هەواڵ

یەکێتی پرۆژەی جیاوازی هەیە بۆ دابەشکردنی پۆستەکان.. کۆبونەوەی یەکێتی و پارتی کەوتە کاتێکی نادیارەوە

Mic
2025-04-12


یەکێتی بۆ دابەشکردنی پۆستەکانی چوار سەرۆکایەتییەکەی هەرێم و کابینەی نوێی حکومەت پرۆژەیەی جیاواز لە پارتی ئامادەکردووە، هەرچەندە بڕیاربوو ئەمڕۆ کۆببنەوە، بەڵام کۆبونەوەکە ئەنجامنەدرا و بەوتەی کارگێڕێکی مەکتەبی سیاسی یەکێتی، کاتی کۆبونەوەی یەکێتی و پارتی دیارنییە.

رۆژی 10ـى تشرینی یەکەمی 2024 هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان ئەنجامدرا، پارتی دیموکراتی کوردستان 39 کورسی و یەکێتی نیشتمانی کوردستان 23 کورسی بەدەسهێنا، لەگەڵ پێنج کورسی کۆتاکان کە سێ کورسیان لە پارتی نزیکە و دوو کورسییان لە یەکێتی.

ئەو دوو هێزە بە کورسی کۆتاکانەوە خاوەنی 67 کورسی پەرلەمانن لە کۆی 100 کورسی، لە سەرەتای ئەمساڵەوە دەستیان بە کۆبونەوەکانیان کردووە بۆ پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەتی هەرێم.

لە ناوەڕاستی مانگی ئازاردا، یەکێتی پارتی لەسەر رەشنوسی دیدگای هاوبەش بۆ حکومڕانی هەرێم رێککەوتن، بەڵام لەدوای ئەو رێککەوتنە هیچ هەنگاوێکیان نەناوە بۆ پێکهێنانی حکومەتی هەرێم، وەک رێککەتن لەسەر پۆستەکان و هەڵبژاردنی سەرۆکی پەرلەمان و سەرۆکی هەرێم و متمانە بەخشین بە کابینەی نوێی حکومەت.

رۆژی 9ـی نیسان، مەسعود بارزانی سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان لە 17یەمین پێشانگەی نێودەوڵەتیی هەولێر بۆ کتێب وتی: دەبێت پارتی و یەکێتی پەلە بکەن لە پێکهێنانی کابینەی حکومەتی هەرێمی کوردستان.

بارزانی ئاماژەی بەوەکرد، پارتی و یەکێتی هەنگاوی باشیان ناوە و پێویستە بە زوویی کارەکان تەواو بکەن و حکومەت پێکبهێنرێت.

رۆژێک دوای قسەکانی بارازانی، سەعدی ئەحمەد پیرە وتەبێژی یەکێتی رایگەیاند، لە رۆژی شەممە 12ى نیسانەوە کۆبونەوەکانی شاندی یەکێتی و پارتی بۆ دابەشکردنی پۆستەکان دەستپێدەکات.

بەپێی ئەو وادەیەی وتەبێژی یەکێتی رایگەیاند، دەبوایە ئەمڕۆ کۆبونەوەی یەکێتی و پارتی ئەنجامبدرایە، بەڵام ئەو دوو لایەنە نەک کۆنەبوونەوە، بەڵکو نازانرێت کەی کۆدەبنەوە.

دەرباز کۆسرەت رەسوڵ، ئەندامی دەستەی کارگێڕی مەکتەبی سیاسی یەکێتی ئەمڕۆ رایگەیاند، هێشتا رۆژ و کاتی کۆبونەوەی یەکێتی و پارتی دیاری نەکراوە، بەڵام کۆبونەوەکە بەمنزیکانەدا دەکرێت.

هەروەها، بۆیەکەمجار ئاشکرای کرد، کە لە کۆبونەوەی داهاتوودا پارتی رەنگە پێشنیازی خۆی بۆ دابەشکردنی پۆستەکان هەبێت و یەکێتیش پێشنیازی خۆی هەیە.

پێشتر وتەبێژی یەکێتی رایەگاندبوو، کە پۆستەکانی هەرێم (سەرۆکایەتییەکان، وەزارەتە سیادییەکان، وەزارەتە خزمەتگوزارییەکان، فەرمانگە و دەستەکان) پۆلێنکراوە و بە جیا گفتوگۆیان لەسەر دەکرێت و دابەشدەکرێن.

بەپێی قسەکانی دەرباز کۆسرەت رەسوڵ بێت، یەکێتی پرۆژەی خۆی هەیە بۆ دابەشکردنی چوار سەرۆکایەتییەکەی هەرێم و سەرجەم ئەو پۆستانەوەی کە دەبن بە بەرکەوتەی هەڵبژاردن.

یەکێتی و پارتی ئەگەر تا کۆتایی ئەم مانگەیش بگەن بە رێککەوتن، ئەوا پرۆسەی سەرۆکی پەرلەمان و سەرۆکی هەرێم و متمانەبەخشین بە کابینەی نوێی حکومەتی هەرێم 75 رۆژی پێدەچێت.

More News

Most Popular

هەواڵ

وەزارەتی دارایی لە ناردنی لیستی مووچە بۆ بەغدا دواکەت

Mic
2025-04-18


وەزارەتی دارایی و ئابوری حکومەتی هەرێم لیستی مووچەی مانگی چواری بۆ بەغدا نەناردووە، لەکاتێکدا بەپێی قسەی بەرپرسانی حکومەتی هەرێم، دەبوایە پێنج رۆژ پێش ئێستا لیستەکە بنێردرایە.

هەفتەی پێشوو، لە دوو لێدوانی رۆژنامەوانیدا، سەمیر هەورامی، وتەبێژی قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێم رایگەیاند، رۆژی 13ـى نیسان، لیستی مووچەی مانگی چوار ئامادە دەبێت و شاندێکی تەکنیکی هەرێم لیستەکە دەگەیەنێت بە بەغدا.

هەروەها ئاماژەی بەوەکرد، شاندەکە لە بەغدا دەمێنێتەوە تا هەر کێشەیەک لە لیستەکەدا هەبوو چارەسەر بکرێت و وتی: دوای تەمویلکردنی وەزارەتەکانی عێراق، وەزیری دارایی عێراق پارە بۆ هەرێم دەنێرێت.

دوای پێنج رۆژ لەو وادەیەی وتەبێژی قوباد تاڵەبانی بۆ ناردنی لیستی مووچە دیاریکردبوو، تائێستا وەزارەتی دارایی هەرێم لیستی مووچەی مانگی چواری موچەخۆرانی هەرێمی بۆ بەغدا نەناردووە.

وەزارەتی دارایی هەرێم رۆژی 26ـى ئادار لیستی مووچەی مانگی ئاداری بڵاوکردەوە، لەوکاتەوە هیچ راگەیەندراو و لێدوانێکیان لەسەر مووچەی مانگی نیسان نەداوە.

ناردنی مووچە لەلایەن بەغداوە بەسترواوە بە ناردنی لیستی مووچە لەلایەن وەزارەتی دارایی هەرێمەوە بۆ بەغدا، وەزارەتی دارایی عێراق هەموو مانگێک تا 18ـى مانگ وەزارەتەکانی عێراق پارەدار دەکات، ئەگەر لیستی مووچەی هەرێمی بە دەستبگات و تێبینی لەسەری نەبێت لەدوای 18ـى مانگەوە مووچەی هەرێم دەنێرێت.