هەواڵ

ئەنفال.. ئەو تاوانەی دڕندەیی بەعسی گەیاندە ترۆپک

سەرچین ساڵح رۆپیتەن
2025-04-14

کوشتن و زیندەبەچاڵکردنی 182 هەزار لە ژن و منداڵ و گەنج و پیری کورد بە دەستی رژێمی بەعس، دڕندەیی ئەو رژێمەی گەیاندە ترۆپک، برینێکی لە جەستەی کورد و مرۆڤایەتیدا دروستکرد کە تا ئەبەد ساڕێژنەبێت.

 بەعس بە ئەنجامدانی تاوانی ئەنفال کوردی باشوری کوردستانی لە پاکتاوکردن نزیککردەوە و جگە لە کوژرانی 182 هەزار هاوڵاتیی، زیاتر لە چوار هەزار گوند بە تەواوی خاپورکرا و هیچ ئاسەوارێکی ژیانکردنی پێوەنەهێشت.

تاوانی ئەنفال کاتێک ئەنجامدرا کە رژێمی عێراق جەگی لەگەڵ ئێراندا کۆتایی پێهێنابوو، بە تەواوی دەستی واڵابوو بۆ ئەنجامدانی هەموو هێرشێک بۆسەر باشوری کوردستان، بۆیە بە بەرنامەیەکی تۆکمەوە و بە هەشت قۆناغ شاڵاوی ئەنفالی ئەنجامدا.

قۆناغى یەکەمی ئەنفال:
 دۆڵی جافایەتی لە ناوچەى سلێمانى، چوار هەفتەى خایاند و تیایدا ناوچەکانى سەرگەڵو، بەرگەڵو کرانە ئامانج، ئەم قۆناغە لە23 ى شوباتى 1988 دەستیپێکرد و لە 19 ى مارت کۆتایی پێهات.

قۆناغى دووەم:
 لە ناوچەکانى قەرەداغ و بازیان و دەربەندیخان کرا و لە22ى مارتەوە دەستىپێکرد و لە 1 ى نیسانى تەواو بوو، لەوێوە هێرش کرایە سەر ناوچەی قەرەداغ، سەرەتا بە کیمیاباران دەستیپێکرد، بە چڕیی گوندی سێوسێنانی کیمیابارانکرد، زیاتر لە 69 هاووڵاتی شەهید بوون.

قۆناغى سێیەم:
 ناوچەکانى گەرمیان و کەلار، کفرى، خورماتوو،  چەمچەماڵی گرتەوە، ئەم قۆناغەش لە 7 ى نیسان دەستیپێکرد و راستەوخۆ عەلی حەسەن مەجید سەرپەرشتیی دەکرد و بە ئەنفالی رەش ناسراوە.
لە ئەنفالی گەرمیاندا بەعس، سێ ناوچەی کۆکردنەوەی خەڵک دیاریکرد، خەڵکی گوندەکانی سنووری سەنگاو و جەباری و قادرکەرەم بەرەو چەمچەماڵ راپێچران، ناوچەکانی قەرەحەسەن و لەیلان و داودە بە زۆری بەرەو خورماتوو بران، زەنگنە و سەرقەڵا و کفری و پێباز و دەوروبەریان، برانە بارەگای فیرقەی 21 لە  قۆرەتوو.
رۆژی 14/4/1988 چوار شارۆچکە و سەدان گوند خاپوور کران، زۆرترین قوربانی لەم رۆژەدا درا، بۆیە بە رۆژی یادکردنەوەی ئەنفال دانراوە.

قۆناغى چوارەم:
 هەردووبەری ناوچەکانى زێی بچووکی گرتەوە، لە زێڕاندوڵەوە تا نزیک پردێ، واتە کۆیە، تەقتەق، ئاغجەلەر، چەمی رەزان، ناوشوان و دەوروبەری چەمچەماڵ. 

قۆناغەکانى پێنجەم و شەشەم و حەوتەم:

  ناوچەکانى خۆشناوەتی و شەقڵاوە و رواندز و خەلیفان کەوتنە بەر شاڵاوەکانى ئەنفال، ئەم قۆناغە لە 15ى مایسەوە تا26 ى ئابی 1988 بەردەوام بوو.
لەم قۆناغەشدا دۆڵی بالیسان و گوندەکانی نازەنین و سماقوڵی و ئەسپیندارە و عەلیاوە و کامووسەک-یان بەر بۆمبی کیمیایی دا، لەبەرئەوەی پێشتر چوڵکرابوون بۆ ئۆردوگا زۆرەملێکان، کەمترین زیانی مرۆییان بەرکەوت.

قۆناغى هەشتەم: 
ئەنفالی بادینان ، دواقۆناغ بوو، ناوچەکانى ئامێدى و ئاکرێ و زاخۆ، شێخان و دهۆکى گرتەوە، ئەم قۆناغە لە 25 ى ئابەوە تا 6 ى ئەیلولى 1988 خایاند.
تاوانی ئەنفال تەنها ئەوانە نەبوون بە قوربانی کە کوژران و زیندەبەچاڵکران، بەڵکو کۆکردنەوەی خەڵکی لادێکان لە ئۆردوگا زۆرە ملێکان و نەبوونی خزمەتگوزاری و هیچ سەرچاوەیەک داهات، ئەنفالێکی تری گوند نشینان بوو.
دوای 37 ساڵ لە جینۆسایدی ئەنفال، هێشتا برینی ئەو تاوانە ساڕێژنەبووە و سەدان ژ و پیاوی کورد، ئاواتی بینینەوەی رۆڵەکانیان بردە ژێر گڵ و ئێستاشی لەگەڵدابێت هەزاران چیرۆکی ناخ هەژێنی ئەنفال بە پەنهانی ماونەتەوە.

More News

Most Popular

هەواڵ

وەزارەتی دارایی لە ناردنی لیستی مووچە بۆ بەغدا دواکەت

Mic
2025-04-18


وەزارەتی دارایی و ئابوری حکومەتی هەرێم لیستی مووچەی مانگی چواری بۆ بەغدا نەناردووە، لەکاتێکدا بەپێی قسەی بەرپرسانی حکومەتی هەرێم، دەبوایە پێنج رۆژ پێش ئێستا لیستەکە بنێردرایە.

هەفتەی پێشوو، لە دوو لێدوانی رۆژنامەوانیدا، سەمیر هەورامی، وتەبێژی قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێم رایگەیاند، رۆژی 13ـى نیسان، لیستی مووچەی مانگی چوار ئامادە دەبێت و شاندێکی تەکنیکی هەرێم لیستەکە دەگەیەنێت بە بەغدا.

هەروەها ئاماژەی بەوەکرد، شاندەکە لە بەغدا دەمێنێتەوە تا هەر کێشەیەک لە لیستەکەدا هەبوو چارەسەر بکرێت و وتی: دوای تەمویلکردنی وەزارەتەکانی عێراق، وەزیری دارایی عێراق پارە بۆ هەرێم دەنێرێت.

دوای پێنج رۆژ لەو وادەیەی وتەبێژی قوباد تاڵەبانی بۆ ناردنی لیستی مووچە دیاریکردبوو، تائێستا وەزارەتی دارایی هەرێم لیستی مووچەی مانگی چواری موچەخۆرانی هەرێمی بۆ بەغدا نەناردووە.

وەزارەتی دارایی هەرێم رۆژی 26ـى ئادار لیستی مووچەی مانگی ئاداری بڵاوکردەوە، لەوکاتەوە هیچ راگەیەندراو و لێدوانێکیان لەسەر مووچەی مانگی نیسان نەداوە.

ناردنی مووچە لەلایەن بەغداوە بەسترواوە بە ناردنی لیستی مووچە لەلایەن وەزارەتی دارایی هەرێمەوە بۆ بەغدا، وەزارەتی دارایی عێراق هەموو مانگێک تا 18ـى مانگ وەزارەتەکانی عێراق پارەدار دەکات، ئەگەر لیستی مووچەی هەرێمی بە دەستبگات و تێبینی لەسەری نەبێت لەدوای 18ـى مانگەوە مووچەی هەرێم دەنێرێت.