هەواڵ

سودانی داوای هەماهەنگی دەکات و پەلەیەتی حکومەتی هەرێمی کوردستان زوو پێکبهێنرێت

Mic
2025-04-12


سەرۆک وەزیرانی عێراق پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەتی هەرێمی کوردستان،  هەناردەکردنەوەی نەوت، هەڵبژاردنی داهاتووی پەرلەمانی عێراقی لەگەڵ بارزانیییەکان تاوتوێ کرد، داوای کرد پەلە بکرێت لە پێکهێنانی حکومەتی نوێی هەرێم.

پرسی پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەتی هەرێمی کوردستان، هەناردەکردنەوەی نەوت، هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق، ئاڵەنگاریی نوێیەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست سەرۆک وەزیرانی عێراقی هێنایە هەولێر.

 محەمەد شیاع سودانی لەگەڵ مەسعود بارزانی سەرۆکی پارتیی دیموکراتی کوردستان و مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێم کۆبوەوە.

پێکهێنانی کابینەی نوێ:

سودانی لە کۆبونەوەکانیدا پشتیوانیی خۆی بۆ گفتوگۆی نێوان هێزە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان دەربڕی. سەرۆک وەزیرانی عێراق داوای لەلایەنەکانی هەرێمی کوردستان کرد، پەلە لە پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەتی هەرێمی کوردستان بکەن.

سودانی مەبەستیەتی پێش ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق، حکومەتی نوێی هەرێمی کوردستان پێکبهێنرێت، تا کاریگەری نەرێنی لەسەر هەڵبژاردن دروست نەبێت.

محەمەد شیاع سودانی  زیاتر لە جارێک داوای پەلەکردنی لە پێکهێنانی حکومەتی لە لایەنەکان کردووە، لە دوای ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستانیشەوە بە تایبەت سەردانی هەولێر و سلێمانی کرد لەگەڵ لایەنە سیاسیەکان کۆبوەوە.

سەرۆک وەزیرانی عێراق لە کۆبونەوەی لەگەڵ سەرۆکایەتییەکانی هەرێمی کوردستان و لایەنە سیاسییەکان ئامادەیی خۆی دەربڕیووە بۆ کارکردن لەگەڵ لایەنەکان و هاوکاریکردنیان بۆ لێکنزیکردنەوەی بۆچوونەکان.

هەناردەکردنەوەی نەوت:

پێشەوا هەورامانی وتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەسەر هەناردەکردنەوەی نەوت کە بەشێکن لە سەردانەکەی سودانی بە دیجیتاڵ میدیای Micـی راگەیاند، گفتوگۆکان بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوت بەردەوامن، دەیانەوێت هەرێمی کوردستان و عێراق لەر رێگەی هەناردەکردنەوەی نەوت داهاتیان دەست بکەوێت".

هەورامانی رونیکردەوە، هەناردەی نەوت بەشێکی گرنگی گفتوگۆکانی نێوان مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێم و محەمەد شیاع سودانی سەرۆک وەزیرانی عێراق بووە، باسی فشارەکانی ئەمریکاش کراوە".

سودانی داوای هاوکاریی هەردوو حکومەتی عێراق و هەرێمی کوردستانی کردووە بۆ هەموو بابەتەکانی پەیوەست بە شایستە نیشتمانییەکان لەناویدا شایستە داراییەکان.

سەرۆک وەزیرانی عێراق لە ژێر فشاری ئەمریکادایە تا هەرچی زووە هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان دەست پێبکاتەوە.

لە ماوەی رابردووو گەورە بەرپرسانی ئەمریکا یەک لە دوای یەک تەلەفۆنیان بۆ سودانی کردووە و داوایان لێکردووە، بە زوترین کات کێشەکانی هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێم چارەسەر بکات.

رۆژێک پێش سەردانەکەی سودانی بۆ هەولێر، مارکۆ ڕۆبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا بە تەلەفۆن قسەی لەگەڵ مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان کرد.

بارزانی و رۆبیۆ هاوڕا بوون لەسەر پێویستی و گرنگیی دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان، لە ڕێگەی بەندەری جەیهانی تورکی.

هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق:

رۆژی 11ـی تشرینی دووەمی 2025، بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق دیارییکراوە، سەرۆک وەزیرانی عێراق دەیەوێت هەڵبژاردن بەبێ گرفت لە کابینەکەی ئەودا بەڕێوەبچێت.

سودانی لەگەڵ مەسعود بارزانی بە رونی جەختی لە هەماهەنگی نێوان لایەنە عێراقییەكان بۆ تێپەڕاندنی قەیران و ئاڵنگارییەكان و چارەسەریی كێشەكان كردوەتەوە.

خواستەکەی سودانی بۆ هەماهەنگی لایەنەکان لە کاتێکدایە، چاوەڕوانییەکان بەو ئاڕاستەیەن خۆی بە لیستێک بەشداری هەڵبژاردنی داهاتووی پەرلەمانی عێراق بکات.

سودانی هەماهەنگیکردن لەگەڵ پارتی بە سود لە بەرژوەندی خۆی دەبینێت، ئەگەر نەتوانێت هاوپەیمانی هەڵبژاردنیشی بێت دەتوانێت خۆی لە ململانێکردن لەگەڵیدا بپارێزێت.

 دۆخی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست:

دۆخی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست نا ئارامە، ئێران و ئەمریکا لە لایەک دانوستان دەکەن، لەلایەکیش هێز دژ بە یەکتری کۆدەکەنەوە و هەڕەشەی هێرشكردنە سەر یەکتر دەکەن.

چەندین گروپی چەکداری لە عێراق هەن کە ئێران ئاڕاستەیان دەکات، هەر بۆیە عێراقیش وەک مەیدانێکی روبەڕوبوونەوەی نێوان دوو وڵاتەکە دەبنێرێت.

سەرۆک وەزیرانی عێراق گفتوگۆی لەگەڵ گروپە چەکدارەکان کردووە تا خۆیان لە ئاڵۆزییەکان بپارێزن و عێراق نەکەنە سوتەمەنی ناکۆکییەکانی تاران و واشنتن.

سودانی لەم پرسەدا پێویستی بە هاوکاری هەرێمی کوردستانە، دەیەوێت لەم قۆناغە هەستیارەدا هەماهەنگی بێت تا ماوەی سەرۆکایەتییەکەی بە سەلامەت تەواو بکات.

بارزانی ستایشی سیاسەتی هاوسەنگیی حکوومەتی فیدراڵی بەرامبەر بە پێشهاتەکانی ناوچەکە کردووە، پابەندبوونی بە پاراستنی بەرژەوەندییەکانی عێراق و ڕاوێژ و پەیوەندیی لەگەڵ هێزە سیاسییەکان لەسەر کۆی گشتیی پرسەکان کردووە.

More News

Most Popular

هەواڵ

وەزارەتی دارایی لە ناردنی لیستی مووچە بۆ بەغدا دواکەت

Mic
2025-04-18


وەزارەتی دارایی و ئابوری حکومەتی هەرێم لیستی مووچەی مانگی چواری بۆ بەغدا نەناردووە، لەکاتێکدا بەپێی قسەی بەرپرسانی حکومەتی هەرێم، دەبوایە پێنج رۆژ پێش ئێستا لیستەکە بنێردرایە.

هەفتەی پێشوو، لە دوو لێدوانی رۆژنامەوانیدا، سەمیر هەورامی، وتەبێژی قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێم رایگەیاند، رۆژی 13ـى نیسان، لیستی مووچەی مانگی چوار ئامادە دەبێت و شاندێکی تەکنیکی هەرێم لیستەکە دەگەیەنێت بە بەغدا.

هەروەها ئاماژەی بەوەکرد، شاندەکە لە بەغدا دەمێنێتەوە تا هەر کێشەیەک لە لیستەکەدا هەبوو چارەسەر بکرێت و وتی: دوای تەمویلکردنی وەزارەتەکانی عێراق، وەزیری دارایی عێراق پارە بۆ هەرێم دەنێرێت.

دوای پێنج رۆژ لەو وادەیەی وتەبێژی قوباد تاڵەبانی بۆ ناردنی لیستی مووچە دیاریکردبوو، تائێستا وەزارەتی دارایی هەرێم لیستی مووچەی مانگی چواری موچەخۆرانی هەرێمی بۆ بەغدا نەناردووە.

وەزارەتی دارایی هەرێم رۆژی 26ـى ئادار لیستی مووچەی مانگی ئاداری بڵاوکردەوە، لەوکاتەوە هیچ راگەیەندراو و لێدوانێکیان لەسەر مووچەی مانگی نیسان نەداوە.

ناردنی مووچە لەلایەن بەغداوە بەسترواوە بە ناردنی لیستی مووچە لەلایەن وەزارەتی دارایی هەرێمەوە بۆ بەغدا، وەزارەتی دارایی عێراق هەموو مانگێک تا 18ـى مانگ وەزارەتەکانی عێراق پارەدار دەکات، ئەگەر لیستی مووچەی هەرێمی بە دەستبگات و تێبینی لەسەری نەبێت لەدوای 18ـى مانگەوە مووچەی هەرێم دەنێرێت.