووبارە نیگەرانی دورستکردووە، سەلامە مەعروف، بەرپرسی فەرمانگەی ڕاگەیاندنی حکومەتی غەززە ڕایگەیاند، "لەبری ناردنی خۆراک، دەرمان، ئاو، یان شوێنی حەوانەوە و کەرەستەی بیناسازی بۆ قوربانیانی کەرتی غەززە، ئەمریکا پشتگیری تاوانبارانی جەنگ دەکات و هاوکاری زیاتریان بۆ دەنێرێت".
هاوکارییە سەربازییە نوێیەکان چین؟ 
بۆمبی قورس لە جۆری MK-84  بە کێشی دوو هەزار  پاوەندە کە توانای زیانگەیاندنێکی بەرفراوانیان هەیە و مەبەست لێی بەهێزکردنی تواناکانی هێرشی ئیسرائیلە.
چەکی دورهاوێژ لە جۆری دۆشکەی (IDF)، کە لەلایەن ئەمریکاوە پەرەی پێدراوە و لە قەبارەی 7.62x51 ملمدایە.
-پێداویستی تەقەمەنی تۆپخانە و فڕۆکەی هێرشبەر کە پاکێجەکە بە بڕی 8 ملیار دۆلار بۆ ئیسڕائیل نێردراوە.
ئامانجی ئەمەریکا چییە؟ 
هاوکارییەکانی ئەمەریکا بۆ ئیسرائیل بەشێکن لە دەستپێشخەرییەکانی واشنتن بۆ بەرزکردنەوەی توانای سەربازی تەلئەڤیڤ لە جەنگ و ململانێکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا.