سیناریۆکانی پێکهێنانی کابینەی دەیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان تا دێت ڕوونتر دەبنەوە، نزیکترین سیناریۆیش پێکهێنانی حکومەتە لەلایەن پارتی، یەکێتی، پێکهاتەکان و سۆسیالیستەوە. بەرەی گەل هەڵوێستی ناڕوونە و بە دوریش دەزانرێت پارتی بوونی بزوتنەوەکەی ڕەیان کلدانی لە حکومەتدا قبوڵ بکات.
پارتی دیموکراتی کوردستان وەک براوەی یەکەمی هەڵبژاردن بۆ پێکهێنانی کابینەی دەیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕەشنوسێکی لەگەڵ یەکێتیی نیشتمانی کوردستان ئامادە کردووە.
ئامادەکردنی ئەو ڕەشنوسە کارەکانی پێکهێنانی کابینەی داهاتوویان ئاسانتر کردووە و سیناریۆکانی پێکهێنانی کابینەکەیان ڕونتر کردوەتەوە.
بە گرەنتیکردنی پێکەوەیی پارتی و یەکێتی لە حکومەتی داهاتوودا، گرەو تەنها لەسەر ئەو لایەنانەی دیکە ماون کە ئامادەن بەشداری حکومەت بکەن.
نەوەی نوێ کە هێزی سێیەمەوە بە 15 کورسی لە دوای پارتی و یەکێتییەوە خاوەنی زۆرترین کورسی پەرلەمانی کوردستانە، ئەگەرچی چەند گەڕێکی کۆبونەوەی لەگەڵ پارتی و یەکێتی ئەنجامدا، بەڵام دواتر ڕایگەیاند بەشداری کابینەی دەیەم ناکەن.
یەکگرتووی ئیسلامی لەگەڵ ڕاگەیاندنی ئەنجامەکانی هەڵبژاردن بەشداریکردنی لە حکومەت ڕەتکردەوە، ڕەوتی هەڵوێستی نیشتمانیش پێش ئەنجامدانی هەڵبژاردن ڕەتیکردەوە لەگەڵ پارتی و یەکێتی بەشداری حکومەت بکات.
کۆمەڵی دادگەری لە ئەنجامەکان ناڕازییە، بڕیاریداوە نەک بەشداری حکومەت نەکات بەڵکو کاندیدە دەرچوەکانیشی نەنێرێتە پەرلەمان(هێرۆ عەتار لە دەرەوەی بڕیاری حزب بەشداری کردوە و کۆمەڵ دورخستەوەتەوە).
بزوتنەوەی گۆڕان کە لەم خولەدا تەنها خاوەنی یەک کورسییە، بەشداریکردن لە حکومەت بە هۆکاری هاڕەکردنی کورسییەکانی لە 25 کورسییەوە بۆ یەک کورسی دەزانێت ڕایگەیاندووە، وەک ئۆپۆزسیۆن دەمێنێتەوە.
کێ لەگەڵ پارتی و یەکێتی دەچێتە حکومەتەوە؟
بەشێکی لایەنەکان هەر زوو خۆیان بۆ بەشداریکردن لە کابینەی دەیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان یەکلایی کردوەتەوە و ڕایگەیاندووە، بەشداری حکومەت دەکەن.
پێکهاتەکان لە هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان خاوەنی پێنج کورسی پەرلەمانین، سێ کورسییان لە سنوری پارێزگاکانی هەولێر و دهۆکن، دوو کورسیشیان لە سنوری پارێزگای سلێمانییە.
ئەو پەرلەمانتارانەی پێکهاتەکان کە لە سنوری هەولێر و دهۆکن نزیکن لە پارتی دیموکراتی کوردستانەوە، کە دوانیان نوێنەرایەتی پێکهاتەی مەسحی دەکەن و یەکێکیشیان نوێنەرایەتی پێکهاتەی تورکمان دەکات.
نوێنەرانی پێکهاتەکانی سلێمانیش نزیکن لە یەکێتیی نیشتمانی کوردستانەوە، کە یەکێکیان لە پێکهاتەی تورکمانە و ئەوی دیکەشیان سەر بە بزوتنەوەی بابیلۆنی مەسیحیە بە سەرۆکایەتی ڕەیان کلدانی.
مونا قاوەچی نوێنەری پێکهاتەی تورکمان لە سنوری پارێزگای هەولێر خۆی بۆ شداریکردن لە حکومەت یەکلایی کردوەتەوە، ئەگەرچی دوو نوێنەرەکەی مەسیحی هیچ هەڵوێستێکی فەرمیان نەبووە، بەڵام بەشداریکردنیان لە حکومەت ئەگەرێکی چاوەڕوانکراوی بەدیهاتووە.
چاوەڕوانیش دەکرێت، لەگەڵ بەشداری یەکێتی لە حکومەت نوێنەری پێکهاتەی تورکمانیش لە سلێمانی بەشداری حکومەت بکات، بەڵام بە ئەگەرێکی دوور دەبینرێت پارتی بوونی ڕەیان کلدانی لە حکومەتی داهاتوو قبوڵ بکات.
پارتی لەگەڵ ئەوەی ڕەیان کلدانی بە سەرکردەی گروپێکی میلیشیایی چەکدار دەزانێت، وەک " دوژمنی قەوارەی هەرێمی کوردستان"یش ناوی دەبەن.
نزیکترین سیناریۆ
بەپێی هەڵوێستی حزبەکان و ئەزموونی ڕابردویان، پێکهێنانی حکومەت لەلایەن پارتی، یەکێتی، پێکهاتەکان و سۆسیالیستەوە نزیکترین سیناریۆیی پێکهێنانی حکومەتی داهاتوو دەبێت.
ناتوانرێت هیچ گرەوێک لەسەر بەرەی گەل بکرێت، بەڵام ئەوەی لە هەڵوێستی حزبەکە دەخوێندرێتەوە بەرەی گەل خواستی بەشداریکردن لە حکومەتی داهاتووی هەیە.
بەرەی گەل گەڕێکی کۆبونەوەی لەگەڵ پارتی ئەنجامداوە و بڕیاریشە لە داهاتووو کۆبونەوەی دیکە لەسەر پێکهێنانی حکومەت ئەنجام بدەن.
ئەگەرچی خواستی بەرەی گەل بۆ شداریکردن لە حکومەت دەبینرێت، بەڵام فروانی بەرەی ئۆپۆزسیۆن ترسی لەلا درووستکردووە و نایەوێت لە هەڵبژاردنی داهاتوو جارێکی دیکە ئەنجامێکی بچوک بە دەستبهێنێت.
کەی حکومەتی داهاتوو پێکدەهێنرێت؟
نزیکبونەوەی پارتی و یەکێتی کارەکانی پێکهێنانی حکومەتی بە جۆرێک ئاسانکردووە، چاوەڕوان دەکرێت هەنگاوەکانیش خێراتر بکرێن.
ڕۆژی 24ـی کانوونی دووەمی 2025، مەسعود بارزانی سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان لە دیدارێکدا لەگەڵ کەناڵی (الشمس) کە بەشێکە لە میدیای پارتی و بە زمانی عەرەبی لە هەولێرەوە پەخش دەکات ڕایگەیاند، بەشێک لەلایەنەکان دەیانەوێت پێکهێنانی حکومەت بگاتە هەڵبژانەکانی ئەنجومەنی نوێنەران، بەڵام ئەوە جێگەی قبووڵکردن نییە، بەلایەنی زۆرەوە دەکرێت دوو مانگی دیکە چاوەڕێ بکرێت.
ڕۆژی 4ـی شوباتی 2025، عەلی حسێن ئەندامی مەکتەبی سیاسی پارتى لەکۆبونەوەیەکى ناوخۆی حزبەکەیدا رایگەیاند، هەنگاوەكان خێرا كراون بۆ پێکهێنانی حکومەت و دوای كۆبونەوەى مەسرور بارزانى و بافڵ تاڵەبانى، ئێستا كاری لیژنەكان باشتر بەڕێوە دەچن و ئومێد و هەوڵی جدی هەیە بۆئەوەی تا نزیکی نەورۆز كابینەی دەیەم پێكبهێنرێت.
بەپێی ئەو چاوەڕوانیانەی هەن، تا ناوەڕاستی ئەمساڵ کابینەی داهاتوو پێکدێت، کە مەسرور بارزانی تاکە کاندیدە بۆ سەرۆکایەتیکردنی.
خواستەکی بارزانی بەدی نایەت
مەسعود بارزانی سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان لە جارێکە داوای پێکهێنانی حکومەتی بنکەفراوانی کردوووە، ڕۆژی 17ـی تشرینی دووەمی 2024، مەسعود بارزانی لە میانی کۆبونەوەی لەگەڵ مارجن کوبیاک باڵیۆزی پۆڵەندا لە عێراق ڕایگەیاند، خوازیاری پێکهێنانی حکومەتێکی بنکەفراوانە.
ڕۆژی 24ـی کانوونی دووەمی 2025، مەسعود بارزانی لە دیکدارەکەیدا لەگەڵ کەناڵی (الشمس) باسی حکومەتی بنکەفروانی کردەوە و داوای لە هەموو لایەنە براوەکان کرد بەشداری کابینەی دەیەم بکەن.
خواستەکەی مەسعود بارزانی لە پێکهێنانی کابینەی بنکەفراوان دورخستنەوەی حکومەتی بارزانی کوڕە لە ڕەخنەی ئۆپۆزسیۆن چونکە مەسرور بارزانی تاکە کاندیدی پارتییە بۆ پێکهێنانی کابینەی داهاتوو.
کابینەی بنکەفروان لە هەرێمی کوردستان سەرنەکەوت
هەرێمی کوردستان ئەزمونێکی سەرنەکەوتووی لەگەڵ کابینەی بنکەفراوان هەیە، ساڵی 2014 بە سەرۆکایەتی نێچیرڤان بارزانی ئەو سیناریۆیە بەکارهێنرا بەڵام نەگەیشتە تەمەنی کۆتایی.
ساڵی 2015 بەهۆی ناکۆکی پارتی و گۆڕان لەسەر یاسای سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان، پارتی سەرۆکی پەرلەمان و وەزیرەکانی گۆڕانی لە حکومەت دەرکرد و ڕێککەوتنی پێکهێنانی حکومەتی لەگەڵ بزوتنەوەکە هەڵوەشاندەوە
گۆڕان دوای دوو ساڵ لە هەنگاوەکەی پارتی دەست لەکارکێشانەوەی بە وەزیرەکانی کرد، دواتریش یەکگرتوو و کۆمەڵیش کشانەوەیان لە حکومەت ڕاگەیاند.
ئەنجامی هەڵبژاردن
ڕۆژی 20ـی تشرینی یەکەمی 2024، هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان ئەنجام درا، بەپێی ئەنجامی کۆتایی هەڵبژاردن کە لەلایەن کۆمسیۆنەوە بڵاوکراوەتەوە، پارتی 39 کورسی، یەکێتی 23 کورسی، نەوەی نوێ 15 کورسی، یەکگرتوو 7 کورسی، هەڵوێست 4 کورسی، کۆمەڵ 3 کورسی، بەرەی گەل 2 کورسی و هەریەک لە گۆڕان و هاوپەیمانی کوردستانیش یەکی کورسییەکیان بەدەستهێناوە.
زیاتر سێ مانگە زیندانیکراوێک لە چاکسازی گەورانی سلێمانی ڕایکردوە کە دوو سزای لەسێدارەدانی هەیە بەڵام تا ئێستا دەستگیرنەکراوە، سەرچاوەیەک دەڵێت، چووەتە دەرەوەی کوردستان.
98 ڕۆژە زیندانیکراوێک لە چاکسازی گەورانی سلێمانی ڕایکردوە و تا ئێستا نەتوانراوە دەستگیربکرێتەوە، ئاسایشی سلێمانی لەسەر دۆسیەکە سێ براو و زاوایەکی دەستگیرکردووە.
بەپێی ئەو زانیارییانەی لە سەرچاوە ئەمنییەکانەوە دەستی مایک کەوتوون، هێزە ئەمنییەکان چەند سەرە داوێکیان لەسەر شوێنی زیندانییە ڕاکردوەکە دەستکەوتووە، بەڵام نەیانتوانیووە دەستگیری بکەنەوە.
بەپێی زانیاری سەرچاوەکان، ئەو زیندانیکراوە دوای ڕاکردنی لە زیندان بە هاوکاری کەسوکارەکەی خۆی گەیاندوەتە دەرەوەی کوردستان و هێزە ئەمنییەکان توانیویانە زانیاریی سەرەتاییان لەسەر شوێنەکەی دەست بکەوێت.
چیرۆکی ڕوداوەکە
ڕۆژی 30ـی تشرینی یەکەمی 2024، لەکاتی سەردانیکردنی کەسوکاری سزادراوان، سزادراوێک ڕایکرد و براکەی لە شوێنی ئەو لە زیندانەکە مایەوە، ڕوداوەکە دوای زیاتر لە 16 کاتژمێر ئاشکرابوو، لەگەڵ ئاشکرابوونیشدا هێزەکانی ئاسایش برای زیندانی کراوەکەیان دەستگیرکرد و هێزە ئەمنییەکان دەستیان بە لێکۆڵینەوە کرد.
ئەو سزادراوەکەی کە ڕایکرد تۆمەتباربووە بەکوشتنی کوڕ و باوکێک لە گەرمیان، لە ڕۆژی 7ـی تەموزی 2017ـەوە دەستگیرکراوە و سزای لە سێدارەدانی سەردا سەپێندراوە.
سزای ئەو کەسانە چی دەبێت کە هاوکارییان کردووە؟
بەپێی ماددەی 268ـی یاسای سزادانی عێراق هەر کەسێک هاوکاری زیندانیەک بکات بۆ هەڵهاتن کە سزای لە سێدارەدانی هەبێت ئەوا سزا دەدرێت بە زیندانیکردن بۆ ماوەیەک لە 10ساڵ زیاتر نەبێت.
بەپێی وردەکارییەکانی یاساکە، لە هەندێک حاڵەتدا دەکرێت جگەلە سزای زیندانیکردن پێبژاردنی مادییش بەو کەسانە بکرێت کە هاوکاریی سزادراوی هەڵهاتوو دەکەن.
کچە ڕاگیراوێکیش هەڵات
ڕۆژی 28ـی تەموزی 2024، کچێکی تەمەن 16 ساڵ لە چاکسازی ژنانی سلێمانی ڕایکرد و دوای نزیکەی 24 کاتژمێر هێزە ئەمنییەکان توانیان دەستیگیری بکەنەوە.
بەپێی گێڕانەوەکان، ئەو کچە سودی لە کەمی هێزی جێبەجێکار و نەوبونی چاودێری توند وەرگرتووە بۆیە بەسەر دیواری چاکسازییەکەدا ڕایکردووە.
ئەوکات، بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی ئاسایشی سلێمانی، لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، شەش تۆمەتبار هاوکاربوون لە حەشاردانی و گواستنەوەی ئەو ڕاگیراوە ڕاکردووەدا و سەرجەمیان دەستگیرکراون و رادەستی یاسا کراون.
لە زیندان دوو کەس بریندارکران
ڕۆژی 30ـی حوزەیرانی 2024، لە زیندانی گرتن و گواستنەوەی سلێمانی کەسێک کە چەقۆی لەناو پێڵاوەکانیدا شاردبوەوە و لە ناو زینداندا هەوڵی کوشتنی دوو کەسی دا کە تۆمەتبارن بە کوشتنی براکەی.
لەو ڕووداوەدا دوو کەس برینداربوون کە یەکێکیان چەقۆ بەر ملی کەوتبوو ئەو دیکەشیان چەقۆ لە گوێچەکەیەکی درابوو.
ئەوکات، پۆلیسی سلێمانی ڕایگەیاند: کەسی هێرشبەر چەقۆی لە پێڵاوەکانیدا شاردوەتەوە و هیچ پشکنینێک نەیتوانیوە بیدۆزێتەوە، تەنانەت کاتێک دەیەوێت بچێتە ناو زیندانەکەوە پاسەوانان پێڵاوەکانیان پێ داکەندووە بەڵام نەیانتوانیووە هیچ ئاماژەیەک بدۆزنەوە.
چاکسازییەکانی هەرێمی کوردستان
لە هەرێمی کوردستاندا سێ چاکسازیی گەوران لە شارەکانی هەولێر، سلێمانی و دهۆک هەن؛ هاوکات سێ چاکسازیی ژنان و منداڵان لە هەر سێ شارەکەدا هەن و بەگشتی زیاتر لە 5000 هەزار کەس تێیاندا سزاکانیان بەسەر دەبەن.